سان جۆز

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-10-15:15:00 - کۆدی بابەت: 10603
سان جۆز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سان جۆز (بە ئینگلیزی: San Jose یان San José، بە عەرەبی: سان خوسيه)، شارێکی سەرەکییە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، ئەم شارە ناوەندی کولتووری، دارایی و سیاسی دۆڵی سلیکۆنە و گەورەترین شارە لە باکووری کالیفۆرنیا هەم لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە و هەم لەڕووی ڕووبەرەوە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٠١٣٫٢٤٠ کەس بوو، شارەکە سێیەم قەرەباڵغترین شاری کالیفۆرنیایە لە دوای لۆس ئەنجلۆس و سان دیێگۆ، هەروەها دەیەم قەرەباڵغترین شاری ئەمریکایە. سان جۆز دەکەوێتە ناوەندی دۆڵی سانتا کلارا لە کەناری باشووری کەنداوی سانفرانسیسکۆ، ڕووبەرەکەی ٤٦٦٫١ کیلۆمەتر دووجایە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی سان جۆز لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٠٢٦٫٧٠٠ کەس بوو و ئەم شارە سێیەم گەورەترین شاری ویلایەتی کالیفۆرنیایە. لە ئێستادا گەشەی ساڵانەی سان جۆز بە ڕێژەی ٠٫٦٦٪ـە بەڵام لە دوایین سەرژمێرییەوە ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ڕێژەی ٠٫٢٦-٪ کەمیکردووە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی ٥٫٧٧٤ کەسە لە هەر میل چوارگۆشەیەکدا. ڕێژەی هەژاریی سان جۆز ٨٫٢٧٪ـیە، تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانەکەی ٣٦٫٧ ساڵییە، نێرەکان ٣٥٫٧ ساڵی و مێیەکان ٣٧٫٩ ساڵی. ژمارەی نێرەکان کەمێک لە مێیەکان زیاترە، ژمارەی نێرەکان ٥٢١٫١٨٠ کەسە کە بە ڕێژە ٥٠٫٦٣٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، لە کاتێکدا ژمارەی مێیەکان ٥٠٨٫٢٢٩ کەسە و بە ڕێژەی ٤٩٫٣٧٪ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن.

ئایین

نزیکەی ٤٤٪ـی دانیشتووانی سان جۆز ئایینییان هەیە، کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی لەلایەن ٢٦٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت و نزیکەی ٣٫٨٪ـی دانیشتووانی شارەکە ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی پەیڕەو دەکەن کە حەوت هێندەی تێکڕای نیشتمانییە. نزیکەی ١٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینی ئیسلامن.

گەشەی دانیشتووانی سان جۆز

سان جۆز گەورەترین شارە لە هەرێمی سانتا کلارا، کە بەم دواییە وەک خێراترین هەرێمی کالیفۆرنیا ناوزەندکرا، هۆکاری گەشەکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کرێکارە گەنجانەی کە ڕوویان لە ناوچەکە کردووە و لە بواری تەکنەلۆجیادا کار دەکەن. گەشەی دانیشتووانی هەرێمەکە لە ساڵی ٢٠١٢ـدا بە ڕێژەی ١٫٦٪ و لە ساڵی ٢٠١٣ـدا بە ڕێژەی ١٫٧٪ زیادی کردووە. ژمارەی دانیشتووانی سان جۆز لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ـدا یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاند، ژمارەی دانیشتووانی ئێستای شارەکە ١٫٢ ملیۆن کەسە و خەریکە لە ژمارەی دانیشتووانی داڵاس نزیک دەبێتەوە. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • سپی پێست: ٣٧٫٤٩٪
  • ئاسیایی: ٣٧٫١٩٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ١٣٫٤٣٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٧٫٨٥٪
  • ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی: ٢٫٩٤٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٥٩٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٥١٪

مێژوو

سان جۆز و زۆربەی دۆڵی سانتا کلارا، لە نزیکەی ٤٫٠٠٠ پێش زایینییەوە شوێنی گرووپی تامین بووە. بەڵام بەفەرمی وەک یەکەم جێگیرگەی شارستانی کالیفۆرنیا لە ٢٩ـی تشرینی دووەمی ١٧٧٧ دامەزرا. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ١٨٣٥ـدا نزیکەی ٧٠٠ کەس بوو، لەنێویاندا ٤٠ کەسیان بیانی بوون کە بە پلەی یەکەم ئەمریکی و ئینگلیزەکان بوون. تا ساڵی ١٨٤٥ ژمارەی دانیشتووان بۆ ٩٠٠ کەس بەرزبووەوە، هۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی کۆچی ئەمریکییەکانەوە بوو. نیشتەجێبوونی بیانییەکان لە سان جۆز و کالیفۆرنیا بەخێرایی کالیفۆرنیای گۆڕی بۆ کۆمەڵگەیەک، ئەمەش دەرفەتی ئابووری و کولتووری بیانی زیادکرد. پاشان و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم، ئابووری شارەکە لە کشتوکاڵییەوە بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی گۆڕدرا.

دوای جەنگی جیهانیی دووەم، سان جۆز بووژانەوەی ئابووریی بەخۆیەوە بینی، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بەخێرایی گەشەیکرد. گەشەی خێرای پیشەسازییەکانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و ئەلیکترۆنی پڕۆسەی گۆڕانی ناوەندێکی کشتوکاڵی بۆ ناوچەیەکی شارستانی خێراتر کرد. ئەنجامەکانی سەرژمێری ساڵی ١٩٩٠ـی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کرد کە ژمارەی دانیشتووانی سان جۆز بەفەرمی پێش ژمارەی دانیشتووانی سانفرانسیسکۆ کەوتووە وەک قەرەباڵغترین شاری باکووری کالیفۆرنیا. لە ساڵانی نەوەدەکاندا، ئەم شارە بووبوو بە سەنتەری جیهانی بۆ پیشەسازییەکانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و ئینتەرنێت، ئەمەش وای لە شارەکە کرد ببێت بە خێرا گەشەسەندوترین ئابووریی کالیفۆرنیا. سان جۆز لە ئێستادا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین شارە گەورەکانی جیهان و لە دوای زیوریخ و ئۆسلۆوە خاوەنی سێیەم بەرزترین بەرهەمی ناوخۆییە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای سان جۆز تایبەتمەندی ئەو ناوچانەی هەیە کە دەکەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، مانگەکانی وەرزی زستان مامناوەند و باراناوییە، مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و خۆرەتاون. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا، پلەی گەرمی بە گشتی بۆ دەوروبەری پلەی بەستن دادەبەزێت، لە کاتێکدا پلەی گەرمی لە کاتەکانی ڕۆژدا لە دەوروبەری ١٠ پلەی سەدیدا دەمێنێتەوە. بەڵام لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٠ـدا پلەی گەرمی شارەکە بۆ ٧- پلەی سەدی دابەزی. بەفریش بەدەگمەن دەبارێت.

بە دڵنیاییەوە وەرزی لە هاوین سان جۆز گەرمترە لە سانفرانسیسکۆ، بەرزترین پلەی گەرمی شارەکە لە دەوروبەری ٣٠ پلەی سەدیدایە، لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا با لە بیابانەوە هەڵ دەکات و پلەی گەرمی دەگاتە ٣٧ بۆ ٣٨ پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٠ و لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧ گەیشتە ٤٣ پلەی سەدی.

تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی یەکەمە ١٠٫٤ پلەی سەدییە و پلەی گەرمی لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە مانگی ئابە ٢١٫٨ پلەی سەدییە.

ساڵانە ٤١٠ مللیمەتر باران دەبارێت، ئەم ڕێژەیە بەسەر وشکترین و باراناویترین مانگەکانی ساڵدا دابەش دەبێت. لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولە لە سفر مللیمەتر بارانەوە بۆ ٨٠ مللیمەتر لە تەڕترین مانگەکانی ساڵ کە شوبات و کانوونی یەکەم دەگرێتەوە دەگۆڕێت. هەروەها پلەی گەرمی دەریا لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ پلەی سەدیدایە.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە

باشترین کات بۆ سەردانکردنی سان جۆز وەرزی بەهارە، لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا، چونکە لەم وەرزەدا کەشی شارەکە مامناوەند و خۆرەتاوە. لە هاویندا، واتە لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئەیلوول، بە گشتی زۆر گەرم نییە، بەڵام هەندێک جار دەکرێت زۆر گەرم بکات.

شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • باخچەی گوڵەباخی شارەوانی
  • مۆزەخانەی میسری ڕوزیکروشن
  • سانتا ڕۆو
  • سەنتەری SAP
  • سیخ گوردوارا
  • سەنتەری سان جۆز بۆ هونەرەکانی نواندن
  • مۆزەخانەی دۆزینەوەی منداڵان
  • پارک و باخچەی ئاژەڵانی هاپی هۆلۆ


سەرچاوەکان



431 بینین