مەزارگەی ئیمام ڕەزا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-16-22:51:00 - کۆدی بابەت: 10282
مەزارگەی ئیمام ڕەزا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەزارگەی ئیمام ڕەزا (بە ئینگلیزی: The Imam Reza shrine، بە فارسی: حرم امام رضا، بە عەرەبی: مرقد الامام الرضا)، مەزارگەیەکە لە شاری مەشهەد لە ئێران، کۆبیناکەی گۆڕستانی ئیمام ڕەزا لەخۆدەگرێت، کە هەشتەم ئیمامی دوانزە شیعەیە. ئەم مەزارگە لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین مزگەوتە لە جیهاندا، هەروەها لەناو کۆبیناکەدا مزگەوتی گوهەرشاد، مۆزەخانەیەک، کتێبخانە، چوار دامەزراوەی ئایینی، گۆڕستانێک، زانکۆی رەزەوی بۆ زانستە ئیسلامییەکان، هۆڵێکی نانخواردن بۆ زیارەتکاران، هۆڵێکی نوێژی گەورە و چەند بینایەکی دیکە تێدایە.

کۆبیناکە ناوەندێکی گەشتیارییە لە ئێران و بە "دڵی ئێرانی شیعە" وەسف کراوە کە بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی ٢۰١٧، ساڵانە ٢٥ ملیۆن شیعەی ئێرانی و نا ئێرانی سەردانی مەزارگەکە دەکەن. ئەم كۆبینائە لەلایەن دەزگای "ئاستانی قودس ڕەزەوی" بەڕێوەدەبرێت و لە ئێستادا (ئەحمەد مەروی)ـەوە، کە یەکێک لە پیاوە ئایینییە دیارەکانی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

ڕووبەری ڕووی مەزارگەکە خۆی ٢٦٧٫٠٧٩ مەتر چوارگۆشەیە لە کاتێکدا ڕووبەری ڕووی ئەو حەوت حەوشەیەی کە دەوری داوە ٣٣١,٥٧٨ مەتر چوارگۆشەیە، کە پێکەوە کۆی گشتی ٥٩٨,٦٥٧ مەتر دووجا پێکدەهێنن. هەموو ساڵێک لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا ڕێوڕەسمی ئایینی بەڕێوەدەچێت.

مێژوو

نیشینگەی شاهانە یان باخچەی حەمیدی کوڕی قەحتوبای تائی قەڵایەک بوو لە گوندی سیندیباد. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئایینی ئیسلام. ئەم قەڵایە شوێنێک بوو بۆ پاسەوانانی سنوور و ئاسایشی ڕێگاکان و ناوچەکانیان لێوە بەرقەرار دەکرد. دوای کۆچی دوایی هارونە ئەلڕەشید لەم شوێنە بەخاک سپێردرا، نیشینگە شاهانەکە بە گۆڕستانی هارونییە ناسرابوو. بینا ڕەسەنەکەی ناوەوەی ئەم نیشینگەیە پەرستگایەک بووە کە زەردەشتییەکان بۆ پەرستش بەکاریان هێناوە. ئەم بینایە بە فەرمانی ئەلمەئموونی کوڕی هارونە ئەلڕەشیدەوە ڕووخێندرا، کە حەوتەم جێنشینی عەباسی بوو، پاشان بەپێی تەلارسازی تایبەتی خۆراسان ئاوەدان کراوەتەوە. دواتر ناوی گۆڕستان (هارونییە) گۆڕدرا و بە مەشهەدی ڕەزا ناسرا. وشەی مەشهەد بە واتای شوێنێک دێت کە شەهیدێکی تێدا نێژرابێت.

شیعەکان و سوننەکان دەستیان کرد بە سەردانکردن و زیارەتکردنی گۆڕەکەی، (بۆ نموونە ئیبن حەبان لە پەرتووکی (کتاب الثقات)ـدا نووسیویەتی کە هەرکاتێک کێشەی بۆ دروست دەبوو و لە مەشهەد هەمیشە سەردانی مەزارگەکە دەکات بۆ ئەوەی داوای ڕزگاربوون لەو کێشانە بکات کە بێزاری دەکرد). لە کۆتایی سەدەی نۆیەمدا قوبەیەک لەسەر گۆڕەکە دروستکرا و چەندین بینا و بازاڕ لە دەوری بنیادنران. دواتر چەندین جار وێران بووە و ئاوەدان کراوەتەوە.


سەرچاوەکان



285 بینین