یاوندی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-21-21:24:00 - کۆدی بابەت: 9480
یاوندی

ناوه‌ڕۆك

یاوندی

یاوندی (بە ئینگلیزی: Yaoundé یان Yaunde)، پایتەختی وڵاتی کامیرۆنە و ژمارەی دانیشتووانەکەی بە زیاتر لە 2.8 ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، هەروەها بە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکەی دادەنرێت لە دوای شاری بەندەری دوالا. ئەم شارە دەکەوێتە هەرێمی ناوەندی وڵاتەکه و نزیکەی 750 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

دانیشتووانی شارەکە

دانیشتووانی تەواوی ئەو شوێنانەی کە سەر بە یاوندین لە ساڵی 2022دا 4,337,000 کەس بوو، ئەم ڕێژەیەش 4.15% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی 2021، کە ژمارەی دانیشتووان 4,164,000 کەس بوو.

گرنگی شارەکە

بە بەراورد بە شاری یاوندی، شاری دوالا وەکوو جێگیرگەیەکی گرنگتر مایەوە، بەڵام یاوندی گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بینایانەی کە کاروباری حکوومەتی کۆماری کامیرۆنیان تێدا ئەنجام دەدرێت لە شارەکەدان. هەروەها لە ساڵی 1960دا سەربەخۆیی بەدەست هێنا. ئابووری یاوندی بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر پێکهاتەی بەڕێوبەرایەتییە بەڵام پیشەسازییە سەرەکییەکانی یاوندی بریتین لە تووتن، بەرهەمەکانی شیرەمەنی، بیرە، گڵ، کەلوپەلی شووشەیی و دار. شارەکە چەندین شوێنەوار و مۆنۆمێنتی سەرسووڕهێنی تێدایە، وەکوو کۆشکی سەرۆکایەتی و کۆشکی کۆنگرێس، زانکۆی یاوندی لە ساڵی 1962دا لە شارەکەدا دامەزراوە و خاوەنی چەندین بەشی پەروەردەیی، کشتوکاڵ، تەندروستی، ئەندازیاری، ڕۆژنامەگەری، کارگێڕی، و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە.

مێژووی شارەکە

پێدەچێت سەرەتاییترین دانیشتووانی کامیرۆن باکا بووبن، کە تا ئێستاش لە دارستانەکانی پارێزگاکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا نیشتەجێن. قسەکەرانی بانتو کە لە بەرزاییەکانی کامیرۆنەوە سەرچاوەیان گرتووە لە یەکەم گرووپەکان بوون کە پێش داگیرکەرانی دیکە لە ناوچەکە چوونە دەرەوە. لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای ساڵی هەشتاکاندا، فولانییەکان، کە گەلێکی ئیسلامی لادێی ڕۆژئاوای ساحلن، زۆربەی ئەو شوێنەیان داگیرکرد کە ئێستا باکووری کامیرۆنە و دانیشتووانەکەیان کە زۆربەیان نا موسڵمان بوون، خستە ژێردەستی خۆیانەوە یان ئاوارەیان کردن.

کەشوهەوا

یاوندی تایبەتمەندی کەشوهەوایەکی خولگەیی تەڕ و وشکی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پلەی گەرمی ناوچەکە بە درێژایی ساڵ نەگۆڕە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەهۆی بەرزیی شارەکە لە ئاستی دەریاوە، پلەکانی گەرما بەو شێوەیە گەرم نین کە چاوەڕێ دەکرێت شارێکی نزیک هێڵی یەکسانبوون گەرم بێت، وەرزی وشک لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات تا شوبات دەخایەنێت و وەرزی باراناوی لە مانگی ئازار تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت. بارانبارین لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا کەمێک کەم دەبێتەوە، بەڵام زۆرجار ئاسمانی شارەکە هەوراوییە. لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی ساردترین مانگی ساڵ، کە مانگی ئابە و 23.2 پلەی سەدییە، گەرمترین مانگی ساڵ مانگی شوباتە و پلەی گەرمی 25.8 پلەی سەدییە. هەروەها لە ڕۆژە گەرمترینەکانی مانگدا، بە شێوەیەکی گشتی پلەی گەرمی دەگاتە نزیکەی 32.5 پلەی سەدی، هەروەها ساڵانە 1540 مللیمەتر باران دەبارێت، ئەمیش لە مانگە وشکترینەکانەوە بۆ مانگە باراناوییترینەکان دەگۆڕێت، لە مانگە وشکترینەکاندا 20 مللیمەترە و لە مانگە باراناوییترینەکاندا 295 مللیمەترە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. پارکی نەتەوەیی مێفو
  2. مۆزەخانەی نەتەوەیی یاوندی
  3. مۆنۆمێنتی یەک‌گرتنەوە
  4. مۆزەخانەی بلاکیتود
  5. ئیکۆ پارک
  6. پەیکەری چارلز ئاتانگانا


سەرچاوەکان



321 بینین