ڕێگاکانی گفتوگۆ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-16-15:09:00 - کۆدی بابەت: 11296
ڕێگاکانی گفتوگۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێگاکانی گفتوگۆ (بە ئینگلیزی: Methods of discussed، بە عەرەبی: طرق و اساليب مناقشه)، یەکێکە لەو ڕێگا پێشکەوتووانەی کە لە وتنەوەی بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاردەهێنرێت، هاندەرێکی باشە بۆ چالاککردنی فێرخواز و بزواندنی بیرکردنەوەی، لەم ڕێگایەدا مامۆستا پێویستی بە ڕۆشنبیرییەکی گشتی هەیە، چونکە زۆرجار گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک بابەت دەکرێت کە سەردەمیین. 

سوودەکانی ڕێگای گفتوگۆ 

١- بوار دەڕەخسێنێت بۆ ئەنجامدانی کاری بە کۆمەڵ بەرپرسیارێتی گشتی لە بەرانبەر ئامانج لە وانەی خوێندن. 
٢- قوتابی سەربەست و ئازاد دەکات لە قسەکردن و شەرمنی و دوورە پەرێزی ڕزگاری دەکات. 
٣- فێرخواز دەبێتە ناوەند و گرنگیپێدان لەم ڕێگایەدا، ئەمەش لەگەڵ ئاڕاستە و بۆچوونە نوێیەکانی پەروەردەدا دەگونجێت. 
٤- پاڵنەر لای فێرخواز زیاد دەکات، گەشە بە لایەنی مەعریفی و هزری فێرخواز دەدات لە ڕێگەی خوێندنەوە و ئامادەباشی بۆ گفتوگۆ. 
٥- وا لە قوتابیان دەکات کە ڕێز لە بیر و بۆچوونی یەکتر بگرن و لە تواناکانی یەکتر شارەزا بن. 
٦- بیری ڕەخنەگری لای قوتابیان پەرە پێدەدات و ئەوەیان بۆ ئاشکرا دەبێت کە بۆچوونی تایبەتی و پابەند بە هەڵچوون هیچ بەهایەکی نییە و بێ سوودە. 
٧- گیانی لێبوردەیی لە ناخی قوتابیدا دەچێنێت و تێدەگات کە ڕاستی لایەنی جۆراوجۆری هەیە.

٨- مامۆستا لە ڕێگەی گفتوگۆوە لە لایەنەکانی کەسێتی قوتابی بە ئاگا و شارەزا دەبێت، لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت ئەو قوتابیانەی گیانی سەرکردایەتیان تێدایە دەستنیشان بکرێن بۆ سەرکردایەتیکردنی گروپەکانیان. 
٩- وتنەوەی وانە بەم ڕێگایە پشت دەبەستێت بە چۆنیەتی زانیاری نەک چەندێتی. 
١٠- دەرفەتێکە بۆ خۆ فێرکردنی قوتابی و گەڕان بە دوای زانیاریدا. 
١١- وا لە تاک دەکات کە بڕوا بەخۆی پەیدا بکات لە بەدەستهێنانی مەعریفە نەک هەمووی وەرگیراو بێت و لە سەرچاوەی دەرەکییەوە بێت. 

لایەنە لاوازەکانی ڕێگای گفتوگۆ

١- قۆرغکردنی گفتوگۆ لەلایەن کۆمەڵێکی کەم لە فێرخوازان. 
٢- کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە هەندێک جار گفتوگۆ لە بابەت و مەبەست دەردەچێت. 
٣- زۆر بەشداریکردنی مامۆستا دەبێتە هۆی زاڵبوونی مامۆستا بەسەر گفتوگۆکردنەکە و کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک جار دەبێتە هەژموونکردن لە نێو پۆلی خوێندن. 
٤- لە کاتی چاودێریکردن و ئاڕاستەکردنی گفتوگۆ کاریگەری مامۆستا لە وانەوتنەوەدا لاواز دەبێت. 
٥- گرنگیپێدانی مامۆستا و فێرخواز بە ڕێگا و شێوازی وانەوتنەوەکە وا دەکات ئامانجی وانە و بابەتی گفتوگۆ فەرامۆش بکرێت.

گفتوگۆ پۆلێن دەکرێت بۆ چەند بەشێک

١- گفتوگۆی کورت: ئەم گفتوگۆیە بۆ شیکردنەوەی هەندێک چەمک و زاراوەی نێو بابەتی پڕۆگرام بەکاردێت. 
٢- گفتوگۆی درێژ: لێرەدا گفتوگۆ لە چوار چێوەی بابەت و کێشەیەکی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت. 
٣- گفتوگۆی نێوان قوتابیان: ئەم گفتوگۆیە بە سەرپەرشتی مامۆستا بەڕێوە دەچێت بۆ بابەت و کێشەیەکی گونجاو. 
٤- گفتوگۆی نێوان مامۆستا و قوتابی: لێرەدا مامۆستا دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ قوتابیەکانی بۆ شیکردنەوەی کۆمەڵێک چەمک و بنەڕەتی بابەیە کۆمەڵایەتییەکان و دەرخستنی ڕاستییەکان. 

شێوازەکانی گفتوگۆ 

کۆڕ

لەم شێوازەدا کۆمەڵێکی بچوک لە قوتابی کە ژمارەیان لە ٦ قوتابی زیاتر نەبێت لە بەرانبەر پۆلەکە لە شێوەی نیو بازنەیی دادەنیشن و ئەگەر سیفەتی سەرکردە لە قوتابیەکاندا هەبێتبدادەنرێن وەکو سەرپەرشتیاری گروپ و ئەم ئەرکانەی پێ دەسپێردرێت:

  • خستنەڕووی بابەتی گفتوگۆ بۆ قوتابیانی پۆلەکە. 
  • ئاڕاستەکردنی پرسیار بۆ ئەندامانی کۆڕەکە، کە پەیوەندی بە باسەکەوە هەیە. 
  • دۆزینەوەی جۆرێک لە هاوسەنگی و گونجاندنی لە نێوان بیروڕاکاندا کە خراونەتە ڕوو، ئەگەر قوتابییەک نەبوو بەم ئەرکە هەستێت ئەوا باشتر وایە مامۆستا بەم کارە هەستێت. 

پاشان دەرگای پرسیار بۆ قوتابیان دەکرێتەوە، لە لایەن ئەندامانی کۆڕ وەڵام دەدرێتەوە، پاشان سەرپەرشتیاری گروپەکە لە کۆتاییدا پوختەی ئەنجام و بیر و ڕاکان کە ئەندامی کۆڕ بەست پێی گەیشتوون دەخاتە ڕوو. 

گفتوگۆی دووانی

لێرەدا دوو قوتابی هەڵدەستن بە ئەنجام گەیاندنی ئەم گفتوگۆیە یەکەمیان پرسیار ئاڕاستە دەکات و داوای وەڵام لە دووەم دەکات، زۆرجار ئەم گفتوگۆیە مۆرکێکی دەمەقاڵێی پێوە دیارە، هەر بۆیە زۆرجار لە کێشە و بابەتە خێراکاندا بەکاردەهێنرێت.

گفتوگۆی کراوە لە نێوان مامۆستا و قوتابیەکانی

گفتوگۆی کراوە لە نێوان مامۆستا و قوتابیەکانی بۆ هەندێ بابەت و وانەی تایبەت کە پێویستی بە تێگەیشتن و بیر و ڕای زۆرینە هەیە.

پێداویستییەکانی گفتوگۆی سەرکەوتوو

١- پێویستە بابەتی گفتوگۆ بە بەها و گونجاو بێت لەگەڵ ئاستی قوتابیان و قۆناغی فێرکاریدا.

٢- پێویستە قوتابیان لە مەبەستی گفتوگۆ بگەن و بۆیان ڕوون بکرێتەوە، ئەگەر نا لە گفتوگۆیەکی ڕێکخراوەوە سەردەکێشێت بۆ گفتوگۆی بێ مەبەست و ئامانج. 
٣- پێویستە قوتابیەکان ئامادەبکرێن بۆ بابەتی گفتوگۆ، بۆ ئەوەی بیر و ڕاکانیان بە ڕستەی زانستی پاڵپشتی بکەن. 
٤- لە پێداویستییەکانی گفتوگۆی سەرکەوتوو ڕێزگرتنە لە بیر و ڕای یەکتر. 
٥- ماوەی گفتوگۆ گونجاو بێت لەگەڵ بابەتی گفتوگۆ و تەمەنی قوتابیان. 
٦- پێویستی بە مامۆستایەکی شارەزا و بە توانا هەیە. 
٧- هاندانی قوتابی بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ. 

گفتوگۆ پێویستە بەم قۆناغانەدا بڕوات

١- دانانی پلانی گفتوگۆ (ئامادەکردنی بابەت، دانانی ئامانج).
٢- شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی. 
٣- هەڵسەنگاندنی گفتوگۆ. 


سەرچاوەکان



1045 بینین