ڕۆنی گوێزی هیندی بۆ قژ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-02-03-15:55:00 - کۆدی بابەت: 7733
ڕۆنی گوێزی هیندی بۆ قژ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆنی گوێزی هیندی (بە ئینگلیزی: Coconut oil) لەم سەردەمەدا بەهۆی سوودە ناوازەکانییەوە بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو بەکار دەهێنرێت، هەر لە یارمەتیدانی دابەزاندنی کێش تاوەکوو هێواشکردنەوەی پەرەسەندنی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر. زۆرێک لە بەرهەمهێنەکان دەستیان بە بەکارهێنانی ڕۆنی گوێزی هیندی کردووە بۆ فرۆشتن و خەڵکێکی زۆریش لە دروستکردنی خواردن بەکاری دەهێنن. ڕۆنی گوێزی هیندی سوودی ناوازەی هەیە بۆ قژ و تەنانەت زۆرجار بە باشترین ڕۆن دادەنرێت بۆ تەندروستیی قژ، ئەم ڕۆنە بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرهەمەکانی قژ وەکوو، سیرەمی قژ، نەرمکەرەوە، شامپۆ و بەرهەمەکانی شێدارکردنەوەی قژ بەکار دەهێنرێت.

ڕۆنی گوێزی هیندی ڕۆنێکی تەندروست و پارێزراوە بۆ قژ، هەروەها بەپێی توێژینەوەکان بۆ هەموو جۆرەکانی قژ گونجاو و سوودبەخشە.

بۆچی ڕۆنی گوێزی هیندی بە باشترین ڕۆن دادەنرێت بۆ پارێزگاریکردن لە قژ؟ 

تەندروستیی قژ بەندە لەسەر پڕۆتینەکانی ناوی، لە کاتێکدا شامپۆی زیانبەخش و بەرهەمەکانی ڕازاندنەوەی قژ زیان بەو پڕۆتینانە دەگەیەنن و وا لە قژەکە دەکەن بشکێتەوە و تێکبچێت، دەکرێت ڕۆنی گوێزی هیندی بۆ کەمکردنەوەی زیانگەیشتن بە پڕۆتینەکانی قژ بەکار بهێنرێت. ڕۆنی گوێزی هیندی زۆرجار بە باشترین ڕۆن دادەنرێت بۆ پاراستنی قژ چونکە لەدەستدانی پڕۆتین کەم دەکاتەوە و بە شێوەیەکی تەندروست دەیهێڵێتەوە. 

 لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا توێژینەوەیەک لەسەر چەند ڕۆنێکی ڕووەکی و چەند کانزایەک کرا کە پێش یان پاش شوشتن بۆ قژ بەکار دەهاتن، بۆ ئەنجامی توێژینەوەکە بڕی ئەو پڕۆتینەیان پێوانە کرد کە قژەکە لە دەستی دابوو، دەرکەوت کە ڕۆنی گوێزی هیندی کاریگەرییەکەی زۆر زیاتر و باشتر بووە لە کانزاکان و ڕۆنە ڕووەکییەکانی وەکوو ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە بۆ ڕێگریکردن لە لەدەستدانی پڕۆتین و بە بەکارهێنانی ڕۆنی گوێزی هیندی بڕێکی کەمتر لە پڕۆتین لەلایەن قژەوە لەدەست چووبوو. 

وا پێشبینی کرا کە پێکهاتە کیمیاییەکەی ڕۆنی گوێزی هیندی بەرپرس بووبێت لەو کاریگەرییە بۆ پاراستنی قژ، ڕۆنی گوێزی هیندی بە ڕێژەیەکی زۆر لە زنجیرەی ناوەڕاستی ترشەچەورییەکان پێکهاتووە کە پێی دەوترێت ترشی لاوریک، ئەمەش شێوەیەکی ڕاست و درێژ بە پێکهاتەی ڕۆنی گوێز هیندی دەبەخشێت کە وادەکات بەئاسانی لەلایەن لاسکی قژەوە هەڵبمژرێت. 

ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە بەزۆری لە ترشی لینۆلیک پێکهاتووە کە وادەکات پێکهاتەی ڕۆنەکە زۆر قەبە بێت، بۆیە بەئاسانی لەلایەن قژەوە هەڵنامژرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و کانزاکان تەنیا چینێک لەسەر قژ دروست دەکەن و ناتوانن هەڵبمژرێنە ناو قەدی قژەکە.

سوودەکان

چارەسەرە بۆ قژی زیانپێگەیشتوو

لە ئەنجامی پێداچوونەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ چەند توێژینەوەک کرا دەرکەوت کە ڕۆنی گوێزی هیندی هاوشێوەی پڕۆتینە سروشتییەکانی قژە و توانایەکی باشی هەیە بۆ ئەوەی بچێتە ناو تاڵەکانی قژ؛ کاتێک ڕۆنەکە دەچێتە ناو تاڵەکانی قژ بڕی ئەو ئاوەی لەلایەن قژەوە هەڵدەمژرێت کەم دەکاتەوە بەتایبەتی لە ژینگە شێدارەکان ئەمەش چارەسەری ئەو قژە دەکات کە زیانی پێ گەیشتووە بەهۆی ماددە کیمیاییەکانەوە و ڕێگری لە تێکچوونی قژەکە دەکات، هەروەها ڕێگری لە لەدەستدانی پڕۆتینی قژ دەکات.

چارەسەرە بۆ پێست و قژی وشک لەگەڵ کڕێش

بەڵگەکان سەلماندوویانە کە ڕۆنی گوێزی هیندی چارەسەری ئەو پێستی تەپڵەسەرە دەکات کە وشکە و خورشتیی هەیە، هەروەها کڕێشیش ناهێڵێت. ئەم ڕۆنە قژ لە وشکبوون دەپارێزێت و وای لێ دەکات بە نەرمی بمێنێتەوە. 

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەساڵی ٢٠٢١ـدا کراوە و ١٤٠ کەس تێیدا بەشداربوون، دەرکەوت کە بەکارهێنانی ڕۆنی گوێزی هیندی بۆ پێستی تەپڵەسەر چارەسەری کڕێش دەکات و کاریگەریی دژەبەکتریا و دژەکەڕووشی هەیە. 

هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ڕۆنی گوێزی هیندی تایبەتمەندیی دژەهەوکردنیشی هەیە، ئەمەش هانی بەرهەمهێنانی کۆلاجین دەدات کە پڕۆتینێکی سەرەکیی پێست و شانەکانی ترە، کۆلاجینیش بڕی کیراتین زیاد دەکات کە پێکهاتەیەکی گرنگی قژە. 

گەشەی قژ زیاد دەکات 

ڕۆنی گوێزی هیندی ڕێگری لە زیان گەیشتن بە قژ دەکات، هەروەها بەپێی توێژینەوەکان ئەم ڕۆنە ڕێگری لە هەڵوەرینی ئەو قژە دەکات کە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە ڕوودەدات، هەروەها گەشەی قژ زیاد دەکات. 

بریسکە و درەوشانەوەی قژ زیاد دەکات

وەک زۆربەی ڕۆنەکان، ڕۆنی گوێزی هیندی وا دەکات قژ زیاتر ببریسکێتەوە و بدرەوشێتەوە، بەتایبەتیش قژی وشک. دەکرێت لەجێی سیڕەمە سلیکۆنییەکانی قژ، چەند دڵۆپێک لەم ڕۆنە وەک سیڕەمی ڕۆژانەی قژ بەکار بهێرنێت.

شێوازی بەکارهێنان

پارێزەری پێش شوشتن: بەکارهێنانی ڕۆنی گوێزی هیندی پێش شوشتن وا دەکات قژ ئاوی زۆر هەڵنەگرێت، بەمەش لە وشکبوون و تێکچوون دەیپارێزێت. هەوڵبدە چارەکێک بۆ نیو کاتژمێر پێش شوشتن ڕۆنەکە بدەیت لە قژت، هەروەها زیاتر بیدە لە ناوەڕاست و خوارەکانی قژت.

نەرمکەرەوە: وەکوو نەرمکەرەوەکانی تر، ڕۆنی گوێزی هیندی قەدەکانی قژ بەهێز دەکات و ڕێگری لە شکانەوەیان دەکات. دەتوانرێت ئەم ڕۆنە لەجێی نەرمکەرەوە بەکار بهێنرێت یان چەند دڵۆپێک لە ڕۆنەکە بکرێتە ناو نەرمکەرەوەکە.

یارمەتیدەری ڕازاندنەوە: ڕۆنی گوێزی هیندی زۆر یارمەتیدەرە بۆ قژێک کە ئاڵۆسکاوە و بژ بووە و بەشێوەیەکی جوانتر دەری دەخات، وا باشە چەند دڵۆپێک لە ڕۆنەکە بدەیت لە قژ کاتێک تەڕ و شێدارە.

ماسکی قژ: دەتوانرێت کەوچکێکی چا یان دووان لە ڕۆنی گوێزی هیندی بەکار بهێنرێت بۆ مەساجکردن بە قژ و دوای چەند کاتژمرێک بشۆرێت، یانیش شەو پێوەی بهێڵرێتەوە و بەیانی بشۆرێت بۆ ئەوەی چارەسەری قژە زیانپێگەیشتووەکە بکات. 

ڕێنوێنی بۆ بەکارهێنانی ڕۆنی گوێز هیندی

  • دەبێت سەرەتا ڕۆنەکە گەرم بکرێت.
  • دەتوانرێت ڕۆنەکە بەتەنیا یان وەکوو تێکەڵەیەک لەگەڵ ڕۆنی لاڤێندەر و ڕۆنی نەعنا بەکار بهێنرێت.
  • دەتوانرێت ڕۆنەکە لەگەڵ پێکهاتە سروشییەکانی وەکوو ماست، هەنگوین و ئاڤۆکادۆ بەکار بهێنرێت.
  • وا باشترە ڕۆنەکە لە شەودا بەکاربهێرێت و بەیانی بشۆرێت.
  • پێویستە بڕێکی گونجاو بەکار بهێنرێت، وا باشترە لە دوو کەوچکی چا زیاتر نەبێت، بۆ ئەو قژەی کە پڕ و ئەستووە دەکرێت زیاتر بەکار بهێنرێت.
  • ئەوانەی هەستیارییان هەیە نابێت ڕاستەوخۆ ڕۆنەکەبۆ پێستی تەپڵەسەریان بەکار بهێنن.
  • بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی ڕۆنەکە بەدەست بێت، وا باشە هەفتانە دوو بۆ سێ جار بەکار بهێنرێت.

هەڵبژاردنی ڕۆنی گوێزی هیندی

باشترین جۆری ڕۆنی گوێزی هیندی، ڕۆنی پوختەنەکراوە، چونکە لە پەستاوتنی گوێزی هیندیی خاو و تازە بەدەست دێت، هیچ ماددەیەکی کیمیاییی تێدا نییە و بۆنێکی ئاشکرای گوێزی هیندیی لێ دێت.

ڕۆنی پوختەکراو سوودەکانی زۆر لێ بەدەست نایەت چونکە لە ناوکی وشککراوەی گوێزی هیندییەکە دروست دەکرێت، هەروەها بۆن و ڕەنگەکەی بە چەند پڕۆسەیەک لادەبرێت. 

ئەو ڕۆنانەی کە بە پەستاوتنی سارد لە گوێزی هیندییەکە دەرهێنراون بە هەڵبژاردەیەکی زۆر باش دادەنرێن چونکە گەرمی و ماددەی کیمیایی بۆ دەرهێنانی ڕۆنەکە بەکار نەهێنراوە.


سەرچاوەکان

722 بینین