بێ باوەڕی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-09-18:07:00 - کۆدی بابەت: 8188
بێ باوەڕی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیلحاد، بێ باوەڕی، بێخوایی یان خوانەناسی (بە عەرەبی: الحاد، بە ئینگلیزی: Atheism) بە مانا فراوانەکەی ئەوەیە کە کەسێک باوەڕی بە بوونی خواوەندەکان نەبێت. لە مانایەکی بچووکتردا، ئیلحاد بە وردی پێگەیەکە کە باوەڕی وایە کە هیچ خواوەندێک نییە. بە گشتی زاراوەی بێخوایی ئاماژە بە نەبوونی ئەو باوەڕە دەکات کە خواوەندەکان بوونیان هەیە. ئەم بیرکردنەوەیە ناکۆکە لەگەڵ بیرۆکەی باوەڕبوون بە خوا یان خواپەروەری. چونکە چەمکی خواپەرستی واتە باوەڕکردن بەوەی کە بەلایەنی کەمەوە یەک خوا هەیە، بەڵام ئیلحاد دژی هەموو خوایەک دەوەستێتەوە.

زاراوەی بێ دینی لەدوای بڵاوبوونەوەی بیری ئازاد و گومانە زانستییەکان و چالاکبوونی تەوژمی ڕووناکبیریی ڕەخنەگرتن لە ئایینەکان پەرەی سەند. لە سەدەی ١٨ـیەم و سەردەمی ڕووناکبیریدا، بێ باوەڕان حەزیان لە پێناسەکردنی خۆیان دەکرد بە بەکارهێنانی وشەی "بێ باوەڕ". شۆڕشی فەڕەنساش شاهیدی یەکەم بزووتنەوەی سیاسی گەورەی مێژوو بوو بۆ بەرگریکردن لە سەروەری عەقڵی مرۆڤ و هەروەها جۆگەلەیەکی بێوێنەی بێباوەڕی. یاسا و پاساوی بێباوەڕان و پەیڕەوانی فیکری بێخوایی کۆمەڵێک بواری فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەگرێتەوە، بەڵام هەرگیز تەواوی بێباوەڕان لەسەر یەک بنەما کۆک نەبوون بۆ هەڵبژاردنی بێ باوەڕی و هەرکۆمەڵەیەک و هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە. هەروەها قسەکانیان پێویستی بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە هەیە کە کەموکوڕی تێدایە. هەرچەندە هەندێک لە بێ باوەڕان فەلسەفەی عەلمانییان گرتووەتە بەر (وەک مرۆڤدۆستی و گومان لە شتەکان)، هەرچۆنێک بێت، هیچ ئایدیۆلۆژیایەک یان کۆمەڵێک هەڵسوکەوت نییە کە هەموو بێ دینییەکان پێوەی پابەند بن.

هیچ قوتابخانەیەکی فەلسەفیش نییە کە بێ باوەڕان کۆ بکاتەوە، هەندێکیان لەژێر ئاڵای قوتابخانەی ماددییەت یان سروشتیین و زۆریشیان بەرەو قوتابخانەی ئەو زانست و گومانانە دەڕۆن کە باس لە پشتەوەی سروشت دەکات. هەروەها زۆرێک لە بێ باوەڕان لەو باوەڕەدان کە بێباوەڕی تێڕوانینێکی تەندروستترە لە باوەڕبوون بە خوا، چونکە دەڵێن باری سەلماندنی ئەوەی خوا هەیە ناکەوێتە سەر بێباوەڕ، بەڵکوو لەسەر باوەڕدارە کە پاساو و بەڵگە بهێنێتەوە تاوەکوو بیسەلمێنێت خوا هەیە.

بەهۆی فرەیی چەمکەکانی بێباوەڕی، مەزەندەی ژمارەی تەواوی بێباوەڕان زەحمەتە. بەپێی توێژینەوەکان ڕێژەی بێباوەڕی لە ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەرزترە: لە فەڕەنسا 40٪ و لە بەریتانیا 39٪ و لە سوید 34٪ و لە نەرویج 29٪ و لە ئەڵمانیا 15٪ و لە هۆڵەندا 25٪، هەروەها %١٢ـیش لە نەمسا. لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش هەریەک لە چین و کۆریای باکوور گەورەترین ڕێژەی بێباوەڕییان تۆمارکردووە.

 بێخواییی ئاشکرا و بێخواییی بێ ئاگا

پێناسەکانی بێ باوەڕییش جیاوازی هەیە لە ڕووی ڕادەی بیرکردنەوەی کەسێک سەبارەت بە خوا. بێباوەڕی هەندێک جار بە نەبوونی سادەیی باوەڕ بە بوونی خوا دەناسرێت. پێناسەی فراوانیش ئەوەیە کە منداڵی ساوا و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دینیان پێ نەگەیشتووە. بارۆن دی هۆلباچ لە ساڵی 1772 وتوویەتی: "هەموو منداڵێک بە بێباوەڕی لە دایک دەبێت، چونکە هیچ بیرۆکەیەکی سەبارەت بە خوا نییە". جۆرج هامڵتۆن سمیث (1979) دەڵێت: "ئەوانەی باوەڕ بە بیرۆکەکانی خواپەرستی ناهێنن بێباوەڕن، چونکە باوەڕیان بە خوا نییە". بێخواییی بێ ئاگا بە "نەبوونی هیچ بیرۆکەیەک لەسەر خوا بەبێ ئەوەی ئایینت پێ گەیشتبێت" دادەنرێت، واتە ئەو کەسە بە ئەنقەست خوای ڕەت نەکردووەتەوە بەڵکوو هیچ ئایینێکی پێ نەگەیشتووە تاوەکوو ساتی مردنی. لە کاتێکدا کە بێ باوەڕییی ئاشکرا ڕەتکردنەوەیەکی هوشیارانەیە بۆ باوەڕ بە بوونی خوا و ئایینەکان. بەڕای گراهام ڕۆبەرت ئۆپی، ئەوانەی ڕووبەڕووی پرسی باوەڕ و نەبوونی تێگەیشتنی خوا نەبوونەوە دەکەونە ژێر پۆلێنی "بێتاوان"ـەوە. 

لە ئایینی ئیسلامیشدا هەرکەسێک کە لە سەرەتای ژیانییەوە تاوەکوو مردنی هیچ بیرۆکەیەک و قسەیەکی دەربارەی خوا بە ڕوونی پێ نەوترابێت و نەگەینرابێت، هیچی لەسەر نییە.

بێخواییی نەرێنی و بێخواییی ئەرێنی

هەندێک لە فەیلەسووفەکانی وەک ئەنتۆنی فلۆ و مایکڵ مارتن دوو جۆری بێ باوەڕیان بەراورد کرد. کە بێخواییی ئەرێنی (بەهێز یان پتەو) و بێخواییی نەرێنی (لاوازێکی نەرم)ـین. بێخواییی ئەرێنی بە ڕوونی جەخت لەسەر نەبوونی خوا دەکاتەوە. بێخواییی نەرێنی هەموو شێوەکانی تری ڕەتکردنەوەی گەورە و سەرکردە دەگرێتەوە. ئاگنۆستیک یان نازانمگەراکان بە بێباوەڕی نەرێنی دادەنرێن لەسەر بنەمای ئەم پۆلێن کردنە.

پێناسەی مەحاڵ و فەنا

ئەگەری بێ باوەڕێکی ڕاستەقینە لە جیهانی ڕۆژئاوادا پێش سەدەی 18 جێگەی پرسیار بوو، چونکە بوونی خوا بە شێوەیەکی بەرفراوان قبوڵکراوبوو و هیچ گومانێک بوونی نەبوو. ئەمەش پێی دەوترێت فیکری ڕەسەنایەتی (الأصلانية)، کە هەموو خەڵک بڕوایان بە خوا هەیە لەسەر غەریزە و لەسەر بنەمای ئەم چەمکە بێ باوەڕان لە نکۆڵیکردنێکی سادەدا بوون. دیدێکی تر ئاماژە بە خێراییی بێباوەڕان دەکات لە باوەڕهێنان بە خوا لەکاتی تەنگانە، هەروەها لەکاتی سەرەمەرگ، یان ئەوەی پێی دەوترێت "لە خەندەقەکاندا بێخوایی بوونی نییە"، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی زۆرێک لە بێباوەڕان لە ناخی دڵیاندا باوەڕیان بە خوا هەیە بەڵام لەکاتی تەنگەژە و جەنگ و ناسۆریدا دەریدەبڕن. بەڵام کۆمەڵێک نموونەش هەن بۆ پێچەوانەی ئەم بیرۆکەیە کە دەوترێت "بێ باوەڕان لەناو خەندەقەکاندا".

بێخواییی زانستگەرا

پراگماتیزم تێڕوانینێکە کە تاکەکان خوا و خواوەندەکان ڕەت دەکەنەوە، بەهۆی ئەوەی پێیان وایە لە ژیانێکی پڕ لە زانستدا هیچ پێویستییەکیان پێی نییە.

ڕەوتەکان

یەکەم بێ باوەڕان کە بۆچوونەکانیان یان نووسینە بێ باوەڕەکانیان داڕشتووە و تۆماریان کردووە، لە سەردەمی یۆناندا بوون. ئەوانە بوون کە بیروڕای بەرچاویان هەبوو، کە هەوڵیان دەدا بوون و گەردوون و دەرکەوتەکانی و ئەو گۆڕانکارییانەی تێیدا ڕوودەدەن ڕوون بکەنەوە. لەوانە:

  1. دیمۆکریتۆس، فەیلەسوفێکی یۆنانی (470-361 پێش زایین).
  2. ئەبیگور، فەیلەسوفی یۆنانی (341-270 پێش زایین).

لە دوای زایین، کتێبێکی بێ باوەڕی لە یۆنان دەرکەوت و دەستەواژە و نووسینەکانی بە ئاشکرا نکۆڵی لە بوونی دروستکەرێک دەکرد، لەوانە:

  1. دیاگۆراسی میلۆس (415-465ـی زایینی).
  2. کریستیاس (403-460ـی زایینی)
  3. تۆماس هۆبس، فەیلەسوفی ئینگلیز و یەکەم ماتریالیست (1588-1679).
  4. کارل مارکس، جولەکەی ئەڵمانی، دامەزرێنەری کۆمۆنیزم (1818-1883).

لەسەر بێ باوەڕیی چەندین بیرۆکە و ڕەوت و فیکر دامەزراوە، ئیلهامی ماددیی لێ وەرگرتووە و کاریشی کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی، لەوانە:

کۆمۆنیزم

کۆمۆنیزم یان شیوعیەت، فیکرێکی ئابووریی کۆمەڵایەتییە و بنەمایەکی فیکریی هەیە و نکوڵی لە بوونی خوا و دروستکەرێک دەکات بۆ ئەم گەردوونە، بە بڕوای کۆمۆنیزم ئەوە ماددەیە هەموو بوونەوەر و بوونە. گۆڕانکارییەکانیش کە بەسەریدا دێت بەهۆی کۆمەڵێک یاسا و بنەمای تایبەتەوەیە و بەشێکە لە سیفاتەکانی، بنەماکەی بیرۆکەیەکی فەلسەفییە بەناوی ماتریالیزمی دیالێکتیک.

داروینیزم

بریتییە لە فیکری پەرەسەندن یان گۆڕان. لەو ڕاستییە دەکۆڵێتەوە کە بوونەوەرە زیندووەکان بەردەوام لە سەر بنەمای هەڵبژاردنی سروشتی گەشە دەکەن و مانەوە بۆ باشترینە. هەموو ئەوانەش کە هەن لە جۆرەکانی پێش خۆیانەوە دروست بوون و پەرەیان سەندووە و مرۆڤیش لە ئاژەڵی ترەوە دروست بووە. بەو پێیە، هەموو پڕۆسەی بوونی خوا وەک خالقێک ڕەت دەکاتەوە و دروستبوونی ژیان لەسەر زەوی بە لەناکاو و سوتفە دادەنێت. یەکێک لە وتەکانی داروین ئەوەیە دەڵێت: "سروشت هەموو شتێک دروست دەکات و هیچ سنوورێک نییە بۆ توانای دروستکردن".

بوونگەرایی

قوتابخانەیەکە کە جەخت لە گرینگی و ڕەسەنایەتی مرۆڤ دەکاتەوە و بەو پێیە ھەرکەس ئازادە لە ئەنجامدانی ھەر کارێک و لە کردەوەکانی خۆی بەرپرسە. هیچ ئامانجێکیش نییە مرۆڤ هەوڵی بدات تەنیا ژیانکردن و ئەنجامدانی کارە تایبەتەکانی نەبێت. هەروەها مرۆڤ ئازادە لە هەڵبژاردندا، ئارەزووەکان دەقۆسێتەوە وەک چۆن پێی خۆشە بەبێ ترس لە لێپرسینەوە و کۆنتڕۆڵکردن و فرمانی سەروو سروشت.

ئەقڵانییەت

عەقڵانییەتی یان دۆکترینی عەقڵیی ئەوەیە کە بڵێین زانین و دانایی لە پرەنسیپە هزرییە پێویستەکانەوە سەرهەڵدەدات، نەک تاقیکردنەوە هەستییەکان چونکە ئەم تاقیکردنەوە هیچ سوودێکی ئەوتۆیان نییە. هەروەها پێی وایە ئەقڵ دەتوانێت ڕاستییەکان بزانێت، چونکە یاساکانی ئەقڵ لەگەڵ یاساکانی شتە دەرەکییەکان دەگونجێت، هەروەها هەموو بوونەوەرێک ئاقڵە و عەقڵ دەتوانێت بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ ببێت بەبێ یارمەتی دەرەکی کە لە دڵ و غەریزە یان ئایینەوە دێت. ئەوە ڕێبازێکی فیکرییە کە بەندەکانی مێشک دەگرێتە بەر، بەبێ پشت بەستن بە دین یان پێغەمبەرەکان، پێی وایە هەموو ئەو شتانەی دەورمان دەگرێت لەسەر بنەمای هزرییە.

عیلمانییەت

واتە ئەو یاسایانەی کە هیچ پەیوەندیەکیان بە یاساکانی پەرستگە یان ڕێسا ئایینیەکان نییە. گرنگی بەدین و ڕەچاوکردنی ئایینی نادات و وەک مەزهەبێک یان زاراوەیەک دەرکەوت کە دژی لادانەکانی کەنیسەی ئەورووپییەکان وەستایەوە. ئەم هەلومەرجە بووە هۆی سیستمێکی عیلمانی کە دین لە کۆمەڵگا جیا دەکاتەوە و ئایین لە هەموو یاسا و یاسادانانێک دادەبڕێت.

پۆزیتیڤیزم

سەلماندن‌باوەڕی یان پۆزیتیڤیزم، فیکرێکی فەلسەفییە و لەسەر بنەمای بێ باوەڕی و ماتیریالیزم و بێدینی دامەزراوە. دەیەوێت ئایینی زانستی نوێ لە ژێر چەمکی "پۆزیتیڤیزم" یان "فەلسەفەی پۆزیتیڤیست" دابنێت. بەڕای ئەو دڵنیایی ئەوەیە کە دیاردەکان بناسن لەسەر بنەمای ڕاستەقینەی بینراو و ئەزموونکراو. دژی هەموو زانینێکی هەستییش دەوەستێتەوە کە نەبینراوە.

جۆرەکانی

هەندێک بێباوەڕی بە پێی ئاڕاستەی فیکری بۆ چوار بەش دابەش دەکرێن: 

خواباوەڕی

فەلسەفەیەک کە خاوەنەکانی بڕوایان بە بوونی خوا هەیە کە گەردوون دروست دەکات، بەڵام هەرگیز دەست لە کاروباری ئەو گەردوونەدا وەرنادا کە دروستی کردووە. ئەوان باوەڕیان بە هەموو ئایینەکان نییە و تەنیا باوەڕیان بە بوونی خوایەکی گەردوون هەیە و بڕوایان بە هیچ شتێکی تر نییە، هەروەها بڕوایان وایە ئەو بەدیهێنەرەش پێویستی بە پەرستن نییە.

گومان‌باوەڕی

ئەوانە لە خواپەرستەکان کەمتر کەسانێکن کە باوەڕیان بە دروستکەرێکی گەردوون هەیە، ئەوان لە نێوان بێ دینی و باوەڕدان، و بەردەوام بەدوای بیرکردنەوە و پرسیارکردنن لە بوونی خوا بۆ گەیشتن بە ڕاستی.

نازانمگەرا

واتە "نازانم" و دەکرێت بوترێت ڕەوتێکی فەلسەفییە بە پێچەوانەی گومان‌باوەڕی، پرسی باوەڕبوون بە خوا بە وشەکانی "من نازانم" وەڵام دەدەنەوە وەک ئەوەی کە بڕوایان وایە نە دەتوانرێت بوونی خوا بسەلمێنرێت نە نکۆڵی لێ بکرێت، و هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ سەلماندنی بوونی ئەو و نکوڵی لێکردنی چونکە مرۆڤ نازانێت، هەروەها بڕوایان وایە کە مرۆڤ لە داهاتوودا وەڵام دەداتەوە و بوونی خوا بسەلمێنێت یان نکۆڵی لێ بکات.

بێ باوەڕی

بەرزترین ئاستی بێ دینییە و کەسانێکن کە نکۆڵی لە بوونی ڕەهای خوڵقێنەری گەردوون دەکەن و باوەڕیان بە بوونی خوا و ئایینەکان نییە.


سەرچاوەکان



1096 بینین