بەکارهێنانی مۆبایل لەماوەی خەوتندا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-27-10:39:00 - کۆدی بابەت: 8410
بەکارهێنانی مۆبایل لەماوەی خەوتندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مەبەست لە بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی خەودا بەکارهێنانی مۆبایلە بۆ ناردنی نامە یان وەڵامدانەوەی لە کاتێکدا کە کەسەکە خەوتووە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاتێک ڕوودەدات کە کەسەکە خەوتووە و نامەیەکی بۆ دێت، دەنگی نامەکە کەسەکە ئاگادار دەکاتەوە کە نامەیەکی بۆ هاتووە، بەم شێوەیەش مێشک ڕێک بەو شێوەیە وەڵامی ئەو پێشهاتە دەداتەوە کە لە کاتی ئاگاییدا وەڵامی دەداتەوە، هەروەها دەکرێت لە کاتی خەوتندا بەبێ ئەوەی نامەت بۆ هاتبێت خۆت نامە بنێریت، بەڵام ناوەڕۆکی نامەکە زۆرجار ناڕوونە و تێگەیشتن لێی قوورسە. نەک تەنها نامە ناردن هەندێک جار ئەگەری وەڵامدانەوەی تەلەفۆنیش لە کاتی خەوتندا هەیە. ئەم حاڵەتانە زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدەن کە زۆر لە نزیکی مۆبایلەکەیانەوە دەخەون و مۆبایلەکەشیان بێدەنگ ناکەن.

هۆکار 

مرۆڤ دەکرێت چەندین ڕەفتاری جیاواز لەماوەی خەوتندا ئەنجام بدات، ڕۆیشتن بەدەم خەوەوە و قسەکردن لە خەودا یەکێکن لە باوترین هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ لەماوەی خەوتندا، بەڵام چەندین کەسی تریش باسیان لەوە کردووە لەماوەی خەوتندا شتیان خواردووە و شۆفێریان کردووە و جووتبوونیان ئەنجامداوە، نامە ناردن و بەکارهێنانی مۆبایلیش لەماوەی خەوتندا یەکێکی ترە لەو هەڵسوکەوتانەی کە دەکرێت ڕووبدەن.
ئەم هەست و هەڵسوکەوت و چالاکییە نەخوازراوانە پێکەوە مەودایەکی فراوان لە کێشەی کاتی خەوتن دەگرنەوە کە پێیان دەوترێت خووە نامۆکانی کاتی خەوتن (بە ئینگلیزی: parasomnias)، جۆرە جیاوازەکانی ئەم هەڵسوکەوتانە پەیوەستن بە ئاستی جیاوازی سوڕی خەوەوە، بۆ نموونە ئەنجامدانی ئەوەی لە خەوندا دەیبینیت پەیوەستە بە قۆناغی خێرا جووڵاندنی چاوەوە، هەروەها بەشێکە لە نەخۆشییەکی تایبەت کە ناسراوە بە ناڕێکی هەڵسوکەوت لە کاتی خەوی خێرا جووڵاندنی چاودا (REM sleep behavior disorder). 
ڕۆیشتن لە خەودا لەماوەی هەستانی لەناکاو لە خەوی شەپۆل هێواش کە جۆرێکە لە قۆناغی خەوی خێرا جووڵاندنی چاو ڕوودەدات. کاتێک کەسێک خەوتووە و دەست بە ڕۆیشتن دەکات، ئەو بەشانەی مێشک کە بەرپرسە لە کۆنترۆڵی جووڵە و ڕێکخستن دەست بەکاردەکەن، لە کاتێکدا ئەو بەشانەی مێشک کە کۆنتڕۆڵی کردارەکانی وەک بیرەوەری و ژیریی دەکەن کارناکەن.
دەکرێت بەکارهێنانی مۆبایل لەماوەی خەوتندا لەهەمان دۆخی نیمچە خەوتووییدا ڕووبدات، بەڵام ئەمە گریمانەیەکە و تاکوو ئێستا هیچ توێژینەوەیەک ئەوەی نەسەلماندووە کە ئەم حاڵەتە لە چی قۆناغێکی سوڕی خەودا ڕوودەدات و چی بەشێکی مێشک تیایدا چالاکە.
لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٣ دا کە لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و خەو کراوە، نزیکەی ١٠٪ بەشدرابووان باسیان لەوە کردووە کە بە لایەنی کەمەوە چەند شەوێک لە حەفتەیەکدا بەهۆی مۆبایلەکەیانەوە خەبەریان دەبێتەوە. بە پشتبەستن بەوەی کە لە چی قۆناغێکی سوڕی خەودا ئەم حاڵەتانە ڕوودەدەن، دەکرێت کە دۆخێکی ئاگایی هان بدەن کە بکرێت تیایدا نامەیەک بنێریت بەبێ ئەوەی بەیانی بیرت بێت کەی نامەکەت ناردووە و چیت نووسیوە.

هۆکاری پەیوەست

دەکرێت چەندین هۆکار پەیوەست بکرێن بە بەکارهێنانی مۆبایل لە خەودا، وەک:

هەروەها دەکرێت ئەم حاڵەتە بۆ ماوەیی بێت، ئەو کەسانەی کە لە مێژووی خێزانەکەیاندا کەسی تووشبوو بە یەکێک لە کێشەکانی خەو هەبێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونیان بەم حاڵەتە زیاترە.  

چەند نەخۆشییەک هەن کە پەیوەستن بە تووشبوون بە هەر حاڵەتێکی ڕەفتارە نامۆکانی کاتی خەوتن، وەک:

  • کێشەکانی هەناسەدان لە کاتی خەودا، وەک هەناسەتوندی.
  • بەکارهێنانی دەرمانی وەک دژەخەمۆکی
  • بەکارهێنانی ماددەی وەک خواردنەوە کحولییەکان
  • کێشەی تەندروستی وەک (ئازاری قاچ و دڵەکزە)

جۆرەکان

چەندین سیناریۆی جیاواز هەیە کە تیایدا نامە ناردن و بەکارهێنانی مۆبایل لە خەودا ڕوودەدات، وەک:

  • لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لەدوای هاتنی نامەیەک ڕوودەدات، کاتێک مۆبایلەکەت زەنگ لێدەدات بۆ ئەوەی ئاگادارت بکاتەوە لە هاتنی نامەیەکی نوێ، ئەو دەنگە لەناکاو وات لێدەکات وەک کاتی ئاگایی مۆبایلەکەت هەڵگریت و کاردانەوەت هەبێت.
  • یەکێکی تر لە حاڵەتەکان کاتێکە کە لە خەونتدا تۆ مۆبایل بەکاردەهێنیت و نامە بۆ کەسێک دەنێریت، بەکارهێنانی مۆبایل لە خەوندا دەکرێت بەهۆی زەنگی مۆبایلەکەتەوە هان بدرێت و دەکرێت خودکارانەش بێت.
  • هەندێک جاریش ئەم حاڵەتە بەشێوەیەکی خودکارانە و بەبێ لێدانی هیچ زەنگێکی مۆبایلەکەت ڕوودەدات. لە کاتێکدا کە نامە ناردن و بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی خەوتندا بۆ زۆربەی خەڵکی بووە بە ڕەفتارێکی خودکارانە، بۆیە دەکرێت بەبێ هیچ هۆکارێکی دەرەکی لە دۆخی نیمچە خەوتووییدا ڕووبدات.

ڕێگریکردن

هەرچەند ئەم حاڵەتە حاڵەتێکی مەترسیدار نییە و هیچ مەترسییەکی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ نییە، بەڵام ئەگەر ئەم حاڵەتە لەگەڵ جۆرێکی ناڕێک و مەترسیداری ڕەفتارە نامۆکانی کاتی خەوتندا ئەزموون دەکەیت، ئەگەر ڕۆتینێکی خەوی گونجاو جێبەجێ دەکەیت و هێشتا ئەزموونی یەکێک لەو ڕەفتارانە دەکەیت، ئەوا دەکرێت نیشانەی کێشەیەکی تەندروستی بێت و باشترە سەردانی پزیشک بکەیت.
بۆ ئەو کەسانەی کە لە خەوتندا مۆبایل بەکاردەهێنن چەند چارەسەرێکی سادە هەیە کە دەتوانن لە کاتی چوونە سەر جێگای خەوتن جێبەجێی بکان:

  • مۆبایلەکەت بکوژێنەوە، یان بیخە دۆخی شەو (night mode)
  • مۆبایلەکەت بێدەنگ بکە
  • مۆبایلەکەت لە دەرەوەی ژووری نوستنەکەت جێبهێڵە
  • دووربە لە بەکارهێنانی مۆبایل لەماوەی کاتژمێرێکی پێش خەوتندا

هەتا ئەگەر کێشەی بەکارهێنانی مۆبایل لە کاتی خەوتندات نییە، دانانی مۆبایل لە ژووری نوستندا کاردەکاتە سەر کوالیتی و ماوەی خەوەکەت، دەکرێت ڕێگربێت لەوەی خەوێکی باشت هەبێت. 

پوختە

دەکرێت کە لە کاتێکدا خەوتووی وەڵامی نامەی هاوڕێکەت بدەیتەوە، کاتێکیش بە تەواوەتی هەستایت لە خەو بیرت نەمابێت کە ئەو کارەت کردووە، ئەم حاڵەتە لە دۆخی نیمچە خەوتووییدا ڕوودەدات.
حاڵەتێکی جدی و مەترسیدار نییە، دەتوانیت بە بێدەنگ کردنی مۆبایلەکەت و کوژاندەنەوەی، یان دانانی مۆبایلەکەت لە دەرەوەی ژووری خەوتن ڕێگری لە ڕوودانی بکەیت.


سەرچاوەکان



736 بینین