شینبوونەوەی پێست دوای ڕاکێشانی خوێن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-21-22:39:00 - کۆدی بابەت: 10739
شینبوونەوەی پێست دوای ڕاکێشانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شینبوونەوەی پێست دوای ڕاکێشانی خوێن (بە ئینگلیزی: Bruise after phlebotomy) دوای وەرگرتنی خوێن ئاساییە شینبوونەوەیەکی بچووک لە شوێنی وەرگرتنی خوێنەکەدا ڕووبدات. ئەم شینبوونەوەیە بە زۆری بەهۆی زیان گەیشتن بە لوولە بچووکەکانی خوێن ڕوودەدات. هەروەها دەکرێت ئەم شینبوونەوەیە ڕووبدات بەهۆی ئەوەی لەدوای لابردنی دەرزییەکە نەخۆشەکە بەباشی پەستان لەسەر شوێنی وەرگرتنی خوێنەکە نەکات.

ئەم شینبوونەوەیە لە دوای وەرگرتنی خوێن بە ڕێژەیەکی زۆر زیانی نییە و پێویستی بە چارەسەر نییە، بەڵام ئەگەر شینبوونەوەکە قەبارەکەی گەورە بوو، بووە هۆی خوێنبەربوون لە شوێنی تر دەکرێت نیشانە بێت بۆ حاڵەتێکی مەترسیدار.

زیان گەیشتن بە لوولەکانی خوێن

لە کاتی ڕاکێشانی خوێندا کارمەندی تاقیگە یان پەرستارەکان هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی خوێن لە ڕێگەی ناردنی دەرزییەک بۆ خوێنهێنەرەکانی نەخۆشەکە، لەم کاتەدا دەکرێت دەرزییەکە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە چەند موولوولەیەکی خوێن و دواترێش دەبێتە هۆی شینبوونەوەی جێگەی دەرزییەکە. ڕۆیشتنی زۆری دەرزی ڕاکێشانی خوێنەکە بۆ ناو خوێنهێنەرەکە دووبارە دەکرێت ببێتە هۆی شینبوونەوە.

خوێنهێنەرە بچووکەکان

ئەگەر هەر کێشەیەکی تر هەبێت  کە ببێتە هۆی ئەوەی بە ئاسانی خوێنهێنەرەکانی کەسەکە دیار نەبن، وەک هەڵئاوسان یان بچووکی خوێنهێنەرەکان دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر ئەگەری ڕوودانی ئەم حاڵەتە هەبێت.

زۆرجار کارمەندی تاقیگە ناتوانێت لە یەکەم هەوڵدا خوێنەکە ڕابکێشێت و پێویستە دووبارە هەوڵبداتەوە، ئەمەش ئەگەری ڕوودانی ئەم حاڵەتە زیاد دەکات.

لە دوای ڕاکێشانی خوێن زۆر گرنگە نەخۆشەکە بە باشی پەستان لەسەر شوێنی ڕاکێشانی خوێنەکە بکات، ئەگەر بە باشی پەستانی نەخرێتە سەر ڕەنگە خوێن دزە بکاتە ناو شانەکانی دەوروبەری و دواتریش شینبوونەوەی پێست ڕووبدات.

هۆکارەکانی تری شینبوونەوەی پێست دوای ڕاکێشانی خوێن

  • وەرگرتنی دەرمانی دژە مەیین، کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە مەیینی خوێن وەک دەرمانی ئەسپرین و وارفارین.
  • خواردنی گیا، ڕۆنی ماسی، زەنجەفیل و سیر لەوانەیە توانای جەستە بۆ مەیینی خوێن کەم بکاتەوە.
  • هەندێک حاڵەتی پزیشکی دیکە وەک نەخۆشیی جگەر، خوێنبەربوون و نەخۆشیی ڤۆن ویلبراند.

ڕەنگە کەسانی بەتەمەن زیاتر تووشی ئەم حاڵەتە ببن بەهۆی  بچووکی خوێنهێنەرەکانیان، بڕێکی کەمتر لە چەوری لە لەشیاندا هەیە بەهۆی ئەمەش ئاسانتر تووشی زیان گەیشتن بە خوێنهێنەرەکان دەبن.

خۆپارێزی

هەندێک کات ناتوانرێت ڕێگری لە شینبوونەوەی پێست لە دوای وەرگرتنی خوێن بکرێت، هەندێک کەس بە بەراورد بە کەسانی تر ئاسانتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.

  • خۆت بە دوور بگرە لە خواردنی هەر شتێک کە دەبێتە هۆی ڕوونبوونەوەی خوێن لە پێش ئەنجامدانی وەرگرتنی خوێن و ٢٤ کاتژمێریش دوای وەرگرتنی خوێنەکە.
  • هیچ شتێکی قورس هەڵمەگرە لەوانە جانتای دەستی، هەڵگرتنی شتی قورس دەبێتە هۆی دروستبوونی پەستان لەسەر شوێنی دەرزییەکە و دواتریش دەبێتە هۆی ڕێگریکردنی مەیینی خوێن و شینبوونەوەی پێست.
  • لەبەرکردنی جلوبەرگێک کە پەستان لە کاتی وەرگرتنی خوێن لەسەر قۆڵ دروست نەکات.
  • دوای لابردنی دەرزییەکە پەستان بخەرە سەر شوێنی دەرزییەکە و بۆ ماوەی چەند سەعاتێک پلاستەرەکە لە شوێنی خۆی بهێڵەرەوە.
  • ئەگەر هەستت بە شینبوونەوەی شوێنی دەرزییەکە کرد، شتێکی سارد لە شوێنەکەی دابنێ و قۆڵت بەرزبکەرەوە. ئەمەش یارمەتی خێراکردنی کرداری چاکبوونەوە دەدات.

دکتۆرەکە یان کارمەندی تاقیگە ئاگادار بکەرەوە ئەگەر پێشتریش لە کاتی خوێن وەرگرتن دووچاری ئەم حاڵەتە هاتوویت. هەروەها گرنگە کەسەکە پزیشک ئاگادار بکاتەوە، ئەگەر هەر کێشەیەکی تەندروستی یان مەیینی خوێنی هەبێت. یان هەر دەرمانێکی وەرگرتبێت کە کاریگەری لەسەر خوێن مەیین هەبێت.

شینبوونەوەی پێست لە ماوەی چەند ڕۆژێک بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت و لە ماوەی ١٠ بۆ ١٢ ڕۆژدا نامێنێت.


سەرچاوەکان



430 بینین