شێلانی مەمک لەماوەی شیرداندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-06-22:57:00 - کۆدی بابەت: 7768
شێلانی مەمک لەماوەی شیرداندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شیردان ئاساییترین کارە کە گیاندارە مێییە شیردەرەکان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی، مرۆڤ یەکێکە لەوانەی کە دوای منداڵبوون شیر دەچێتە مەمکەکانی و بە شیری خۆی منداڵەکەی گەورە دەکات، لەماوەی شیرداندا کێشەی زۆر دروست دەبێت بۆ مەمکی دایکەکە، لە کەمی شیر و نەبوونی شیر و نەهاتنی شیر بۆ ناو مەمکەکان دوای منداڵبوون.

شێلانی مەمک لەماوەی شیرداندا چییە؟

شێلانی مەمک (بە ئینگلیزی: breast massage)، زۆرجار لە کاتی شیرداندا کاتێک کە خانمێک دوای منداڵبوون شیر دێتە مەمکی و مەمکی تووشی گیران دەبێت ئەم شێلانە ئەنجام دەدرێت، زۆر گرنگە ئەو دایکانەی تازە منداڵیان بووە لە کاتی گیرانی مەمکەکەدا شێلان بکەن بۆ مەمکیان، ئەگەریش هاتوو مەمکیان نەگیرابوو هەر گرنگە چونکە سوودێکی زۆری هەیە بەتایبەت بۆ زیادکردنی شیر.

سوودەکانی

هەموو خانمێکی شیردەر دەبێت ڕۆژانە کاتێک دابنێت بۆ شێلانی مەمکەکانی چونکە سوودی زۆری هەیە وەک:

شیرێکی تەندروستتر

لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر دایکانی شیردەر کراوە دەرکەوتووە کە بڕی سۆدیۆم کەم دەکات لە شیری ئەو دایکانەی کە ڕۆژانە دوو جار کە لە هەر جارێکدا سێ خولەک مەمکیان دەشێلن، هەروەها بەپێی ئەنجامی پشکنینەکان چەوری و وزەی ناپاڵفتە، کەیسیین (بە ئینگلیزی: casein) کە پڕۆتینێکی ناو شیرە لە شیری ئەم دایکانەدا زیادی کردووە، تاکە شتێک کە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتبوو ڕێژەی لاکتۆز بوو لە شیری دایکەکەدا.

کەمبوونەوەی ئازار

ئەو دایکانەی کە ڕۆژانە مەمکیان دەشێلن ئازارییان کەمترە لە کاتی شیردان بە منداڵەکەیان، هەروەها منداڵەکەش دەتوانێت بڕێکی زیاتر لە شیر بخواتەوە، چونکە خاڵیبوونەوەی شیری ناو مەمکەکە ئاسانترە بۆیان، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە مەمک دەشێلیت لە کاتی شیرداندا، ئەو شیرەی کە جۆگەی شیری گرتووە و یاخود بووەتە هۆی ڕەق بوونی مەمکەکان دەجووڵێت و ئەمەش وادەکات کە شیر لە جۆگەکاندا بەباشی و بەبێ گیران هاتوچۆ بکات.

خاڵیبوونەوەیەکی باشتر

شێلان دەبێتە هۆی ئەوەی مەمک بەبێ ئازار و بە باشترین شێوە خاڵی ببێتەوە لە شیر و هەروەها دوای ئەمەش شیری زیاتر دروست ببێت و بێتە ناو مەمک، شێلانێکی باش بۆ مەمک دەتوانێت یارمەتی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین بدات، کە یارمەتی شلبوونەوە و نەمانی کەشەنگبوونی ماسولکەکانی مەمک بدات.

ڕێگریکردن لە شۆڕبوونەوەی مەمک و ترەکینی پێستەکەی

شیردان کۆمەڵێک کێشە دروست دەکات بۆ مەمک، هەرچەندە کە مەمکەکان لە کاتی شیرداندا گەورەتر دەبن و ئەم گەورەبوونەش وادەکات پێستی مەمک زۆر بکشێت و ترەکین ڕووبدات کاتێک کە مەمک دەگەڕێتەوە قەبارەی پێشووی خۆی، یاخود مەمکەکە شۆڕ دەبێتەوە، شێلانی مەمک بە زەیتەکانی وەک زەیتوون، گوێزی هیندی، بادەم دەتوانێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات. 

چالاکبوونی سوڕی خوێن

شێلانێکی نەرم یارمەتی چالاکبوونی سوڕی خوێن دەدات، مەمکەکان پێویستیان بە یارمەتییە بۆ گەیاندنی خوێن و چالاکبوونی سوڕی خوێن چونکە ڕۆژانە ئەندامەکانی دیکەی جەستە دەجووڵێن و بەم جووڵەیەش سوڕی خوێن چالاک دەبێت، بەڵام مەمکەکان کەمترین جووڵەیان هەیە بۆیە شێلان زۆر گرنگە بۆ چالاکبوونی ئەم سوڕە.

چۆنییەتی ئەنجامدانی شێلان

شێلانی مەمک ئاسانە و سوودێکی زۆری هەیە و پێویستە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێی بگەیت:

گەرمکردنی دەستەکان

سەرەتا دەبێت دەستەکانت گەرم بکەیت، دەتوانیت لە خاولییەکی گەرم سوود وەربگریت و دەستی پێ گەرم بکەیت، و دواتر لە ڕژێنی ژێر باڵەوە دەست پێ بکەیت نەک هەر لەسەر مەمکەوە، چونکە پەمپدانی ئەو ڕژێنە زۆر گرنگە بۆ زیادکردنی شیر.

بەکارهێنانی زەیت

دوای ئەوەی کە دەستت گەرم کرد پێویستت بە ماددەیەکی چەور دەبێت تاکوو بتوانیت بەباشی شێلانەکە ئەنجام بدەیت بۆ ئەمەش دەتوانیت زەیتی زەیتوون یاخود گوێزی هیندی و بادەم بەکاربهێنیت 

بەهێواشیی

زۆر گرنگە لە کاتی شیلانەکەدا زۆر بە نەرمی و هێواشی ئەنجامی بدەیت و پەستانێکی زۆر نەخەیتە سەر مەمکت، ئەگەر زیاد لە پێویست پەستان بخەیتە سەر مەمکت لەوانەیە زیان بگەیەنێت بە شانەکانی ڕژێنی مەمک کە ئەمانە بەشێک لە شیر بەرهەم دەهێنن و نابێت هیچ زیانێکیان پێ بگات، ئەگەر لە کاتی ئەنجامدانی شێلانەکەدا هەستت بە هیچ ئازارێک نەکرد ئەوە واتە شێلانەکەت بەباشی ئەنجام داوە.
بە شێوەیەکی بازنەیی بە لەپی دەستت دەست بکە بە شێلانی مەمک.

بەکارهێنانی سەر پەنجەکان

دوای ئەوەی کە بە لەپی دەستت بەشێوەیەکی بازنەیی شێلانت بۆ مەمکت کرد، بە سەری پەنجەکانیشت بە نەرمی گۆی مەمک و دەوروبەری گۆی مەمک بشێلە.

پێداکێشانی سووک

ئەگەر مەمکت گیراوە و شیری لێ نایەتە دەرەوە جگە لە شێلان دەتوانیت پێداکێشانی سووک و هێواش بەکاربهێنیت و بکێشیت بە مەمکتدا کە ئەمە هەر جۆرە هەوکردنێک کەم دەکاتەوە و سوڕی خوێنیش چالاک دەکات و گیرانی شیر ناهێڵێت.

سەرنجی ئەم نیشانەیە بدە

کاتێک هەست دەکەیت کە مەمکت گەرم بووە و وروژمێکی گەرمی دێت بە مەمکتدا ئەوە واتە شێلانەکەت بەباشی ئەنجام داوە و سوڕی خوێن چالاک بووە.

شێلان لە کاتی خۆشۆردندا

لەکاتی خۆشۆردنیشدا دەتوانیت مەمکت بشێلیت و سابوون وەک چەورکەرێک بەکاربهێنیت، شێلان لە گەرماودا ئاسانترە و هەستێکی خۆشترت پێ دەبەخشێت چونکە خۆت شۆردووە بە ئاوی گەرم و ئارام بوویتەتەوە، زۆر گرنگە هەموو ڕۆژێک بەلایەنی کەمەوە جارێک شێلان بکەیت بۆ مەمکت.

دوای شێلانی مەمکەکان چی بکرێت؟

دوای ئەوەی کە شێلانت کرد بۆ مەمکت سوڕی خوێن لە مەمکتدا چالاک بووە هەر بۆیە زۆر باشە کە خواردنی باش بخۆیت لەو کاتەدا تاکوو شیری زۆر بەرهەم بهێنیت وەک خواردنی، زەردێنەی هێلکە، نان و شیر، هەنگوین، میوەکان، و ئینجا شیر بدەیت بە منداڵەکەت و دوای ئەوەی منداڵەکەت تێر شیری خواردەوە بیخەوێنیت تاکوو سوود وەربگرێت لەو شیرە.


سەرچاوەکان



1261 بینین