چاندنی بیبەری توون

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-24-23:14:00 - کۆدی بابەت: 11100
چاندنی بیبەری توون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی بیبەری توون یاخود بیبەری تیژ (بە ئینگلیزی: planting chili pepper، بە عەرەبی: زراعة الفلفل الحار)، هەزاران جۆر لە بیبەری توون هەیە کە شیاوی چاندنن و بە ئاسانی گەشە دەکەن، جیاوازیان هەیە لە ڕووی ڕەنگ، قەبارە، شێوە، تام لەگەڵ ڕێژەی توونییەکەیان، هەندێکیان زۆر تیژن هەندێکی تریان تامیان لە لیمۆ و میوەکان دەچێت، یاخود تامێکی هەیە کە تەنها تایبەتە بە خۆی و هیچ بەرهەمێکی تر ئەو تامەی نییە.  

پلەی توونی بە یەکەی سکۆڤیل پێوانە دەکرێت، ئەمەش تاقیکردنەوەیەکە لە ساڵی ١٩١٢ داهێنراوە، پێوانەی ئەو بڕە ئاوە دەکات کە پێویستە بۆ ڕوونکردنەوەی گیراوەیەکی بیبەری توون هەتاکوو مرۆڤێک لەکاتی تامکردنیدا هەست بە توونی نەکات، لە سەردەمی نوێدا ئەم تاقیکردنەوەیە لە ڕێگەی ئامێرەکانەوە ئەنجامدەدرێت، هەروەها چاندنی بیبەر لە ڕێگەی تۆوەکەیەوە کارێکی ئاسانە و لە هەردوو خاک و ئینجانەشدا گەشەدەکات، چەندین جۆر تۆوی هەیە کە خەڵکی بەگوێرەی خواستی خۆیان هەڵیدەبژێرن، هەموو جۆرەکانی تۆوەکان لە بنەڕەتدا لە پێنج جۆری سەرەکییەوە دروستبوون.

هەنگاوەکانی چاندن

  • بیبەر ئارەزووی کەشی شێدار دەکات، بۆیە باشترە لەماڵەوە هەر لە سەرەتای ساڵ و لەمانگی یەکدا بچێنرێت، بەڵام ئەگەر لە دەرەوە بچێنرێت دەبێت لە مانگی سێدا بچێنرێت.
  • لە گۆزەدا باشتر گەشەدەکات و دەکرێت لە نزیک پەنجەرەدا دابنرێت.
  • بەڵام ئەگەر لە دەرەوە بچێنرێت گرنگیپێدانی زۆری ناوێت.
  • لە قوڵاییەکی کەمدا دەچێنرێت بەڵام بۆ چەکەرە کردن و گەشەسەندن پێویستی بە وەرزێکی درێژخایەن هەیە.
  • کاتێک دەگاتە گەشەکردنی زۆر و درێژییەکەی دەبێتە نزیکەی ٢٠ سانتیمەتر باشترە بەشی سەرەوەی لێبکرێتەوە، بۆ ئەوەی شێوازی گەشەکردنەکەی وەک دەوەنێک بێت.
  • پێویستی بە ئاودانی زو زووە بەڵام بەڕێژەیەکی کەم.
  • بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی توونتر و تیژتر بێت، باشترە لە جێگەی گەرمدا بچێنرێت و زۆر بە کەمی ئاوبدرێت، هەروەها ماددەی بەپیتکەر بۆ خاکەکەی زیاد نەکرێت.
  • لە کۆتایی هاویندا بیبەرەکان پێدەگەن و ئامادە دەبن بۆ لێکردنەوە، بۆ ئەوەی تامێکی مامناوەندیان هەبێت دەکرێت بە سەوزی لێبکرێنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی توونبێت دەبێت چاوەڕێبکرێت هەتاکوو بە تەواوەتی پێدەگات.

شێوازی گرنگیپێدان

بۆ گەشەکردنی باش بیبەری توون پێویستی بە خاکێکی بەپیتە کە خەڵووز و ماددەی ڕزاوی تێدا نەبێت، جێگەکەی شیبووەوە بێت و ئاوەکەی بەباشی وشکببێتەوە و کەڵەکە نەکات، هاوشێوەی ڕووەکەکانی تر بیبەری توونیش تووشی نەخۆشی دەبێت بەهۆی مێروو و میکرۆبەکانەوە، سەرەتا پێویستە هەلومەرجی گونجاوی بۆ دابینبکرێت، دواتر بژار بکرێت و جێگەکەی جەنجاڵ نەبێت بەهۆی گژوگیا و ڕووەکی ترەوە، لەگەڵ ڕشتنی دەرمانی قڕپێکەر بۆ هەندێک لە نەخۆشییەکان.


سەرچاوەکان



195 بینین