فیلادێلفیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-27-20:50:00 - کۆدی بابەت: 10787
فیلادێلفیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فیلادێلفیا یان فیلی (بە ئینگلیزی: Philadelphia یان Philly، بە عەرەبی: فيلادلفيا)، گەورەترین شاری کۆمۆنوێڵتی پێنسیلڤانیایە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم شارە شەشەم گەورەترین شاری ئەمریکا و ٦٨هەم گەورەترین شاری جیهانە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٦٠٣٫٧٩٧ کەس بوو. ڕووبەری شارەکە ٣٦٩٫٥٩ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی ٤٫٦٠٨٫٨٦ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

مێژووی شارەکە

ناوچەی فیلادێلفیا پێش هاتنی ئەورووپییەکان شوێنی هیندییەکانی لیناپی بوو. یەکەم نشینگەی ئەورووپی لە ناوچەکەدا لەلایەن هۆڵەندییەکانەوە دروستکرا و دانیشتووی هۆڵەندی لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەوە. پاشان و لە ساڵی ١٦٦٤ـدا ئینگلیزەکان کۆلۆنی نوێی هۆڵەندایان داگیرکرد. زەوییەکە لە خەڵکی لیناپی کڕدرا، ویلیەم پێن (William Penn) ناوی شارۆچکە نوێیەکەی نا فیلادێلفیا. شارۆچکەکە بەخێرایی گەشەی کرد، بەشێکی ئەم گەشەسەندنە بەهۆی پێداگری پێنەوە بوو کە ڕێگەی بە هەر کەسێک دەدا بە ئازادی لە کۆمەڵگادا ئایینی خۆیان بپەرستن، ئەمەش بووە هۆی دروستکردنی پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ هۆزە ناوخۆییەکانی هیندستان. وردەوردە ناوچەکە گەشەی کرد و وەک پایتەختێکی کاتی خزمەتی وڵاتەکەی کرد. لە ماوەی سەدەی نۆزدە و بیستەمدا، فیلادێلفیا وەک ناوەندێکی پیشەسازی گەورەی نیشتیمانی و ناوەندێکی هێڵی ئاسنین دەرکەوت. پێشکەوتن و سەرکەوتنی کەرتی پیشەسازیی شارەکە کۆچبەرانی ئەورووپی بۆ خۆی ڕاکێشا، کە زۆرینەیان لە ئەڵمانیا و ئێرلەندا بوون و لە ساڵی ٢٠١٥ دوو گەورەترین گرووپی ڕەگەزی ڕاپۆرتکراوی شارەکە بوون. لە سەدەی بیستەمدا، چەند شەپۆلێکی کۆچبەران لە ئیتاڵیا و شوێنەکانی دیکەی باشووری ئەورووپاوە ڕوویان لە ناوچەکە کرد. دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٨٦٥، فیلادێلفیا لە کۆچە گەورەکەدا (کۆچی ڕەش پێستەکان) بوو بە شوێنێکی سەرەکی بۆ ئەمریکییە ئەفریقییەکان. لە سەدەی بیستەمدا، ئەمریکییە پورتوگالییەکان بە ژمارەیەکی زۆرەوە ڕوویان لە شارەکە کرد. لە نێوان ساڵانی ١٨٩٠ بۆ ١٩٥٠ ژمارەی دانیشتووانی شاری فیلادێلفیا دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتە ٢٫٠٧ ملیۆن کەس. لەو کاتەوە فیلادێلفیا کۆچبەرانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئاسیا، ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ئەمریکای لاتین بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

فیلادێلفیا گەورەترین ناوەندی چالاکیی ئابوورییە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا. هەروەها شارەکە بە هونەر، کولتوور، چێشتخانە و مێژووی سەردەمی کۆلۆنیال و سەردەمی شۆڕش ناسراوە؛ لە ساڵی ٢٠١٦ـدا، ٤٢ ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی بۆ خۆی ڕاکێشا کە ٦٫٨ ملیار دۆلاریان خەرجکرد. لە ساڵی ٢٠٢١ـدا گۆڤاری تایم فیلادێلفیای بە یەکێک لە گەورەترین ١٠٠ شوێنی جیهان ناوزەندکرد. فیلادێلفیا شاری زۆرێک لە یەکەمەکانە، لەنێویاندا یەکەم پەرتووکخانەی نەتەوەیی لە ساڵی ١٧٣١، نەخۆشخانە لە ساڵی ١٧٥١، سکووڵی پزیشکی لە ساڵی ١٧٦٥، سامانی نەتەوەیی لە ساڵی ١٧٧٤، زانکۆ لە ساڵی ١٧٧٩، بۆرسە لە ساڵی ١٧٩٠، باخچەی ئاژەڵان لە ساڵی ١٨٧٤ و سکووڵی بازرگانی لە ساڵی ١٨٨١. فیلادێلفیا ٦٧ شوێنی مێژوویی نیشتیمانی تێدایە، لەوانە هۆڵی سەربەخۆیی. سەرەڕای ئەوەش خاوەنی پێنج تیمی وەرزشی پیشەگەرە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری فیلادێلفیا لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٦١٩٫٣٥٥ کەس بوو، ئەم شارە گەورەترین شاری ویلایەتی پێنسیلڤانیا، شەشەم گەورەترین شاری ئەمریکا و پێنجەم قەرەباڵغترین شاری ئەمریکایە. لە ئێستادا دانیشتووانی فیلادێلفیا ساڵانە بە ڕێژەی ٠٫٤٨٪ گەشە دەکات و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە دوایین سەرژمێرییەوە بە ڕێژەی ٠٫٩٧٪ زیادیکردووە. گەشەی دانیشتووانی شارەکە حەوت ساڵە لەسەریەک بەردەوامە و ئێستا دووەم خێرا گەشەسەندووترین ناوچەیە لە هەرێمەکەدا. هەروەها ڕێژەی هەژاری ٢٣٫٠٧٪ـیە. تێکڕای تەمەنی ناوەندی لە شاری فیلادێلفیا ٣٤٫٤ ساڵییە، نێرەکان ٣٢٫٩ ساڵی و مێیەکان ٣٥٫٩ ساڵی.

هەمەجۆریی فیلادێلفیا

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠، گەورەترین گرووپە ڕەگەزییەکان لە شاری فیلادێلفیا، بریتی بوون لە:

  • ئێرلەندی: ١٣٫٦٪
  • ئیتاڵی: ٩٫٢٪
  • ئەڵمانی: ٨٫١٪
  • پۆڵەندی: ٤٫٣٪
  • ئینگلیزی: ٢٫٩٪

فیلادێلفیا نیشتیمانی دووەم گەورەترین ژمارەی دانیشتووانی ئیتاڵی، ئێرلەندی و جامایکا-ئەمریکییە لە وڵاتەکەدا. هەروەها چوارەم گەورەترین کۆمەڵگەی ئەفریقی-ئەمریکییە لە ئەمریکا و خاوەنی شەشەم گەورەترین ژمارەی دانیشتووانی گەلی جوولەکە و چوارەم گەورەترین ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکییە پۆڵەندییەکانە. لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا، گەورە ناوچەی فیلادێلفیا زیاتر لە ٥٠٠٫٠٠٠ کۆچبەری تێدابوو، ١/٥ـیان لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە هاتبوونە شارەکەوە. ژمارەی کۆچبەران لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٦ـدا بەنزیکەیی ١١٣٫٠٠٠ زیادکرد، ئەمەش هەمان ژمارەیە کە لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا هاتوونەتە شارەکەوە. ئێستا کۆچبەران ١٠٫٩٪ـی دانیشتووانی فیلادێلفیا پێک دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوا وایە جارێکی دیکە ناوچەکە ببێتە شوێنێکی بەناوبانگ بۆ کۆچبەران وەکوو ئەوەی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا شوێنێکی باو‌ی کۆچبەران بوو. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ٤١٫٣٦٪
  • سپی پێست: ٣٩٫٣٣٪
  • ئاسیایی: ٧٫٤٢٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ٧٫٢٧٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٧٫٧٧٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٣٣٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٠٤٪

گەشەی دانیشتووانی فیلادێلفیا

گەشەی دانیشتووانی فیلادێلفیا بۆ ماوەیەک خاوبوویەوە، بەڵام دواجار بە گەشەی ئەرێنی بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەسەریەک پێچەوانە بوویەوە. لە ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٥٠ ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە کەمێک زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس بوو. تەنانەت گەشەی نوێی ناوچەکە وایکردووە کۆمیسیۆنی پلاندانانی شارەکە دوو پلانی نوێی ناوچەیی بڵاو بکاتەوە، چونکە CPC بۆی دەرکەوتووە کە ٥١٪ـی سەرجەم کارەکانی شارەکە لە سەنتەری شار و سەنتەری زانکۆدان.

هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە فیلادێلفیا هێشتا پێویستی بە کاری تر هەیە بۆ دانیشتووانە گەشەسەندووەکەی. گەشەی دانیشتووانی شارەکە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا دابەزی و ئەوانەی شاریان جێهێشت لە دەرەوەی شارەکە کاریان دۆزیەوە. کاتێک فیلادێلفیا یەک لەسەر پێنجی هاوڵاتیانی لەدەستدا، ٢٥٪ـی کارەکانی لەدەستدا. بەپێی خەمڵاندنەکان گەشەی دانیشتووان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پێشکەوتنی کارەکان هەیە.

ئەم شارە چەندین کێشەی هەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی گەشەیەکی بەرچاوتر بەخۆوە ببینێت. لەوانە بەرزیی ڕێژەی هەژاری، بەرزیی ڕێژەی تاوان، دابەزینی بازاڕی خانووبەرە و ڕێژەی بێکاری کە لە سەرووی تێکڕای وڵاتەکەوەیە. هێشتا نازانرێت شارەکە تا چەنێک لە گەشەکردنی بەردەوام دەبێت و ئەگەر بتوانێت بەسەر ئەم کێشانەدا زاڵ بێت کە گەشەکردن ڕادەگرن. هەندێک لە پێشبینییەکان تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووانی شارەکه بە ٢٫١ ملیۆن کەس دادەنێن، بەڵام چاوەڕێ دەکەین و دەبینین بزانین دەگاتە چەند.

کەشوهەوا

کەشوهەوای فیلادێلفیا کیشوەرییە، مانگەکانی وەرزی زستان سارد و مانگەکانی وەرزی هاوین گەرمن. ئەم شارە گەورەترین شاری پێنسیلڤانیایە و دەکەوێتە نێوان نیویۆرک و واشنتن، نزیکەی ٩٠ کیلۆمەتر لە کەناری ئەتڵەسییەوە دوورە. کەشوهەوای شارەکە هاوشێوەی کەشوهەوای نیویۆرکە، بەڵام کەمێک دوورترە لە دەریا، کەمێک کەمتر باراناوییە، كەمتر بەفراوییە و لە هاویندا کەمێک گەرمترە. تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانەی شارەکە لە نێوان ١٫٣ پلەی سەدی لە مانگی یەک تا ٢٥٫٦ پلەی سەدی لە مانگی تەمموزدایە. ساڵانە زیاتر لە ١٫١٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت.

شارەکە دەکەوێتە ناوچەیەک کە بارستەی هەوای جیاواز بەریەک دەکەون، بارستە هەوا ساردەکان کە لە کەنەداوە دێن و بارستە هەواییە گەرمەکان کە لە کەنداوی مەکسیکەوە دێن. لە ئەنجامدا کەشوهەوایەکی ناجێگیر، شەپۆلی کەشوهەوای خراپ و ڕۆژانی خۆرەتاو دروست دەبێت. بە هەمان شێوەش زۆرجار با هەڵ دەکات.

وەرزی زستان، لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا ساردە و تێکڕای پلەی گەرمی لە سەرووی پلەی بەستنەوەیە. دەشێت هەندێک جار کەش زۆر سارد بکات و پلەی گەرمی بۆ نزیکەی ١٠- بۆ ١٥- پلەی سەدی دەبەزێت. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٢١- پلەی سەدییە کە لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢ و لە کانوونی دووەمی ١٩٨٥ـدا تۆمارکراوە. بەفرێکی زۆر لەم شارەدا دەبارێت و هەندێکجاریش دەشێت لەڕادەبەدەر بێت، لە ئەنجامدا تۆفانی بەفری توند دروست دەبێت. لە ٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٩٦ـدا ٧٠ سانتیمەتر بەفر باری. ساڵانە بە تێکڕایی ٥٩ سانتیمەتر بەفر دەبارێت. لە کاتەکانی تردا، دەشێت با لە باشوورەوە هەڵ بکات و کەشی شارەکە مامناوەند بکات، لە ئەنجامدا پلەی گەرمی بۆ دەوروبەری ١٢ بۆ ١٥ پلەی سەدی بەرزبێتەوە.

وەرزی بەهار، لە مانگی ئازارەوە تا مانگی ئایار دەخایەنێت، کەشوهەوا بەردەوام ناجێگیر. لە مانگی ئازار و هەندێک جار لە سەرەتای مانگی نیساندا دەشێت بەفر ببارێت. بەڵام هەندێک جار لە مانگی نیساندا، دەشێت پلەی گەرمی بۆ زیاتر لە ٢٥ پلەی سەدی بەرز بێتەوە. لە مانگی ئایاردا تێکڕای پلەی گەرمی خۆش دەبێت، هەرچەندە هێشتا دەشێت ڕۆژانی فێنک یان کەمێک سارد و باراناوی هەبێت، لە کاتێکدا یەکەم شەپۆلی گەرما دەتوانێت پلەی گەرمی شارەکە بۆ سەرووی ٣٠ پلەی سەدی بەرز بکاتەوە.

هەروەها وەرزی هاوین لە مانگی حوزەیران تا ئاب دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا گەرم و شێدارە، بە تایبەت لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا. پلەی گەرمی لە دەوروبەری ٢٥ بۆ ٢٧ پلەی سەدیدایە و دەشێت ئەم پلەیە بەرز بێتەوە بۆ دەوروبەری ٣٠ پلەی سەدی. هەندێک جار، شەپۆلەکانی گەرما هەڵ دەکەن پلەی گەرمی دەگاتە ٣٦ بۆ ٣٨ پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٠٫٦ پلەی سەدییە كە لە مانگی تەممووزی ٢٠١١ـدا تۆمارکراوە.

وەرزی پاییز لە مانگی ئەیلوولەوە تا تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، کەشی شارەکە لە پاییزدا مامناوەندترە و کەمتر ناجێگیرە لە وەرزەکانی تر. لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، زۆرجار کەشوهەوا گەرم و شێدارە، پاشان بەخێرایی لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا کەش مامناوەند دەبێت و لە نیوەی دووەمی مانگی تشرینی دووەمدا ڕەنگە یەکەم ڕۆژی سارد دەست پێ بکات.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی فیلادێلفیا وەرزەکانی بەهار و پاییزە، بۆ ئەوەی لە هەردوو ساردی زستان و گەرمای هاوین دوور بکەویتەوە، بەتایبەتی مانگی ئایار و لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم. زۆرجار مانگی حوزەیران مانگێکی خۆشە، بەڵام هەندێک جار دەشێت گەرم بێت. لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، دەکرێت کەشوهەوا گەرم و شێدار بێت، بەڵام هێندەی ناوەڕاستی هاوین گەرم نییە. لە مانگی نیساندا هەندێک جار دەشێت کەشوهەوا سارد و ناجێگیر بێت، بەتایبەتی لە سەرەتای مانگدا، لە کاتێکدا نیوەی دووەمی مانگەکە بەزۆری مامناوەندە.


سەرچاوەکان



271 بینین