بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-01-18:08:00 - کۆدی بابەت: 9649
بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بالۆکە یان بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ (بە ئینگلیزی: Genital Wart، بە عەرەبی: ثآلیل الأعضاء التناسلية) یەکێکە لە باوترین جۆری نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان (STD) کە تووشی کۆئەندامی زاوزێی خانمان و پیاوان دەبێت. بریتییە لە گەشەی نائاسایی چینی دەرەکی پێست کە وەک گرێیەک لەسەر پێست دەردەکەوێت. هۆکاری تووشبوون بەم بالووکەیە ڤایرۆسێکە بەناوی پاپیلۆما (HPV) و ئەم ڤایرۆسە زیاتر لە ١٠٠ جۆری جیاوازی هەیە. بالووکەی ئەندامەکانی زاوزێ لەسەر پێستی ناوچەی زاوزێی پیاوان و خانمان، دەوروبەری کۆم و نێوان ڕانەکان دەردەکەن. بەهەمان ڕەنگی پێستی خۆیان یاخود تۆختر. 
لە هەموو تەمەنەکاندا باوە و تەمەنێکی دیاریکراو نییە بۆ تووشبوون.

ڤایرۆسی پاپیلۆما

ڤایرۆسی پاپیلۆما (HPV) کە هۆکاری تووشبوونە بە بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ، زیاتر لە ١٠٠ جۆری هەیە. بەجۆری ڤایرۆسەکە لە جۆری (٦٫١١٫١٦٫١٨)ـدایە. ڤایرۆسێکی زۆر بەهێزه و لە جۆری DNA ڤایرۆسە. کە بەرگەی شوێنی گەرم و شێدار دەگرێت و دەتوانێت تێیدا بژیت. 

لە کوێدا دەردەکەون؟

لە پیاواندا:

لە ژناندا:

جیا لەم شوێنانە لەوانەیە بگوازرێتەوە بۆ لێو و دەم و گەروو بەهۆی جووتبوون لە ڕێگەی دەمەوە.

نیشانەکان

لە کاتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسی تووشبووە بۆ کەسێکی تر، چەند هەفتە یاخود چەند مانگێکی پێ دەچێت تاکوو کەسەکە بالووکەکانی دروست ببێت و نیشانەکانی لەسەر دەربکەوێت. ئەم بالووکانە مەرج نییە هەمیشە بە چاو ببینرێن چونکە زۆرجار بچووکن یاخود زۆر لە ڕەنگی پێستەکەن. بالووکەکان دەکرێت ساف یاخود زبربن و بە دەست لێدان دەربکەون، نیشانەکان بریتین لە:

  • دەردراوی زێ
  • خوران
  • سووتانەوە
  • خوێنبەربوون
  • شێداری لە ناوچەی بالووکەکاندا

ڕێگاکانی گواستنەوە

سەرەکیترین ڕێگا بۆ گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە جووتبوونە. 

  • جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە.
  • جووتبوونی ناشەرعی.
  • بەرکەوتنی ناوچەی زاوزێ بە بالووکەکان.
  • جووتبوونی ناودەم هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی بالووکەکان بۆ دەم، لێوەکان، گەروو.
  • جووتبوون لەڕێگەی کۆمەوە هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کۆم و ناوچەی دەووروبەری کۆم.
  • لە منداڵاندا دەگوازرێتەوە بۆیان لەڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی پێستیان بە بالووکەکانی کەسی تووشبوو، یاخود دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ.

چەند ڕێگایەکی دەگمەن

بە دەگمەن دەکرێت ئەم ڤایرۆسە بەم چەند ڕێگایە بگوازرێتەوە:

  • تاتۆکردن.
  • گواستنەوەی لە دایکەوە بۆ منداڵەکە لە کاتی منداڵبوونیدا.
  • بەکارهێنانی گوێزان و سرنجی بەکارهاتوو بۆ نەخۆشێک.
  • لە ڕێگەی دەست لێدان و بەکارهێنانی تەوالێتەوە ناگوازرێتەوە.

دەستنیشانکردن

پێش هەر کارێک پزیشک بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە، پرسیار دەکات دەربارەی شێوازی ژیان، نەخۆشییەکان و جووتبوونی ناشەرعی. پاشان ڕاستەوخۆ سەیری ناوچەی کۆئەندامی زاوزێ دەکات بۆ بینینی ڕاستەوخۆی بالووکەکان. ئەم ڤایرۆسە لێکەوتە خراپەکانی زیاتر لەسەر ژنان دەردەکەوێت وەک لە پیاوان و تووشی چەندین کێشەیان دەکات، هەروەها دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە لە خانماندا قورسترە، چونکە دەکرێت بالووکەکان لە ناوەوەی زێ، یاخود ملی منداڵداندا دروست ببن و بە چاو نەبینرێن بەمەش دەستنیشانکردنەکە قورسترە و پێویستی بە چەند ڕێگایەکە کە ئەمانەن:

پشکنینی پاپ (pap test)

لەڕێگەی ئەم پشکنینەوە نموونەیەک لە خانە تووشبووەکان وەردەگرێت و دەنێردرێت بۆ پشکنین، کاتێک ئەنجامێکی نائاسایی دەرچوو نیشانەیەکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە کە زۆرجار بەهۆی تووشبوون بەم ڤایرۆسەوە ڕوودەدات، ئەگەر خانمێک گومانی تووشبوون بە شێرپەنجەی لێ بکرێت پزیشک بڕیار دەدات پشکنینی (DNA) بۆ بکرێت، کە لە ڕێگەی ئەم پشکنینەوە جۆری ڤایرۆسی (HPV) دیاری دەکرێت.

کێن ئەوانەی مەترسی تووشبوونیان زیاترە؟

  • کەسانێک کە تەمەنیان کەمترە لە ٣٠ ساڵ.
  • کەسانی جگەرەکێش.
  • ئەوانەی کۆئەندامی بەرگری لەشیان لاوازە.
  • ئاوانەی دەستدرێژی سێکسییان کراواتە سەر.
  • کەسانێک پەیوەندی سێکسی زۆر ئەنجام دەدەن.
  • جووتبوون لە ڕێگەی کۆمەوە.
  • ئەو منداڵانەی لە دایکێکی تووشبووەوە لەدایک دەبن.
  • کەسانی تووشبوو بە ئایدز.
  • کەسانێک کە خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە یاخود ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن.
  • ڕەچاونەکردنی پاکوخاوێنی لە هەموو بارودۆخێکدا.
  • کەسانێک کە تووشبوونی چەند جۆرێکی شێرپەنجە و تووشبوونە میکرۆبییەکانن.
  • بەکارهێنانی زۆری حەپی دژە دووگیانی.

چارەسەر

چارەسەری ئەم ڤایرۆسە پێویستی بە کاتە و زۆرجار ٢٥٪ بۆ ٦٥٪ـی حاڵەتەکان دوای چارەسەریش دووبارە دەبنەوە، بۆیە پێویستە دووبارە چارەسەر وەربگیرێتەوە، چەندین ڕێگا هەیە بۆ چارەسەری بالووکە:

چارەسەر بە دەرمان

ئەگەر بالووکەکان بچووک بن و کەم بن، لەوانەیە پزیشک تەنها بە پێدانی دەرمان چارەسەری بکات، و چەندین جۆر دەرمان بەکاردێت وەک:

کرێمی ئالدارا (Aldara cream) 

ئەم کرێمە کار دەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگری لەش، ئەم کرێمە دەخرێتە سەر بالووکەکان و وردە وردە دەبێتە هۆی لەناوبردنیان.

پادۆفیلۆکس (Podofilox)

ئەم دەرمانە بەشێوەی گیراوە یاخود مەڵهەم تەنها بۆ بەشی دەرەوەی جەستە بەکاردێت، واتە دەدرێت لەو بالووکانەی کە لەسەر ڕووی پێستن. بەهیچ شێوەیەک نابێت بۆ ناوەوەی جەستە بەکاربێت، وەک ناوەوەی زێ، کۆم، دەم، گەروو.

بەگشتی ئەم کرێمانە لێکەوتەی زۆر خراپیان هەیە لەسەر پێست و دەبنە هۆی هەستیاری توند یاخود بڵاوبوونەوەی بالووکەکە بە هەموو پێستدا، بۆیە ئەگەر هاتوو دەرمان سوودی نەبوو و بالووکەکان گەورە بوون، چەند ڕێگایەکی تر دەگیرێتەبەر بۆ چارەسەر کە ئەمانەن: 

چارەسەر بە لەیزەر (laser)

لەیزەرکردن واتە بەکارهێنانی تیشک بۆ نەهێشتنی بالووکەکان. لەیزەرکردن سوودێکی زۆری هەیە و وادەکات بەیەکجاری ڕزگارت ببێت لە بالووکەکان. بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی کۆمەڵێک بالووکەی زۆری تێدایە و لەیەکەوە نزیکن وەک ناوەوەی زێ و کۆم، ئەم ڕێگایە پارەیەکی زۆری دەوێت، بەڵام لە بەرانبەردا چارەسەرێکی خێرا و بنبڕە.
تەنها لەماوەی ٣٠ خولەکدا لەیزەرەکە دەکرێت و پاش ئەوە نەخۆشەکە دەتوانێت بە ئاسایی کارەکانی ڕۆژانەی بکات.

چارەسەر بە بەستن (Cryotherapy)

ئەم چارەسەرە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی پێستەوە دەکرێت. تێیدا پزیشک ماددەیەکی کیمیایی بە ناوی ترشی سیانەکلۆرۆ ئەسیتیک  (Trichloro acetic acid) دەدات لە بالووکەکان و پاش ئەوەی بەستی بالووکەکان نامێنن. ٧٥٪ـی نەخۆشەکان بەم ڕێگایە بەتەواوی ڕزگاریان بووە لە بالووکەکان و ١٥٪ـیان دووبارە بۆیان دروست بووەتەوە. 

سووتاندن (cauterization)

یەکێک لە ڕێگا کۆنەکان بۆ چارەسەر بریتییە لە سووتاندنی بالووکەکان، لەم ڕێگەدا بالووکەکان دەسوتێنرێن، بەڵام ئەم ڕێگەیە زیاتر بۆ بالووکەیەک باشە کە نەرم بێت، بالووکە ڕەق و زبرەکان واباشە بە لەیزەر یاخود بەسەتن لەناوببرێن.

نەشتەرکاری بچووک (Minor surgry)

ئەم ڕێگایە بۆ ئەو بالووکانە بەکاردێت کە لەسەر ڕووی پێستن و دەبینرێن، بە نەشتەرکاری بالووکەکان دەبڕدرێن و لێ دەکرێنەوە. 

لێکەوتەکان

تووشبوون بەم ڤایرۆسە و دروستبوونی بالووکەی کۆئەندامی زاوزێ چەندین لێکەوتەی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە ئەمانەن:

  • شێرپەنجەی ملی منداڵدان
  • شێرپەنجەی پێست
  • شێرپەنجەی زێ 
  • شێرپەنجەی چووک
  • شێرپەنجەی کۆم
  • شێرپەنجەی زمان
  • شێرپەنجەی دەم
  • شێرپەنجەی گەروو
  • شێرپەنجەی گون

ڕێگریکردن

  • باشترین ڕێگا بریتییە لە پێکوتەی گارداسیل (Gardasil) کە ڕێگری دەکات لە تووشبوون بە هەموو جۆرەکانی ڤایرۆسی پاپیلۆما.
  • بەکارهێنانی کۆندۆم لە کاتی جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوودا.
  • دوورکەتنەوە لە جووتبوونی ناشەرعی و جووتبوون لە ڕێگەی کۆمەوە.

پێکوتە (ڤاکسین)

ئەم ڤایرۆسە پێکوتەی هەیە بەناوی گارداسیل (Gardasil) و ڕێگری دەکات لە تووشبوو بە ڤایرۆسەکە. ڤاکسینەکە بۆ ماوەی دە ساڵ کار دەکات و کەسەکە دەپارێزێت لە تووشبوون.


سەرچاوەکان

868 بینین