چەند ڕێنماییەک پێش کڕینی کەلوپەلی چێشتخانە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-08-18-15:39:00 - کۆدی بابەت: 9894
چەند ڕێنماییەک پێش کڕینی کەلوپەلی چێشتخانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چەند ڕێنماییەک پێش کڕینی کەلوپەلی چێشتخانە (بە ئینگلیزی: Some guidelines before buying kitchen utensils، بە عەرەبی: بعض النصائح قبل شراء ادوات المطبخ)، کڕینی کەلوپەلی ناوماڵ کارێکی ئاسان نییە و دەبێت کاتی بۆ دابنرێت، هەروەها گەڕان و بەدواداچوونی بۆ بکرێت، تاکوو دڵنیاببنەوە لەوەی کات، پارە و وزەتان بەباشی بەکارهێناوە، ئامانجی باش بەدەستبهێنن لە ڕێگای هەوڵەکانتانەوە. ئەگەر ماڵێکی نوێ بکڕیت، یان بتەوێت کەلوپەلی چێشتخانەکەت بگۆڕیت، یان بتەوێت بۆ یەکەم جار ئامێرێک بکڕیت، لە هەموو بارودۆخێکدا دەبێت لەناو سەدان ئامێر و کەلوپەل یەک دانە هەڵبژێریت، هەڵبژاردنیشی دەبێت بە پشتبەستن بە تایبەیمەندییەکان، شێوە و نرخ بێت.

ڕێنماییەکان

  1. نرخی کەلوپەلەکانی چێشتخانە بەپێی بودجەی خۆتان لەبەرچاو بگرن: یەکێک لە گرنگترین شتەکان لەکاتی کڕینی کەلوپەلی چێشتخانە، نرخی کەلوپەلەکان و ئەو بودجەیەیە کە بۆتان دابین کردووە، هەندێک لە کەلوپەلەکانی چێشتخانە هەرزانن و هەندێکی تریان زۆر گرانن، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند شتێک، کە کاریگەرییان لەسەر نرخی کەلوپەلەکان هەیە، بۆ نموونە قەبارەکەی، شێوازەکەی، ئەو ماددانەی بۆ دروستکردنی بەکارهێنراون و تایبەتمەندییەکانی ئامێرەکە هەندێک لەو شتانەن. هەمیشە باشترە ئامێر یا کەلوپەلێک بکڕیت کە لە بودجەی خۆت زیاتر نەبێت چونکە کەلوپەلی چێشتخانە سەرمایە نین کە ئەگەر پەشیمان بوویتەوە، بیفرۆشیت و بیکەیتەوە بە پارە. لە لایەکی ترەوە، وامەزانە کەلوپەلی چێشتخانە زۆر گرنگ نییە و پێویستە هەرزانترینیان بکڕیت، ڕەنگە زۆرێک لە کەلوپەلە هەرزانەکان کوالێتییان نەبێت، بەو پێیەی کەلوپەلەکانی چێشتخانە پەیوەندییان بە خۆراک و سەلامەتی ئێوەوە هەیە، باشترە گرنگی بە کوالێتییەکانیان بدەن، لەبەرئەوە بەدوای کەلوپەلی زۆر هەرزان و بێ نرخ مەکڕن، بەڵام بەدوای گرانترینەکانیشەوە مەبن.
  2. دەبێت قەبارەیان لەگەڵ پێویستییەکانیان بگونجێت: دووەم گرنگترین فاکتەری هەڵبژاردنی کەلوپەلەکانی چێشتخانە قەبارەیانە، قەبارەی کەلوپەلەکانی چێشتخانە بەندە بە چەندین هۆکاری جیاوازەوە، لەوانە پێویستییەکانتان و بۆشایی و شوێنی بەردەست، بۆ نموونە لەکاتی کڕینی تەباخدا، دەبێت تەباخێک هەڵبژێریت کە لەگەڵ پێویستییەکانی چێتشتلێنانت بگونجێت، واتا ئەگەر ئەو خواردنانەی بەگشتی ئامادەیان دەکەیت زۆرن، دەبێت تەباخێکی گەورە بکڕیت، لەلایەکی ترەوە ئەگەر حەزت لە دروستکردنی شیرینی نییە و کاری برژاندن ناکەیت و پێویستت بە فڕن نییە، تەباخی گەورەی فڕندار بەکەڵکت نایەت. جگە لە پێویستییەکانی چێشت لێنان، سەرنجی بۆشایی چێشتخانەکەش بدەن، بۆ نموونە ئامێر و کەلوپەلی گەورە پێویستیان بە بۆشایی گەورەترە.
  3. کارکردن بە کەلوپەلی چێشتخانە نابێت قورس بێت: لەکاتی کڕینی کەلوپەل و ئامێری چێشتخانە، گرنگی بەچۆنیەتی کارکردنیان بدە، ئامێرێک کە ئاڵۆز بێت و نەتوانیت کاری پێبکەیت، سوودی بۆت نابێت. هەندێک کار لەکاتی خواردن ئامادەکردن دەبێت بەخێرایی کارەکانت بکەیت، لەبەرئەوە بەدوای ئامێرێکدا بگەڕێن کە کارکردن پێی ئاسان بێت و پاراستن و هەڵگرتنیشی ئاسان بێت.
  4. شێوازەکەیان لەگەڵ شێوازی چێشتخانەکە بگونجێنن: بەگشتی کەم کەس هەیە گرنگی بە هەماهەنگی نێوان شێوازی ژینگەی چێشتخانەکە و کەلوپەلەکانی ناوی نەدات، بەم پێیە گرنگە ئێمە ئامێرەکانی چێشتخانە لەگەڵ ژینگەکەیدا بگونجێنین، گونجاندنی ڕەنگەکان، مۆدێرنی شێوازی چێشتخانەکە یان کلاسیکی، کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی کەلوپەلەکان هەیە.
  5. پێویستە پاککردنەوەیان ئاسان بێت: خاڵێکی تر کە دەبێت گرنگی پێبدرێت ئەوەیە کە، پڕۆسەی پاککردنەوە و پاراستن و هەڵگرتنی کەلوپەل و ئامێرەکانی چێشتخانە دەبێت ئاسان بێت، بەرهەمە شووشەییەکان تاڕادەیەک ئاسانن بۆ پاککردنەوە و زۆربەیان بۆ ناو ئامێری قاپشۆر دەبن، ئەم جۆرە ئامڕازانە بە ڕووپۆشێکی سروشتی نەلکێنەر دروست دەکرێن، کە پێویستی بە هیچ ڕووپۆشێکی تر نییە، لەبەرئەوە بەئاسانی دەشکێن و پێویستە لەکاتی بەکارهێنانیان ئاگادار بن. زۆربەی دەفرە کانزاییەکان پاککردنەوەیان قورسە دەفرە پلاستیکییەکانیش بۆن و ڕەنگی خواردنەکە هەڵدەمژن.
  6. شت کڕین لە گەورەوە بۆ بچووک: بۆ کڕینی کەلوپەل و ئامێرەکانی چێشتخانە، سەرەتا لە ئامێرە گەورەکانەوە دەست پێبکەن، بۆ نموونە ئامێرە گەورەکانی وەکوو: تەباخ، ساردکەرەوە بکڕن، دواتر بڕۆنە لای شتەکانی تری وەکوو دەفرەکان. 
  7. سوود لە پێشنیارەکانی هاوڕێ و خێزانەکانتان وەربگرن.


سەرچاوەکان



652 بینین