خۆراکپێدان لە ڕێگەی سۆندەی گەدەوە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-06-19:00:00 - کۆدی بابەت: 8923
خۆراکپێدان لە ڕێگەی سۆندەی گەدەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خۆراکپێدان لە ڕێگەی سۆندەی گەدەوە (بە ئینگلیزی: nasogastric tube feeding) ڕێگایەگە کە تێیدا بە مەبەستی پێدانی خۆراک بە نەخۆش سۆندەی گەدە دادەنرێت، لە کاتێکدا نەخۆشەکە ناتوانێت لە ڕێگەی دەمییەوە خواردن بخوات.
 لەم ڕێگەیەوە ڕێگری دەکرێت لەو وشکبوونەوەی جەستەی نەخۆشەکە و یارمەتی دەدرێت تاکوو گەدەی بەتاڵ نەبێت.

بۆ کێ بەکاردێت؟

کەسانێک کە بێ‌هۆشن، یاخود تەنها کەمێک هۆشیان هەیە.

ئەوانەی توانای خۆراک خواردنیان نییە، وەک ئەوانەی دووچاری شکانی چەناگە و مل بوونەتەوە یاخود نەشتەرکارییەکی تایبەتیان بۆ ئەنجامدراوە.

بۆ کەسانێک کە لە ڕێگەی دەمەوە ناتوانن کالۆری تەواو وەربگرن.

مەرجەکانی خۆراکەکە

ئەو ماددە خۆراکییەی بە نەخۆشەکەی دەدەیت دەبێت چەند مەرجێکی هەبێت، نابێت زۆر گەرم یاخود زۆر سارد بێت، دەبێت پلەی گەرمی ماددەکە مامناوەند بێت.
هەروەها دەبێت ماددەکە شل بێت و ڕەق نەبێت چونکە ناتوانرێت بە سرنجەکەدا تێ بپەڕێت. ئەگەر ماددە خۆراکییەکە ڕەق بوو واباشە بە ئاو و یاخود ئاوی میوە شل بکرێتەوە و ئینجا بدرێت بە نەخۆش، بەڵام دەبێت وریای ئەوە بیت شلکردنەوەکە نەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەکە کالۆری پێویست لە خواردنەکەوە وەرنەگرێت.

خۆراکەکان

زۆر گرنگە هەموو ماددە خۆراکییەکان بدرێت بە نەخۆشەکە بەپێی ڕێنمایی پزیشک و لەناو هەمووشیان ئەوانەی سوودیان زیاترە ئەمانەن:

پێدانی خۆراک

دوای ئەوەی نەخۆشەکە سۆندەی گەدەی بۆ دانراوە و ئامادەیە، دڵنیایت سۆندەکە لە گەدەیدا جێگیر بووە دەست دەکەیت بە پێدانی خۆراک بەم ڕێگایانەی خوارەوە:

  • ئامادەکردنی پێویستییەکان، کە بریتین لە: سرنجی تایبەتی خۆراکپێدان، بیستۆکی پزیشکی، ئاو.
  • سەرەتا دەستت بە سابوون و ئاو بشۆ و وشکی بکەرەوە
  • دڵنیابەرەوە لەوەی کە سۆندەکە لە گەدەدا جێگیر بووە، وریابە تاکوو سرنجەکە دەکەیت بە سۆندەکەوە بە دەستت توند پەستان بخەرە سەر سۆندەکە، تاکوو هەوا نەچێتە ژوورەوە
  • دواتر بە سرنجی تایبەتی خواردنەکە لە ڕێگەی سۆندەکەوە بە سرنجەکە ڕاکێشان بکە، تاکوو ڕێژەی شلەی ناو گەدەت دەست بکەوێت. ئەگەر شلەی ناو گەدە زیاتر بوو لە ١٠٠ بۆ ١٥٠ سیسی ئەوا شلەکە بگەڕێنەرەوە و خواردن مەدە بە نەخۆشەکە تاکوو دوو کاتژمێری تر، ئەگەر دوای دوو کاتژمێریش ڕێژەکە بەهەمان شێوە بوو پزیشک ئاگادار بکەرەوە.
  • پێش ئەوەی خواردنەکە بدەیت بە نەخۆشەکە کەمێک ئاوی پێ‌بدە، ئەمە وادەکات ڕێڕەوی سۆندەکە پاک ببێتەوە و ئامادە بێت بۆ پێدانی خۆراک.
  • نەخۆشەکە دەبێت بە شێوازی نیوە دانیشتن بێت، دواتر ئەو خواردنەی ئامادەت کردووە بیخەرە ناو سرنجەکەوە و سرنجەکە بەرز ڕابگرە تاکوو ماددە خۆراکییەکە بە هێواشی بچێتە گەدەیەوە، دەبێت لە ماوەی دە بۆ ١٥ خولەک خۆراکەکە بدەیت بە نەخۆشەکە
    دوای ئەوەی خۆراکپێدان بە نەخۆش تەواو بوو، هەر لە ڕێگەی سۆندەکەوە ئاوی پێ بدە تاکوو سۆندەکەش پاک ببێتەوە. پێش و پاش هەر خۆراکپێدانێک ٣٠ بۆ ٥٠ سیسی ئاو لە ڕێگەی سۆندەکەوە بنێرە. هەروەها بۆ ئەوەی خواردنەکە لە سۆندەکەوە نەیەتە دەرەوە واباشە تاکوو نیو کاتژمێر دوای نان خواردن نەخۆشەکە بەوشێوەیە بمێنێتەوە و پاڵنەکەوێت.

ڕێنوێنی

  • زۆر گرنگە ڕەچاوی پاکوخاوێنی ناو دەم و لووتی نەخۆشەکە بکرێت، دەبێت ڕۆژانە لووتی بە گوێ پاککەرەوە بە هێواشی پاک بکرێتەوە و دەم و ددانیشی بە فڵچە و هەویری ددان بشۆردرێت.
  • هەموو ڕۆژێک جارێک دەبێت پلاستەری سەر لووتی نەخۆشەکە بگۆڕدرێت، و دانەیەکی نوێی بۆ دابنرێت.
  • هەروەها دەبێت ناو لووتی نەخۆش بە کرێم چەور بکرێت تاکوو وشک نەبێتەوە و ئازاری نەدات.
  • ئەگەر نەخۆشەکە بە دەست وشکبوونەوەی دەمییەوە دەناڵێنێت دەتوانێت، بنێشت بەکاربهێنێت.
  • ئەو خۆراکەی لە ڕێگەی سۆندەوە دەدرێت بە نەخۆش، دەبێت هەموو ماددە خۆراکییەکانی تێدا بێت.
  • واباشە بەسەر یەکەوە خواردنەکە بنێریتە گەدەیەوە، و نەوەستیت بۆ ئەوەی سۆندەکە نەگیرێت.
  • هەرگیز دەرمان و خۆراک پێکەوە تێکەڵ مەکە و لە ڕێگەی سۆندەکەوە مەینێرە بۆ گەدەی.
  • خۆراکەکە لە جارێک زیاتر گەرم مەکەرەوە، زۆر بە پاکی هەڵیبگرە لە ساردکەرەدا و با سەری هەبێت.

کاریگەرییە لاوەکییەکان

پێدانی خۆراک لە ڕێگەی سۆندەی گەدەوە دەکرێت چەند کاریگەرییەکی خراپی هەبێت وەک:

  1. سکچوون، کە بە ئەم چەند هۆکارە ڕووبدات:
    - خۆراکی نەخۆشەکە چەور بێت
    - بەخێرایی لە ڕێگەی سۆندەکەوە خۆراکەکە بنێردرێت بۆ گەدەی نەخۆشەکە 
    لەوانەیە هەستیاری هەبێت بە ماددەیەکی خۆراکی
    - خۆراکەکە پیس بووبێت یان بۆ ماوەیەکی زۆر مابێتەوە
    - خواردنەکە سارد بێت، دەبێت پلەی گەرمی خۆراکەکە هاوشێوەی پلەی گەرمی ژوور بێت.
  2. دڵتێکچوون و ڕشانەوە، ئەمیش دەکرێت بە چەند هۆکارێک ڕووبدات وەک:
    - بەخێرایی لە ڕێگەی سۆندەکەوە خۆراکەکە بنێردرێت بۆ گەدەی نەخۆشەکە
    بە پەستانێکی زۆرەوە خواردنەکە بێتە گەدەوە
    - لەوانەیە گەدەی نەخۆشەکە پڕ بێت و بەباشی پاک نەکرابێتەوە
    - گرنگترین هۆکاریش ئەوەیە کە سۆندەکە لە جێگای خۆیدا نەمابێت و جووڵابێت.
  3. کۆبوونەوەی گاز و باکردنی سک، بەم هۆکارانە:
    - لەگەڵ خواردنەکەدا هەواش ڕۆشتبێتە گەدەوە
    - بڕی خواردنەکە زۆر بێت
    - خواردنەکە زۆر بەخێرایی ڕۆشتبێتە گەدەوە
    - خواردنەکە سارد بێت
  4. قەبزی، دەکرێت بەم چەند هۆکاره ڕووبدات:
    - ژەمەکانی نەخۆشەکە بەبەردەوامی پێکهاتبێت لە شیرەمەنییەکان وەک ماست و شیر
    - بڕێکی کەم لە سەوزە و میوەی پێ درابێت.
    - بە ڕێژەی پێویست شلەمەنی و ئاوی وەرنەگرتبێت.
  5. ڕۆشتنی خۆراکەکە بۆ ناو سییەکان، بە یەکێک لەم هۆکارانەی خوارەوە:
    - سۆندەکە لە شوێنی خۆیدا نەبێت و جووڵابێت
    - بەهۆی ڕشانەوەوە ماددە خۆراکییەکان ڕۆشتبێتە سییەکانەوە.
  6. گیرانی سۆندەکە، بەم چەند هۆکارە:
    - هەبوونی پارچەی گەورە لەناو خۆراکی نەخۆشەکەدا کە بتوانێت سۆندەکە بگرێت.
    - سۆندەکە پێچی خواردبێت
    - دوای خۆراک پێدان ئاو نەکرابێتە ناو سۆندەکە و  ناوەکەی بەباشی پاک نەکرابێتەوە.


سەرچاوەکان



589 بینین