پەڵەی سپیی سەر نینۆک

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-04-22:03:00 - کۆدی بابەت: 10153
پەڵەی سپیی سەر نینۆک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەڵەی سپی سەر نینۆک (بە ئینگلیزی: White spots on nails, Leukonychia، بە عەرەبی: البقع البيضاء على الأظافر)، حاڵەتێکی زۆر باوە کە بەشێک یان تەواوی نینۆکی پەنجەی پێ یان پەنجەی دەست بە سپی دەردەکەوێت، خۆی لە باری ئاساییدا ڕەنگێکی مەیلەو پەمەیی هەیە. زۆر کەس ڕۆژێک لە ژیانیدا سەرنجی داوە لەسەر نینۆکێک یان زیاتری پەڵەی سپی هەیە. لەڕاستیدا، هەبوونی ئەم حاڵەتە هیچ مەترسیدار نییە و ئاماژە بۆ هەبوونی نەخۆشییەکی مەترسیدار ناکات، واتە بێ زیانە. دەکرێت ئەم حاڵەتە بەهۆی چەند هۆکارێکی جیاوازەوە ڕووبدات، بەڵام یەکێک لە باوترین هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم پەڵە سپییە بریتییە لە زیانگەیاندن بە ماتریکسی نینۆک (nail matrix)، کە پێکهاتەیەکە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی نینۆک و لە درێژبوونی نینۆک بەرپرسیارە. 

جۆرەکانی پەڵەی سپی سەر نینۆک

ئەم حاڵەتە پۆلێن دەکرێت بۆ دوو جۆر:

  1. پەڵەی سپیی ڕاستەقینە (true): ئەم جۆرەیان لە ماتریکسی نینۆکەوە سەر هەڵدەدات. واتە ئەم بەشەی نینۆک تووش دەبێت، لە ئەنجامدا پەڵەی سپی لەسەر نینۆک دەردەکەوێت. 
  2. پەڵەی سپیی دیار یان ئاشکرا (apparent): لەم جۆرەیاندا ماتریکسی نینۆک ئاساییە و زیانی پێ ناگات، بەڵکوو کێشە لەو بەشەی نینۆک هەیە دەمار و لوولەی خوێن و ڕەشەخانەکانی تێدایە. 

بەپێی شێوەی نینۆکەکە جۆری یەکەم بۆ دوو بەشی تر پۆلێن دەکرێت، ئەوانیش بریتیین لە:

  1. پەڵەی سپیی تەواو (total): لەم جۆرەدا نینۆکەکە بە تەواوەتی سپی دەبێت و بەزۆری هەر ٢٠ نینۆکەکە دەگرێتەوە. 
  2. پەڵەی سپیی بەشەکی (partial): کاتێک ڕوودەدات تەنها بەشێکی نینۆک پەڵەی سپی تێدا دەردەکەوێت، لەوانەیە کار بکاتە سەر یەک نینۆک یان چەند نینۆکێک یان هەموویان. 

نیشانەکانی 

لە هەندێک کەسدا پەڵە سپییەکە زۆر بە بچووکی لەسەر نینۆک دەردەکەوێت، بەڵام دەکرێت لە هەندێک کەسی تردا ئەم پەڵەیە زۆر گەورە بێت و تەواوی نینۆک بگرێتەوە. دەشێت ئەم حاڵەتە نینۆکێک یان هەموو نینۆکەکان بگرێتەوە. شێوە و جۆر و ژمارەیان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. پەڵەی سپی نیوەیی بە چەندین شێوەی جیاواز دەردەکەوێت، دەکرێت شێوەکەی بەم جۆرە بێت:

  • لە شێوەی خاڵێکی زۆر بچووک، کە قەبارەکەی هەر هێندەی نووکە قەڵەمێک دەبێت. ئەم شێوەیە لەناو خەڵکدا باوترینە. 
  • لە شێوەی هێڵێکی درێژ بەسەر نینۆکەکەدا دەردەکەوێت.
  • دەکرێت لە شێوەی پەڵەی زۆر گەورەدا دەربکەوێت.

شێوەی ئەو پەڵە سپییەی دەردەکەوێت بەپێی هۆکارەکەی دەگۆڕێت. ئەگەر نینۆکەکە زیانی پێ گەیشتبێت، لەوانەیە پەڵەیەکی گەورەی سپی لە ناوەڕاستدا دەربکەوێت. ئەگەر بەهۆی تووشبوون بە هەستیارییەوە ڕوویدا، ئەوا چەندین خاڵ بە هەموو نینۆکەکەدا بڵاودەبێتەوە. هەروەها دەشێت هەندێک نیشانەی تریش لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا بوونی هەبێت. 

هۆکارەکانی پەڵەی سپیی سەر نینۆک 

خاڵ یان پەڵەی سپی حاڵەتێکی باوە و بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ڕوودەدات، ئەو هۆکارانەش بریتیین لە: 

تووشبوون بە هەستیاری 

هەستیاری بە بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی بۆ نینۆک دەبن وەکوو بۆیەی نینۆک، دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵەی سپی لەسەر نینۆک، یان دانان و لابردنی نینۆکی دەستکرد بە هەمان شێوە کاریگەری لەسەر دروستبوونی ئەم پەڵەیە هەیە. 

کەڕوو

جۆرە کەڕوویەکی باو هەیە تووشی نینۆک دەبێت کە پێی دەوترێت ئۆنیکۆمایکۆسس (onychomycosis)، دەشێت لە نینۆکی پەنجەی پێیەکاندا دەربکەوێت. نیشانەی یەکەمی ئەم تووشبوونە کەڕووییە بریتییە لە دەرکەوتنی چەند پەڵەیەکی سپیی بچووک لەسەر نینۆک، دواتر دەشێت بۆ بەشەکانی تری نینۆک پەرەبسەنێت. لە ئەنجامدا نینۆکی پێیەکان ئەستوور دەبن و هەروەها زۆر هەستیار و ناسکیش دەبنەوە. 

هۆکاری بۆماوەیی 

دەکرێت پەڵەی سپیی ڕاستەقینە، واتە ئەم جۆرە حاڵەتێکی بۆماوەیی بێت، بەڵام زۆر دەگمەنە. لە ئەنجامی گۆڕینی جیناتەوە ڕوودەدات، دەکرێت لە یەکێک یان هەردوو باوانەوە بۆ منداڵەکە بگوازرێتەوە. ئەگەر هۆکاری پەڵەکە پەیوەندی بە کێشەی بۆماوەییەوە هەبێت، ئەوا لەگەڵ لەدایکبووندا یان یەک بۆ دوو ساڵ دوای لەدایکبوون پەڵەی سپی لەسەر نینۆکی منداڵەکە دەردەکەوێت. 

برینداربوونی نینۆک 

برینداربوونی ماتریکس یان بناغەی نینۆک دەکرێت لەگەڵ درێژبوونەوەی نینۆک ببێتە هۆی دروستبوونی پەڵە یان خاڵی سپی. لەبەرئەوەی نینۆکیش بۆ درێژبوونەوەی کاتی پێویستە لەوانەیە لە کاتی زیان گەیاندنەکەدا دەست بەجێ دەرنەکەوێت، هەندێکجار لەوانەیە دوای چوار هەفتە یان زیاتر دەربکەوێت. هۆکارەکانی برینداربوونی نینۆک دەکرێت بەهۆی یەکێک لەم هۆکارانەوە بێت:

  • پیاکێشانی چەکوش بە پەنجەدا
  • بەرکەوتنی نینۆک بە مێز یان هەر شتێکی تر
  • پێوەبوونی دەست بە دەرگاوە

دەرمان و ژەهراویبوون 

بەکارهێنانی هەندێک دەرمان دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی سپی. بۆ نموونە ئەو چارەسەرە کیمیاییانەی بۆ شێرپەنجە بەکاردێت، لەگەڵ سەلفۆنەماید (sulfonamide) کە بۆ تووشبوونە میکرۆبیەکان بەکاردێت. هەروەها ژەهراویبوون بە کانزاکان وەکوو ئارزنیک (arsenic) دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی هێڵی سپیی لەسەر نینۆک. ئەگەر بەهۆی ژەهراویبوون بە کانزاکانەوە دووچاری ئەم نیشانەیە یان هەر نیشانەیەکی تر بوویتەوە، ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکە. 

کەمیی کانزاکان 

دەکرێت بەهۆی کەمیی ڤیتامین یان کانزاکانەوە پەڵەی سپی لەسەر نینۆک دەربکەوێت، بە تایبەتی کەمیی زینک و کالسیۆم. ئەگەر هەستت کرد نیشانەکانی کەمیی ئەم کانزایانەت تێدایە، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت و ڕێنمایی وەربگریت. 

نەخۆشییە گشتگیرەکان

ئەو حاڵەتانەی بە دەگمەن دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵەی سپی سەر نینۆک بریتیین لە:

چارەسەرەکان 

چارەسەری ئەم حاڵەتە بەپێی هۆکاری دروستبوونەکەی دەگۆڕێت، دەکرێت پزیشکەکەت یەکێک لەم چارەسەرانەت بۆ پێشنیار بکات. 

  1. دوورکەوتنەوە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە هەستیاری: 
    هەوڵبدە لە بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی نینۆک دووبکەویتەوە، کە دەبنە هۆی دروستبوونی پەڵە و تووشبوونت بە هەستیاری. ئەگەر لەدوای بەکارنەهێنانیشیان هێشتا هەستت بە هەستیاری کرد، پەیوەندی بە پزیشکەوە بکە. 
  2. دەرمانی دژەکەڕوو:
    لەبەرئەوەی یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم پەڵەیە بریتییە لە تووشبوون بە کەڕوو، کەواتە یەکێک لە هەڵبژاردەکانی چارەسەرکردن بریتییە لە بەکارهێنانی دەرمانی دژەکەڕوو کە لە ڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێت. بە زۆری ئەم دەرمانانە بۆ ماوەی سێ مانگ بەکاردەهێنرێن، وا باشترە لەو ماوەیەی بۆت دیاریکراوە بەتەواوی و ڕێکوپێکی دەرمانەکان بخۆیت بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت و کاری خۆیان بکەن. 
  3. پشوودان:
    ئەگەر هۆکاری دروستبوونی پەڵە سپییەکە زیانگەیاندنی نینۆک بێت، پێویستە پشوو بدەیت. لەبەرئەوەی برینداربوونی نینۆک بۆ ساڕێژبوون پێویستی بە کات هەیە. لەگەڵ ساڕێژبووندا بەپێی کات پەڵە سپییەکەش لەسەر نینۆک نامێنێت و کاڵ دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



1686 بینین