وارویک

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-05-19:00:00 - کۆدی بابەت: 9702
وارویک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وارویک (بە ئینگلیزی: Warwick، بە عەرەبی: وارویک)، شارێکە لە وارویکشایەر لە ئینگلتەرا، ئەم شارە دەکەوێتە نزیک ڕووباری ئەیڤۆن (Avon). 14 کیلۆمەتر لە باشووری کۆڤێنتری و 31 کیلۆمەتر لە باشووری خۆرهەڵاتی بێرمینگهامەوە دوورە.

وارویک یەکێکە لە شارە بچووکەکانی ئینگلتەرا و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا بە 35,068 کەس خەمڵێندرا. لەڕووی مێژووییەوە، هۆکاری کەمی ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شۆڕشی پیشەسازی کاریگەرییەکی زۆر کەمی لەسەر شارەکە بوو، سەرەڕای ئەوەش ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵانی 1960ـەکانەوە بۆ زیاتر لە دوو هێنده زیادی کردووە.

مێژووی وارویک

مێژووی پاشماوەی چالاکیی مرۆڤەکان لەم شارەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی نوێ. پاشماوەی چەند نشینگەیەک لەسەر لووتکەی گردی وارویک دۆزراونەتەوە، کە پێدەچێت لەلایەن جووتیارە سەرەتاییە ئەورووپیەکانەوە دروستکرابن لە نێوان 4000 بۆ2351 پێش زایین. لە سەدەی پێنج بەدواوە، مرۆڤەکان بەبەردەوامی لە وارویک نیشتەجێ بوون. لە ساڵی 1016ـدا دانیمارکییەکان هێرشیان کردە سەر مێرسیا و بەشێکی زۆری وارویکیان سووتاند. لە 5ـی ئەیلوولی 1694ـدا و لە ئاگرە گەورەکەی وارویک بەشێکی زۆری شارەکە وێران بوو، لە ماوەی پێنج کاتژمێردا 460 بینای وێران کرد و 250 خێزان بێ ماڵ و حاڵ بوون. دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە شارۆچکەکە بە شێوازێکی هاوچەرخی ئەوکاتە ئاوەدانکرایەوە. هێڵی ئاسن لە ساڵی 1852ـدا گەیشتە وارویک، شۆڕشی پیشەسازیی کاری لە شارەکە نەکرد، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، تەنیا چالاکییە پیشەسازییە بچووکەکان لە وارویکدا پەرەیان سەند، وەک دروستکردنی کڵاو. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، هەندێک پیشەسازی ئەندازیاری دامەزرا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

لە سەرژمێریی ساڵی 2011ـدا، ژمارەی دانیشتووانی وارویک 31,345 کەس بوو، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای تەمەنی هاوڵاتیانی ئەم شارە 39 ساڵی بوو. لەڕووی نەژادیشەوە، پێکهاتە نەتەوەییەکانی وارویک بریتی بوون لە:

سپی پێستی بەریتانی: 88.1%

ئاسیایی: 7.9%

ڕەش پێست: 0.7%

ڕەگەزی تێکەڵ: 2.2%

عەرەب: 0.2%

نەتەوەکانی تر: 0.9%

ئایین

هەر بەپێی هەمان سەرژمێری، 58.0%ـی دانیشتووانی وارویک پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی بوون، لە کاتێکدا 26.9%ـیان خۆیان بەبێ ئایین لە قەڵەم دا و 7.4%ـیان وەڵامی پرسیارەکەیان نەدایەوە، لە هەمان کاتدا 4.6%ـی دانیشتووان سیخی و 1.3%ـیان هیندۆسی، 1.0%ـیان مسوڵمان، 0.4%ـیان بوودی، 0.2%ـیان جوولەکە و 0.4%ـیان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر بوون.

کەشوهەوا

وارویک کەشوهەوایەکی دەریایی هەیە، کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا مامناوەندە و لە مانگەکانی وەرزی هاویندا فێنکە.

گەرمترین مانگی ساڵ مانگی تەممووزە و تێکڕای پلەی گەرمی 21 پلەی سەدییە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 36.1 پلەی سەدی بوو کە لە مانگی ئابی ساڵی 1990ـدا تۆمارکرا، هەروەها ساردترین مانگی ساڵ مانگی شوباتە و تێکڕای پلەی گەرمی 7 پلەی سەدییە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی 1982ـدا بوو کە پلەی گەرمی بۆ 17.8- پلەی سەدی دابەزی. باراناویترین مانگی ساڵ مانگی شوباتە و 71 مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی نیسان وشکترین مانگی ساڵە و 42 مللیمەتر باران دەبارێت. تێکڕای ڕێژەی دابارینی ساڵانە 608 مللیمەترە. لە مانگی حوزەیراندا 188 کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر وارویکەوە دەدرەوشێتەوە، بۆیە حوزەیران بە خۆرەتاوترین مانگی ساڵ دادەنرێت.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی وارویک مانگی تەممووز بۆ ئابە، کە کەش خۆشە و پلەکانی گەرمی لە نێوان 20 بۆ 26  پلەی سەدیدایە.

هەندێک لە شوێنە بەناوبانگەکانی شارەکە

  1. قەڵای مێژوویی وارویک
  2. شاری کۆنی وارویک
  3. پارکی سەینت نیکۆلاس
  4. کڵێسای کۆلێژی سەینت ماری
  5. مۆزەخانەی وارویک شایەر: قەیسەری
  6. مۆزەخانەی ماڵی سەینت جۆن
  7. پردی نوێی ئەیڤۆن


سەرچاوەکان



347 بینین