ئەیمەن زەواهیری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-04-23:11:00 - کۆدی بابەت: 9685
ئەیمەن زەواهیری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەیمەن زەواهیری (بە ئینگلیزی: Ayman al-Zawahiri، بە عەرەبی: أيمن الظواهري) یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی قاعیدە و دووەم ئەمیری ڕێکخراوەکە کە بووە شوێنگرەوەی ئوسامە بن لادن دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ بە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکی کوژرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دووەم دیارترین سەرکردەی ڕێکخراوی قاعیدە بوو، پێشتر وەک ڕاوێژکاری بن لادن کاری کردووە، هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوی قەدەغەکراوی جیهادی ئیسلامی لە میسڕ بووە. لە ٣١ی تەمموزی ٢٠٢٢ بە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە کابول کوژرا، کە لەلایەن حکوومەتی تاڵیبانەوە بە پێشێلکردنی سەروەریی ئەفغانستان ئیدانە کرا.

نەوەى محەمەد ئەحمەدی زەواهیری شێخى پێشووى ئەزهەرە و لە تەمەنى هەرزەکاریدا پەیوەندی بە ئیخوان موسلمینەوە کردووە و لە تەمەنى پازدە ساڵى بە تۆمەتى ئیخوانیبوون دەستگیرکراوە. دوای تەواوکردنی فاکەڵتی پزیشکی لە زانکۆی عەین شەمس وەک پزیشکی نەشتەرکاری کاری کردووە، لە ئیخوان جیابووەوە و یارمەتی دامەزراندنی گرووپی جیهادی میسڕی داوە، زەواهیری لە جەددەوە گەشتی کرد بۆ ئەفغانستان بۆ بەشداریکردن لە جیهادی ئەفغانی لە ساڵی ١٩٨٥ و لە نەخۆشخانەی مانگی سووری کوەیتی لە پیشاوەر وەک پزیشک کاری کردووە.

پەیوەندییەکەی لەگەڵ بن لادن لە ساڵی ١٩٨٦ چەسپاوە و بەردەوام بووە تاوەکوو لە شوباتی ساڵی ١٩٨٩ بە هاوبەشی ڕێکخراوی جیهادیی قاعیدەیان دامەزراند و هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کە یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی پشت هێرشەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ لە ئەمریکا. ناوی زەواهیری لەدوای بن لادن لە لیستی ٢٢ تیرۆریستی داواکراوی ئەمریکا لە دوای ساڵی ٢٠٠١ پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، حکوومەتی ئەمریکا پاداشتێکی ٢٥ ملیۆن دۆلاری بۆ هەر کەسێک تەرخان کردبوو کە یارمەتی دۆزینەوەی بدات.

زەواهیری دوای لەشکرکێشیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١ بەشداری شەڕی ئەفغانستانی کرد.

ژیان

زەواهیری لە ١٩٥١/٦/١٩ لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ لە بنەماڵەیەکی چینی ناوەندەوە لەدایکبووە کە چەندین پزیشک و زانای ئایینی لەخۆدەگرن. باپیری محەمەد ئەحمەدی زەواهیری پێگەی شێخی مزگەوتی ئەزهەری هەبووە كە بە یەكێك لە ناوەندە گرنگەكانی پەروەردەی ئیسلامی سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. 

زەواهیری لە تەمەنێکی بچووکدا تێکەڵ بە چالاکییەکانی بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییەکان بووە، لە کاتێکدا کە هێشتا لە قوتابخانە بوو، لە تەمەنی پازدە ساڵیدا بەهۆی پەیوەندیکردن بە ئیخوان موسلمینەوە دەستگیرکرا. ئیخوان موسلمین یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین گرووپە ئیسلامیەکانی میسڕ. بەڵام چالاكی سیاسیی زەواهیری ڕێگر نەبوو لە خوێندنی پزیشكی لە زانكۆی قاهیرە كە ساڵی ١٩٧٤ لەو زانكۆیە دەرچوو و دوای چوار ساڵ بڕوانامەی ماستەری لە نەشتەرکاریی گشتی بەدەستهێنا.

زەواهیری لە سەرەتادا دەستی کرد بە پەیڕەوکردنی نەریتی بنەماڵەیی و لە یەکێک لە گەڕەکەکانی قاهیرە کلینیکێکی پزیشکی دامەزراند، بەڵام زۆری نەخایاند بەلای گرووپە ئیسلامییەکان کەمەندکێش کرا کە داوای ڕووخاندنی حکوومەتی میسڕیان دەکرد. لە ساڵی ١٩٧٣ـەوە دوای ئەوەی دامەزرا پەیوەندی بە گرووپی جیهادی ئیسلامی میسڕەوە کرد.

ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ کۆمەڵێکی تر بە تۆمەتی تیرۆركردنی ئەنوەر سادات سەرۆكی ئەوكاتی میسڕ تۆمەتبار دەكرا. سادات بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها دەستگیرکردنی سەدان ڕەخنەگری سیاسی ئەوکات، چالاکوانانی ئیسلامیی تووڕە کردبوو. سەرەڕای ئەوەی تۆمەتەکە پشتڕاست ناکرێتەوە، بەڵام بەهۆی بوونی چەکی بێ مۆڵەت ماوەی سێ ساڵ لە زیندان دەمێنێتەوە و بە خراپترین شێوە ئەشکەنجە دەدرێت. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٥ ئازاد دەکرێت دەڕواتە سعوودیە.

دواتر دەڕواتە ئەفغانستان و لەوێ کوتلەیەکی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی دامەزراند و وەک پزیشکیش کاری دەکرد. زەواهیری دوای دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپی جیهاد لە ساڵی ١٩٩٣، سەرکردایەتیی گرووپی جیهادی گرتە ئەستۆ، ئەو کەسایەتی سەرەکی بوو لە پشت زنجیرەیەک هێرش لە ناوخۆی میسر، لەوانە هەوڵی تیرۆرکردنی سەروەزیرانی ئەوکاتی میسڕ، عاتف سدقی.

لە ساڵی ١٩٩٧ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی گرووپی "پێشڕەوانی فەتح" کە یەکێکە لە فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، لە پشت کۆمەڵکوژی گەشتیارانی بیانی لە شاری لۆکسۆر بووە. دوای دوو ساڵ، زەواهیری بە غیابی لەلایەن دادگای سەربازی میسرەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی ئەوەی ڕۆڵی هەبوو لە زۆرێک لە هێرشەکانی میسڕدا.

ڕێکخستن

گرووپی جیهادی ئیسلامی میسڕی بە سەرۆکایەتی زەواهیری لە ساڵی ١٩٩٥ هێرشێکیان بۆ سەر باڵیۆزخانەی میسڕ لە ئیسلام ئابادی پاکستان ئەنجامدا، بەڵام بن لادن ئەو ئۆپەراسیۆنەی پەسەند نەکرد. هێرشەکە پاکستانی تووڕە کرد کە "باشترین ڕێگا بوو بۆ ئەفغانستان". لە تەممووزی ٢٠٠٧دا، زەواهیری فرمانی کرد بە گەمارۆدانی مزگەوتی لال، کە ناوی کۆدی ئۆپەراسیۆنی بێدەنگی بوو. ئەمە یەکەمجار بوو کە پشتڕاست بکرێتەوە زەواهیری هەنگاوی سەخت لەدژی حکوومەتی پاکستان بنێت و چەکدارە ئیسلامییەکانی دژی دەوڵەتی پاکستان ئاڕاستە بکات.

سوپای پاکستان و گرووپی خزمەتگوزارییە تایبەتەکان کە مزگەوتی لال ("مزگەوتی سوور")یان لە ئیسلام ئاباد گرتبوو، نامەکانی زەواهیرییان دۆزیەوە کە ئاڕاستەی چەکدارانی بەناوی عەبدولڕەشید غازی و عەبدولعەزیز غازی کردبوو، کە مزگەوتەکە و خوێندنگەکەی تەنیشتیان بەڕێوە دەبرد. ئەم ململانێیە بووە هۆی مردنی ١٠٠ کەس.

هەروەها لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧دا زەواهیری دەستی لە تیرۆرکردنی سەروەزیرانی پێشووی پاکستان بنازیر بۆتۆدا هەبوو.

ئەمریکا

ئەیمەن زەواهیری لە ساڵی ١٩٩٨ لە ئەمریکا تۆمەتبار کرا بە ڕۆڵی لە بۆردومانەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٨، کە زنجیرە هێرشێک بوو لە ٧ی ئابی ١٩٩٨ تێیدا سەدان کەس لە یەک کاتدا کوژران. تەقینەوەی بارهەڵگرەکان لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە شارە سەرەکییەکانی داروسەلام و تانزانیا و نایرۆبی لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بوونە هۆی بەناوبانگبوونی ئوسامە بن لادن و ئەیمەن زەواهیری.

لە ساڵی ٢٠٠٠ تەقاندنەوەی کەشتیی یو ئێس ئێس کۆڵ هانی زۆرێک لە ئەندامانی دا کە هەڵبێن. محەمەد عاتف هەڵات بۆ قەندهار، زەواهیری و بن لادن هەڵاتن بۆ کابوول. لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١دا ئەلزەواهیری لە لیستی سەرەتایی ٢٢ تیرۆریستی داواکراودا دەرکەوت لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکاوە، کە لەلایەن جۆرج بوش سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندرا.

لە سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠٠١ حکوومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند کە ڕەگەزنامەی فەرمیی ئەفغانی بە زەواهیری، بن لادن و محەمەد عاتف و سەیفولعەدل و شێخ عاسم عەبدولڕەحمان دەبەخشێت.

سەرۆکایەتی قاعیدە

زەواهیری دوای کوژرانی بن لادن لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە ٢ی ئایاری ٢٠١١ دەستی بەسەر سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوەدا گرت، زۆرجار بە دەستی ڕاستی ئوسامە بن لادن و ئایدیۆلۆژی سەرەکی قاعیدە ناودەبرا. هەندێك لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەكەن كە رێكخراوی جیهادی میسڕ كۆنترۆڵی قاعیدەی كردووە كاتێك لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا بوونە هاوپەیمانی یەکتری.

زەواهیری دوایین جار لە شارۆچکەی خوست لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١ بینراوە کاتێک ئەمریکا هەڵمەتێکی سەربازی بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی تاڵیبان دەستپێکرد. بە یارمەتی خێڵە هاوسۆزەکانی لەوکاتەوە دەستی کرد بە خۆشاردنەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر سنووری ئەفغانستان و پاکستان.

کوشتنی

زەواهیری لە ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٢، لە کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی لە هێرشێکی بەیانی زوودا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی CIA لە گەڕەکی شێرپووری کابوول لە ماڵێکدا کوژرا. خاوەنی ماڵەکە سیراجەدین حەقانی، بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی تاڵیبان بوو. به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان ڕایگه‌یاند: له‌ كۆتایی هه‌فته‌دا ئه‌مریكا ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری له‌ دژی ئامانجێكی گرنگی قاعیده‌ له‌ ئه‌فغانستان ئه‌نجامدا و ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ش سه‌ركه‌وتوو بوو و هیچ زیانێكی مه‌ده‌نی نه‌بووه‌. 


سەرچاوەکان

37 بینین