بریستۆڵ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-21-22:08:00 - کۆدی بابەت: 9482
بریستۆڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بریستۆڵ (بە ئینگلیزی: Bristol)، شارێکە لە باشووری خۆرئاوای ئینگلتەرا، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی نیو ملیۆن کەسە، ئەم شارە دەکەوێتە نێوان سۆمەرسێت و گلۆستێرشایر لەسەر تایداڵی ڕووباری ئەیڤۆن (Avon)، هەروەها شارەکە دە کیلۆمەتر دوورە لە کەناری دەریاوە، بەندەری بریستۆڵ دەڕوانێتە سەر ڕێژگەی ڕووباری سێڤێرن، کە درێژ دەبێتەوە بۆ کەناڵی بریستۆڵ و وڵاتی ئینگلتەرا لە وێڵز جیادەکاتەوە.

مێژوو

ماوەی هەشت سەدەیە بریستۆڵ لەڕووی ئابووری و کولتوورییەوە لە گەورەترین و گرنگترین شارەکانی وڵاتەکەیەتی. مرۆڤەکان لە سەردەمی بەردینەوە نیشتەجێی ناوچەکانی شارەکە بوون و بەڵگەش لەسەر ئەوە هەیە کە ڕۆمەکان ناوچەکەیان داگیرکردووە. بریستۆڵ لە ساڵی 1542 بوو بە شار و کاروباری بازرگانی لە سەرانسەری زەریای ئەتڵەسیدا پەرەی سەند. شارەکە لەلایەن سەربازانی لایەنگری بنەما و سیستمی پادشایەتی دەستی بەسەردا گیرا و دواتر لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئینگلتەرادا کۆنترۆڵکرایەوە. لە سەدەی 17 و 18دا زیاتر ئاوەدان بوو و لەڕووی پیشەسازییەوە گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، هەروەها لە سەرەتای سەدەی 21دا بوو بە ناوەندێکی گرنگی دارایی و تەکنەلۆجیا.

لەڕووی دمۆگرافییەوە

لە ساڵی 2014ـدا، فەرمانگەی ئاماری نیشتیمانی دانیشتووانی ناوچەکە بە 442,474 کەس خەمڵاند، بەمەش شارەکە دەبێتە 43 یەم گەورەترین ناوچەی فەرمی لە وڵاتی ئینگلتەرا، هەروەها بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011، بە ڕێژەی 84%ـی دانیشتووانی شارەکە سپی پێستن، 3.6% ڕەگەزی تێکەڵاو 5.5% ئاسیایی، 6% ڕەش پێست، 0.3% عەرەب و 0.6%ـی لە نەتەوەی ترن. بریستۆڵ لەنێو شارۆچکە و شارەکانی بەریتانیادا شارێکی نائاساییە بەوەی ڕێژەی دانیشتووانی ڕەش پێستی زیاترە وەک لە دانیشتووانی ئاسیایی، بەگوێرەی داتای سەرژمێرییەکەی ساڵی 2001، ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی شارستانی 551,066 کەس بوو، ئەمەش شارەکە دەکات بە شەشەم قەرەباڵغترین شار و دەیەم قەرەباڵغترین ناوچەی شارستانی ئینگلتەرا. چڕی دانیشتووانەکەی لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا 3,599 کەسە. هەروەها بەپێی داتای ساڵی 2019، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ناوچەی شارستانی یازدەیەم گەورەترین ناوچەیە لە شانشینی یەکگرتوو  و 670,000 کەسی لێ نیشتەجێیە.

شێوەزار

شێوەزاری ئینگلیزی کە بە بریستۆڵی ناسراوە، ماوەیەکی زۆرە لەلایەن دانیشتووانی شارەکەوە قسەی پێدەکرێت، کە بە بریستۆڵییەکان ناسراون. دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە بە شێوەزاری ڕۆتیک دەدوێن کە تێیدا پیتی (r) لە پێش نەبزوێن و لە کۆتایی وشەکاندا دەخوێندرێتەوە.

ئایین

لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011ـی شانشینی یەکگرتوودا، 46.8%ـی دانیشتووانی شارەکە خۆیانیان بە مەسیحی لە قەڵەم دا و 37.4% گوتیان کە ئاینخواز نین. لەگەڵ ئەوەشدا 5.1%ـی دانیشتووان مسوڵمانن، 0.6% بودیزم، 0.6% هیندۆنیزم، 0.5% سیخیزم، 0.2% جوولەکە، 0.7% ئایینەکانی تر، و 8.1% ـیان ئایینی خۆیانیان دیاری نەکرد.

کەشوهەوا

کەشوهەوای بریستۆڵ ئۆقیانوسییە و زۆر ساردە، مانگەکانی وەرزی زستان باراناویی و مامناوەندە و مانگەکانی وەرزی هاوینیش باراناوییە، زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار هەمیشە هەوراوییە، هەروەها ڕادەی شێ بەرزە و بای مامناوەند یان تووند بەسەر ناوچەکەدا هەڵ دەکات. ڕێژەی باران بارینش بەرزە. لەگەڵ ئەوەشدا بەفر بەدەگمەن دەبارێت و جاروبار دەبارێت. بە شێوەیەکی گشتی لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا، پلەی گەرمی دادەبەزێت بۆ نزیکەی 6/-7 پلەی سەدی، هەندێکجاریش بۆ خوارتر لەو پلەی گەرمییە دادەبەزێت، لە وەرزی هاویندا بەگشتی پلەکانی گەرمی مامناوەند یان ساردن، هەروەها دەکرێت باران ببارێت، ئەگەرچی زۆرجار کەمێک کەمتر دەبارێت بە بەراورد بە وەرزی زستان، باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتی ناوەڕاستی مانگی ئایار تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، لەم شارەدا تێکڕای پلەی گەرمی ساردترین مانگی ساڵ کە مانگی کانوونی دووەمە 5.3 پلەی سەدییە، لە کاتێکدا گەرمترین مانگ، مانگی تەممووزە و پلەی گەرمی 17.6 پلەی سەدییە، هەروەها ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە 820 مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی ناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بە گوێرەی وشکترین و باراناوییترین مانگەکانی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی نیسانە 50 مللیمەتر دەبارێت و لە باراناوییترین مانگەکانی ساڵیشدا کە مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمە 90 مللیمەترە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. بەندەری بریستۆڵ
  2. پردی هەڵواسراوی کلیفتۆن
  3. کڵێسای بریستۆڵ
  4. شاری کۆنی بریستۆڵ
  5. مۆزەخانەی بریستۆڵ و پێشەنگای نیگارکێشی
  6. منارەی کابت


سەرچاوەکان



230 بینین