پۆمپێی

له‌لایه‌ن: - دڵگەش حەسەن دڵگەش حەسەن - به‌روار: 2022-07-25-14:06:00 - کۆدی بابەت: 9539
پۆمپێی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پۆمپێی (بە عەرەبی: بومبي، بە ئینگلیزی: Pompeii، بە ئیتاڵی: Pompei)، دەکەوێتە ناوچەی کامپانیای ئیتاڵیا و شارێکی کۆنی ڕۆمانییە، ٢٣ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ناپۆلی و چیای ڤیزۆڤیۆسەوە دوورە.

لە ٢٤ـی ئابی ساڵی ٧٩ی زایینیدا، تەقینەوەیەکی گەورە لە چیای ڤیزۆڤیۆسەوە پاشماوەی گڕکانی بەسەر شاری پۆمپێیدا هەڵدا، ڕۆژی دواتر هەوری گازی گەرم ئاسمانی شارەکەی داپۆشی، بیناکان وێران بوون و دانیشتووانەکەیان دەچەقینە ناو گڕکانەکە یان بە گازە گەرمەکە دەخنکان، شارەکە لە ژێر خۆڵەمێشدا نێژرا. بۆ چەندین سەدە بەتەواوی پاشماوە پارێزراوەکانییەوە پۆمپێی لەژێر خۆڵەمێشەکەیدا مایەوە. لە ساڵانی ١٧٠٠ـدا کاتێک دواجار دۆزرانەوە، جیهان سەری سوڕما بەدۆزینەوەی شارێکی ئاڵۆزی یۆنانی-ڕۆمانی کە کات تیایدا بەستبووی. تەلارە گشتییە گەورەکان مەکۆیەکی سەرنجڕاکێش و شانۆیەکی گەورە بوون، هەروەها ڤێلای گەورە و هەموو جۆرە خانوویەکی تیادا دۆزرایەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی چوارەمی پێش زایین دەگەڕایەوە.

لە ناوەوە چەند پاشماوەیەکی پارێزراوی ئەو کەسانە هەبوون کە لە تەقینەوەکە پەنایان گرتبوو، هەندێکی تریش لە کاتی هەڵهاتندا تیاچووبوون. نانەواخانەکان کە دۆزرابوونەوە نانەکانیان هێشتا لە فڕنەکاندا بوون، تەلار و ژوورەکانیان دەرخەری ژیانی ڕۆژانەیان لە جیهانی کۆندا بوون و سەرنجی سەدەی ١٨ـیان بۆ هەموو شتە کلاسیکییەکان وروژاند. هێرکولانیۆم، ستابیا، تۆرێ ئەنونزیاتا و کۆمەڵگاکانی تر لەگەڵ پۆمپێی وێران بوون کە بەکۆمەڵ لە ساڵی ١٩٩٧دا وەک شوێنێکی میراتی جیهانی یونسکۆ دەستنیشانکران. پۆمپێی لە کاتی لەناوچوونیدا لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ هەزار دانیشتووی هەبووە. شارۆچکەی مۆدێرنی پۆمپێی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتەوە و ناوەندێکی گەشتیارییە.

مێژووی شارەکە

بەڵگە شوێنەوارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گوندی ئۆسکانی پۆمپێی لە نزیک دەمی ڕووباری سارنوس هەڵکەوتووە، زۆری نەخایاند کەوتە ژێر کاریگەری کولتووری یۆنانییەکانەوە کە لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین لەو بەری کەنداوەکەدا نیشتەجێ بوون، بەڵام یۆنانییەکان کەوتنە بەر ململانێ کاتێک ئیترۆسەکان لە سەدەی حەوتەمدا بۆ ناو کامپانیا هاتن. کاریگەری ئیترۆسەکان بەهێز مابووەوە تا هێزی دەریاییان لەلایەن پاشا هیرۆنی یەکەمی سیراکیوزەوە لە شەڕێکی دەریایی لە دەریای کومای لە ساڵی ٤٧٤ـی پێش زایین لەناوچوو. قۆناغی دووەمی هەژموونی یۆنانی بەدوای خۆیدا هێنا، پاشان لە کۆتایی سەدەی پێنجەمدا سامنییە جەنگاوەرەکان کە هۆزێکی ئیتاڵی بوون، پۆمپێی و هێرکولانیۆم و ستابیایان کرد بە شارۆچکەی سامنییەکان کاتێک کامپانیایان داگیرکرد.
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە ساڵی ٣١٠ـی پێش زایین باسی پۆمپێی کراوە. لە کۆتایی جەنگەکانی سامنییەکاندا کامپانیا بە بەشێک لە کۆنفیدڕاڵی ڕۆم دیاری کرا. بەڵام تا سەردەمی شەڕی کۆمەڵایەتی بەتەواوی ژێردەستە و ڕۆمانی نەکرابوو. لە دوای جەنگ پۆمپێی لەگەڵ شوێنەکانی تری ئیتاڵیا لە باشووری ڕووباری (پۆ) ڕەگەزنامەی ڕۆمانی وەرگرت. لاتینی جێگەی ئۆسکانی گرتەوە وەک زمانی فەرمی و زۆری نەخایاند شارەکە لە ڕووی دامەزراوە و تەلارسازی و کولتوورەوە بە ڕۆمانی کرا.
بوومەلەرزەیەک لە ساڵی ٦٢ـی زایینیدا زیانێکی زۆری بە هەردوو شاری پۆمپێی و هێرکولانیۆم گەیاند. شارەکان هێشتا لەم کارەساتە ڕزگاریان نەبووبوو کاتێک دوای ١٧ ساڵ وێرانکاری کۆتایی بەسەریاندا هات.

تەقینەوەی گڕکانەکە

هەڵکۆڵینی شوێنەکان و لێکۆڵینەوەکانی گڕکانناسی بەتایبەتی لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا وردەکاری زیاتریان هێناوەتە ئاراوە. هەر دوای نیوەڕۆی ٢٤ی ئابی ساکی ٧٩ـی زایینی پارچە خۆڵەمێش و پومیس و پاشماوەی گڕکانەکانی تر بەسەر پۆمپێیدا دەستیان بە ڕژانکرد، بە خێرایی شارەکەیان تا قووڵایی زیاتر لە ٣ مەتر داپۆشی و بووە هۆی ئەوەی سەقفی زۆرێک لە خانووەکان بکەونە ناویەوە. بەیانی ٢٥ـی ئاب ڕێژەیەکی زۆری ماددەی پیرۆکلاستیک و گازی گەرم گەیشتە دیوارەکانی شارەکە و زۆری نەخایاند ئەو دانیشتووانەی خنکاند کە بەهۆی کەوتنی پاشماوەکانەوە نەمردبوون. پیرۆکلاستیکی زیادە و بارانبارینی خۆڵەمێش بەدوایدا هات، بە لایەنی کەمەوە ٣ مەتری تری پاشماوەی زیاد کرد. ناشتنی لەناکاوی شارەکە بۆ ماوەی ١٧ سەدەی داهاتوو لە تێکدان و تاڵانکردن و بۆ کاریگەرییە تێکدەرەکانی کەشوهەوا یارمەتیدەرێکی گەورە بوو.

مێژووی لێکۆڵینەوەکان

وێرانییەکانی پۆمپێی بۆ یەکەم جار لە کۆتایی سەدەی ١٦ لەلایەن تەلارساز دۆمێنیکۆ فۆنتانا دۆزرایەوە. کارکردن لە پۆمپێی تا ساڵی ١٧٤٨ دەستی پێنەکرد، لە ساڵی ١٧٦٣دا نووسراوێک دۆزرایەوە کە شوێنەکەی بە پۆمپێی (Rei publicae Pompeianorum) ناساندبوو. ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر ئەم شارۆچکانە لەناوەڕاستی سەدەی ١٨دا ئەنجامدرا سەرەتای زانستی شوێنەوارناسی مۆدێرن بوو.

لە ساڵی ١٩٥١ دوای ئەو پچڕانەی کە بەهۆی جەنگی جیهانیی دووەمەوە ڕوویدا، لێکۆڵینەوەی چڕ لە سەردەمی ئامێدیۆ مایوری دەستی پێکردەوە کە لە ساڵی ١٩٢٤ تا ١٩٦١ بەرپرسی لێکۆڵینەوەکان بوو. ئەو پاشماوانەی لە دەرەوەی دیوارەکانی شارەکە کەڵەکە بوون پاککرانەوە، ئەمەش دەروازەی دی نۆسێرا و بەشێکی سەرنجڕاکێشی گۆڕستانی ئاشکرا کرد. تا ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ٢٠ نزیکەی دوو لەسەر سێی شارەکە لێکۆڵینەوەی تەواوی بۆ کرابوو.

گرنگی شارەکە وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی

فراوانی شوێنەوارەکان وایان کردووە زۆرترین گرنگییان هەبێت، چونکە سەرچاوەیەکی ناوازە بۆ زانیاری دەربارەی زۆر لایەنی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی و سیاسی جیهانی کۆن دابین دەکەن. نانەواخانەکان ماونەتەوە بە میڵ و ئامێری وردکردن و فڕن کە هەندێکیان هێشتا نانیان تێدایە، پیشانی دەدەن کە چۆن ئەم خۆراکە سەرەکییەی ژیانی ڕۆژانە بەرهەمهێنراوە. دوکانەکانی پەیکەرتاش و ئامێرساز و گەوهەربڕ و هەروەها کارگەکانی سۆسی ماسی و چرا و دوکانە زۆرەکانی شەراب و خواردن، لایەنەکانی تری ژیانی کۆن پیشان دەدەن.

پۆمپێی شارۆچکەیەکی بەندەری قەرەباڵغ بوو کە بەرهەمەکانی لە سەرانسەری ناوچەی دەریای ناوەڕاستدا هەناردە دەکرد، بازرگانان لە نزیک دەروازەکانی شار خواردن و شوێنی نیشتەجێبوونیان دەدۆزییەوە. هەندێک لە چێشتخانە و میوانخانەکان تەواو سەرنجڕاکێش بوون و خواردنیان پێشکەش بەو میوانانە دەکرد کە لە باخچەکاندا پاڵیان دەدایەوە، لە شوێنە هەرزانەکان ژوورەکان بچووک و تاریک بوون و کڕیارەکان لەسەر پیسایی دادەنیشتن.

بەڵگە شوێنەوارناسییەکان وادەکەن کە بتوانرێت لێکۆڵینەوە لە چینایەتی کۆمەڵگا بکرێت و زیاتر دەربارەی ئازادیخوازان و کۆیلەکان و بازرگانی بچووک و ئەرستۆکراتەکانی جیهانی ڕۆمانی کۆن بزانرێت. لێکۆڵینەوەکان لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە بڕێکی چاوەڕواننەکراوی زەوی کراوەیان ئاشکرا کردووە. زۆرێک لە باخی ترێ و داری میوە و باخچە دۆزراونەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمتر بەکارهێنانی چڕ و پڕی زەوی و کەمتربوونی دانیشتووان لەوەی کە بیری لێدەکرایەوە.

بەهۆی وێرانکارییەکانی کەشوهەوا و ڕووەکی وێرانکەر و هاتوچۆی گەشتیاران لەو شوێنە لێکۆڵینەوەکان لە مەترسیدان. لە ساڵانی ١٩٥٠دا سەقفی کۆنکرێتی بۆ زۆرێک لە شوێنەکان بەکارهێنرا، بەڵام لە دەیەکانی دواتردا ئەم ڕێوشوێنی پاراستنە وایکرد کە پارێزگاریکردنیان قورس بێت چونکە هەندێک لە کۆنکرێتەکان تێکچوون. لە تەممووزی ٢٠٠٨ حکوومەتی ئیتاڵیا هەنگاوێکی بێ وێنەی ئەنجامدا کە باری نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێک بۆ ئەو شوێنە ڕاگەیاند و فەرمانبەر و نوێنەری تایبەتی بۆ سەرپەرشتیکردنی شارەکە دەستنیشان کرد. گرنگترین شت پاراستن و نۆژەنکردنەوە و لێکۆڵینەوەیە لەو بەڵگە بەنرخانەی کە پێشتر ئاشکرا بوون پێش ئەوەی بۆ هەمیشە لەدەست بدرێن.


سەرچاوەکان



492 بینین