ئاشتی هەورامی

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-19-21:50:00 - کۆدی بابەت: 8322
ئاشتی هەورامی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاشتی هەورامی (بە ئینگلیزی: Ashti Hawrami) ناوی تەواوی عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵایە لە ساڵی ١٩٤٨ لە سلێمانی لەدایکبووە، دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ئاشتی هەوامی سیاسەتوانێکی کوردە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یاریدەری سەروەزیرانە بۆ کاروباری وزە و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانە. ئاشتی ھەورامی لە کابینەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەزیری سامانە سروشتییەکان بووە.

ژیانی پیشەیی

لە ساڵی ١٩٧١ لە بەغداد بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی نەوت بەدەستھێناوە، هەر لە ھەمان ساڵدا تاوەکوو ساڵی ١٩٧٤ لە کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیی عێراق لە بەسڕە وەک ئەندازیار کاری کردووە. ساڵی ١٩٧٥ تاوەکو ١٩٨٢ لە بەریتانیا وەک ئەندازیار لە کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیی بەریتانیا لە سکۆتلەندا کاریکردووە. ساڵی ١٩٧٨ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاریی نەوت لە سکۆتلەندا بەدەست ھێناوە، ساڵی ١٩٨٢ تا ساڵی ١٩٨٥ وەک ئەندازیاری باڵا بۆ کۆمپانیای ئینترا لە لەندەن کاری کردووە، ساڵی ١٩٨٥ تا ١٩٨٨ وەک ئەندازیار بۆ کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری بواری نەوت کاری کردووە، لە ساڵی ١٩٨٨ تا ١٩٩٩ بەڕێوەبەری کۆمپانیای دی یو کەی بووە، ساڵی ١٩٩٩ بووە سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی ئەی سی ئێڵ، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٦ لەسەر پێشنیازی دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک وەزیرێکی کابینەی پێنجەم دێتەوە هەرێمی کوردستان و لە تەمەنی ٥٨ ساڵی دەبێت بە وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و  بە درێژاییی ماوەی چوار کابینە لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە، تا لە کابینەی نۆیەم دەبێت بە یاریدەری سەروەزیران بۆ کاروباری وزە و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازی هەرێم.

گەندەڵی 

ئاشتی هەورامی زۆرجار لەلایەن پەرلەمانتاران، وەزیران و میدیاکانەوە بە گەندەڵی لە وەزارەتەکەی، وەرگرتنی بەرتیل و ناڕوونیی داھاتی وەزارەتەکەی تاوانبار کراوە. ڕۆژی‌ ٤ـی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ ٢٠١٤، ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ شانبه‌شانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌، سەرۆکی حکوومەت بانگهێشتی‌ په‌رله‌مانی کوردستان كران بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر قه‌یرانی‌ كه‌میی‌ سووته‌مه‌نی‌. ئاشتی هەورامی تەنانەت لەلایەن چراخانی هاوسەری پێشووشیەوە بەوە تاوانبار دەکرێت کە پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی‌ و زیاتر کەڵەکەکردنی سەروەت‌ و سامانەکەی بەکارهێناوە، هەروەها بەوەش تاوانباری دەکات که‌ هه‌موو داتای وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ له‌جانتایه‌كدا كۆكردووه‌ته‌وه‌ و له کارەکانیدا ڕوون نییە.


سەرچاوەکان



418 بینین