بڕیاردان لەکاتی تووڕەیی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-09-08-21:01:00 - کۆدی بابەت: 11240
بڕیاردان لەکاتی تووڕەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەرییەکانی توڕەیی لەسەر بڕیاردان، تووڕەیی و بڕیاردان یان چۆن تووڕەیی دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیاردانت هەبێت؟ (بە ئینگلیزی: How Can Anger Effect Your Decision Making، بە عەرەبی: كيف يمكن للغضب ان يؤثر علی قراراتك؟) بڕیاردان لەکاتی توڕەبووندا ئاماژەیە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن یان بڕیار لەکاتێکدا تووشی تووڕەیی توند یان پەشۆکاوی لایەنی سۆزداری دەبیت. بە شێوەیەکی بەرفراوان دان بەوەدا دەنرێت کە بڕیاردان لە کاتی توڕەییدا دەتوانێت کێشەدار بێت و ڕەنگە ببێتە هۆی دەرئەنجامە نەخوازراوەکان.

تووڕەیی هەستێکی بەهێزە و زۆرجار زاڵبوون بەسەریدا سەختە، هەستێکی باوە کە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەست و سۆزە نەرێنییەکانی ترە وەکوو بێزاری، دڵتەنگی و نائارامی. کاتێک تووڕە دەبین دەکرێت بیرکردنەوەمان بشێوێنێت و بڕیاری کتوپڕ بدەین، کە ئەمەش زۆرجار پەشیمانی بەدوادا دێت. 

کاریگەری لەسەر چۆنیەتی کاردانەوەمان لە بەرانبەر کەس و شتەکانی دەوروبەرمان هەیە، هەر بۆیە لە توانای بڕیارداندا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. ئەگەر لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆتدا بیت و پەلە نەکەیت دەتوانیت بڕیاری گونجاوتر بدەیت و کەمتر پەشیمان بیت. 

کاریگەرییەکانی توڕەیی درێژخایەن

توڕەیی کە بە بەردەوامی ئەزموون دەکرێت، تەنانەت لە بارودۆخە کەم بایەخەکانیشدا دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر بڕیاردانت و تەندروستی جەستەیی و تەندروستی دەروونیت هەبێت.

ئەو کەسانەی تووڕەن کاردانەوەیان جیاوازترە لەو کەسانەی هێمنن، بەم شێوەیە ئەو هەڵبژاردنانەی دەیکەن جیاوازن. لە کاتی درێژخایەندا ئەو کەسانەی بەدەست تووڕەیی بەردەوامەوە دەناڵێنن، لەسەر بنەمای نەرێنی هەستەکانیان بڕیاردەدەن. 

یەکێکی تر لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی تووڕەبوون تەندروستی جەستەییە، ئەو کەسانەی بە بەردەوامی تووڕەن تووشی سەرئێشە و بەرزی پەستانی خوێن دەبن، هەست دەکەن جەستەیان هەمیشە گرژ بووە و ڕەنگە تووشی کێشەی پێست ببن وەکوو ئەکزیما و هەرس نەکردن.

لە لایەکی ترەوە ئەو کەسانەی کە بە باشی ئاگاداری ئەو مەترسیانەن کە تووڕەیی دروستی دەکات و خۆیان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا دەهێڵنەوە، کەمتر تووشی کێشەی تەندروستیی جەستەیی دەبنەوە.

هاوکات تووڕەیی دەتوانێت کاریگەری قووڵی لەسەر تەندروستیی دەروونی هەبێت، ئەو کەسانەی ناتوانن جڵەوی تووڕەیی خۆیان بکەن، لەوانەیە تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی ببن. لە کاتێکدا هەست بە توڕەیی دەکەن بێهیوا دەبن، چڕی هەستەکان وا دەکات خەوتنیان قورس ببێت و ئارەزووی خواردنیان لەدەست بدەن، ئەمەش لەبەرانبەردا کاریگەری لەسەر تەندروستیی جەستەیی هەیە. 

چۆن کۆنتڕۆڵی بڕیارەکانت بکەیت لەکاتی توڕەیی؟

توڕەیی دەتوانێت کاریگەری درێژخایەنی لەسەر باشی ژیانت هەبێت، بەتایبەتی کاتێک باس لە بڕیاردان دەکرێت. لە ژیاندا ڕووبەڕووی چەندین بژاردەی گەورە و بچووک دەبینەوە. دەبێت بە وریاییەوە هەڵبژاردنەکانمان بکەین چونکە داهاتوومان دیاری دەکات. کاتێک توڕەیت هەوڵ بدە بڕیار مەدە چونکە کاریگەری لەسەر بڕیاردانت دەبێت، بەڵکوو چاوەڕێ بکە ئاسایی ببیتەوە. 

فێربە چۆن توڕەیی خۆت بەڕێوەببەیت و خۆت لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵیتەوە. لێرەدا ڕێگاکانی کۆنتڕۆڵی توڕەیی دەخەینەڕوو:

هەناسەی قووڵ هەڵبمژە

هەناسەدانی قووڵ یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ هێمن بوونەوە لەو کاتەی کە تووڕەیت. ڕۆیشتنی ئۆکسجین بەرەو مێشک زیاد دەکات و دەمارەکانت ئارام دەکاتەوە، ڕێگە بە دەروونت دەدات پاک ببێتەوە و توانای بیرکردنەوەت بەشێوەیەکی ژیرانە زیاتر دەکات. دەتوانیت هەر یەکێک لەو تەکنیکانەی هەناسەدان کە دەزانیت بەکاربهێنیت و کاتێک هەستت بە ئارامیی کرد، دواتر بڕیارەکانت بدەیت. 

یەکێک لەو تەکنیکانەی هەناسەدان کە دەتوانیت پەیڕەوی بکەیت ئەوەیە کە هەنگاوێک لە بارودۆخەکە دوور بکەویتەوە و چاوەکانت دابخەیت و بە قووڵی هەناسە بدەیت. بیهێنە بەرچاوت بۆنی گوڵێک دەکەیت. بۆ چەند ساتێک هەناسەت ڕابگرە، پاشان هێواش هێواش هەناسە بدە. ئەمجارەیان بیهێنە بەرچاوت کە مۆمێک دەکوژێنیتەوە. دوای چەند هەناسەیەکی قووڵ تێدەگەیت کە هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکەیت.

دوورکەوەرەوە

ڕێگایەکی تر کە دەتوانیت لەو کاتەی تووڕەیت پەیڕەوی بکەیت ئەوەیە لە بارودۆخەکە دوور بکەویتەوە، هەندێک کات بە خۆت بدە بۆ بیرکردنەوە، ئارامگری و خۆڕاگری. دوورکەوتنەوە مەرج نییە کە لەڕووی جەستەییەوە دووربکەویتەوە، دەکرێت بەو واتایەش بێت کە بێدەنگ بیت یان بیرکردنەوەت بەرەو لایەکی تر ببەیت. کاتێک بە تووڕەیی بۆ ماوەیەک دادەنیشیت و ڕێگە بە مێشکت دەدەیت کە بە شێوەیەکی ئاقڵانەتر کار بکات. ئەمەش ڕێگەت پێدەدات زیاتر وریا بیت لەوەی کە جارێکی تر تووڕە بیت کاردانەوەت چۆن بێت و چۆن بڕیار بەشێوەیەکی ڕوون بدەیت. 

قسەکردن لەگەڵ خود

قسەکردن لەگەڵ خود و دووپاتکردنەوەی وشەی ئەرێنی کاریگەری لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ تووڕەیی هەیە. ئەگەر هەستت بە توڕەیی کرد ئەوا دەبێت هەوڵبدەیت ئارام بیت بە خۆت بڵێیت "ئاساییە"، "دەتوانم ئەمە بکەم"، "دەتوانم خۆم کۆنتڕۆڵ بکەم" و چەندان قسەی ئەرێنی تر. ئەمەش ڕێگەت پێدەدات خۆت لە گەرمبوون لەسەر دۆخەکە سەرقاڵ بکەیت و سەرنجت لەسەر لایەنی ئەرێنیتر بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

لە ڕێگەی قسەکردن لەگەڵ خۆت دەتوانیت ڕێگری لە نیشاندانی شەڕانگێزی جەستەیی یان زارەکی بکەیت و بەم شێوەیە ڕێگری لە ئەگەری ئازاردانی کەسانی دەوروبەرت دەکەیت. کاتێک توانیت خۆت ئارام بکەیتەوە، ئەوە دەتوانیت ڕوونتر بیربکەیتەوە و چارەسەری تر بۆ کێشەکەت بدۆزیتەوە.

تێڕامانی قووڵ و ڕاهێنان

ئەگەر هەست بە تووڕەیی بەردەوام دەکەیت، تێڕامانی قووڵ (مێدیتەیشن) و یۆگا یارمەتیدەرن بۆ ئارامکردنەوەت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هۆرمۆنەکانی هەستکردن بە باشی لە جەستەتدا دەردەکەن و بەرپەرچی ئەو توڕەییە دەدەنەوە کە بڕیارەکانت تێک دەدەن.

دەتوانن گوێ لە هەر یەکێک لە چەندین مێدیتەیشنی ڕێنمایی کراو بگرن کە بە شێوەی ئۆنلاین لە پلاتفۆرمەکانی وەک یوتیوب بەردەستن. لە ڕێگەی ئەم ڤیدیۆیانە فێردەبیت کە مێشکت ڕابهێنیتەوە و توانای ئەوەی پێبدەیت ڕێگەی تەندروستتر فێربێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەستە سەرسەختەکانی وەک توڕەیی. ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە دەبێت خۆت سەرقاڵ بکەیت بە هەندێک ڕاهێنانی بەڕێوەبردنی تووڕەیی بۆ ئەوەی مێشکت سەرقاڵ بێت و تووڕەییە بەهێزە لەدەست بدات.

قسە بۆ کەسێک بکە

پەرە بە پەیوەندیکردنەکانت بدە و قسە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکە کە دەتوانن لە ڕێکخستنی باشتری تووڕەییتدا هاوکارت بن و هێمنت دەکەنەوە، کاتێک دۆخێک بێزار و تووڕەت دەکات، هەمیشە یارمەتیدەرە کە لەگەڵ کەسێکی نزیک لە خۆت قسە بکەیت جا هاوڕێ، هاوبەشی ژیان یان خێزانەکەت بێت. قسەکردن ڕێگەت پێدەدات بێزارییەکانت لە ناختدا دەربهێنیت و بە ڕوونی بیربکەیتەوە. تەنانەت ڕەنگە بە هەندێک ئامۆژگاری باشیش بکرێیت، لە کاتی قسەکردندا خۆت باشتر بیت و زیاتر بارودۆخەکان ببینیت.

هەروەها دەتوانیت توڕەییەکەت بەڕێوەببەیت بە قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسەی کە ڕەنگە کێشەت لەگەڵیدا هەبێت. لەجیاتی ئەوەی بەسەریاندا تووڕەببیتەوە، دەتوانیت دابنیشیت و گوێ لە لایەکی تری چیرۆکەکەیان بگرێت. ئەمە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بزانیت کە تۆ زیادەڕەوییت لە کاردانەوەت کردووە و بۆچوونەکەیان ڕەوایە. کاتێک دیدێکی جێگرەوەت دەستکەوت، دەتوانیت بڕیارێکی باشتر بدەیت.

خولی بەڕێوەبردنی تووڕەیی هەڵبژێرە

ئەگەر هەست دەکەیت تووڕەییەکەت بەردەوامە و بەردەوام لە ڕێگەی پرۆسەی بڕیاردانتدایە، ئازادانە دەستت بۆ یارمەتی درێژ بکە. یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ ئەم مەبەستە ناو تۆمارکردنە لە پۆلەکانی بەڕێوەبردنی توڕەیی ئۆنلاین. ئەم پۆلانە بە تایبەتی بۆ ئەوە دانراون کە یارمەتیت بدەن لە بەرەنگاربوونەوەی توڕەییەکەت و ئامۆژگاری بەسوودت پێبدەن بۆ ئەوەی خۆت لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆتدا بمێنیتەوە.

ئەنجام

تووڕەیی هەستێکی باو و ئاسایی مرۆڤە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەنەبرێت، دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی و هەروەها توانای بڕیاردانت هەبێت. 

چەندین ڕێگە هەیە کە دەتوانیت لە ڕێگەیەوە تووڕەیی خۆت لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵیتەوە. هەندێک لە کاریگەرترین ئامۆژگارییەکان کە دەتوانیت پشتیان پێ ببەستیت بریتین لە هەناسەدانی قووڵ، قسەکردن لەسەر خۆت و ناو تۆمارکردن لە خولەکانی بەڕێوەبردنی توڕەیی ئۆنلاین.


سەرچاوەکان



393 بینین