بۆچی ئارەقی جەستە سوێرە؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-11-29-19:45:00 - کۆدی بابەت: 10493
بۆچی ئارەقی جەستە سوێرە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی ئارەقی جەستە سوێرە (بە ئینگلیزی: Why is my sweat salty، بە عەرەبی: لماذا عرقي مالح). بەشی زۆری ئارەقی جەستە لە ئاو پێکهاتووە، کە لەش بۆ ساردبوونەوەی جەستە دەریدەدات. ئەم جۆری ئارەقکردنەوەیە لەلایەن ئارەقە ڕژێنی ئاکڕاین (eccrine gland) بەرهەم دەهێنرێت، کە دەکەوێتە ناوچەی بنباڵ، ناوچاوان، بنی پێیەکان و لەپی دەستەکان. 

پێکهاتەی ئارەقە ڕژێنی ئاکڕاین و ئاپۆکراین

ئارەقی جەستە بێجگە لە ئاو، لە چەند پێکهاتەیەکی تر پێکهاتووە، وەکوو:

  • سۆدیۆم، هەبوونی ئەم پێکهاتەیە یارمەتی هێشتنەوەی هاوسەنگی سۆدیۆمی جەستە دەدات، ئەم پێکهاتەیە هۆکارە بۆ ئەوەی ئارەق تامی سوێری بدات، واتە هۆکاری سوێرییەکەی بۆ ئەم پێکهاتەیە دەگەڕێتەوە.
  • پڕۆتین، نزیکەی ٩٥ جۆری جیاواز لە پڕۆتین لەناو ئارەقی جەستەدا هەیە، یارمەتی بەهێزکردنی پێست و کۆئەندامی بەرگری دەدات. 
  • یوریا (Urea)، ئەم پێکهاتەیە پاشەڕۆیەکە لە کاتی پڕۆسەکردنی پڕۆتین لەلایەن جگەرەوە دروست دەکرێت، یوریا لەڕێگەی ئارەقەوە دەردەدرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆبوونەوەی ماددە زیانبەخشەکانی جەستە بکرێت. 
  • ئەمۆنیا (Ammonia)، بە هەمان شێوە ئەم پێکهاتەیەش پاشەڕۆی جەستەیە، کاتێک گورچیلە ناتوانێت هەموو نایترۆجینی ناو میز بپاڵێوێت، دەردەدرێت. 

لەشی مرۆڤ جۆرە ئارەقەیەکی تر لەلایەن ئارەقە ڕژێنی ئاپۆکراین دروست دەکات، کە بە ئارەقی فشار ناسراوە. ئەمە بە ڕێژەیەکی زۆر لە ناوچەکانی بنباڵ و سنگ و بەرموسڵدان یان بنی ڕاندا هەیە. هەروەها ئەمە ئەو ڕژێنەیە، کە لە بۆنی جەستە بەرپرسە. 

خواردن و ڕاهێنانکردن کار لە ئارەقی جەستە دەکەن

جۆری ئەو خۆراکانەی دەیخۆیت هەروەها جۆر و توندی ئەو ڕاهێنانەی ئەنجامی دەدەیت، کاریگەری لەسەر ڕێژە و سوێری ئارەقەکە دروست دەکەن. تاکوو خوێیەکی زۆرتر بەکاربهێنیت، ئەوا ئارەقی جەستەکە زیاتر سوێر دەبێت، لەبەرئەوەی لەش دەیەوێت ئەو بڕە زیادەیەی خوێ کە وەرتگرتووە، لە لەشەوە بیکاتە دەرەوە. ئارەقکردنەوە بەشێکە لە پڕۆسەی لابردنی خوێ لەلایەن جەستەوە، بەم جۆرە لەش دەتوانێت هاوسەنگی کێش و پەستانی خوێن ڕابگرێت. هەروەها هەتا ئەو ڕاهێنانەی ئەنجامیان دەدەیت توندتر بن ئەوا ڕێژەی ئەو خوێیەی لە ڕێگەی ئارەقکردنەوە دەردەدرێت، زیاتر دەبێت. لە کاتی ڕاهێنانکردندا سێ هێندە زیاتر بە بەراورد بە باری ئاسایی ئارەق دەکەیتەوە. 

سوودەکانی ئارەقکردنەوە

ئارەقکردنەوە حاڵەتێکی ناڕەحەتکەرە، بەتایبەتی ئەگەر بتەوێت چاوت بە یەکێک بکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند سوودێکی لەخۆ گرتووە، وەکوو:

  • پاککردنەوەی کونیلەکانی پێست لە پیسی و بەکتریا و هەر شتێکی تر کە بتوانێت کونیلەکانی پێست دابخات. 
  • لابردنی ئەو بەکتریایانەی لەسەر پێست کۆبوونەتەوە، ئەم کردارە لە ئەنجامی پێکەوەلکانی بەکتریاکە بە پێکهاتەیەکی ناو ئارەقی جەستە ڕوودەدات، کە بە گلایکۆپڕۆتین (glycoprotein) ناسراوە. 
  • ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە کەم دەکاتەوە، بەمەرجێک دوای ئارەقکردنەوە ئاوی پێویست بخورێتەوە. 
  • کردنە دەرەوی کانزا ژەهراوییەکان لە لەش.
  • کردنە دەرەوەی پێکهاتەی کیمیاییە ژەهراوییەکان.

بۆچی زۆر ئارەق دەکەمەوە؟

هەندێکجار ئارەقکردنەوەی زۆر پەیوەندی بە کێشەیەکی تەندروستییەوە هەیە، کە ئەم جۆرەیان بەزۆری بۆماوەیییە. بەڵام جۆرێکی تر هەیە لە ئەنجامی زیادبوونی تەمەن ڕوودەدات لەگەڵ هەندێک کێشەی تری وەک، نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی ڕژێنەی سەرووگورچیلە، جەڵتە، تەمەنی نائومێدی، نەخۆشی سییەکان و زیانکەوتن بە بڕبڕەی پشت. هەروەها لەوانەیە وەکوو کاریگەرییەکی لاوەکی لە ئەنجامی بەکارهێنانی هەندێک دەرمانەوە ڕووبدات، وەکوو تەواوکەری خۆراکی زینک یان دێزیپرامین (desipramine). 

بۆچی کەم ئارەق دەکەمەوە؟

ئارەقکردنەوە پڕۆسەیەکی سروشتی و پێویستە. ئارەق نەکردنەوە شتێکی باش نییە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئارەقەڕژێنەکان بەباشی کار ناکەن. لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا کەمبوونەوەی ئارەقی جەستە حاڵەتێکی ئاساییە. بەڵام دەکرێت لە ئەنجامی هەندێک کێشەی تەندروستی ڕووبدات، وەکوو نەخۆشی شەکرە. یان ئەگەر تەنانەت لە کاتی ڕاهێنانکردنیشدا ئارەق نەکەیتەوە، ئەوا دەشێت تووشی زیان بەرکەوتنی دەمار بووبێتیت.


سەرچاوەکان



349 بینین