ئایا مەمکی بچووک کێشە دروست دەکات لەماوەی شیرداندا؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-03-23:10:00 - کۆدی بابەت: 7743
ئایا مەمکی بچووک کێشە دروست دەکات لەماوەی شیرداندا؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دایکان بەردەوام دڵگرانی کۆرپەلەکانیانن، پێیان خۆشە کاتێک دێنە دنیاوە باشترین کاریان بۆ ئەنجام بدەن، هەندێک لە دایکان نیگەرانی بچووکی قەبارەی مەمکیانن، پێیان وایە کە لە کاتی شیرداندا کێشەیان بۆ دروست دەکات.

مەمکی بچووک

بەگشتی خانمان لە تەمەنێکی پێگەیشتندا وردە وردە قەبارەی مەمکیان گەورە دەبێت کە یەکێکە لە نیشانەکانی هەرزەکاری، قەبارەی مەمک لە کچێکەوە بۆ کچێکی دیکە جیاوازە، کە لە گەورە و مامناوەند و بچووک پێک دێت، هەندێک لە خانمان قەبارەی مەمکیان زۆر بچووکە ئەمەش بەو واتایە دێت بڕی چەوری لە مەمکدا دیاریکراوە، واتە گەورەیی مەمک چەوریییەکەی ناوی دیاری دەکات، هەندێک لە خانمان قەبارەی مەمکیان بەجۆرێک بچووکە کە ناکاتە ئەندازەی مشتێکی دەستیان

ئایا مەمکی بچووک کێشە دروست دەکات بۆ شیردان؟

نیگەرانی خانمان تەنها بۆ کاتی شیردان نییە، هەندێک پێیان وایە کە چونکە مەمکیان بچووکە هەرگیز ناتوانن ببنە دایکیش و زۆرینەش وادەزانن مەمکی بچووک شیری کەمی تێدایە و منداڵ تێری لێ ناخوات و سەرچاوەیەکی باشی خۆراک نییە بۆ منداڵەکە، بەڵام لە ڕاستیدا مەمکی بچووک هیچ پەیوەندییەکی نییە بە توانای شیردانەوە.
بوونی مەمکی بچووک واتە دایکەکە تەنها ئەوەندە چەوری لەناو مەمکیدا هەیە، ئەو شانانەی کە ڕۆڵیان هەیە لە بەرهەمهێنانی شیردا دوای دووگیان بوون دروست دەبن و دەبنە هۆی گەورەبوونی قەبارەی مەمک لەماوەی دووگیانیدا.

گۆڕانکاری مەمکەکان لە کاتی شیرداندا

وەک هەر ئەندامێکی دیکەی جەستە مەمکیش لەماوەی دووگیانی و شیرداندا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت، و بە ماوەیەکی کەم گەورەتر و پڕتر دەبن، گەشەی مەمکەکان تەنانەت دوای هاتنە دونیای منداڵەکەشەوە ناوەستێت و تاکوو دوو هەفتەش دوای منداڵبوون گەشەکردنی مەمکەکان هەر بەردەوامە، گەشەی مەمکەکان لەماوەی دووگیانیدا بەهۆی گۆڕانکاری لە سیستمی خۆراکیدا دروست دەبێت، شانەکانی ناو مەمکەکان بەرپرسی بەرهەمهێنانی شیرن، دوای دوو هەفتەش دوای منداڵبوون گەشەکردنی مەمک بەهۆی ئامادەکارییەوە بۆ شیردان هەر بەردەوامە، بەڵام لە دوای ئەو دوو هەفتەیەوە ئیتر گەشە ناکات و بچووک دەبێتەوە، لەوانەیە خانمەکە هەست بەمە بکات و لەوانەشە هەرگیز هەستی پێ نەکات.

گۆی مەمکی بچووک لەماوەی شیرداندا

گۆی مەمکی زۆر بچووک و تەخت دەتوانێت کێشە دروست بکات لە کاتی شیرداندا بەڵام هەرگیز ڕێگری ناکات لە شیردان، ئەگەر گۆی مەمکت بچووک بوو دەتوانیت بە شێلان بۆ هێنانە دەرەوەی گۆی مەمک وردە وردە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەیت، هەروەها دواتر بە مژینی لەلایەن منداڵەکەشەوە گۆی مەمک خۆی دێتە دەرەوه.

ئەو خانمانەی مەمکیان بچووکە چەند جار شیر بدەن بە منداڵەکەیان؟

بە بەراورد بەو دایکانەی کە مەمکێکی گەورەتریان هەیە، دەبێت زیاتر شیر بدەیت بە منداڵەکەت، واباشترە لەجێی کات دانان بۆ شیرپێدانی منداڵەکە سەیری پێویستی منداڵەکە بکەیت بۆ شیرەکە و هەر بۆیە هەر کاتێک کە منداڵەکەت گریا شیری پێ بدە، تەنانەت ئەگەر هەر کاتژمێر جارێکیش بێت، بەم شێوەیە دڵنیادەبیتەوە کە منداڵەکەت تێر شیری خواردووە.

شێوازی شیردانی ئەو دایکانەی مەمکیان بچووکە

خۆت بە چی شێوازێک ئاسوودەیت بۆ شیردان بە منداڵەکەت دەتوانیت بەو شێوازە شیری پێ بدەیت، و چۆن هەست دەکەیت کە منداڵەکە تێر شیر دەبێت هەر بەو شێوازە بەردەوامبە، بۆ نموونە شێوازە جیاوازەکانی دانیشتن بۆ شیردان.

چەند ڕێنوێنییەک بۆ شیردان بە مەمکی بچووک

  • زۆر گرنکە کاتی شیردان دەستی دایکەکە نەکەوێتە چواردەوری گۆی مەمکییەوە، چونکە ئەمە وادەکات کە منداڵەکە بەهۆی دەستی دایکییەوە نەتوانێت تێر بخوات، بۆیە دایکەکە دەبێت مەمکی لە بنەوە بگرێت مادەم بچووکە و بە دەستەکەی تریشی ملی منداڵەکە ڕێک بکات کە بتوانێت بەباشی شیرەکەی بخواتەوە.
  • ڕۆژانە بەردەوام بە زۆری شیر بدە بە منداڵەکەت و وریابە کە گۆی مەمکت کە بەتەواوی بچێتە ناو دەمی منداڵەکەوە.
  • لە هەردوو مەمکتەوە شیر بدە بە منداڵەکەت، ئەمە وادەکات منداڵەکە شیرێکی زیاتر بخواتەوە.
  • بەردەوام چاودێری منداڵەکە بکە بزانە تێر شیری خواردووەتەوە، بۆ ئەمەش سەیری ڕێژەیی پیسایی و میزکردنی بکە.
  • لە کاتی دیاریکراودا منداڵەکەت ببە و کێشانە و پێوانەی بکە تاکوو دڵنیا ببیتەوە لەوەی تێر دەخوات یان نا.
  • دەتوانیت پرس و ڕاوێژ بکەیت بەو دایکانەی کە هەمان بارودۆخی تۆیان هەیە.

چی کاتێک دەبێت نیگەران بیت لەبارەی بچووکی مەمکتەوە؟

ئەگەر ئەندازەی مەمکەکان لەماوەی دووگیانیدا یاخود تەنانەت دوای دووگیانیش و منداڵبوونیش هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهات، بەو واتایەی کە بڕی پێویستی شیر بوونی نییە لەناو مەمکدا هەر بۆیە پێویستە کە سەردانی پزیشک بکەیت.

شیردان بە مەمکی بچووک جیاوازی چییە لەگەڵ مەمکی گەورەدا؟

لە کاتێکدا کە ژنانی مەمک بچووکیش دەتوانن بە ئەندازەی پێویست شیر بەرهەم بهێنن، بەڵام لەوانەیە نەتوانن بە ئەندازەی ژنێکی مەمک گەورە شیریان هەبێت و بەرهەمی بهێنن، کە ئەمەش بەو واتایە نایەت کە ئیتر شیری نەبێت بەڵکوو مەمکی بچووکیش شیری هەیە و بەڵام گرنگە دایکەکە زوو زوو شیرەکەی بدات بە منداڵەکەی چونکە بەخێرایی شیرەکەی تێدا نامێنێت.


سەرچاوەکان



4040 بینین