نەیجیریا

له‌لایه‌ن: - سەنا محێدین - به‌روار: 2022-04-17-12:55:00 - کۆدی بابەت: 8281
نەیجیریا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وڵاتی نەیجیریا (بە ئینگلیزی: Nigeria) یان کۆماری یەکگرتووی نەیجیریا، دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای رۆژئاوا لەسەر کەنداوی بەنین و کەنداوی گینیا، ڕووبەرەکەی دەگاتە ٩٢٣,٧٦٨ کیلۆمەتری چوارگۆشە، سنووری هەیە لەگەڵ وڵاتانی بەنین و کامیرۆن و چاد و نەیجیر، هەروەها سنووری ئاوی هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتانی گینیا و گانا و ساوتۆمی و پرینسیبی، وڵاتەکە ناونراوە نەیجیریا بەناوی ڕووباری نەیجیرەوە کە ڕووباری سەرەکیی وڵاتەکەیە، شاخی Gangirwal لە گرنگترین شوێنەکانی نەیجیریایە کە بەرزترین لووتکەیە لە وڵاتەکە بەرزییەکەی دەگاتە ٢٤١٩ مەتر سەر بە زنجیرە چیاکانی(adamawa)یە، وڵاتەکە لە ٣٦ هەرێم پێکدێت کە خاوەنی خۆبەڕێوەبەرین لەگەڵ ناوچەی پایتەختی یەکگرتوو، بە یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان دادەنرێت لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکانەوە کە گەورەترین وڵاتی ئەفریقایە لە هەناردەکردنی نەوتەوە و خاوەنی گەورەترین بڕی گازی یەدەکە لە کیشوەری ئەفریقا دا.

پایتەخت

شاری ئابوجا بە پایتەختی فەرمی دادەنرێت لە ناوچەی پایتەختی یەکگرتوو کە لە ساڵی ١٩٦٧دا لە ڕێوڕەسمێکی یاساییدا وەک پایتەختی وڵاتەکە دیاری کرا، لە ڕابردوودا شاری لاجوس پایتەختی وڵاتەکە بوو کە هەتا ئێستاش شاری سەرەکییە لە پیشەسازی و بازرگانی دا، شاری ئابوجا خێراترین شارە لە ڕووی گەشەکردنەوە لە کیشوەری ئەفریقا و هەموو جیهاندا، زمانی فەرمی لە شارەکەدا زمانی ئینگلیزییە لەگەڵ زمانی یۆربا و زمانی فولانییە، %٤٠ی دانیشوانەکەی مەسیحین و نزیکەی نیوەی دانیشوانەکەی شوێنکەوتوانی ئایینی ئیسلامن.

مێژوو

نەیجیریا لەساڵی ١٩١٤ لە دوای یەکگرتنی هەردوو نەیجیریای باکوور و باشوور بنیات نراوە و لە ساڵی ١٩٦٠ سەربەخۆیی خۆی لە بەریتانیا ڕاگەیاند و سیستمی کۆماری لە ساڵی ١٩٦٣ بنیاتنا بەڵام بڕیاری دا لە پەیوەندی نەتەوە بەریتانییەکاندا بمێنێتەوە، نەتەوەی بنوک بە یەکەم دانیشتوانی نەیجیریا دادەنرێن کە ٥٠٠ ساڵ پێش زایین هەتا ساڵی ٢٠٠ـی زایینی تێیدا ژیاون. دواتر نەتەوەکانی تر دەستیان کرد بە کۆچکردن بۆ وڵاتەکە، نەتەوەی بانتۆ لە ناوەڕاستی باشووری ئەفریقاوە کۆچیان کرد و تێکەڵی دانیشتوانەکەی بوون، دواتر زۆرێک لە فولانییەکان و تەوارق لە بیابانی گەورەوە کۆچیان کرد بۆی و لە باکووری وڵاتەکە جێگیر بوون. کولتوور و دابونەریتی وڵاتەکە هەمەجۆرە بەهۆی فرەنەتەوەییەوە کە کۆی نەتەوەکانی وڵاتەکە ٢٥٠ کۆمەڵەن بەڵام تەنها چوار کۆمەڵەی سەرەکی ٪٦٠ـی دانیشوان پێک دەهێنن. لە سەدەی سێزدەیەمدا ئایینی ئیسلام گەیشتووەتە وڵاتەکە لە کاتێکدا کە وڵاتەکە لەژێر فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆریی کانم دا بووە کە لە سەدەی یانزەوە هەتا سەدەی چواردە فەرمانڕەوایی وڵاتەکەی کردووە.

دانیشتوان

ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لەساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠٤,٠٩٩,٩٨٩ کەس بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. وڵاتەکە بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوانی پلەی حەوتەمی جیهانی گرتووە کە ٪٢.٦٤ دانیشتوانی گۆی زەویی دەگرێتەوە. و ٪٥٢ـی دانیشوانەکەی لە شارەکاندا دەژین، تێکڕای ناوەندی تەمەنی دانیشتوانەکەی ١٨.١ ساڵە هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی دەگاتە ٢٢٦ کەس لە یەک کیلۆمەتری چوارگۆشە دا.

زمان

لە نەیجیریا زیاتر لە ٥٢٠ زمان و شێوەزار بوونی هەیە کە هەموویان لە زمانەکانی ئەفریقی ئەسیوبیی و زمانەکانی نیلی بیابانی و زمانەکانی نەیجیری کۆنگوویە وەرگیراون بەڵام بەهۆی کاریگەری داگیرکاری وڵاتی بەریتانیاوە زمانی ئینگلیزی بە زمانی فەرمی وڵاتەکە دادەنرێت

گەشت و گوزار

وڵاتی نەیجیریا زۆر شتی هەیە کە سەرنجی گەشتیاران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت هەر لە خەڵکە سادە و باشەکەیەوە هەتا کەنار دەریاکانی کە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی وەرزشی ئاوی جیاواز تێیدا، هەروەها ژیانی وشکانی ناوازە و دارستانە باراناوییەکان و تاڤگەکان و شارە پێشکەوتووەکان و کولتووری ناوچەیی و ئیشی دەستی تایبەت کە شێوازێکی هونەری کلتووری بەرجەستە دەکات.


سەرچاوەکان



580 بینین