ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان (٢٠٠٠)

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-04-21:41:00 - کۆدی بابەت: 9697
ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان (٢٠٠٠)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان (بە ئینگلیزی: A Time for Drunken Horses، بە فارسی: زمانی برای مستی اسبها)، یەکەم فیلمی سینەمایی دەرھێنەری کورد بەھمەنی قوبادییە، بەرھەمی ساڵی ٢٠٠٠ـە و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەرهەمهێنراوە و ناوبانگێکی جیهانیی هەیە.

چیرۆک

ئەیوب لە گوندێکی کوردیی نزیک سنووری عێراق دەژی، بە کۆچی دوایی باوکی ناچار دەبێت ئاگاداری سێ خوشک و برا نەخۆشەکەی "مەهدی" ببێت. مەهدی تووشی نەخۆشییەکی زگماکی دەبێت و لە تەمەنی پانزە ساڵیدا شێوەی منداڵێکی هەیە.

ڕۆژین خوشکە گەورەی ئەیوبە و لەگەڵ خوشکەکەی تری بەناوی ئامینە ئاگاداری مەهدی دەبن. پزیشکی گوندەکە بە ئەیوب دەڵێت هیچ دەرمانێک نییە چارەسەری مەهدی بکات و ئەگەر نەشتەرگەری بۆ نەکرێت سێ چوار هەفتەی تر دەمرێت. ئەیوب چیرۆکەکە بۆ ڕۆژین دەگێڕێتەوە، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە کە کاری زیاتر دەکات بۆ بەدەستهێنانی تێچووی نەشتەرگەرییەکە.

کاک کەریم کە دەکاتە مامی ئەیوب، لەگەڵ کاک یاسین باسی ئەیووب دەکات، کە بە هێسترێک کاری قاچاخی دەکات، بڕیارە ئەیوبیش هەموو بەیانییەک کەلوپەلە قاچاخەکە بباتە ئەو دیوی سنووری عێراق. کاتێک کەلوپەلەکان دەگەینن، بە  ئەیوب و هاوڕێکانی دەڵێن کە پارەی بارەکەتان پێ نادرێت و پێویستە لە خاوەن کارەکەی وەربگرن. دوای دوو مانگ ئەیوب ناتوانێت پارەی نەشتەرگەری مەهدی پەیدا بکات. کاتێک کاک کەریم توانای کارکردنی نامێنێ بەهۆی نەخۆشییەوە، هێسترەکەی دەداتە ئەیوب بۆ ئەوەی کاری پێبکات. کاتێک ئەیوب سەرقاڵی کارکردنە، ڕۆژینی خوشکە گەورەی لە گوندێکی ئەودیوی سنوورەوە پێشنیارێکی بۆ دێت و باوکی زاواکە بەڵێنی ئەوە دەدات کە مەهدی لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ عێراق بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدات. ڕۆژین بە ئەیووب دەڵێت کە بەهۆی ئەوەی بەڵێنی نەشتەرگەریی کردنی مەهدیان داوە وەڵامی ئەرێنییان دەداتەوە. کاتێک کاروانی بووکەکە کە مەهدی لە ناودایە، بەرەو سنووری عێراق دەڕوات، دایکی زاواکە لەگەڵ دۆستەکانیاندا بۆ پێشوازی لە بووکەکە دێن،  لەو کاتەدا کە مەهدی دەبینن، ڕەتیدەکاتەوە بووکەکە ڕادەست بکاتەوە هەر بۆیە لەبری ئەوە ئەسپێک وەکوو شیربایی دەداتە بنەماڵەی بووکەکە. ئەیوب لەگەڵ مەهدی و هێسترەکە دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆیان و دەیەوێت بە فرۆشتنی هێسترەکە پارە بۆ نەشتەرگەری براکەی پەیدا بکات.

نواندکاران

  • ئەیوب ئەحمەدی
  • ڕۆژین یونسی
  • ئامینە ئەختیار دینی
  • مادی ئەختیار دینی
  • کەلسووم ئەختیار دینی
  • کەریم ئەختیار دینی
  • ڕەحمان سەڵاحی
  • عوسمان کەریمی
  • نەژاد ئەختیار دینی

خەڵاتەکانی

  1. خەڵاتی باشترین فیلم لە کامێرای ئاڵتوونی فێستیڤاڵی کان لە فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٠٠
  2. خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی شیکاگۆی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٠
  3. خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ لە فێستیڤاڵی فیلمی ئێدنبێرگی سکۆتلەندا لە بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٠
  4. خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ لە فێستیڤاڵی فیلمی سانتا فی فلۆریدای ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٠
  5. خەڵاتی گەورەی لیژنەی دادوەری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ساوپاوڵۆی بەڕازیل لە ساڵی ٢٠٠٠
  6. خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بانف لە کەنەدا لە ساڵی ٢٠٠٠
  7. خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی جی خۆن لە ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠٠٠
  8. خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ لە فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان لە ئەسفەهانی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٠


سەرچاوەکان



646 بینین