کوالا لامپور

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-21-15:30:00 - کۆدی بابەت: 8016
کوالا لامپور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کوالا لامپور (بە ئینگلیزی: Kuala Lumpur)، بە فەرمی ناوچەی فیدڕاڵی کوالا لامپور، پایتەخت و گەورەترین شاری مالیزیایە بە ڕووبەرێکی 243 کیلۆمەتر دووجاییەوە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە لە ساڵی 2016دا بە 1.73 ملیۆن کەس مەزەندەکرا. ئەم شارە وەکوو سەنتەری ڕۆشنبیری، دارایی و ئابووری مالیزیا خزمەت دەکات.

مێژووی شارەکە

هیچ کەسێک بەتەواوەتی نازانێت کێ شاری کوالا لامپوری دامەزراندووە یان کێ ئەو ناوەی لێ ناوە. کانسازە چینییەکان لە ساڵانی 1840کاندا لە کانگەی تەنەکەی ڕووباری سێلانگۆردا کاریان کردوو، کە نزیکەی 16 کیلۆمەتر لە باکووری کوالا لامپوری ئێستاوە دوورە، ئەم شارە سەرەتا گوندێکی بچووک بوو کە تەنیا چەند خانوویەکی کەم و ژمارەیەک دووکانی لێ بوو، پاشان و لە ساڵی 1857دا وەکوو شارۆچکەیەک ناسێنرا و وردەوردە بەرەو پێش چوونی بەخۆیەوە بینی و دانیشتوانەکەی گەشەی کرد لە ساڵی 1884دا ژمارەی دانیشتوانەکەی 4,500 کەس بوو، لە ساڵی 1890 ژمارەی دانیشتوان گەشتە 20,000 کەس. لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی 1896 کوالا لامپور وەکوو پایتەختی ویلایەتە تازە پێکهێنراوەکانی فیدراڵی مالایی هەڵبژێردرا. کوالا لامپور لە 1ی شوباتی 1972دا وەکوو شار ناسێنرا و دواتر لە 1ی شوباتی 1974 بوو بە ناوچەی فیدڕاڵی.

دانیشتوانی شارەکە

شاری کوالا لامپور ئاوەدانترین شاری مالیزیایە و ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە لە ساڵی 2016دا بە 1.76 ملیۆن کەس خەمڵێنرا. هەروەها چڕی دانیشتوانەکەی 6,696 کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا و چڕترین ناوچەی کارگێڕی وڵاتەکەیەتی. ژمارەی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە پایتەخت لە ساڵی 2017دا 7.25 ملیۆن کەس بوو، خەڵکە جۆربەجۆرەکەی شاری کوالا لامپور لە سێ نەتەوەی گەورەی مالیزیایی پێک دێن، ئەوانیش بریتین لە مالاییەکان، چینییەکان و هیندییەکان، هەرچەندە شارەکە خاوەنی تێکەڵەیەک کولتووری جیاوازە لەوانە ئوراسیاییەکان، کادەزانەکان، ئیبانەکان و نەتەوە ڕەسەنەکانی تری دەوروبەری مالیزیا.

ئایین

لەڕووی ئایینییەوە دانیشتوانی شاری کوالا لامپور هەمەجۆرن و چەند ئایینێک لە شارەکەدا پەیڕەو دەکرێت. ئایینی ئیسلام بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن مالاییەکان، کۆمەڵگا موسڵمانەکانی هندستان و ژمارەیەکی کەم لە موسڵمانانی چینەوە پەیڕەو دەکرێت. هەر یەک لە ئایینەکانی بوداییزم، کۆنفیوشەس و تاوی بە شێوەیەکی سەرەکی لە نێو هاوڵاتییە چینییەکاندا پەیڕەو دەکرێن. هەروەها هیندییەکان بە شێوەیەکی نەریتی پابەندن بە ئایینی هێندوەوە و هەندێک لە هاوڵاتییە چینی و هیندییەکانیش شوێنکەوتەی ئایینی مەسیحیەتن، بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2010، دانیشتوانی کوالا لامپور 46.4٪ موسڵمان، 35.7٪ بوودی، 8.5٪ هیندۆسی، 5.8٪ مەسیحی، 1.4٪ ئەندامی نەناسراو، 1.1٪ تاوی، 0.6٪ شوێنکەتەی ئایینەکانی تر و 0.5٪ بێ ئایینن.

زمان

زمانی مالیزی زمانی سەرەکی دانیشتوانی شاری کوالا لامپورە، هەروەها ئینگلیزی مالیزی بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا بە شێوەیەکی فراوان بەکاردێت و وەکوو زمانێکی پابەندەکی لە قوتابخانەکاندا فێری خوێندکاران دەکرێت، هەر یەک لە زمانەکانی (کانتۆنیز) و (ماندەرین) زمانی دیاری شارەکەن و لەلایەن زۆرینەی هاوڵاتییە چینییەکانی ناوچەکەوە قسەیان پێ دەکرێن. زاراوەیەکی تری سەرەکی (هاکا)یە، لە کاتێکدا (تامیل) لەنێو دانیشتوانی ناوخۆی هیندستان زمانێکی سەرەکییە، چەند زمانێکی تری هیندی لەلایەن نەتەوە کەمینەکانەوە قسەیان پێ دەکرێن، جگە لە زمانی مالزیایی جۆرەها زمانی دیکە هەن کە خەڵکی بە ڕەچەڵەک ئەندەنوسی قسەیان پێ دەکەن.

گرنگی شارەکە

کوالا لامپور یەکێکە لە سێ ناوچەی فیدڕاڵی مالیزیا کە لە ناوچەی سێلانگۆر لە کەناری ڕۆژئاوای ناوەڕاستی نیمچەدوورگەی مالیزیا لەناو وڵاتی بێگانەدایە، لە ساڵی 1990ـەکانەوە شارەکە میوانداری چەندین چالاکی وەرزشی، سیاسی و کولتووری نێودەوڵەتی کردووە لەوانە یارییەکانی کۆمۆنوێلتی 1998 و یارییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیای 2017، کوالا لامپور لەم چەند دەیەی دواییدا گەشەی خێرای بەخۆوە بینی و هەروەها نیشتیمانی بەرزترین تەلاری دووانەی جیهان و تاوەرەکانی پێترۆناسە کە بووە بە هێمایەکی گەشەسەندنی وڵاتی مالیزیا، شاری کوالا لامپور لەڕووی گەشتوگوزاری و بازاڕکردنەوە یەکێکە لە شارە پێشەنگەکانی جیهان، لە ساڵی 2019دا و لە ڕیزبەندی ئەو شارانەی کە زۆرترین گەشتیار ڕووی تێکردوون بە پلەی شەشەم هات. هەروەها شارەکە نیشتیمانی سێ لە دە گەورەترین مۆڵەکانی جیهانە.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی پۆلێنکردنی سیستمی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای شاری کوالا لامپور کەمەرەییە واتە گەرم، شێدار و خۆرەتاوە و لەگەڵ ئەوەشدا بارانێکی زۆری لێ دەبارێت، بەرزترین پلەی گەرمی لە نێوان 32 بۆ 35 پلەی سەدیدایە، هەندێک جاریش بەرز دەبێتەوە بۆ 38 پلەی سەدی، هەروەها نزمترین پلەش لە نێوان 23.4 و 24.6 پلەی سەدیدایە، پلەکانی گەرما لە کوالا لامپور هەرگیز دانابەزێت بۆ خوار 17.8 پلەی سەدی. لەم شارەدا ساڵانە بە شێوەیەکی ئاسایی و بەلایەنی کەمەوە 2,600 ملیمەتر باران دەبارێت، مانگەکانی حوزەیران و تەمووز تاڕادەیەک وشکن، بەڵام دواتر بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێژەی دابارین بەرز دەبێتەوە و لە هەر مانگێکدا 131 ملیمەتر باران دەبارێت.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی کوالا لامپور

  1. تاوەرە دووانەکانی پێترۆناس
  2. پارکی KLCC
  3. پارکی باڵندەی کوالا لامپور
  4. شەقامی پیتاڵینگ
  5. گۆڕەپانی مێردەکا
  6. تاوەری کوالا لامپور
  7. مۆزەخانەی نەتەوەیی
  8. بازاڕی ناوەندی
  9. پارکی پەپوولەی کوالا لامپور
  10. ئەشکەوتەکانی باتو


سەرچاوەکان



349 بینین