شا غازی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-14-19:22:00 - کۆدی بابەت: 9016
شا غازی

ناوه‌ڕۆك

‌‌‌ناساندن

شا غازی یان شا غازی یەکەم (بە عەرەبی: ملك غازي، بە ئینگلیزی: King Ghazi) دووەمین پادشای عێراق، کوڕی شا فەیسەڵی یەکەمی کوڕی شەریف حسێنی هاشمییە.
لەدایکبووی ساڵی 1912ـی شاری مەککەیە و چوارەم منداڵی  شا فەیسەڵی یەکەم بوو، دایکیشی ناوی حەزیمەی کچی ناسڕ بوو.
سەرەتای قۆناغەکانی منداڵی لە بیابانەکانی مەککە بەڕێخستووە، پاشان لەگەڵ باوکی کۆچی شاری دیمەشقیان کردووە.  
لە ساڵی 1924 دوای داگیرکردنی دیمەشق لەلایەن فەڕەنساوە، شا غازی و خێزانی شا فەیسەڵی یەکەم وڵاتی سووریایان بەجێهێشتووە و چوونەتە پارێزگای ئەنبار لە عێراق، پاشان لە کاتی گەیشتنیان بۆ بەغداد لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق "یاسین هاشمی" پێشوازیان لێکراوە.
بەهۆی ئەوەی سەرەتاکانی قۆناغی ژیانی لە مەککە بووە و لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی عەرەبی گەورە بووە، تا ڕادەیەک بواری فێربوون و زانستی لاواز بووە و لە منداڵی گرنگی بە بواری خوێندنی نەدراوە، بۆیە بۆ خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری لەسەر فەرمانی شا فەیسەڵی یەکەمی باوکی لە سەرەتادا لەلایەن مامۆستای ئینگلیزەوە لە بەغداد وانەی تایبەتی پێدەوترایەوە، دواتر نێردراوە بۆ وڵاتی بەریتانیا لە "کۆلێجی هارۆ" دەستی بە وانە خوێندن کردووە، لە دوای دوو ساڵ لە ساڵی 1929 گەڕاوەتەوە بۆ عێراق ئاستی خوێندنی تا ڕادەیەک هەر مامناوەند بووە، هەر لە دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق چووەتە کۆلێجی سەربازی و لە ساڵی 1932 بە پلەی جێداری دووەم بە سەرکەوتوویی کۆلێجەکەی تەواو کردووە، پاشان وەکوو یاوەری یەکەمی شا فەیسەڵی باوکی دامەزراوە و وەکوو جێگری شایش کاری  کردووە.

وەرگرتنی دەسەڵاتی پادشایەتی لە عێراق

لە دوای کۆچی دوایی شا فەیسەڵی یەکەمی باوکی، شا غازی لە تەمەنی 21 ساڵیدا لە ساڵی 1933 بووە دووەمین پاشای دەسەڵاتداری عێراق.
شا غازی گەنجێکی هەڵەشە بوو و هەستی نەتەوەیی لەلا پیرۆز و پێشەنگ بوو، دژی داگیرکاری و دەستێوەردانەکانی بەریتانیا بوو لە عێراق، تەنانەت ئەو لایەنە عێراقیانەی کە لایەنگیری بەریتانیایان دەکرد شا غازی کارەکانی جێبەجێ نەدەکردن و کێشەی بۆ دروست دەکردن، هاوکارییەکانی کۆمپانیای نەوتی بەریتانی و دەرەکی ڕەتدەکردەوە، سەرباری ئەم دژایەتیانە هەڵوێستەکانی بەرامبەر بەریتانیا لاواز و سست بوون، بەڵام گەلی عێراق بەهۆی بەڵێنەکانیەوە پاڵپشتی شایان زۆر دەکرد.
شا غازی دەیویست لە ئەڵمانیا نزیک بێتەوە، بۆیە بە یارمەتی ئەوان یەکەمین ڕادیۆی لە کۆشکەکەی بە ناوی "ڕادیۆی بەغداد" دامەزراند کە دووەمین ڕادیۆ بوو لە دوای ڕادیۆی قاهیرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست بەکار بوو، شا خۆی سەرپەرشتی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری نەتەوەیی تێدا دەکرد، هێزەکانی بەریتانیا تا ڕادەیەک ڕەفتارەکانی شایان لەلا پەسەند نەبوو.
بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانییەوە شا غازی پاڵپشتی تەواوی وڵاتانی عەرەبی تری بەدەستهێنا بوو، نموونەی ئوردن و سووریا و کوەیت، بە جۆرێک کە ئەنجوومەنی کوەیت لە کۆی 14 ئەندام بە کۆدەنگی 10 کەسیان دەیانویست لەگەڵ عێراق یەکبگرن، بەریتانیا بە تەواوی دژی ئەم بڕیارە بوو.
سیاسەتی بەریتانیا زیاتر هەڵوێست و بڕیارەکانی نووری سەعید سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی پەسەند دەکرد، چونکە بە پیاوی ئینگلیز لە عێراق دادەنرا و لەوانەوە زۆر نزیک بوو، تەنانەت هەندێک لە ماڵباتی پاشایەتیش ڕەفتارەکانی شا غازیان لەلا پەسەند نەبوو و بە هەڕەشەیان دادەنا. لە سەردەمی دەسەڵاتی شا غازی دوای تەنها سێ ساڵ لە وەرگرتنی دەسەڵات، بەریتانییەکان بەدوای جێگرەوەی دەگەڕان، چونکە سیاسەتی ئەویان لەلا پەسەند نەبوو، بۆیە لە 29ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 1936 یەکەمین کودەتای سەربازی لە عێراق و هەموو ناوچەی عەرەبی دروست بوو، "بەکر سدقی" سەرۆکی سوپا بەرپرسی هەڵگیرسانی کودەتا بوو، بەڵام پاڵپشتی نەکرا و دەستگیر کرا و پاشان لەسێدارە درا.

ژیانی تایبەتی

لە ساڵی 1934 هاوسەرگیری لەگەڵ "عالیەی کچی عەلی حسێن هاشمی" کردووە کە کچی مامی خۆی بووە، لە ساڵی 1935 بوونەتە خاوەنی کوڕێک و ناویان لێناوە فەیسەڵ، شا غازی جگە لەو کوڕە خاوەن منداڵی تر نەبووە.

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی چواری نیسانی ساڵی 1939 لە تەمەنی 27 ساڵیدا بەهۆی ڕووداوێکی تەمومژاوی ئۆتۆمبێل کۆچی دوایی کرد، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکەکەی بە خێرایی ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و پاشان بەر ستوونێکی کارەبا کەوتووە و ڕاستەوخۆ ستوونەکە بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
لە پاش خۆی هاوسەرەکەی بووە گەواهیدەری وەسێتنامەکەی، کە داوای کردبوو لە دوای خۆی خاڵی کە ناوی شازادە عەبدولئیلاهـی كوڕی شەریف حسێن بوو ببێتە وەرگری دەسەڵات و پارێزەری شا فەیسەڵی دووەمی کوڕی، چونکە فەیسەڵی دووەم تەمەنی منداڵ بوو.

گومانەکان لەسەر کۆچی دوایی شا غازی

مانەوەی شا غازی لەسەر دەسەڵات مەترسییەکی گەورە بۆ بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە عێراق، بۆیە بەهانە و بیانوو زۆر بوون بۆ لەسەرکار لابردنی شا غازی.
چەند بۆچوونێک لەسەر مردنەکەی خرانە ڕوو، بۆچوونی یەکەم بریتی بوو لەوەی کە ڕووداوی ئۆتۆمبێلەکە دروستکراو بووە، بەریتانیا و نووری سەعید یەکەمین سوودمەندی ڕووداوەکە بوون.
بۆچوونێکی لاوازی تریش هەیە کە "شازادە بەدیعە"ـی کچە پووری لە کتێبی یاداشتەکانی باسی لەوە کردووە کە ئەو شەوەی ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە، شا غازی سەرخۆش بووە و زۆر بە خێرایی ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیوە، هاوکات شا غازی هەر لە تەمەنی گەنجییەوە هەمیشە ئارەزووی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی خێرای هەبووە.
لە دوای بەسەرچوونی 35 ساڵ بەسەر ڕووداوەکە، لە ساڵی 1975"عەبدولڕەزاق حسێنی" نووسەری کتێبی "تاريخ الوزارات العراقية"/مێژووی وەزارەتەکانی عێراق" چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو پزیشکە کرد، کە یەکەم کەس بوو دوای ڕووداوەکە بارودۆخی تەندروستی شای پشکنی بوو، پزیشکەکە ڕاستی ڕووداوەکەی ڕوون کردەوە، ئەو بەم شێوەیە ڕووداوەکەی گێڕایەوە: "کاتێک شا غازیان بەرەو نەخۆشخانە هێنا، زەبرێکی بەهێز بەر سەری کەوتبوو کە دیار بوو بە ستوونێکی ئاسنی بەهێز لەسەری درابوو، من لەسەر داوای نووری سەعید پشکنینم بۆ لاشەکەی کرد و ئەو پێداگرییەکی زۆری کرد کە هۆکاری مردنەکەی بەوە دیاری بکەم کە ستوونی کارەبا بەر سەری کەوتووە، هاوکات شا غازی کەسێکی تریش لە ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵی بووە، کە خزمەتکارێکی بوو، ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەو خزمەتکارە تەنها دووچاری لەجێچوونی باڵێکی بوو، چارەسەرم بۆ ئەو کرد بەڵام لە کاتی چارەسەرییەکە تێبینیم کرد کە ئامێرێکی بێتەلی پێبوو".
هاوکات دوای ڕووداوەکە هەرگیز کەس ئەو خزمەتکارەی نەبینیوە و بێسەروشوێن کرا.
لە دوای کۆچی دوایی شا بەریتانیا و هێزە عێراقییەکانی نزیک بەریتانیا سوودمەندی سەرەکی ڕووداوەکە بوون، بەریتانیا دەستێوەردانەکانی لە عێراق زیاتر بوو.


سەرچاوەکان



342 بینین