پشکنینی مایۆگلۆبین

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-22-03:52:00 - کۆدی بابەت: 10749
پشکنینی مایۆگلۆبین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی مایۆگلۆبین ( بە ئینگلیزی: Myoglobin Test  بە عەرەبی:  فحص الميوغلوبين) ئەم پشکنینە ڕێژەی مایۆگلۆبین دیاری دەکات. مایۆگلۆبین پڕۆتینێکە لە ئێسکەکان، ماسولکەکانی دڵ، خوێن و میزدا هەیە. بەرزی ڕێژەی مایۆگلۆبین بەزۆری نیشانەیە بۆ بەرکەوتنی زیان بە ماسولکەکان. بەڵام ئەم پشکنینە دەستنیشانی شوێنی ماسولکەکە و هۆکاری زیان گەیشتن بە ماسولکەکان ناکات. ئەم پشکنینە کاتێک گومان دەکرێت دڵ یان ماسولکەکان زیانیان پێ گەیشتبێت ئەنجام دەدرێت. کاتێک ماسولکەکان زیانیان پێ دەگات، پڕۆتینی مایۆگلۆبین بۆ ناو خوێن دەردەکرێت. لە کاتی زیادبوونی زیان گەیشتن بە ماسولکەکان ڕێژەی مایۆگلۆبین لە خوێندا بە خێرایی بەرز دەبێتەوە.

گورچیلەکان ئەم پڕۆتینە لە خوێن دەپاڵێون و پاشان  دەچێتە ناو میزەوە. زۆرجار بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە میز بەکاردەهێنرێت و ڕێژەی پڕۆتینەکە لە میزدا دیاری دەکرێت. ڕێژەی پڕۆتینەکە لە میزدا دەستنیشانی ڕێژەی زیان گەیشتن بە ماسولکەکان دەکات، ڕێژەیەکی زیاتری پڕۆتینی مایۆگلۆبین لە میزدا واتە ڕێژەیەکی زیاتری زیان گەیشتن بە ماسولکەکان. ئەم پڕۆتینە دەتوانێت زیان بە گورچیلەکان بگەیەنێت، ئەنجامدانی ئەم پشکنینە لەڕێگەی میزەوە دەکرێت دەستنیشانی مەترسی زیان گەیشتن بە گورچیلەکانیش بکات.

فرمانی پڕۆتینی مایۆگلۆبین

پڕۆتینی مایۆگلۆبین لە ماسولکە میلدارەکاندا هەیە، فرمانی سەرەکی گواستنەوەی ئۆکسجینە بۆ خانەکانی ماسولکەکان. ئەم ئۆکسجینە بۆ وزەی کۆکراوە لە خانەکانی ماسولکەکاندا دەگۆڕێت. هەموو خانەکانی جەستە بۆ ئەنجامدانی فرمانەکانیان پێویستییان بە وزە دەبێت، بەڵام ماسولکەکان بڕێکی زیاتر ئۆکسجین و وزەیان بۆ ئەنجامدانی فرمانەکانیان پێویستە.

ئەم پشکنینە کاتێک کەسێک نیشانەکانی زیان گەیشتن بە ماسولکەکانی تێدا دەردەکەوێت ئەنجام دەدرێت، نیشانەکان بریتین لە:

  • ئازاری ماسولکەکان
  • تاریکبوونی ڕەنگی میز
  • تا
  • هەستکردن بە ماندوویەتی
  • دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە
  • ئازاری سک

پێش ساڵی ٢٠٢١ پشکنینی مایۆگلۆبین لەگەڵ پشکنینی ترۆپۆنین پێکەوە بۆ دەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵ بەکاردەهات، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ و دواتر پشکنینی مایۆگلۆبین کەمتر بۆ دەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵ بەکارهاتووە. توێژەرەکان پێیان وایە پشکنینی ترۆپۆنین بۆ دەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵ زیاتر گونجاوە. ڕێژەی پڕۆتینی مایۆگلۆبین دوو بۆ سێ سەعات دوای تووشبوون بە جەڵتەی دڵ بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، لە دوای ٨ بۆ ١٢ سەعات دەگاتە بەرزترین ئاستی. دوای یەک ڕۆژ لە ڕوودانی جەڵتەی دڵ ڕێژەی مایۆگلۆبین ئاسایی دەبێتەوە. بەرزبوونەوەی ڕێژەیەی ئەم پڕۆتینە بە بەراورد بە ترۆپۆنین ئاسانتر دەستنیشان دەکرێت، بەڵام ناتوانێت ڕاستەوخۆ دەستنیشانی ڕوودانی جەڵتەی دڵ بکات، چونکە ئەم پڕۆتینە تایبەت نییە بە جەڵتەی دڵ. هەروەها بە بەراورد بە ترۆپۆنین لە ماوەیەکی کەمتردا ڕێژەکەی ئاسایی دەبێتەوە و بۆ ماوەیەکی کەمتر لە ڕێژەی نائاساییدا دەمێنێتەوە. کاتێک ئەنجامی ئەم پشکنینە ئەرێنی بوو، پێویستە بۆ دڵنیابوون لە ڕوودانی جەڵتەی دڵ پشکنینی ترۆپۆنینی بۆ ئەنجام بدرێت.

چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە بە ڕێگەی خێرا (Strip)

  • دوو دڵۆپ سیڕەم یان پلازما دەخرێتە شوێنی دانانی نموونەکە دواتر یەک دڵۆپ گیراوەی تایبەت بە پشکنینەکەی بۆ زیاد دەکرێت.
  • ئەگەر نموونەکە تەواوی پێکهاتەکانی خوێن (whole blood) بوو، سێ دڵۆپ لە خوێن دەکرێتە شوێنی دانانی نموونەکە و دواتر یەک دڵۆپ گیراوەی تایبەت بە پشکنینەکەی بۆ زیاد دەکرێت.
  • بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە لە ڕێگەی خوێنی پەنجە (Fingerstick) سێ دڵۆپ لە نموونەکە لەگەڵ یەک دڵۆپ لە گیراوەی تایبەت بە پشکنینەکە بەکاردەهێنرێت.

ڕێژەی ئاسایی پڕۆتینی مایۆگلۆبین

ڕێژەی پشکنینەکە لە تاقیگەیەکەوە بۆ تاقیگەیەکی تر جیاوازی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی ئاسایی پشکنینەکە بریتییە لە:

پیاوان: کەمتر لە ٩١ نانۆگرام/ میللیتر

بۆ ئافرەتان: ٦٣ نانۆگرام/ میللیتر

ئەم پڕۆتینە بە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە خوێندا دەردەکەوێت یان بەتەواوی دەرناکەوێت.

بەرزی ڕێژەی مایۆگلۆبین لە خوێندا نیشانەیە بۆ ئەم حاڵەتانە

  • جەڵتەی دڵ.
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بەشێوەیەکی نائاسایی ( ئەم حاڵەتە دەگمەنە).
  • ئەو کەموکوڕیانەی دەبنە هۆی لاوازی ماسولکەکان و لەناوچوونی شانەی ماسولکەکان.
  • تێکچوونی شانەی ماسولکەکان کە دەبێتە هۆی دەردانی ڕیشاڵی ناو ماسولکەکان بۆ ناو خوێن.
  • هەوکردنی ماسولکەکان.
  • کەمبوونەوەی چوونی ئۆکسجین بۆ ماسولکەکان.

بەرزی ڕێژەی مایۆگلۆبین لە میزدا نیشانەیە بۆ ئەم حاڵەتانە

  • ئەنجامدانی ڕاهێنانی زۆر.
  • هەوکردن بەهۆی ڤایرۆسەوە.
  • ژەهراویبوون.
  • بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی دیاریکراو.
  • نەخۆشیی ماسولکەکان وەک پووکانەوەی ماسولکەکان.
  • زیانگەیشتن بە دڵ.
  • نەخۆشییە بۆماوەیییەکان کە کار لە ماسولکەکان دەکەن.


سەرچاوەکان



225 بینین