بۆچی کاتێک باوێشک دەدەم چاوم ئاو دەکات

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-03-22:44:00 - کۆدی بابەت: 10143
بۆچی کاتێک باوێشک دەدەم چاوم ئاو دەکات

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

بۆچی کاتێک باوێشک دەدەم چاوم ئاو دەکات (بە ئینگلیزی: Why I tear up when yawning، بە عەرەبی: لماذا تدمع العين عند التثاؤب)، باوێشک جووڵەیەکی خۆنەویستانەیە کەسەکە بە فراوانی دەمی دەکاتەوە و هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت و دواتر بەخێرایی هەناسە بۆ دەرەوە دەداتەوە. ئامانجی باوێشکدان ڕوون نییە، بەڵام هەموو کەس خۆنەویستانە ئەنجامی دەدات. هەندێکجار باوێشکدان وا دەکات هەست بە ئارامی بکەیت، لەوانەیە هەندێکجاریش بتەوێت بیشاریتەوە بۆ نموونە کاتێک مامۆستاکەت بابەتێک ڕوون دەکاتەوە، زۆربەی کەس لە کاتی باوێشکدا چاوی ئاو دەکات. لەوانەیە ئەمەت لەلا بووبێت بە پرسیار و بیرت لەوە کردبێتەوە بۆچی کاتێک باوێشک دەدەیت چاوت ئاو دەکات و لەوانەیە بتەوێت بزانیت شتێکی ئاساییە یان نا. 

هۆکارەکانی ئاوکردنی چاو لە کاتی باوێشکدا 

١. ساردبوونی مێشک

لێکۆڵینەوەیەکی ٢٠١٣ ئاشکرای کردووە، هێشتا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیی و کۆتایی بۆ ئەم پرسیارە نییە. ئەم لێکۆڵینەوەیە چەندین بیردۆزی جیاوازی لێکداوەتەوە، یەکێک لە بیردۆزەکان دەڵێت باوێشکدان پلەی گەرمیی مێشک دادەبەزێنێت. وا لێکیان داوەتەوە، ئاوکردنی چاو ڕۆڵی لە دابەزاندنی پلەی گەرمیی مێشک و ساردکردنەوەی هەیە. 

٢. پەستانی ڕووخسار

لەوانەیە سەرنجی ئەوەت دابێت کاتێک باوێشک دەدەیت، ماسولکەکانی ڕووخسارت بە ناوچەکانی دەوروبەری چاویشتەوە گرژ دەبن، ئەمەش پەستان دەخاتە سەر فرمێسکە ڕژێن و وا دەکات چاوت ئاو بکات و فرمێسک بە چاوتدا بێتە خوارەوە. 

٣. کۆنیشانەی وشکبوونی چاو

بێگومان لات سەیرە چۆن نەخۆشییەک پەیوەندی بە وشکبوونی چاو هەبێت، دەبێتە هۆی هاتنە خوارەوەی ئاو بە چاودا. کۆنیشانەی وشکبوونی چاو حاڵەتێکە چاوەکان بڕی پێویست لە چەورکەری چاو بۆ پاراستنیان بەرهەم ناهێنن. ئەمەش دەبێتە هۆی زیاد لە پێویست بەرهەمهێنانی ئاو و وا دەکات چاوت ئاو بکات. ئەگەر کەسێکیت کۆنیشانەی وشکبوونی چاوت هەیە، ئەوا چاوەکانت زۆر بەئاسانی لە کاتی باوێشکدا ئاویان پێدا دێتە خوارەوە. هەندێکجار لەوانەیە سەرنجی ئەوە بدەیت چاوت ئاو دەکات، بەڵام هەموو کات نا. ئەم گۆڕانکارییە لەوانەیە پەیوەندی بە چەند هۆکارێکی ترەوە هەبێت کە لە هەمان کاتدا ڕوودەدات وەکوو:

ئایا هەموو کەس لە کاتی باوێشکدا چاوی ئاو دەکات؟

نەخێر، زۆربەی کەس باوێشکیش دەدەن و چاویان ئاو ناکات. هەروەک چۆن وشکبوونی چاو دەکرێت ببێتە هۆی هاتنە خوارەوەی ئاو بە چاوتدا، لە هەمان کاتدا دەشێت وا بکات بە سەختی فرمێسک لە فرمێسکە ڕژینەوە بەرهەم بێت. لێکۆڵینەوەی پێویست لەسەر ئەوە نەکراوە تا چەندێک ئاوکردنی چاو لە کاتی باوێشکدا باوە. بە شێوەیەکی گشتی هاتنە خوارەوەی ئاو لە کاتی باوێشکدا شتێکی باش و ئاساییە، بەڵام ئەمە هەموو کاتێک ڕاست نییە چونکە دەکرێت پەیوەندی بە ژینگەی دەوروبەر یان بارودۆخی جەستەیی کەسەکەوە هەبێت. 

چۆن وابکەم لە کاتی باوێشکدا چاوم ئاو نەکات؟

بە شێوەیەکی گشتی شتێکی تایبەت نییە بیکەیت بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئاوکردنی چاو لە کاتی باوێشکدا بکەیت. بەڵام ئەگەر ئاوکردنی چاو پەیوەندی بە حاڵەتێکەوە هەبوو وەک هەستیاری یان کۆنیشانەی وشکبوونی چاو و هەر حاڵەتێکی تر، ئەوا دەکرێت لە ژێر ڕێنمایی پزیشک دەرمانی تایبەت وەربگریت. هەروەک دەزانیت ناتوانیت ڕێگری لە باوێشکدان بکەیت، بەڵام دەکرێت وا بکەیت کەم بێتەوە ئەویش بە ئەنجامدانی خەوی پێویست و کوالێتی باش.


سەرچاوەکان



323 بینین