سابوونی ڕەقی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-08-22:11:00 - کۆدی بابەت: 10957
سابوونی ڕەقی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سابوونی ڕەقی یان سابوونی حەلەبی یان سابوونی غار (بە عەرەبی: صابون الغار یان صابون الحلبي، بە ئینگلیزی: Aleppo soap) جۆرە سابوونێکی سروشتییە و لە چەند جۆرە زەیتێکی ڕووەکی سروشتی نموونەی زەیتی زەیتوون و زەیتی گەڵای غار پێکهاتووە، جیاواز لە سابوون و پاککەرەوەکانی تر هیچ پێکهاتەیەکی کیمیایی لە پێکهاتەکەیدا نییە و هەستیاری دروست ناکات. سابوونی ڕەقی شێوەیەکی شەشپاڵویی مامناوەندی هەیە، هەروەها ڕەنگی سەوزێکی تێر یان قاوەییەکی تۆخی هەیە و خاوەن بۆنێکی نیمچەتیژە، بە گشتی بۆ گرنگیدان و پاککردنەوەی پێست و قژ بەکاردەهێنرێت.

مێژووی سابوونی ڕەقی

مێژووی دروستکردن و بەکارهێنانی سابوونی ڕەقی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵی پێش زایینی، لە بەڵگە مێژووییەکان دەرکەوتووە کە شوێنەواری دروستکردنی ئەم سابوونە بۆ ناوچەیەکی شاری حەلەبی وڵاتی سوریا دەگەڕێتەوە، هەر لەو ناوچەیەوە دروستکراوە و بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. هەندێک سەرچاوەی مێژوویی پشتراستیان کردووەتەوە کە تەنانەت لە سەردەمی کیلۆپاترا ئەم سابوونە هەبووە و خودی کیلۆپاترا سابوونی ڕەقی بەکار هێناوە.

پێکهاتەی سابوونی ڕەقی

سابوونی ڕەقی لە پێکهاتەی زەیتی سروشتی ڕووەکی دروستدەکرێت و سروشتییە، ئەو جۆرەی کە کوالێتییەکەی بەرز بێت هیچ پێکهاتەیەکی کیمیایی لە دروستکردنیدا بەکارناهێنرێت. زەیتی زەیتوون و زەیتی گەڵای غار لە دروستکردنی سابوونی ڕەقیدا دوو پێکهاتەی سەرەکین، هاوکات زەیتی ڕەشکە و زەیتی خورماش لە چەند جۆرێکی سابوونی ڕەقی بوونی هەیە، هەروەها هەندێک سابوونی ڕەقی ماددەی کیمیایی وەکوو سۆدیۆم و هایدرۆکسیدی سۆدیۆم لە دروستکردنیدا بەکاردەهێنرێت.
زۆرێک لە جۆرەکانی سابوونی ڕەقی بە شێواز و تەکنیکی سادە دروست دەکرێن، هەندێک جۆریش لە زەیتی زەیتوونێک دروست دەکرێت کە دووجار گوشینی بۆ کرابێت و بۆ ماوەی شەش مانگ کۆگا کرابێت و ڕەنگێکی سەوزێکی تۆخی هەیە.

شێوازی بەرهەمهێنانی 

سابوونی ڕەقی بە دوو شێواز و تەکنیک دروست دەکرێت، شێوازی یەکەم شێوازێکی نەریتی و سادەیە و بە کۆمەڵ و بە دەست و کەرەستەی سادە دروست دەکرێت، شێوازی دووەم بە پشت بەستن بە ڕێگای یەکەم لە کارگەکان بە بەکارهێنانی ئامێری سەردەمییانە دروست دەکرێت. 

بەهۆی ئەوەی سابوونی ڕەقی لە ڕۆنی زەیتی زەیتوون دروست دەکرێت بۆیە دروستکردنی سابوونی ڕەقی لە دوای ماوەی چنینەوەی زەیتوون دەست پێدەکات، خوێ و ڕۆنی گەڵای غاریشی پێویستە، هەموو پێکهاتەکان تێکەڵ دەکرێت و لەسەر ئاگرێکی گڕ کە پلەی گەرمییەکەی بەرز بێت دادەنرێت تاکوو گیراوەیەکی چڕ دروست دەبێت، ئەم قۆناغە بنەمای سەرکەوتنی کارەکەیە و پێویستی بە ئارامی هەیە، پێویستە پیکهاتەکانی لەدوای یەک تێبکرێت و بە بەردەوامی تێکبدرێت بکرێت تاکوو گیراوەکە چڕ دەبێتەوە، بۆ ماوەیەک بەجێدەهێڵدرێت تاکوو سارد دەبێتەوە و دوای ساردبوونەوە گیراوەکە لە قاڵبی شەش پاڵوویی بچووک دەکرێت و دەخرێتە بەر هەوا تاکوو یەکدەگرێ و پتەو و ڕەق دەبێت، سابوونەکان لەسەر یەک دادەنرێت بە شێوەیەک کە هەوا لە نێوانیاندا هەبێت، ئەم قۆناغە بە قۆناغی وشکبوونەوە ناسراوە و ماوەی شەش بۆ نۆ مانگ دەخایەنێت.

ڕەنگی سابوونی ڕەقی بەندە بە ڕێژەی پێکهاتەکانییەوە، ئەگەر بڕ و ڕێژەی زەیتی گەڵای غار لە پێکهاتەکەیدا زۆر بوو ئەوا سابوونەکە ڕەنگەکەی قاوەییەکی تۆخ دەبێت، ئەگەر بڕ و ڕێژەی زەیتی زەیتوون لە پێکهاتەکەیدا زۆرتر بوو، ئەوا ڕەنگی سابوونەکە سەوزێکی تێر دەبێت، سابوونی ڕەنگ قاوەیی کوالێتییەکەی باشترە و داواکاری زیاتری لەسەرە.

سوودەکانی بەکارهێنانی سابوونی ڕەقی

- سوودەکانی سابوونی ڕەقی بۆ پرچ

  • بەهۆی بوونی زەیت و چەوری سروشتی لە سابوونی ڕەقیدا سوودێکی زۆر بە قژ دەگەیەنێت بە تایبەتی بۆ ئەو قژانەی کە چەورن گرنگترین سوودەکانی بریتین لە:
  • سابوونی ڕەقی قژ پاک دەکاتەوە و لە پیسی و ڕۆنی کەڵەکەبوو ڕزگاری دەکات بەبێ ئەوەی زیان بە پێستی سەر بگەیەنێت.
  • یارمەتی بەهێزکردنی تاڵەکانی قژ دەدات و ڕێگری لە هەڵوەرینی قژ دەکات.
  • سابوونی ڕەقی هاوکارە لە دەرکەوتنی  قژێکی تەندروست و بریقەدار.
  • یارمەتی لەناوبردنی کڕێشکی سەر دەدات و خووران کەم دەکاتەوە و ڕێگری لە دروستبوونی هەستیاری دەکات.

- سوودەکانی سابوونی ڕەقی بۆ ڕووخسار

  • پێستی ڕووخسار لە پیسی و چەوری پاک دەکاتەوە و شێداری دەکات.
  • سابوونی ڕەقی پێستی ڕووخسار یەکسان دەکات و پەڵە ناهێڵێت و ڕێگری لە دەرکەوتنی زیپکە دەکات.

- سوودەکانی سابوونی ڕەقی بۆ پێست

  • سابوونی ڕەقی ڕێگری لە تووشبوون بە چەند نەخۆشییەکی پێست دەکات، نموونەی ئەگزیما و سەدەفی و دەرکەوتنی زیپکە.
  • بەهۆی ئەوەی زەیتی زەیتوونی تێدایە سابوونی ڕەقی یارمەتی هێشتنەوەی پێست دەدات بە شێداری ڕێگری لە وشکبوونەوەی پێست دەکات.
  • یارمەتی لابردنی چینی پێستی مردوو و دووبارە دروستکردنەوەی خانەکانی پێست دەدات، و بۆنێکی خۆش لەسەر جەستە بەجێ دەهێڵێت.
  • سابوونی ڕەقی گونجاوە بۆ پێستی منداڵان، بە تایبەتی ئەو منداڵانەی پێستیان هەستیارە.

- سوودەکانی سابوونی ڕەقی بۆ پێستی چەور

  • چونکە پێستی چەور ئەگەری زیاتری تووشبوونی بە زیپکە و خاڵە ڕەشەکان هەیە، بەکار هێنانی سابوونی ڕەقی یارمەتیدەرە لە ڕێگریگرتن لە دەرکەوتنی زیپکە و خاڵە ڕەشەکان، چونکە پێستەکە لە چەوری و بەکتریا و پیسی پاک دەکاتەوە کە هۆکاری  ئەو کێشانەی پێستن.

زیانەکانی بەکارهێنانی سابوونی ڕەقی

بە گشتی بەکارهێنانی سابوونی ڕەقی سروشتی تەندروستە، بەڵام ئەو جۆرانەی کە کوالێتییان نزمە و ماددەی کیمیایی لە پێکهاتەکەیدا بەکاردەهێنرێت زیانی هەیە، هەوەها چەند جۆرێکی پێستیش هەیە سابوونی ڕەقی پێناکەوێت، گرنترین زیانەکانی سابوونی ڕەقی بریتیین لە:

  • ئەو کەسانەی کە پێستیان زۆر وشکە یان قژیان وشکە زۆر پەسەند نییە ئەم جۆرە سابوونە بەکاربهێنن، چونکە ئەگەر بە ڕێژەیەكی زۆر بەكاربهێنرێت پێست و قژ زیاتر وشک دەکات و کێشەی تێکچوون و لاوازی پێست و هەڵوەرینی قژ دروست دەکات.
  • ئەو جۆرە سابوونە ڕەقییەی کە سۆدیۆم لە پێکهاتەکەیدا بەکارهێنراوە زیانی هەیە، لەکاتی بەکارهێنان و کارلێک کردن و تێکەڵ کردنی سابوونەکە لەگەڵ ئاو، لەکاتی بەکارهێناندا ژینگەیەکی تفت لەسەر پێستەکە یان قژەکە دروست دەکات و زیانیان پێدەگەیەنێت.

چۆنیەتی بەکارهێنانی سابوونی ڕەقی

بۆ پێستی چەور دەکرێت ڕۆژانە یەک جار یان دوو جار بەکاربهێنرێت، بەڵام بۆ پێستی وشک پێویستە بە شێوەیەکی سنووردار بەکاربهێنرێت چونکە زۆر بەکارهێنانی پێستەکە زیاتر وشک دەکات، هاوکات بۆ قژیش بەپێی پێویست بەکاردێت و بۆ قژی چەور بەکارهێنانی پەسەندترە، لەکاتی کارلێککردن و تێکەڵکردنی سابوونی ڕەقی لەگەڵ ئاودا کەفێکی کەم دروست دەکات.

چۆنێتی هەڵبژاردنی سابوونێکی ڕەقی کە کوالێتییەکی بەرزی هەبێت

سابوونی ڕەقی سروشتی هیچ ماددەیەکی کیمیایی لە پێکهاتەکەیدا نییە، لە سەدا سەد سروشتییە و لە زەیتی زەیتوون و زەیتی گەڵای غار دروستکراوە، چەند ڕێگایەک هەیە کە سابوونی ڕەقی کوالێتی بەرزی پێدەناسرێتەوە کە بریتین لە:

  1. بۆن: سابوونی ڕەقی کوالێتی بەرز بۆنێکی نیمچەتیژی سروشتی هەیە، بۆنی زەیتی زەیتوون و گەڵای غاری لێدێت.
  2. ڕەنگ: بە گشتی ڕەنگی سابوونی ڕەقی  کوالێتی بەرز تۆخ و تێرە، یان ڕەنگێکی سەوزی تۆخی هەیە یاخود ڕەنگێکی قاوەیی تێرە، ئەو سابوونە ڕەقییەی کە کوالێتییەکەی باش نییە ڕەنگەکەی زۆر کاڵە و هیچ بریقەیەکی نییە.
  3. کارلێککردنی لەگەڵ ئاودا: سابوونی ڕەقی کوالێتی بەرز بە ئاسانی لەگەڵ ئاودا تێکەڵ دەبێت و کاتێک ئاوی بەردەکەوێت ڕەنگەکەی بریقەیەک دروستدەکات، هاوکات کارلێککردن و تێکەڵبوونی سابوونی ڕەقی لەگەڵ ئاودا ئاسانە و کەفێکی کەم دروست دەکات، بە پێچەوانەوە سابوونی ڕەقی ئەگەر کوالێتییەکەی نزم بێت بە ئاسانی تێکەڵی ئاو نابێت و هیچ بریقەیەکیشی نییە.


سەرچاوەکان



1317 بینین