خۆپێشاندانەکانی ئۆکرانیا ٢٠١٣ - ٢٠١٤

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-09-15:18:00 - کۆدی بابەت: 7948
خۆپێشاندانەکانی ئۆکرانیا ٢٠١٣ - ٢٠١٤

ناوه‌ڕۆك

مەیدانی ئەورووپی

خۆپێشاندانەکانی ئۆکرانیا، مەیدانی ئەورووپی یان یۆرۆمەیدان (بە ئۆکرانی: Євромайдан، بە ئینگلیزی: Euromaidan، بە عەرەبی: الميدان الأوروبي) کۆمەڵێک خۆپێشاندانی گەورەبوو لە وڵاتی ئۆکرانیا لە مەیدانی نێزالێژنۆستی (مەیدانی سەربەخۆیی) لە کیێڤی پایتەخت لە ڕێکەوتی ٢٠١٣/١١/٢١. هەروەها یەکێکە لە قەیرانەکانی ئۆکرانیا. خۆپێشاندانەکان دژی ئەو بڕیارە لەناکاوەی سەرۆکی وڵات بوو کە واژووی بەشداربوونی ئۆکرانیای بۆ یەکێتیی ئەورووپا ڕەتکردەوە و لەجێی ئەو پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕووسیا و ئابووریی ڕووسی دروستکرد. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی ئۆکرانیا بۆ بەشداری بوو لە یەکێتیی ئەرووپا. بەڵام بەهۆی فشارەکانی مۆسکۆ، سەرکۆماری وڵات واژووکردنەکەی ڕەتکردەوە.

خۆپێشاندانەکان

بەهۆی ئەو بڕیارەوە کۆمەڵێک خۆپێشاندانی گەورە لە پایتەخت لە شەوی ٢١ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ دروست بوو و خەڵکی داوایان کرد ڕاستەوخۆ سەرکۆمار و کابینەی سەروەزیران دەست لەکار بکێشنەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. خۆپێشاندەران ئەو کارەیان بە گەندەڵییەکی زۆر گەورە لەقەڵەم دا و بە کاریگەری ئالیگارکییەکانیان دانا. هەروەها حکوومەتیان بە پووچەڵ و بە خراپ بەکارهێنەری دەسەڵات و پێشێلکاری مافی مرۆڤ ناوبرد. 

بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکان و هێرشی پۆلیس بۆ سەر خۆپێشاندەران لە ڕۆژانی دواتری خۆپێشاندان، ئەوەندەی تر ژمارەی خۆپێشاندەران زیادی کرد و لە ڕۆژی ٣٠ـی تشرینی دووەم و ١ـی کانوونی یەکەمدا ژمارەی خۆپێشاندەران گەیشتە زیاتر لە ٨٠٠,٠٠٠ کەس. خۆپێشاندەران مەیدانی نێزالێژۆنستییان تایبەت کرد بە خۆیان و لەلایەن کۆمەڵێک کەسی خۆبەخشەوە بە جلوبەرگی تایبەت و کڵاوی پارێزەر و دار و بەرد و باتومەوە دەپارێزران کە بە "پارێزەری خۆیی مەیدان" ناسرابوون.

لە ڕۆژی ١١ـی کانوونی یەکەم پۆلیس هێرشی کردە سەر مەیدانەکە و زیانێکی زۆری گەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ خۆپێشاندانەکان زیاتربوون و چەندین شاری گرتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی حکوومەت کۆمەڵێک بڕیاری بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان دەرکرد.

لە نێوان ١٩ بۆ ٢٢ـی کانوونی دووەم لە شەقامی هروشێڤسکی بەهۆی شەڕی نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەرانەوە کۆمەڵێک کوژراوی زۆر کەوتنەوە و خۆپێشاندەران کۆمەڵێکی زۆر بینای حکوومەتیان داگیرکرد. لە ١٨ بۆ ٢٠ـی شوبات خۆپێشاندان گەیشتە لوتکە و گرژییەکانیش لەگەڵیدا زیاتر بوون و لەو ڕۆژەدا نزیکەی ١٠٠ خۆپێشاندەر و ١٣ پۆلیس کوژران.

بەهۆی ئەوەوە لە ٢١ـی مانگ لەلایەن گەورە ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمان و یانوکۆڤیچی سەرکۆمار بڕیارێک بۆ چاکسازی لە دەستوور و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەرکرا. ماوەیەکی کەم لەدوای بڕیارەکە یانوکۆڤیچ و کۆمەڵێک سەرکردەی تر لە وڵاتەکە ڕایان کرد و حکوومەتی کاتی دروستکرا. بەڵام دوای خۆپێشاندانەکان قەیرانی قرم و ناوچەکانی ڕۆژهەڵات دروست بوون.

داواکارییەکان

  • دروستکردنی لیژنەیەک بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەورووپی.
  • حکوومەت و سەرکۆمار ناتوانن وڵات بەڕێوەببەن و ڕێڕەوێکی ستراتیجی بەڕێبکەن بۆ بەرەوپێشبردنی و خزمەتی وڵات و داوا دەکەین یانوکۆڤیچ دەست لەکاربکێشێتەوە.
  • وەستاندنی بێدەنگ کردن و لێدان لە سیاسییەکان و چالاکوانانی مەیدانی سەربەخۆیی و خوێندکاران و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان.

گرژییەکانی شوباتی ٢٠١٤

لە ١٨ی شوباتدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی ئۆکرانیادا دروستبوو و پۆلیس بە بەکارهێنانی فیشەکی لاستیکی و تەقەمەنی ڕاستەقینە دژی خۆپێشاندەران وەستایەوە و خۆپێشاندەرانیش بە چەک وەڵامیان دانەوە. ئەم شەڕە ٢٦ کوژراو و سەدان برینداری لێ کەوتەوە، بەهۆیەوە لە ٢٠ـی شوبات سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و سەرکۆمار گەیشتنە ڕێککەوتن و ئاگربەست. بەڵام دووبارە گرژی دروست بوویەوە و ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٦٠ کەس. بەهۆی ئەمەشەوە یەکێتیی ئەورووپا کۆمەڵێک بڕیاری دژی حکوومەتی ئۆکرانیا دا و ڕێگری لێکرد لە کڕینی چەک و کەرەستەی ئاسایشی لە ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها ڕێگری لە گەشتکردنی سەرکردە ئۆکرانییەکان بۆ ئەورووپا. 

لە ٢٢ـی شوبات پەرلەمانی ئۆکرانیا دوای گەیشتنی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و یانوکۆڤیچ کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد، وەک:

  • گەڕانەوە بۆ دەستووری ٢٠٠٤.
  • لابردنی وەزیری ناوخۆ (ڤیتالی زهارچینکۆ) و دانانی (ئارسین ئاڤالکۆڤ) لە شوێنی ئەو.
  • ئازادکردنی یولیا تیمۆشینکۆی سەروەزیرانی پێشوو کە لە نەخۆشخانەیە و بە سەختی بەدەست ئازاری پشتەوە دەناڵێنێت.
  • دیاریکردنی ٢٥ـی ئایار بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی وڵات.

کاردانەوەکان

ڕووسیا: سەرۆک ڤلادیمێر پۆتین گوتی خۆپێشاندەرانی دژەحکوومەت لە ئۆکراینا "ئامادەکاری بۆ کوشتارێک دەکەن نەک شۆڕش"، گوتیشی بەشێکی ئەو خۆپیشاندەرانە بەشێوەیەکی باش ڕێکدەخرێن و پێدەچێت خۆپیشاندانەکان لە دەرەوە بەرنامەڕێژی و پلانی بۆ داڕێژرابێت. هەروەها ئەوە دەستپێکێکی خراپە بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٥. 

هەروەها دیمیتری میدڤیدیڤی سەروەزیرانی ڕووسیا ڕایگەیاند بەشداری سەرکردە و وەزیرە گەورە ئەورووپی و ئەمریکییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا دەستتێوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی ئۆکرانیا. چونکە پێشتر هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و سیناتۆری ئەمریکی جۆن مەکین لە هەڵبژاردنەکان بەشداربوون و وتاریان بۆ خەڵکی خوێندبووەوە.

ئەڵمانیا: وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای ئەوکات گیدۆ ڤیسترڤێڵ سەردانی خۆپێشاندەرانی کرد و ڕایگەیاند ئەو فشارە ئابوورییانەی دەخرێنە سەر ئۆکرانیا بۆ نزیک نەبوونەوەی لە یەکێتیی ئەورووپا قبووڵکراو نییە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: پشتگیری ئۆکرانییەکانین و ئاییندەی وڵاتەکەیان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەبینین.


سەرچاوەکان



902 بینین