مێژووی شاری سلێمانی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-14-23:23:00 - کۆدی بابەت: 9405
مێژووی شاری سلێمانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سلێمانی (بە کورمانجی: Silêmanî، بە عەرەبی: السلیمانیة‎، بە ئینگلیزی: Sulaymaniyah، Slemani) شارێکی باشووری کوردستانە کە ناوەندی شاری سلێمانییە و بە شاری ڕۆشنبیری ناسراوە. شارەکە لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان لە ١٤ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ دروست کراوە، هاوکات پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستەوە بۆ سلێمانی.

مێژووی شاری سلێمانی

شاری سلێمانی له‌ ساڵی ١٧٨٤ له‌لایه‌ن ئیبراهیم پاشای بابانه‌وه‌ ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌. ئیبراهیم پاشا شاره‌كه‌ی به‌ناوی باوكییه‌وه سلێمان پاشا‌ ناو ناوه. سلێمانی جگه‌ له‌‌وه‌ی ده‌بێته‌ پایته‌ختی میرنشینی بابان له‌هه‌مان كاتدا ده‌بێته‌ مه‌ڵبه‌ندێكی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچه‌كه.

شێوەزاری سۆرانی له‌ناوچه‌كه‌دا په‌ره‌ ده‌ستێنێ و ده‌بێته‌ زمانی خوێندن و نووسین به‌ جورێك كه‌ شێوەزاری گۆران له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ره‌و كه‌مبوون و نه‌مان ده‌چێت. پاش ڕووخاندی میرنشینی بابان له‌ساڵی ١٨٥١ له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ جه‌نگی جیهانی یەکەم، شاری سلێمانی ده‌خرێته‌ سه‌ر كۆماری عێراقی ئه‌مڕۆ. له‌ ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایته‌ختی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی شێخ مەحموودی نەمر بووه‌. ‌شاری سلێمانی جگه‌ له‌وه‌ی لانكه‌ی ڕۆشنبیرو تێكۆشه‌ران بووه‌، مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینش بووه‌ له‌مێژووی كوردستاندا.

بەر لەوەی بنەماڵەی بابانییەکان بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکەنەوە، میرنشینەکەیان لە ناوچەی قەڵاچوالان بوو، لەگەڵ بەرفراوان بوونی میرنشینەکە، جموجوڵی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەکان و عوسمانییەکاندا ھەبوو، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیکی لە سنووری ئێرانەوە، شوێنێک بوو ببووە مەترسی شەڕ و پێکدادانی نێوان لەشکری فارس و عوسمانییەکان بۆیە ھەریەکە لە نادر شا و سوڵتان مەحموودی یەکەم لە ھەوڵی ئەوەدا بوون ئەمیرەکانی بابان بە لای خۆیاندا ڕابکێشن، دووبەرەکی ناوخۆییش لە نێو بنەماڵەی بابانییەکان و ئەمیرە کوردییەکاندا بۆ کورسی و دەسەڵات ئەوەندەی تر مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو، ئەمەش وای کرد مەحموود پاشای بابان ساڵی ١٧٨١ـی بیری لەوە کردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆیە سەرای حکوومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی ١٧٨٣ فەرمانڕەوایی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی ١٧٨٤ لە دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی ھات، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی میرنشینەکەیان گواستەوە بۆ سلێمانی.

لە ساڵنامەی ١٩٥٥ـی سلێمانیدا کە لە (ڕۆژنامەی ژین)ـدا بڵاوکراوەتەوە ھاتووە: ئیبراھیم پاشای بابان خۆی حوکمداری قەڵاچوالان بووە، لەبەر ناخۆشی و تەنگی شوێنەکە و لە ترسی ھێرشی دوژمن بەتایبەتی لە نادر شای حوکمداری ئێران کە گەلێک جار ویستویەتی ھەڵمەت بەرێتە سەری و دەستبەسەری بکات، بە ناچاری شار و شوێنی ھەڵسوڕانی کاروباری وڵاتەکەی گواستەوە ئەم شوێنە کە ئێستا شاری سلێمانییە.

بەردەرکی سەرای سلێمانی لە سەردەمی پاشایەتیدا

میرەکانی بابان لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی جیگەیەکیان تەرخانکردووە بۆ بارەگای بەڕێوبردنی دەسەلاتەکەیان ناسراوە بە سەرا. پێدەچێت بیرکردنەوە لە دروستکردنی ئەم سەرایە لە ئەنجامی ئەوەوە ھاتبێت دوای دامەزراندنی حکوومەتی دەوڵەتی پاشایەتی بۆ پێگەی ئیدارەی فەرمانگەکانی لیوای سلێمانی ئەو کاتە ئامادەکرابێت. ئەم سەرایە لە ساڵی ١٩٢٦-١٩٢٨ لە ناو ناوەندی شاری سلێمانی دروستکراوە کە پێکھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار کاری چاکسازی تێدا کراوە بۆ سوود وەرگرتن لە نیشتەجێ بوون و بەڕێوبەرایەتی فەرمانگەکانی شار. پاشان تەرخانکراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قایمقامیەت، ئێستا لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شۆێنەواری سلێمانی بۆ گەڕانەوەی شێوازی ڕەسەنەکەی نۆژەنکراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی شاری سلێمانی و شانازیەکانی ڕابردووی ئەم شارەی تێدا دەپارێزێت.

گەڕەکە کۆنەکانی شاری سلێمانی

شاری سلێمانی خاوەنی چەندین گەڕەکی کۆنە کە مێژووەکەیان بۆ سەرەتای دروستکردنی شارەکە دەگەڕێتەوە وەکوو گەڕەکەکانی:

گەڕەکی گۆیژە: یەکەم گەڕەکی سلێمانیە لە کۆنی و گەورەیدا بە ناوی چیای گۆیژەوە ناونراوە کە لەگەڵ دروستکردنی شارەکەدا ئەم گەڕەکە دروستکراوە.

سابونکەران: یەکێکە لە گەڕەکە ھەرە کۆنەکانی سلێمانی و ھاوکات لەگەڵ دروستکردنی شارەکەدا ئەم گەڕەکە دروست کراوە. لە سەرەتاوە پیشەی دانیشتوانی ئەم گەڕەکە دروستکردنی سابون بووە بە شێوەیەکی سەرەتایی.

دەرگەزێن: دووھەمین گەڕەکی کۆنی‌ سلێمانیە ھەندێک سەرچاوە ئەڵێت دانیشتوانی یەکەمی ئەم گەڕەکە لە گەڕەکی دەرگازێنی شاری هەمەدانەوە ھاتوون. دوو گەڕەکی بچووکیش کە بریتین لە گەڕەکی سەرگۆل و گەڕەکی کارێزی دایکی پاشا بەستراونەتەوە بە گەڕەکی دەرگەزێنەوە.

کانی ئاسکان: کە ئێستا لە ناو جەرگەی شاری سلێمانیدایە کاتی خۆی سنووری باکووری ڕۆژاوای سلێمانی بووە ئەم گەڕەکە ناوچەکانی شێخان و بازارە بچکۆلە و گەڕەکی ژاڵە بییەکان دەگرێتەوە بە ناوەکەشیا دیارە کە کاتی خۆی ئاسکە کێوی زۆر تیابووە و لە نزیک کانییەکەی ئەو ناوچەیەدا بینراون.

سەرشەقام: لە خوارووی شاری سلێمانیە و شەقامەکەی سەرشەقام لە گەڕەکانی تری جیا دەکاتەوە. کاروانی قەڵاچوالان بۆ بەغداد بە کەلی سەرگرمەدا بێرەدا تێپەرێوە بۆیە کە ئاوەدان کرایەوە ناونرا گەڕەکی سەرشەقام کە گەڕەکەکانی ھونەرمەندان و شیوی قازی لەسەر ئەم گەڕەکەن.

جوولەکان: لە باشووری خۆرئاوای سلێمانی. جوولەکەکان سەرەتا لە قەڵاچوالانەوە ھاتوونەتە ئەم گەڕەکە و بە پیشەی خومچێتییەوە سەرقاڵ بوون. بەڵام لە دواییدا کاروباری بازرگانی کۆتاڵفرۆشی و عەتاری و زەڕەنگەری و گەلێک ئیش جۆراوجۆری تریان گرتە دەست. دوای درووستبونی ئیسرائیل بە تەواوەتی لە ساڵی ١٩٥٠ زۆربەیان سلێمانیان جێھێشت.

گەڕەکی سەرچیمەن: کە قاوەخانەی سەرچیمەنیشى پێ ئەوترێت یەکێکە لە گەڕەکە هەر کۆنەکانی شار و کەوتۆتە نێوان دەرگەزێن و سابوونکەران. شێواز کەلتوورییەکەی خانووە دێرینەکانی ئەو گەڕەکە هەندێکیان هێشتا ماون. ناوی سەرچیمەن لەوەوە هاتووە کە چیمەن و مێرگی تیا بووە. ناوی قاوەخانەکەش ئاماژەیە بەو قاوەخانە کۆنە مێژووییەی کە کاتی خۆی لە گەڕەکەکەدا هەبووە. خاوەنەکەی حسە کەڕی ناوبووە و یەکێک بووە لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکانی شار. ئێواران پیاو گەڕەک دەهاتنە ئەم قاوەخانەیە و لە بۆنە ئایینی و نیشتمانییەکاندا چالاکی تایبەتی تێدا ئەنجام دراوە. هەرە دیارترین چالاکییەکان دیاردەی هەقایەتخوانی بووە. لە شەوانی ڕەمەزان دا مەلا سمایل کتێبی چیرۆکەکانی ڕۆستەم و مەم و زین و ئەمیر ئەرسەلانی دەخوێندەوە.

 


سەرچاوەکان



4218 بینین