هەوکردنی چاو

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-08-31-16:00:00 - کۆدی بابەت: 11174
هەوکردنی چاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەوکردنی چاو (بە ئینگلیزی; eye infection، بە عەرەبی; التهاب العين) هەوکردنی چاو نەخۆشییەکی چاوە کە بەهۆی وردەزیندەوەرەی وەک بەکتریا، ڤایرۆس یان کەڕوو کەسەکان تووشی دەبن. زۆربەی حاڵەتەکانی هەوکردنی چاو بە ناڕەحەتی چاو دەست پێدەکات، سووربوونەوە و خوران، هەندێک حاڵەت لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی بینین. زۆر گرنگە کە چاودێری تەندروستی بکەیت بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەواو و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.

هەوکردنی چاو زۆرجار دەبێتە هۆی سووربوونی چاوەکان، لەگەڵ دەرچوونی کێم و چڵک (شلەیەک لە ئەنجامی هەوکردنەوە دەردەدرێت) کە دەبێتە هۆی ئەوەی پێڵووی چاوەکان بلکێن بەیەکەوە. میکرۆبەکان دەبنە هۆی هەوکردن لە یەک یان هەردوو چاو. هەوکردنی ژێر پێڵووی چاو یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی هەوکردنی چاو.

ڤایرۆسەکان دەبنە هۆی زۆربەی حاڵەتەکانی هەوکردنی ژێر پێڵووی چاو، بە هەمان شێوە بەکتریاکانیش دەتوانن ببنە هۆی هەوکردنی ژێر پێڵووی چاو. بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بە دژە بەکتریاکان چارەسەری هەوکردنی ڤایرۆسی چاو بکرێت، چونکە دژە بەکتریاکان تەنها کار لەسەر بەکتریاکان دەکەن.

هەوکردنی چاو کە لە چاوێک یان لە هەردوو چاو ڕوودەدات. هەندێک لە هەوکردنەکان جدی نین و مەترسی دروستناکەن، هەندێکی دیکەیان نەخۆشییەکی لەناکاون کە لەوانەیە ببنە هۆی لەدەستدانی بینین. هەوکردنی چاو دەتوانێت بە نزیکەیی کاریگەری لەسەر هەر بەشێکی چاو  هەبێت، دەکرێت هەوکردنی چاو لە بەشی پێڵووی چاو بێت یاخود بیلبیلەی چاو یانیش بەشە دەرەکییەکانی تری چاو.

هەوکردنی چاو چەنێک باوە؟

هەوکردنی چاو یەکێکە لە هەوکردنە باوەکان و ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن کەس تەنها لە ئەمریکا دەچنە نەخۆشخانەکان یان ئەو نەخۆشخانانەی کە پزیشکی چاوی لێیە بەهۆی کێشەی چاوەکانیانەوە. هەروەها زۆربەی حاڵەتەکانی هەوکردنی چاو بۆ ئەو کەسانە ڕوودەدات کە هاوێنەی بەرکەوتنیان بۆدانراوە بە مەبەستی پزیشکی بێت یاخود جوانکاری.

باوترین هەوکردنەکانی چاو

  • هەوکردنی پێڵووی چاوەکان
  • هەوکردنی ڕیشاڵەکانی بەستەرە شانەی چاو
  • هەوکردنی فرمێسکە ڕژێنەکان (هەوکردنی ڕژێنی فرمێسکەکان کە دەکرێت ڕووبدات کاتێک جۆگەی فرمێسکەکان دادەخرێن و ناتوانن بە شێوەیەکی دروست فرمێسک دەربدەن.)
  • هەوکردنی ڕەنگێنەی چاو
  • سیسکەوسەڵا (هەوکردنێکی پیسی لێواری پێڵووی چاوە)
  • هەوکردنی ترێ (ڕەشێنە و تەنە برژنگدارەکەی چاو)
  • هەوکردنی ناوەوەی چاو

نیشانەکان

نیشانەکانی هەوکردنی چاو چین؟

چاوێکی تووشبوو لەوانەیە جیاواز بێت یان هەست بە جیاوازی بکات بەراورد بە چاوی ئاسایی. نیشانە سەرەتاییەکانی هەوکردنی چاو دەکرێت ئەمانەی تێدا بێت:

  • سووربوونی چاو
  • هەستیاربوون و خورانی چاو
  • ئازاری چاو
  • ئاو داهاتنی چاو
  • هەڵئاوسانی چاو

نیشانەکانی دواتری هەوکردنی چاو دەکرێت بریتیبن لە:

  • دەرکردنی دەردراوێک لە چاوەکانەوە (دەردراوێکی رەنگ زەرد کە پیسی تێدابێت).
  • بەیەکەوە نووسانی برژانگەکان بەهۆی دەردانی دەردراوێکەوە لە چاوەکان.
  • هەستیاری بۆ ڕووناکی (فۆتۆفۆبیا)
  • بینینی ناڕوون
  • تا

هۆکارەکان

چی دەبێتە هۆی هەوکردنی چاو؟

دەکرێت هەوکردنی چاو لە بەکتریا و کەڕوو (کەڕووی تاک خانە و کەڕووی فرە خانە)، مشەخۆر و ڤایرۆسەوە وەربگیرێت. ئەم زیندەوەرانە دەتوانن بە چەندین ڕێگای جیاواز بچنە ناو چاوەکانەوە، بۆ نموونە لەڕێی برینی چاوەکانەوە دەکرێت ئەو وردەزیندەوەرانە بچنە چاوەکانەوە. یەکێک لە باوترین ڕێگاکان بۆ تووشبوون بە هەوکردنی چاو بریتییە لە خەوتن بە هاوێنەی بەرکەوتنەوە (عەدەسە). هەروەها هەوکردنی چاو ئەکرێت ڕووبدات کاتێک هاوێنەکان بە باشی پاک ناکرێنەوە.

کام بەکتریایانە دەبێنە هۆی هەوکردنی چاو؟

هەردوو بەکتریای گرام نەرێنی و گرام ئەرێنی (Gram positive and gram negative) دەتوانن ببنە هۆی هەوکردنی چاو. بەکتریای گرام نەرێنی بەکتریایەکە کە  کارمەندان ناتوانن لەکاتی تاقیکردنەوەی بۆی گرامدا بیبینن هەرچەندە لە کاتی چاندنی بەکتریا لەسەر میدیا دەتوانرێت بدۆزرێنەوە. هەرچی بەکتریای گرام ئەرێنیە لە تاقیکردنەوەیەکی بۆیەی گرامدا دەبینرێت. هەندێک لە بەکتریا باوەکانی هۆکاری هەوکردن لە چاودا بریتین لە:

  • بەکتریای چیلکەیی (Bacillus)
  • بەکتریاکانی ڕیخۆڵە (Enterobacteriaceae)
  • بەکتریای ئەنفلۆنزای هیمۆفیلۆس (Haemophilus influenza)
  • بەکتریای مۆراکسێلا (Moraxella)
  • بەکتریای نیسێریا گۆنۆریا (Neisseria gonorrhoeae)
  • بەکتریای سیودۆمۆنیا ئەیرۆجینەس (P. aeruginosa)
  • بەکتریای ستافیلۆکۆکەس ئەوریەس (S. aureus)
  • بەکتریای ستریپتۆکۆکەس نیومۆنیا  (S. pneumoniae)

کام ڤایرۆسانە دەبێنە هۆی هەوکردنی چاو؟

  • ڤایرۆسی هێرپس سیمپلیکس جۆری ۱ (Herpes simplex type 1)
  • ڤایرۆسی ڤاریسیلا زۆستەر (Varicella zoster virus)
  • ڤایرۆسی ئەدینۆ (Adenovirus)

کام جۆرە کەڕووانە دەبنە هۆی هەوکردنی چاو؟

کەڕووەکانی سەر بە جۆرەکانی کاندیدا دەبنە هۆی نزیکەی ٦٦٪ی حاڵەتەکانی هەوکردنی ناوەوەی چاو کە دوای نەشتەرکاری گواستنەوەی کۆرنییە ڕوودەدات. هەروەها دەکرێت تووشی هەوکردنی کەڕوو بیت دوای نەشتەرکاری ئاوی سپی. دەکرێت تووشی هەوکردنی چاو بیت ئەگەر برینی چاوت هەبێت بەهۆی شتێکەوە لە دەرەوە، وەک دارێک یان ڕووەکێک کە بە کەڕووی فوساریۆم پیس بووبێت. هەروەها دەتوانیت تووشی هەوکردنی چاو بیت کە بەهۆی هەوکردنی لوولەکانی خوێن بە کەڕووەوە ڕوودەدات.

دەستنیشانکردن و پشکنین

هەوکردنی چاو چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

لەوانەیە کەسەکان بتوانن خۆیان بزانن کە ئایا هەوکردنی چاویان هەیە یاخود نا، بەڵام باشتر وایە ڕاوێژ بە کارمەندانی چاودێری تەندروستی بکەن پاشان سەردانی پزیشکی پسپۆڕی چاوەکان بکەن. کارمەندانی تەندروستی ئەوان مێژووی پزیشکی وەردەگرن، پرسیار دەکەن دەربارەی نیشانەکانی هەوکردن و پشکنینی تەواوی چاو ئەنجام دەدەن. هەروەها دەتوانن هەر دەردراوێک کە لە چاوەکانەوە دەردەچێت وەریبگرن بۆ ئەوەی بینێرن بۆ تاقیگە و پشکنینی پێویستی بۆ ئەنجام بدەن.

بەڕێوەبردن و چارەسەر

هەوکردنی چاو چۆن چارەسەر دەکرێت؟

چارەسەری هەوکردنی چاو پشت دەبەستێت بەوەی چی بووەتە هۆی هەوکردنی چاو. لەوانەیە دەرمانی دژە تووشبوون بە شێوەی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت لەوانە دژە بەکتریا، دژە ڤایرۆس و دژە کەڕوو، هەروەها دەرمانەکان بە شێوەی جیاوازیش وەک دڵۆپی چاو، دەرمان یان حەب هەن. بە شێوەیەکی ئاسایی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر دەخایەنێت بۆ ئەوەی دەرمانەکانی دژە بەکتریا کار بکەن. لەوانەیە پێویست بکات ڕێگە بە هەوکردنی ڤایرۆسی یان هەستیاری بدرێت کە خۆیان تێپەڕن بێ چارەسەری، بەڵام دەکرێت بۆ ئاسودەیی زیاتر ئەم چارەسەرانەی ماڵەوە بۆ پاراستنی چاوەکان ئەنجامبدرێت:

  • بەکارهێنانی پەستانی گەرم یان سارد بۆ ئەوەی چاوەکان هەست بە باشتربوون بکەن.
  • بەکارهێنانی دڵۆپەکانی چاو (فرمێسکی دەستکرد).
  • بەکارهێنانی زیاد لە پێویست (OTC) ئازار لابەرەکان.
  • دوورکەوتنەوە لە هۆکاری هەستیاری کە بووەتە هۆی هەوکردنی چاوەکان.

خۆپاراستن

چۆن ڕێگری لە هەوکردنی چاو بکەم؟
لەوانەیە نەتوانرێت ڕێگری لە هەموو هەوکردنی چاو بکرێت، بەڵام دەتوانرێت هەنگاو بنرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی. لەو هەنگاوانەش بریتین لە:

  • دڵنیابوونەوە لەوەی کە ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکرێن لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی هاوێنەی چاو، چۆنیەتی پاککردنەوەیان و ماوەی لەو چاو کردنیان.
  • بەکارهێنانی ئامێری پاراستنی چاو لە کاتی کارکردن یان بەشداریکردن لە وەرزش.
  • دوورکەوتنەوە لەو هۆکاری هەستیارییانەی کە چاوەکان بێزار دەکەن و دەرمانی هەستیاری وەربگیرێت بۆ ڕێگریکردن لە وروژانی چاوەکان.
  • دوورکەوتنەوە لەو کەسانەی کە نەخۆشن.
  • پاکوخاوێنی دەست بە باشی ڕابیگیرێت بەتایبەتی بەر لە دەستبردن بۆ چاوەکان.
  • هاوبەشی پێنەکردنی بابەتەکانی وەک خاولی یان میکیاجی چاو، یان هەر شتێک کە بەر چاوەکان دەکەون لەگەڵ کەسانی دیکە.

پێشبینییەکان

چی چاوەڕێ دەکرێت کاتێک کەسێک نەخۆشی چاوی هەبێت؟
هەوکردنی چاو بەهۆی هەستیارییەوە گواسراوە یان مەترسیدار نییە بۆ ئاستی بینین. هەروەها پێویست ناکات کەسێک هەستیاری هەبێت خۆی لە کەسانی تر بپارێزیت. بەڵام کاتێک هەوکردنەکە بەهۆی وردەزیندەوەرەکانەوەی وەک بەکتریا، ڤایرۆس و کەڕووەوە بێت دەکرێت بڵاو ببێتەوە بۆیە پێویستە لەکاتی بوونی ئەم هەوکردنانە خۆت بەدووربگریت لە کەسانی دیکە هەتا ئەو کاتەی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە دەکەیت و چارەسەری تەواو وەردەگریت. هەندێک لە هەوکردنەکانی چاو مەترسیدارن بۆ بینین، وەک ئەوانەی بەهۆی برینەکانی چاو و هەوکردنی بیلبیلەی چاوەوە ڕوودەدەن. بۆیه باشتر وایه پەیوەندی به پزیشکێکی پسپۆڕەوه بکەیت بۆ ئەوەی تەندروستی چاوەکان هەڵسەنگێنێت. پسپۆڕان دەزانن چی دەبێتە هۆی هەوکردنی چاو و بەمەش دەزانن چۆن چارەسەری بکەن.

ژیان لەگەڵ هەوکردنی چاو

کەی پێویستە چاودێری تەندروستی ببینیت بەهۆی هەوکردنی چاوەوە؟
ئەگەر هەستیاریت هەبێت، لەوانەیە بە هەستیاری چاوەکانت بەرامبەر ڕووناکی، تیشکی خۆر یان خوێندنەوە و هەر شتێکی تر ئاشنا بیت. بەڵام بیرۆکەیەکی باشە کە سەردانی پزیشک بکەیت دەربارەی هەر نەخۆشییەکی چاو کە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی، ئازار، بوونی دەردراو یان کێشە لە بینین.

بێگومان پێویست بە یارمەتی دەستبەجێی پزیشک دەکات لە کاتی بوونی برینەکانی چاو. لە هەندێک حاڵەتدا، پێویست بە چارەسەر دەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەندێک هەوکردنی چاو کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینین. سەرەڕای چینەکانی پاراستنی چاو، بەڵام هێشتا چاوەکان لاوازن بۆ نەخۆشی، برینی چاو و نەخۆشییە سیستەماتیکییەکان (کە تووشی هەموو جەستە دەبن) دەکرێت ببنە هۆی لاوازکردنی زیاتری کەسەکان بەرامبەر بە هەوکردنی چاو.

هەرچەندە لەوانەیە زۆر کەس ئەزموونی هەستیاری و سووربوونەوەی چاوەکانیان بکەن بەڵام گرنگە کە سەردانی چاودێری تەندروستی بکەن و دەستنیشانی هۆکاری کێشە و هەستیارییەکەیان بکەن. چونکە هەنێک هەستیاری چاو هەیە ئەکرێت کێشەی جدی دروستبکەن ئەگەر بەبێ چارەسەر بەجێبهێڵدرێن. هەروەها ئەو کەسانەی هاوێنەی بەرکەوتن بەکاردەهێنن پێوستە زۆر زیاتر وریا بن بەرامبەر چاوەکانیان.


سەرچاوەکان



801 بینین