مەبەست چییە لە یارییە ڤیدیۆییە دەروونییەکان؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-16-23:20:00 - کۆدی بابەت: 11302
مەبەست چییە لە یارییە ڤیدیۆییە دەروونییەکان؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مەبەست چییە لە یارییە ڤیدیۆییە دەروونییەکان؟ (بە عەرەبی: ما المقصود بألعاب الفيديو النفسية؟، بە ئینگلیزی: What is meant by psychological video games?) یارییە ڤیدیۆییە دەروونییەکان یاخود یارییە ڤیدیۆییە هزرییەکان ژانەرێکی تایبەتی یاری ڤیدیۆیین کە ناوبانگێکی زۆریان هەیە لە جیهانی یاری ڤیدیۆییدا، ئەم یارییانە بە شێوازێک دیزاین کراون کەوا کاربکەنە سەر هەستەکانی یاریزانان و لەبری تۆ یاری بکەیت، یارییەکە یاری بە تۆ دەکات! 

پێناسەی یارییە دەروونییەکان

شارەزایان بەم جۆرە پێناسەی یارییە دەروونییەکان دەکەن: ئەو یارییانە دەگرێتەوە کە چیرۆکی یارییەکە و ڕووداوەکانی یارییەکە یاری بە هەستەکانی کەسی بەکارهێنەر دەکەن و ترس دەخەنە دڵ و دەروونی بەکارهێنەرەوه و کەشێکی تایبەتی بۆ دروست دەکات. 

بۆچی زاراوەی دەروونی دانراوە بۆ ئەم ژانەرە؟ 

پسپۆڕانی دەروونزانی پێیان وایە یارییە دەروونییەکان جیاوازن لە هەر یارییەکی تری ڤیدیۆیی، چونکە یارییە ڤیدیۆییە دەروونییەکان یاری بە دەروون دەکات، بۆ نموونە "بە ڕێڕەوێکدا تێپەڕدەبیت لە نێو خانوویەکدا کە جنۆکە و ڕۆحیانەتی خراپی تێدایە لە کۆتایی ڕێڕەوەکە دەرگایەک هەیە یارییەکە دەڵێت دەست بنێ بەم دوگمەیەدا بۆ ئەوەی بۆ پێشەوە بڕۆیت بەڵام تۆ هەر ناگەیتە ڕێڕەوەکە، ژوورەکەش دەسووڕێتەوە لە بەر چاوتدا، کاتێک ئاوڕ دەدەیتەوە بۆ پشتەوە هیچ شتێک نییە مایەی سەرنجدان بێت بەڵام کاتێک بۆ پێشەوە دەچیت ڕێڕەوەکە بە دەوری خاڵێکدا دەسووڕێتەوە." یاخود "لە یەکێک لە زنجیرە یارییە دەروونییەکان بە ناوی Layers of fear کە سێ بەشی هەیە لە ڤێلایەکدایت کە لە پڕ مۆسیقایەک دەکەوێتە کار یاخود پیانۆ ئیش دەکات، یان شتێک دەکەوێت یان ئاوڕ بۆ دواوە دەدەیتەوە دەرگایەک دەردەکەوێت کە پێشتر لێی نەبووە یان گڵۆپ دەکوژێتەوە و دادەگیرسێتەوە" بۆیە ئەم ڕووداوانە وادەکات تۆ وەکو یاریزان یارییت پێ بکرێت لە بری ئەوەی یاری بکەیت.

سوودی یارییە دەروونییەکان 

پسپۆڕانی دەروونی دامەزراوەی APA پێیان وایە ئەم یارییانە سوودیان زۆرە، گرنگترین سوودەکانیش: 

  • یارییە دەروونییەکان دڵەڕاوکێ ناهێڵن. 
  • یارییە دەروونییەکان چارەسەرن بۆ فشاری دەروونی و توڕە بوون و هەڵچوون.
  • یارییە دەروونییەکان چارەسەرن بۆ ئەو کەسانەی فۆبیایان هەیە یان لە ئەنجامی ترس تووشی حاڵەتی نەخوازراو دەبنەوە. 
  • یارییە دەروونییەکان ژیری زیاد دەکەن ئەگەر بە خشتە و ڕێنمایی بەکاربێن. 
  • بەپێی توێژینەوەکان بێت یارییە دەروونییەکان بۆ یادگە و بەهێزبوونی یادگە سوودیان هەیە، چونکە زۆرێک لەم یارییانە لە ناو خانوویەکی گەورەی چۆڵکراودان و تۆ تاکە کەسی کە لەم ماڵەدایت، جا دەبێت شوێنەکان بناسیتەوە چونکە یارییە ئاڕاستەت ناکات بەڵکو خۆت دەگەڕێیت و شت کۆدەکەیتەوە. 

ئایا یارییە دەروونییەکان ژانەری سەربەخۆن؟
 

یارییە ڤیدیۆییەکان هاوشانی بەرهەمە چاپکراوەکان و بەرهەمە سینەماییەکان پێکدێت لە ژانەری جیاواز، بۆ نموونە (ئەکشن، سەرکێشی، ئەکشن/سەرکێشی، تەقەکەری کەسی یەکەم، تەقەکەری کەسی سێیەم، وەرزشی، پێشبڕکێ، ترسناک، جەنگی، ئیندی، ترسناک، زیندوو مانەوە، ترسناک/زیندوو مانەوە، ستراتیجی، مەتەڵ، ئۆنڵاین، خێزانی، دەروونی، زانستی، پەروەردەیی، زانستی/خەیاڵی، ڕۆڵ بینین، خەیاڵی تاریک، مێژوویی، تاوانکاری، جیهان کراوە، و چەندین ژانەری تر) ئەوەی گرنگە ئایا ژانەری دەروونی وەک ژانەرێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت یاخود تێکەڵەی ژانەری ترە؟ 
زۆرێک لە شارەزایانی بواری یاری ڤیدیۆیی بەتایبەتیش دەرهێنەرەکان لە دیمانەکانیان لەگەڵ ڕۆژنامەکان و پێگە ئەلکترۆنییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کەوا ژانەری دەروونی سەربەخۆ نییە، بەڵکو تێکەڵەی چەند ژانەرێکە وەکو (ترسناک، زیندوو مانەوە، زۆرجار ئەکشن و سەرکێشی) بە گشتی تێکەڵەی ژانەری ترسناک و زیندوو مانەوەیە. 
ئەمەش وا دەکات یارییەکە کەشێکی تایبەت دروستبکات و یاریزان بخاتە ڕێژەیەکی زۆری ترس و دڵەڕاوکێ تا بەسەر ترسدا زاڵ ببێت. 
نموونە زنجیرە یاری Outlast کە سێ بەشه، لە بەشی یەکەمدا ڕۆژنامە نووسێک دەچێتە ناو نەخۆشخانەیەکی داڵدەدانی نەخۆشییە دەروونییەکان تا نهێنییەکانی ئاشکرا بکات لەم نەخۆشخانەیەدا ڕووداوەکان ئاسایین بەڵام بوونی بوونەوەرە دروستکراوەکان کە پێیان دەگوترێت Boss Fight وا دەکەن یارییەکە لە دەروونییەوە ببێتە ترسناک، هەروەها تاریکی شوێنەکە و گەڕان بەناویدا لە ڕێگەی کامێرایەکی ڤیدۆیی وا دەکات دڵڕەواکێت هەبێت چونکە پاترییەکەی تەواو دەبێت و دەبێت وریای بیت بۆیە ناکرێت ئەم ژانەرە وەکو ژانەرێکی سەربەخۆ لێی بڕوانرێت بەڵکو یەک گرتنی سێ ژانەرە کە ئەوانیش (دەروونی، ترسناک، زیندوو مانەوە).

ئایا یارییە دەروونییەکان زیانی تەندروستییان هەیە؟ 

کۆمەڵەی APA لە توێژینەوەکانیدا بە جیا باسی سوود و زیان دەکات، لە زیانەکانی یارییە دەروونییەکان دەڵێت: 

  • ئەو کەسانەی دۆخی دەروونییان جێگیر نییە شیاوی ئەوە نین ئەم یارییانە بکەن و زیانی تەندروستی بۆیان هەیە. 
  • ئەوانەی هیمۆفۆبیایان هەیە "ترس لە خوێن" شیاو نییە ئەم یارییانە بکەن، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە دیمەنی قێزەونی تێدایە کە کاریگەری خراپی لەسەر لێدانی دڵ و تێکچوونی دۆخی تەندروستییان دەبێت.
  • ئەوانەی بەهۆی مۆسیقای ترس دڵەڕاوکێیان تووش دەبێت و دیمەنی ترس لە بەر چاویان دروست دەبێت، نموونە وەک ئەوەی هەست دەکەن کەسێک دەیەوێت ئازاریان بدات، شیاوی ئەوە نین بۆ ئەم یارییانە. 
  • ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە وەک بەرزی فشاری خوێن، نابێت ئەم یارییانە بکەن چونکە بەهۆی دیمەنە ترس ئامێزەکان و دەروونییەکان فشاری خوێنیان زیاد دەکات
  • ئەوانەی ترسیان لە تاریکی هەیە و ناتوانن زاڵبن بەسەریدا گونجاو نییە یارییە دەروونییەکان بکەن چونکە بەشی زۆری یارییە دەروونییەکان تاریکی زاڵە بە سەریدا.

نموونەی ناوبانگترین یارییە دەروونییەکان

  • Alan Wake
  • The Cat Lady
  • Catherine (video game)
  • Deadly Premonition
  • Detroit: Become Human
  • Fahrenheit (2005 video game)
  • Get Even (video game)
  • Hidden Agenda (2017 video game)
  • Hotline Miami
  • Kane & Lynch 2: Dog Days
  • Layers of fear
  • Manhunt
  • Ōkami Kakushi
  • Outlast
  • Outlast 2
  • The Outlast Trials
  • Sanitarium
  • Transference
  • Twin Mirror
  • We Happy Few


سەرچاوەکان



301 بینین