کاردیف

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-07-17:43:00 - کۆدی بابەت: 9310
کاردیف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاردیف (بە ئینگلیزی: Cardiff، بە وێڵزی: Caerdydd)، پایتەخت و گەورەترین شاری وێڵزە. ئەم شارە یازدەهەمین گەورەترین شاری شانشینی یەکگرتووە و دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی وێڵز. ڕووبەری ڕووی شارەکە 140.3 کیلۆمەتر دووجایە.

شاری کاردیف ناوەندی سەرەکی بازرگانی وڵاتەکەیەتی. لە سەرژمێری ساڵی 2011 و لەڕووی شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکەوە لە لیستی گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافیکدا پلەی شەشەمی لە جیهاندا بەدەستهێنا. شارەکە بەناوبانگترین شوێنی گەشتیارییە لە وێڵز و لە ساڵی 2017، نزیکەی 21.3 ملیۆن سەردانکەری هەبووە. هەروەها کاردیف ناوەندێکی سەرەکی بەرهەمەکانی تەلەڤزیۆن و فیلمە وەکوو (Doctor Who, Torchwood and Sherlock).

مێژوو

بەڵگە شوێنەوارییەکانی ناو شاری کاردیف و دەوروبەری ئەوە نیشان دەدەن، کە بەلایەنی کەمەوە نزیکەی شەش هەزار ساڵ پێش زایین و لە سەرەتای سەردەمی بەردینی نوێدا خەڵک لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون. کاردیف تا سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم شارۆچکەیەکی بچووک بوو. کاتێک کانسازی لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد گرنگی ئەم شارە وەکوو بەندەرێک بۆ خەڵووز یارمەتی بەرفراوانبوونی دا. لە ساڵی 1905 وەکوو شارێک ڕیزبەندی کرا و لە ساڵی 1955 بە پایتەختی وێڵز ڕاگەیەندرا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دوای ماوەیەک لە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی کاردیف لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە جارێکی دیکە لە زیادبووندایە. لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011 گەیشتە 346,100 کەس، بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی 2001 کە 305,353 کەس بوو.

حکوومەتی وێڵز لە ساڵی 2019 بەفەرمی ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی کاربەدەستانی حکوومەتی خۆجێیی کاردیفی بە 366,903 کەس خەمڵاند.

کاردیف بەهۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ڕابردوو، کۆچی دوای جەنگ و ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی بیانی کە لە زانکۆی شارەکەدا دەخوێنن خاوەنی دانیشتووانێکی جۆراوجۆری نەتەوەییە. پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانی کاردیف لە سەرژمێری ساڵی 2011 بریتی بوو لە: 84.7% سپی پێست، 1.6% سپی پێست و ڕەشپێستی تێکەڵاو ئەفریقی/کاریبی، 0.7% سپی پێست و ئاسیایی تێکەڵاو، 0.6% تێکەڵاوی نەتەوەکانی تر، 8.1% ئاسیایی، 2.4% ڕەشپێست، 1.4% عەرەب و 0.6% نەتەوەکانی تر. ئەمەش ئەو واتایە دەبەخشێت کە نزیکەی 53 هەزار کەس لەو نەتەوانەی کە ڕەچەڵەکیان هەمەجۆرە و سپی پێست نین لە شارەکەدا نیشتەجێن.

زمان

هەریەک لە زمانەکانی وێڵزی، ئینگلیزی، لاتینی، نەرویجی و فەڕەنسی نۆرمەندی لە کاردیفدا بەکاردێت. لە سەدەی 13 بەدواوە تا گەشە لەناکاوەکەی شارەکە لە سەردەمی ڤیکتۆریادا زمانی وێڵزی زمانی زۆرینە بوو لە شاری کاردیف. لە ساڵی 1891 ڕێژەی سەدی قسەپێکەرانی زمانی وێڵزی بۆ 27.9% دابەزی. یەکەم قوتابخانەی شارەکە بە زمانی وێڵزی (Ysgol Gymraeg Bryntaf) لە ساڵانی 1950ـکاندا دامەزرا. لەو کاتەوە زمانی وێڵزی جارێکی تر زۆر ناسرا و جێگەی خۆی وەرگرتەوە. ئەنجومەنی شاری کاردیف لە ساڵی 2017 ستراتیجییەکی پێنج ساڵەی وێڵزی داڕشت بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ژمارەی قسەپێکەرانی زمانی وێڵزی لە شارەکەدا بە ڕێژەی 15.9%، بەمەش ژمارەی قسەپێکەرانی وێڵزی لە ساڵی 2011 ژمارەی 36,735 کەسی بەرزکردەوە بۆ 42,584 کەس لە ساڵی 2021. هەروەها بەگوێرەی خەمڵاندنی (ONS) لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2020 ژمارەی 89,900 کەس کە دەکاتە 24.8%ـی دانیشتووانی کاردیف بە زمانی وێڵزی دەدوێن. یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان بۆی دەرکەوتووە کە بەلایەنی کەمەوە 94 زمان لە شارەکەدا قسەی پێ دەکرێت، باوترینی نێو ئەو زمانە بیانیانەش زمانەکانی سۆماڵی، ئوردو، بەنگاڵی و عەرەبین.

ئایین

لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 2001 ڕێژەی 66.9%ـی دانیشتووانی کاردیف خۆیانیان بە مەسیحی لە قەڵەم دا. هەروەها کۆنترین کۆمەڵگەی نامەسیحی لە شارەکەدا جوولەکەیە. لە نێوان ساڵانی 1290 و سەدەی 17یەمدا ڕێگە بە پەیڕەوکەرانی ئایینی جوولەکە نەدرا لە ئینگلتەرا و وێڵزدا بژین. لە سەدەی 18 کۆمەڵگەیەکی وێڵزی جوولەکەیی دووبارە دامەزرایەوە.

ژمارەی موسڵمانانی شاری کاردیف زۆر زیاترە لە تێکڕای وێڵزییەکان، سەرەتای دەرکەوتنی موسڵمانان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 19 کاتێک کە دەریاوانە یەمەنی و سۆماڵییەکان هاتنە ناوچەکەوە. لە ئێستادا زیاتر لە 11 هەزار موسڵمان لە شارەکەدان.

بەشێک لە دانیشتووانی کاردیف بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هیندۆسی، سیخی و جوولەکەن. یەکەم کڵێسای هیندۆسی لە شەشی نیسانی 1979 لە شارەکەدا کرایەوە، زیاتر لە دوو هەزار پەیڕەوکەرانی هیندۆسی لە سێ کڵێسای شارەکەدا پەرستش دەکەن.

لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 2001، نزیکەی 18.8% دانیشتووانی شارەکە بەبێ ئایین خۆیانیان دا لە قەڵەم، لە کاتێکدا 8.6%ـی دانیشتووان وەڵامی پرسیارەکەیان نەدایەوە.

کەشوهەوا

شاری کاردیف، لە ناوچەی مامناوەندی باکوورە و کەشوهەوایەکی دەریایی هەیە، کە بە کەشوهەوای مامناوەند دیاری کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار هەوراوی و تەڕە. مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و خۆرەتاون، تێکڕای زۆرترین پلەی گەرمی لە نێوان 19 بۆ 22 پلەی سەدیدایە. مانگەکانی وەرزی زستانیش تا ڕادەیەک تەڕن، بەڵام دابارینی لەڕادەبەدەر و دروستبوونی شەختە شتێکی دەگمەنە. پلەکانی گەرمی لە وەرزەکانی بەهار و پاییز هاوشێوەن و لە سەرووی 14 پلەی سەدییەوەن. هەروەها بارانبارین لە هەر کاتێکی ساڵدا پێشبینی نەکراوە.

بەرزترین پلەی گەرمیی مانگانەی کاردیف بە تێکڕایی 21.5 پلەی سەدییە لە تەمموز و نزمترین پلەی گەرمی 2.1 پلەی سەدییە لە مانگی شوباتدا.

لە کاردیف و بەبەراورد بە شارەکانی تری وڵاتەکەی کەمتر باران دەبارێت، لە ساڵێکدا بە تێکڕا 146 ڕۆژ باران دەبارێت، تێکڕای ڕێژەی بارانبارینی ساڵانە 1,151.9 مللیمەترە. تێکڕای بارانبارینی مانگانە لە کاردیف 100 مللیمەتر تێدەپەڕێنێت، تەڕترین مانگ کانوونی یەکەمە بە 125.3 مللیمەتر و وشکترین مانگ لە مانگی نیسان تا حوزەیران، تێکڕای بارانبارینی مانگانەش نێوان 65 و 75 مللیمەتردایە.


سەرچاوەکان



304 بینین