بۆچی زەوی بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە؟

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-29-22:54:00 - کۆدی بابەت: 10065
بۆچی زەوی بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی زەوی بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە (بە عەرەبی: لماذا تدور الأرض حول نفسها؟، بە ئینگلیزی: ?Why does earth rotate around itself). هەموو ڕۆژێک زەوی بە دەوری تەوەرەکەی خۆیدا دەخولێتەوە، خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون دەکاتە سیفەتێکی ڕۆژانەی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی. لەو کاتەوەی لە ٤،٦ ملیار ساڵ پێش ئێستاوە زەوی دروستبووە، بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە و تا کۆتاییی دنیاش بەردەوام دەبێت لەسەری. بەڵام ئایا بۆچی دەخولێتەوە؟

دەستپێکی خولانەوە

زەوی لە دیسکێکی گاز و تۆز دروست بووە کە بە دەوری خۆری تازە دروستبوودا دەسوڕانەوە. لەناو دیسکە خولاوەکەدا تۆز و بەرد بۆ پێکهێنانی زەوی پێکەوەنووسان. لەگەڵ گەشەکردنی هەسارەکە بەردەکانی بۆشایی بەبەردەوامی بەر هەسارەکە تازەکە دەکەوتن، و هێزێکیان دەردەپەڕاند کە وای لە هەسارەکە دەکرد بخولێتەوە. لەبەر ئەوەی لە سەرەتای دروستبوونی سیستمی خۆرەکەمان هەموو تەنەکان بە هەمان ئاڕاستە بە دەوری خۆردا دەسوڕانەوە، بەرکەوتنەکانی زەویش وای لە زەوی کرد بە هەمان ئاڕاستە بە دەوری خۆریشدا بسوڕێتەوە.

بۆچی زەوی لە خولانەوە بەردەوامە؟

بەشێوەیەکی تیۆری، ئەوە زانراوە کە کاتێک تەنێک دەست بە خولانەوە دەکات هەتا هێزێک یان وزەیەک کاری تێنەکات لەسەر خولانەوە بەردەوام دەبێت.

وا دابنێ تۆ مزراحێک دەخولێنیتەوە، بە دەستەکانت وزەت پێداوە تا دەست بە خولانەوە بکات. لە کۆتاییدا مزراحەکە لە خولانەوە دەوەستێت چونکە زەوییەکە وزەکەی لێدەبات بەهۆی شتێکەوە پێی دەڵێن هێزی لێکخشان. لێکخشان هێزێکە کە تیایدا شتێک تەنێک ڕادەکێشێت یان ڕایدەگرێت و وزەکەی لێدەبات. 

زەوی کە لە بۆشایی ئاسماندایە، بەردەوام دەبێت لە خولانەوە هەتاکوو هێزێک دەیوەستێنێت یان هێواشی دەکاتەوە. هەروەها لەبەر گەورەیی زەوی، پێویستی بە وزەیەکی زۆرە بۆ خاوکردنەوەی خولانەوەکەی. لەبەر ئەوەی هیچ هەوایەک یان تەنێک لە بۆشاییی ئاسماندا نییە تا لە زەوی بخشێت، هەر بۆیە لە خولانەوە بەردەوامە. لە هەمان کاتدا هێزی کێشکردنی مانگ و خۆر لەوانەیە ببنە هۆی خاوکردنەوەی خولانەوەی زەوی، هەروەها ئەگەر کلکدار یان هەسارۆکەیەک بەر زەوی بکەوێت لەوانەیە ببێتە هۆی خێرابوونی خولانەوەی هەسارەکەمان.

خێراییی خولانەوەی زەوی لە زیادبووندایە

کاتی ڕۆژێک بە ٨٦،٤٠٠ چرکە یان ٢٤ کاتژمێر دادەنرێت، ئەو کاتەی زەوی دەیخایەنێت بۆ تەواوکردنی یەک خول بە دەوری خۆیدا. هەرچەندە زەوی بەشێوەیەکی تەواو ڕێک بە دەوری خۆیدا ناخولێتەوە. لە ڕاستیدا خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا خاودەبێتەوە بۆیە درێژی ڕۆژ بە بڕی ١،٨ میللی چرکە لە ماوەی هەر ١٠٠ ساڵێکدا زیاد دەکات. بە تێکڕایی بەو واتایە دێت کە ٦٠٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ڕۆژێک ٢١ کاتژمێر بووە.

گۆڕانکاری لە درێژی ڕۆژدا چەند هۆکارێک کاری تێدەکات، وەکوو: کاریگەری مانگ و خۆر لەسەر شەپۆلەکان، یەکگرتنی چینی کرۆک و سەرپۆشی زەوی، دابەشبوونی گشتی بارستاییی هەسارەکە، بومەلەرزە، سەهۆڵبەندان، کەشوهەوا و بواری موگناتیسی زەریاکان و زەویش لەوانەیە کار لە درێژی ڕۆژ بکات.

لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا زاناکان شتێکی سەرنجڕاکێشیان دۆزییەوە. بۆیان دەرکەوت لە جیاتی خاوبوونەوە، خێراییی خولانەوەی زەوی زیادی کردووە. لە ئێستادا خێراتر لە هەر ٥٠ ساڵی ڕابردوو دەخولێتەوە. لە ڕاستیدا کورتترین ٢٨ ڕۆژ لە ساڵی ٢٠٢٠دا تۆمار کراوە.

بەڵام هێشتا زانایان دڵنیا نین هۆکاری زیادبوونی خێراییی خولانەوەی زەوی چییە، بەڵام هەندێکیان پێشبینی ئەوە دەکەن هۆکارەکە توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان بێت لە سەدەی ٢٠دا، یاخود کۆبوونەوەی ئاو لە ناوچەکانی نیوەگۆی باکووری زەوی. هەرچۆنێک بێت، شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەم خێرابوونە کاریگەرییەکی کاتی بێت و لە داهاتوودا خولانەوەکەی زەوی هێواش دەبێتەوە.

چەند زانیارییەک لەسەر خولانەوەی هەسارەکان

  1. هەموو هەسارەکان درێژی ڕۆژی جیاوازیان هەیە. ڕۆژێکی سەر هەسارەی عەتارد ٥٩ ڕۆژی زەوییە، لە کاتێکدا ڕۆژێکی هەسارەی موشتەری ١٠ کاتژمێری زەوییە.
  2. هەسارەی زوهرە خاوەنی درێژترین ڕۆژە، کە ڕۆژێکی هەسارەکە دەکاتە نزیکەی ١١٧ ڕۆژی زەوی. زوهرە و ئۆرانۆس بە پێچەوانەی ئاڕاستەی هەسارەکانی ترەوە دەخولێنەوە.
  3. هۆکاری ئەم جیاوازییە لە ڕۆژەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی پێکهاتنی هەسارەکان و بەرکەوتنیان لەگەڵ تەنەکانی بۆشاییی ئاسماندا لە کاتێکدا تازە دروستبوون.


سەرچاوەکان



992 بینین