کاڵای گشتی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-30-02:22:00 - کۆدی بابەت: 10497
کاڵای گشتی

ناوه‌ڕۆك

کاڵای گشتی چییە؟

شمەکی گشتی، کاڵای کۆمەڵایەتی یان کاڵای بەکۆمەڵ (بە ئینگلیزی Public good، بە عەرەبی: سلعة عامة) لە ئابووریدا کاڵای گشتی بریتییە لە هەر کاڵا و خزمەتگوزارییەک کە دەخرێتە بەردەستی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا، بە شێوەیەکی گشتی ئەم خزمەتگوزارییانە لەلایەن حکوومەتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن و بەکۆمەڵ لە ڕێگەی باجەوە پارەیان بۆ دەدرێت. نموونەی کاڵا گشتییەکان بریتین لە جێبەجێکردنی یاسا، بەرگری نیشتمانی و سەروەری یاسا. هەروەها کاڵای گشتی ئاماژەیە بۆ کاڵای سەرەتاییتر، وەک دەستڕاگەیشتن بە هەوای پاک و ئاوی خواردنەوە.

چۆن کاڵای گشتی کار دەکات؟

دوو پێوەری سەرەکی کە کاڵای گشتی لەیەکتر جیا دەکەنەوە، ئەوەیە کە دەبێت ناڕکابەری و دوور لە بێبەشکردن بن. ناڕکابەر بەو واتایە دێت کە کاڵاکان لە خستنەڕوودا کەم نابنەوە لەگەڵ بەکارهێنانی خەڵکێکی زیاتر، وەکوو هەوا، ڕووناکی شەقامەکان و هەواڵەکان و چەندانی تر. دوور لە بێبەشکردن بەو واتایەی کە کاڵاکە لەبەردەستی هەموو هاوڵاتیاندایە. 

پرسێکی گرنگ کە پەیوەندی بە کاڵای گشتیەوە هەیە بە کێشەی بەدەستهێنانی بێ بەرانبەر (Free-rider) ناودەبرێت. بەو پێیەی کاڵا گشتییەکان بۆ هەموو خەڵک دەخرێنە بەردەست بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا هەر کەسێک بە تاک پارەی بۆ دەدات یان نا، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا کاڵاکە بەکاربهێنن سەرەڕای ئەوەی ڕەتی دەکەنەوە پارەی بۆ بدەن. بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە باج نادەن، لە بنەڕەتدا بەدەستهێنانی بێ بەرانبەر دەگرنەبەر، وەکوو بازدانە ناو هۆکارەکانی هاتووچۆ بەبێ پارەدان. 

نموونەی کاڵای گشتی

وڵاتان دەگەنە بڕیاری جیاواز سەبارەت بەوەی کە کام کاڵا و خزمەتگوزاری بە کاڵای گشتی هەژمار بکرێت، ئەمەش زۆرجار لە بودجەی نیشتمانی وڵاتەکەدا ڕەنگ دەداتەوە. بۆ نموونە زۆر کەس دەڵێن بەرگری نەتەوەیی کاڵایەکی گشتی گرنگە، چونکە ئاسایشی میللەت سوودی بۆ هەموو هاوڵاتیانی هەیە. بۆ ئەو مەبەستەش زۆرێک لە وڵاتان وەبەرهێنانێکی زۆر لە سەربازییەکانیاندا دەکەن، پارەی پاراستنی سوپا و کڕینی چەک و توێژینەوە و پەرەپێدان لە ڕێگەی باجی گشتیەوە دابین دەکەن.

هەروەها هەندێک وڵات خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، وەکوو چاودێری تەندروستی و پەروەردەی گشتی، وەک جۆرێک لە کاڵای گشتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. بۆ نموونە هەندێک وڵات، لەوانە کەنەدا، مەکسیک، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسرائیل و چین، چاودێری تەندروستی بە پارەی باجدەران پێشکەش بە هاوڵاتیانی خۆیان دەکەن.

بە هەمان شێوە وەبەرهێنانی حکوومەت لە پەروەردەی گشتیدا لە دەیەکانی ڕابردوودا گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی خەمڵاندنەکانی "جیهانی ئێمە لە داتاکان"، خوێندەواری جیهانی لە نزیکەی ٥٦٪ بۆ زیاتر لە ٪٨٦ لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ٢٠١٦ گەشەی کردووە (نوێترین داتا کە بەردەستە).

لایەنگرانی ئەم جۆرە خەرجییەی حکومەت بۆ کاڵا گشتییەکان دەڵێن کە سوودە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە تێچوونەکانی زیاترە، ئاماژە بە دەرئەنجامەکانی وەک باشتربوونی بەشداریکردنی هێزی کار، پیشەسازییە ناوخۆییە لێهاتووەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە ماوەی مامناوەند بۆ درێژخایەندا دەکەن.

ڕەخنەگرانی ئەم جۆرە خەرجکردنە دەڵێن کە دەتوانێت بارگرانییەک لەسەر باجدەران دروست بکات، ئەو کاڵایانەی کە باس دەکرێن دەتوانرێت بە شێوەیەکی کاراتر لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دابین بکرێن.

کاڵای تایبەت و کاڵای گشتی

پێچەوانەی کاڵای گشتی، کاڵایەکی تایبەتە، کە هەم جێی وەدەرنانە و هەم ڕکابەرییە، لە کاتێکدا کاڵای گشتی ناڕکابەرییە و دوور لە بێبەشکردن. ئەم کاڵایانە تەنها دەتوانرێت لەلایەن یەک کەسەوە لە یەک کاتدا بەکاربهێنرێن، بۆ نموونە ئەڵقەی هاوسەرگیری.

لە هەندێک باردا تەنانەت لەوانەیە لە کردەی بەکارهێنانیاندا لەناو ببرێن، وەکوو ئەوەی کاتێک پارچەیەک پیتزا دەخورێت. کاڵا تایبەتەکان بەگشتی پارەیان دەوێت و ئەم بڕە پارەیە پارەی بەکارهێنانی تایبەتییە. زۆربەی ئەو کاڵا و خزمەتگوزاریانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەکاریان دەهێنین، کاڵای تایبەتن. بۆ هەموو کەسێکیش بەردەست نین، بەو پێیەی هەموو کەسێک توانای کڕین و دابینکردنی نییە.

لە هەندێک باردا کاڵا گشتییەکان بە تەواوی ناڕکابەر و نابەدەر نین. بۆ نموونە دەتوانرێت پۆستەخانە وەک کاڵایەکی گشتی سەیر بکرێت، بەو پێیەی بەشێکی زۆری دانیشتووان بەکاری دەهێنن و لەلایەن باجدەرانەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت. بەڵام بە پێچەوانەی ئەو هەوایەی کە هەناسەی پێدەدەین، بەکارهێنانی پۆستەخانە پێویستی بە هەندێک تێچووی لاوەکی هەیە، وەک پارەدانی کرێی پۆستە.

بە هەمان شێوە هەندێک کاڵا بە کاڵای "نیمچە گشتی" دادەنرێن، چونکە هەرچەندە دەخرێنە بەردەستی هەمووان، بەڵام بەهاکەیان دەتوانێت کەم ببێتەوە لەگەڵ بەکارهێنانی خەڵکێکی زیاتر. بۆ نموونە، ڕەنگە سیستەمی ڕێگاوبانی وڵاتێک لەبەردەستی هەموو هاووڵاتیانیدا بێت، بەڵام بەهای ئەو ڕێگایانە دادەبەزێت کاتێک قەرەباڵغ دەبن.

چی وەک کاڵایەکی گشتی ئەژمار دەکرێت؟

ڕەنگە کاڵایەکی گشتی بەپێی وڵات جیاواز بێت، بەڵام بەگشتی خزمەتگوزارییەکانی وەک بەرگریی نیشتمانی یان پۆلیس و پێداویستییە سەرەکییە سەرەتاییەکان، وەکوو هەوای پاک و ئاوی خواردنەوە دەگرێتەوە.

کاڵای نیمچە گشتی چییە؟

کاڵای نیمچە گشتی توخمەکانی هەردوو کاڵای گشتی و تایبەتیان هەیە، وەک پردێکی گشتی کە بۆ هەمووان بەردەستە، بەڵام لە کاتی لە پڕ قەرەباڵغ بووندا بەهاکەی لەدەست دەدات. وەکوو ڕێگاوبان، تونێل و پرد. 

نموونەی باوی کاڵای گشتی

لیستی کاڵا گشتییەکان جیاوازە، بەپێی ئەوەی کە چەندە بە تایبەتی سەیری دەکرێت دەکرێت. بەڵام نموونە باوەکانی کاڵا گشتییەکان بریتین لە:

  • ڕووناکی شەقامەکان: بە گشتی لەلایەن کۆمەڵگاوە دابین دەکرێن، سوودی گشتی دەگەیەنێت.
  • خزمەتگوزاری فریاگوزاری: پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکرێن، بەکارهێنانیان سوود بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت.
  • بەرگری نیشتمانی: ئەگەر بە مووچە بێت یان خۆبەخشانە، خزمەتگوزارییەکانی بەرگری نیشتمانی وڵات بە گشتی دەپارێزن.


سەرچاوەکان



574 بینین