هاوستۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-10-16:30:00 - کۆدی بابەت: 10606
هاوستۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هاوستۆن (بە ئینگلیزی: Houston، بە عەرەبی: هيوستن)، قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی تەکساسە، چوارەم قەرەباڵغترین شاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، قەرەباڵغترین شاری باشووری ئەمریکا و شەشەم قەرەباڵغترین شاری باکووری ئەمریکایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٫٣٠٤٫٥٨٠ کەس بوو. ئەم شارە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی تەکساس لە نزیک کەنداوی گالڤێستۆن و کەنداوی مەکسیک.

ڕووبەر و گرنگی شارەکە

ڕووبەری گشتی هاوستۆن ١٫٦٥١ کیلۆمەتر دووجایە و نۆیەمین فراوانترین شارە لە ئەمریکا. بەپێی ڕووبەر گەورەترین شاری ئەمریکایە. شارەکە لە ٣٠ـی ئابی ساڵی ١٨٣٦ـدا دامەزراوە و بە شێوەیەکی بەردەوام گەشەی کرد و بوو بە ناوەندێکی بازرگانی ناوچەیی. هاوستۆن نازناوی "شاری بایو"، "شاری بۆشایی ئاسمان"، "ئێج تاون" و "٧١٣ـەکە"ـی هەیە، بووەتە شارێکی جیهانی و ئابوورییەکی جیهانی هەیە، سەرەڕای ئەوەش لە بوارەکانی کولتوور و پزیشکی و توێژینەوەدا پێگەیەکی بەهێزی هەیە. هەروەها دانیشتووانەکەی لەڕووی نەتەوەیی و ئایینییەوە هەمەجۆرن و کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی گەورە و گەشەسەندووە. ئەم شارە شوێنی ژمارەیەکی زۆر دامەزراوە و پێشانگای ڕۆشنبیرییە، کە ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیۆن سەردانیکەریان هەیە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی هاوستۆن لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٫٣٤٥٫٦٠٦ کەس بوو و گەورەترین شاری تەکساس و چوارەم گەورەترین شاری ئەمریکایە. لە ئێستادا ڕێژەی گەشەی شارەکە ٠٫٨٨٪ و لە دوایین سەرژمێرییەوە ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ڕێژەی ١٫٤٠٪ زیادی کردووە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی ٣٫٦٦٤ کەسە لە هەر میل چوارگۆشەیەکدا. ڕێژەی هەژاریی هاوستۆن ١٩٫٦٢٪ـیە، تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانەکەی ٣٣ ساڵییە، نێرەکان ٣٢٫٧ ساڵی و مێیەکان ٣٣٫٤ ساڵی. ژمارەی مێیەکان کەمێک لە نێرەکان زیاترە، ژمارەی مێیەکان ١٫١٦١٫١٧٥ کەسە کە بە ڕێژە ٥٠٫٢٠٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، لە کاتێکدا ژمارەی نێرەکان ١٫١٥٢٫٠٦٣ کەسە و بە ڕێژەی ٤٩٫٨٠٪ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن.

هەمەجۆریی هاوستۆن

هاوستۆن شارێکی زۆر فرە کولتوورییە، بەشێکی بەهۆی دامەزراوە ئەکادیمییەکان، پیشەسازی و پێگەی وەک شارێکی بەندەرییەوەیە. دانیشتووانی شاری هاوستۆن بە زیاتر لە ٩٠ زمان قسە دەکەن، هەروەها بەهۆی هاتنی کۆچبەرانەوە یەکێکە لەو شارانەی وڵاتەکەی کە دانیشتووانەکەی گەنجترینن. بەپێی خەمڵاندنەکان تەنها لە ناوچەی هاوستۆندا ٤٠٠٫٠٠٠ پەنابەری نایاسایی هەیە. ژمارەی دانیشتووانی سپی پێستی ناهیسپانی لە هاوستۆن لە ساڵی ١٩٧٠ـەوە بۆ نیوە کەمی کرد، هەروەها بەهۆی گواستنەوەی زیاتری کۆچبەرانی ئەمریکای لاتین بۆ ناوچەکە ژمارەی دانیشتووانی هیسپانی بەخێرایی زیاد دەکات، لە ئێستادا شارەکە خاوەنی سێیەم گەورەترین دانیشتووانی هیسپانییە لە ئەمریکا.

هەروەها دانیشتووانێکی بەرچاوی ئەمریکی ئەفریقی لە هاوستۆندا هەن کە لە ساڵی ١٨٧٠ تا ١٨٩٠ نزیکەی ٤٠٪ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنابوو، هەرچەندە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٩١٠ تا ١٩٧٠ بۆ ٢١٪ تا ٣٣٪ دابەزی. هەروەها لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دانیشتووانێکی پەنابەری تاڕادەیەک زۆر لە شارەکەدا دەژین. ساڵانە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێوان‌کیشوەری جۆرج بوشەوە نزیکەی ١٫٦٠٠ پەنابەر لە هەموو جیهانەوە دەگەنە شارەکە.

گەشەی دانیشتووانی هاوستۆن

گەشەی خێرای دانیشتووانی شاری هاوستۆن وایکردووە ببێتە یەکێک لە ناوچە خێرا گەشەسەندووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٢ زیاتر لە ٣٤ هەزار کەس ڕوویان لە شارەکە کرد. لە ساڵی ٢٠١٣دا، ڕۆژنامەی هاوستۆن ڕایگەیاند کە گەشەی دانیشتووانی شارەکە هیچ نیشانەیەکی خاوبوونەوەی لێ بەدی ناکرێت. خەڵک هێشتا بەهۆی کارە زۆرەکانی، پەروەردە و خانووبەرەوە دەچنە ناوچەکە و زۆرێک لە کەرتەکانی کار لە گەشەکردندان. پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتووانی شاری هاوستۆن بگاتە ٢٫٨ ملیۆن کەس، ئەمەش واتە دەبێت پێش برۆکلن بکەوێت. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • سپی پێست: ٥١٫٥٤٪
  • ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی: ٢٢٫٨٣٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ١١٫٣٥٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٧٫٠٢٪
  • ئاسیایی: ٦٫٨٧٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٣٥٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٠٥٪

مێژوو

شاری هاوستۆن لە ساڵی ١٨٣٧ـدا دامەزرا، ئەم شارە وەک پایتەختی کاتی کۆماری تەکساس خزمەتی کردووە و وەک ناوەندێکی ناوچەیی گواستنەوە و بازرگانی گەشەی کرد. هاوستۆن تا ساڵی ١٨٤٦ بەشێک بوو لە نەتەوەیەکی سەربەخۆ. گەشەسەندنی هێڵی ئاسن لە کۆتایی ساڵانی ١٨٥٠کاندا دەستی پێکرد بەڵام لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا وەستا. هاوستۆن وەک ناوەندێکی لۆجستی سەربازی ناوچەیی خزمەت بە کۆنفێدراسیۆنی کرد و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە کاتی جەنگدا زیادی کرد. دوای شەڕی ناوخۆ ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ڕەش پێست ڕوویان لە شارەکە کرد. دانیشتووانی ڕەش پێست بەدرێژایی سەدەی نۆزدەهەم نزیکەی لە سەدا بیستی شارەکەیان پێکهێنابوو. وەبەرهێنان و گەشەسەندنی هێڵی ئاسن ئاسانکاری زیاتری بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە کرد، لە هەمان کاتدا ژمارەی هەلی کار زۆر زیاد کرد. دوای شەڕی ناوخۆ سنووری شارەکە درێژبووەوە بۆ ناوچەیەک لە باکووری بوفالۆ بایو (Buffalo Bayou). هاوستۆن وەک ناوەندێکی گرنگی بازرگانی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە تەکساس بەردەوام بوو، لە هەمان کاتدا یەکەم پێشانگای ویلایەتی دامەزراند کە لە ساڵی ١٨٧٠ دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٨٧٨ بەردەوام بوو.

ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ١٩٠٠ـدا ٥٨ هەزار کەسی تێپەڕاند، لە ماوەی چەند ساڵێکدا کۆمپانیاکانی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی تەکساس لە شاری هاوستۆن نووسینگەیان دامەزراند. لە ساڵی ١٩١٢ پەیمانگای ڕایس کە یەکەم پەیمانگای خوێندنی باڵا بوو لە ناوچەی هاوستۆن کرایەوە. لەو ساڵەدا چەندین بینای بەرز لە شارەکەدا تەواوکران، لە دەوروبەری ئەم ماوەیەدا کۆچبەران لە مەکسیکەوە ڕوویان لە شارەکە کرد و تا ساڵانی ١٩٢٠ـکان بەردەوام بوو. هاوستۆن بەردەوام بووە لە گەشەکردن تا سەدەی بیست و یەکەم، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٩ بە ڕێژەی ١٧٪ زیادی کرد.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری هاوستۆن نیمچە خولگەییە، کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا مامناوەندە و مانگەکانی وەرزی هاوین زۆر گەرم و شێدارە. ساڵانە ١٫٣١٥ میللیمەتر باران دەبارێت ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر زۆرە، ئەم ڕێژەیە بەپێی وشکترین و باراناویترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت. لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی شوباتە ٧٥ مللیمەتر باران دەبارێت، بەڵام لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی حوزەیرانە ١٥٠ مللیمەتر باران دەبارێت.

وەرزی زستان لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا مامناوەندە، زۆرجار تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە، هەروەها هەور و باران و با تایبەتمەندی ئەم وەرزەن. بە شێوەیەکی ئاسایی کەشی هاوستۆن لە زستان و لە کاتەکانی ڕۆژدا مامناوەندە، بەڵام لە شەودا زۆرجار سارد دەبێت و دەشێت پلەی گەرمی لە پلەی بەستن نزیک ببێتەوە.

لەوانەیە تەنانەت لە ناوەڕاستی زستانیشدا پلەی گەرمی بەرزبێتەوە و بگاتە ٢٥ پلەی سەدی. بارینی بەفر لە شاری هاوستۆن دەگمەنە. بەگشتی تەنها چەند سانتیمەترێک بەفر دەبارێت. لە ساردترین ڕۆژەکانی ساڵدا، پلەی گەرمی بەگشتی کەمێک لە خوار پلەی بەستنەوەیە. بەڵام جاروبار پلەکانی گەرما بۆ ١٠- پلەی سەدی دادەبەزێت. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٤- بوو کە لە کانوونی یەکەمی ١٩٨٩ـدا تۆمارکرا، هەروەها لە شوباتی ٢٠٢١ـدا پلەی گەرمی بۆ ١٠٫٥ پلەی سەدی دابەزی.

هاوینی هاوستۆن لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا زۆر گەرمە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و دروستبوونی شێ گەرمییەکی پڕووکێنەر دروست دەکات. لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا، پلەکانی گەرما بەزۆری دەگەنە ٣٨ بۆ ٤٠ پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٣ پلەی سەدییە، کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ٢٠٠٠ و لە ئابی ٢٠١١ تۆمارکرا. زۆرجار تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە، بەڵام ئاسمان هەمیشە ڕوون نییە، چونکە هەور ئاسمان داگیر دەکات و ئەمەش دەتوانێت ڕەشەبای بروسکاوی دروست بکات. سەرەڕای ئەوەش لە مانگی حوزەیران تا مانگی تشرینی دووەم مەترسی زریانەکان هەیە.

وەرزی بەهار لە مانگی ئازارەوە تا مانگی ئایار و وەرزی پاییز لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم تا کۆتایی تشرینی دووەم دەخایەنێت. بەگشتی کەشی شارەکە لەم دوو وەرزەدا گەرمە، لەگەڵ ئەوەشدا بارانێکی کەم دەبارێت. هەندێک جار دەشێت بایەکی سارد بەسەر شاردا هەڵ بکات، بەتایبەتی لە مانگەکانی ئازار و تشرینی دووەمدا.

پلەی گەرمی دەریا

لە کەنارەکانی باشووری هاوستۆن، پلەی گەرمی دەریا لە نێوان ١٧٫٥ بۆ ٢٩٫٥ پلەی سەدیدایە. لە وەرزی زستاندا دەریا تا ڕادەیەک ساردە، لە کاتێکدا لە هاویندا زۆر گەرم دەبێت.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە

باشترین کات بۆ سەردانکردنی هاوستۆن وەرزەکانی بەهار و پاییزە، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسان و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم.

شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • مۆزەخانەی ناوچەیی هاوستۆن
  • مۆزەخانەی هونەرە جوانەکان
  • مۆزەخانەی زانستی سروشتی هاوستۆن
  • باخچەی ئاژەڵانی هاوستۆن
  • مۆزەخانەی منداڵانی هاوستۆن
  • کەنارەکانی گالڤێستۆن
  • یاریگای NRG
  • چێشتخانەی هاوستۆن
  • کەمپی زانکۆی ڕایس


سەرچاوەکان



250 بینین