چاندنی داری خورما

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-01-21:54:00 - کۆدی بابەت: 10513
چاندنی داری خورما

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری خورما (بە ئینگلیزی: Planting date palm tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة التمر)، داری خورما یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە تایبەتە بە ناوچە گەرمەکان و چەندین جۆری جیاوازی هەیە، نشینگە بنەڕەتییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بەدیاریکراویش وڵاتی سعودییە، بەڵام لە ئێستادا لە چەندین وڵات و دوورگە و هەرێمی جیاوازدا بوونی هەیە، ئەم دارە بەرێکی تام شیرین دەگرێت کە شیاوی خواردنە و درێژییەکەشی دەگاتە نزیکەی ١٥ مەتر.  

هەنگاوەکانی چاندن بە تۆو

  • دەرکردنی تۆو لە خورمایەکەوە دواتر شۆردنی بۆ ئەوەی هەر پارچەیەکی خورماکەی پێوەبێت لابچێت.
  • پاشان تۆوەکە دەخرێتە ئاوەوە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، ڕۆژانە ئاوەکەی نوێبکرێتەوە و پاشان هەر تۆوێک کە سەرئاوبکەوێت دەبێت لاببرێت چونکە شیاوی بەکارهێنان و چاندن نییە.
  • پێش ئەوەی ببرێتە خاکەوە باشترە لە جێگەیەکی تردا گەشە بکات، بۆ نموونە بخرێتە گۆزەیەکەوە هەتاکوو تەمەنی دەگاتە ٦-٨ هەفتە.
  • ئەگەر ڕاستەوخۆ بخرێتە خاکەوە ئەوا پێویستە لە قووڵاییەکی کەمدا بچێنرێت، بەنزیکەیی تەنها چەند سانتیمەترێکی پێویستە، بەڵام ئەگەر بە نەمام بچێنرێت ئەوا پێویستە چاڵەکە بە ئەندازەی درێژی و پانی ڕەگەکەی قووڵ و گەورەبێت.
  • کاتێک ڕووەکەکە جێگیردەبێت پێویستی بە ئاودانی زۆر هەیە و نابێت خاکەکەی زۆر وشکببێتەوە، کە ئەگەر تەنها دوو ئینجی خاکەکەی وشکبێتەوە ئەوا دەبێت ئاوی پێبدرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

داری خورما پێویستە لە جێگەیەکدا بێت کە بڕێکی زۆر ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، چونکە بەرگەی کەشی سارد و زستانی سەخت ناگرێت، بۆیە باشترە ئەو کەسانەی کە لەناوچە ساردەکاندا دەژین و ئارەزووی پەروەردەکردنی دەکەن لە گۆزەیەکی گەورەدا بیچێنن، بۆ ئەوەی کاتێک کەشوهەوا سارد دەبێت بیبەنە ژوورەوە.

خاکەکەی بەجۆرێک بێت کە بەتەواوەتی وشکببێتەوە و ئاو پێیدا تێپەڕبێت واتە کەڵەکە نەکات، پاشان بۆ گەورەبوون پێویستی بە گرنگیپێدانێکی ڕێکی کەم هەیە، بەڵام پێویستی بە ئارامگرتنی زۆرە چونکە گەشەکردنی هێواشە، هەر دارێکی خورما تەنها یەک ڕەگەزە واتە دەکرێت تەنها نێر یاخود مێ بێت، لە ئەنجامدا بۆ پەڕاندن و بەرگرتن پێویستی بە درەختێکی تری ڕەگەز جیاواز هەیە، یاخود دەکرێت ئەگەر دارەکە مێینە بوو ئەوا تۆوی هێشووی نێرینەیەکی بۆ کۆبکرێتەوە و دواتر لە کاتی گونجاودا بەسەریدا بپرژێنرێت، نێرینەکان لە مانگی دوودا گوڵیان دەکرێتەوە و دەبێت دەنکە هەڵاڵەکانیان کۆبکرێتەوە، دواتر کاتێک گوڵی مێینەکان دەکرێتەوە بەسەریاندا بپرژێنرێت.

لە پاش چاندنی ئەم دارە پێویستی بە چوار ساڵ هەیە هەتاکوو دەگاتە پێگەیشتن، کاتی خونچەکردنی دەکەوێتە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهارەوە و کاتی بەرگرتنیشی لە نێوان مانگەکانی ٤-٥ دایە، بەدرێژایی وەرزی پێگەیشتن دەبێت چاودێری خورماکان بکرێت چونکە لە کاتی جیاوازدا پێدەگەن، کاتێک ڕەنگی خورماکان گۆڕا بۆ قاوەیی تۆخ و شێوەیەکی لوولەیی وەرگرت ئەوا دەکرێت لێبکرێتەوە، بەڵام لە کاتی لێکردنەوەشدا دەبێت بەئاسانی لێببێتەوە، چونکە ئەگەر قەدی هێشووە خورماکە ڕابکێشرێت بەڵام هێزی پێویست بێت و بەئاسانی لێنەبێتەوە ئەوا واتە زۆرینەی خورماکان پێنەگەشتوون، ئەمەش کاتێکی گونجاو نییە لێبکرێتەوە.  

دوای لێکردنەوە دەبێت خورماکان بشۆردرێن چونکە زۆرینەیان خاک و خۆڵیان پێوەیە، دواتر بخرێتە بەفرگرەوە بۆ ئەوەی میکرۆبەکان و بەتایبەتیش بەکتریاکان بمرن و لەناوبچن، پاشان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە پلەی گەرمی ژووردا هەڵبگیردرێت پێش ئەوەی بەکاربێت بۆ خواردن.


سەرچاوەکان



649 بینین