جیاوازی نێوان فرۆشتن و بازاڕگەری

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-17-23:16:00 - کۆدی بابەت: 11318
جیاوازی نێوان فرۆشتن و بازاڕگەری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جیاوازی نێوان فرۆشتن و بە بازاڕکردن (بە عەرەبی: الفرق بين البيع والتسويق، به ئینگلیزی: The difference between selling and marketing) لە دونیای بازرگانیدا دوو چەمکی زۆر گرنگ هەن ئەوانیش فرۆشتن و بە بازاڕکردنن، کە گرنگی خۆیان هەیە لە چالاکییەکانی ناساندن و بە دەست هێنانی پارە و داهات بۆ دامەزراوەکان. 

فرۆشتن چییە؟ 

فرۆشتن لە زاری شارەزا و پسپۆڕەکانی ئابووری بریتییە لەوەی تۆ کاڵایەک تەنها بۆ قازانج و بەدەست هێنانی پارە دەفرۆشیت. یاخود لە ناوەندێکی ئاسایی بژێوی ژیانت دابین دەکەیت لە ڕێگەی ئەو کاڵایانەی دەیکڕیت و بە هاوڵاتیانی دەفرۆشیتەوە. 
نموونە: فرۆشیارەکانی بازاڕە میلییەکان، فرۆشگا ئاساییەکانی جلوبەرگ لەناو بازاڕ، یاخود سەوزە و میوە فرۆشەکان، ئەمانە نموونەی فرۆشیارن کە کاڵایەک هەیە دەیکڕن و بە مەبەستی قازانجی خۆیان بە شتێک داهات دەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتیان. 

ئامڕازەکانی فرۆشتن 

  • لە فرۆشتندا ڕێگایەکی کلاسیک بەکاردێت لە بازاڕە میلییەکان ئەویش بە زاراوەی ئابووری پێی دەگوترێت Telling and Selling واتا فرۆشیار لە ڕێگەی ئاخاوتن کڕیار ڕادەکێشێت تا کاڵاکە بکڕێت. بۆ نموونە کاتێک کاڵاکان هەرزان دەکرێن دوو کاڵای هەمان چەشن بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێت یان دەڵێت سێ دانە هەڵگرە و پارەی دوو دانە بدە. ئەم ڕێگایە لە بازاڕە میلییەکاندا باوە. 
  • لەم بازاڕانەدا نرخەکان دیارینەکراون بۆ نموونە کاڵایەک بە ١٠ هەزار دینارە کڕیار و فرۆشیار دەتوانن نرخەکە بگۆڕن بەپێی ڕێکەوتنی نێوانیان، سەرەڕای ئەوەی کاڵاکە نووسراوە داشکاندنی بۆ کراوە بەڵام کڕیار دەتوانێت نرخەکە بگۆڕێت. فرۆشیاریش ئامانجییەتی ئەم کاڵایە بفرۆشێت و پارەی دەستکەوێت بۆیە زۆر جار هەیە کە نرخەکە زیاتر دادەبەزێنێت. 
  • شێوازی ڕیکلام کردن لەم یەکە بازرگانییەدا تەنها بۆ قازانج و بەدەست هێنانی پارەیە، کە لە بازڕارگەریدا ڕیکلام واتایەکی تری هەیە. 

بازاڕگەری چییە؟ 

فلیپ کۆتلەر کە دانەری فەلسەفەی بە بازاڕکردنە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بە شێوازی سەرمایەداری لە پێناسە کردنی بەبازاڕکردن دەڵێت: بەبازاڕکردن بریتییە لە پڕۆسەی دروستکردنی بەهاداری کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک بۆ ڕازی کردنی بەکاربەر و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزی درێژخایەن لەگەڵیدا. 
بە بازاڕکردن بریتییە لە گەڕان بە دوای ویست و ئارەزووی بەکاربەران تا کاڵا و خزمەتگوزارییەکی بەهادار لەلایان دروست بکەیت لە ڕێگەی توێژیەنەوە و هەڵسەنگاندن. 
نموونە: جاران هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ڕێگەی کێبڵەوە بوو یان لە ڕێگەی شەپۆل کە دەبوو وەرگرێکی بۆ دابنرێت جا تا لە ناوەندی سەرەکی دوورتر بایە ئەوا خاوتر بوو. دواتر کۆمپانیاکان بیریان کردەوە شتێکی بەهادارتر پێشکەش بکەن هەستان بە گۆڕینی وەرگر بۆ فلاش کە بەکارهێنەر لە هەر شوێنێکی شارەکەی بایە دەیتوانی بەکاری بهێنێت. دواتر ئەمەش گۆڕدرا بە سیم کارد، لەم سەردەمەدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا شێوازێکی پێبکەوتووتر پێشکەشکراوە لە هەر شوێنێکی ئەو وڵاتە بیت لە ڕێگەی هەژماری بانکییەکەت و تۆمارکردنی زانیارییەکانی ناسنامە یان پاسپۆرت دەتوانیت یەکەی هێڵی ئینتەرنێت بکڕیت بێ ئەوەی هیچ ئامێرێک یان سیم کاردێکی کۆمپانیاکەت هەبێت! 
ئەمەش شێوازی بەبازاڕکردنە کە لە میانەی پڕۆسەیەکدا شتێک دەخەیتە ڕوو بەهای هەبێت لای بەکاربەر، ڕەنگە تۆ بە درێژایی مانگ هێڵی ئینتەرنێتت نەوێ ڕەنگە بۆ کاتژمێرێک کارت پێی بێت ئەوەندە یەکە دەکڕی کە تا کاتژمێرێک کارەکانت ڕایی بکات. 
بە بازاڕکردن دروست کردنی پەیوەندی بەهێزی درێژخانەیە لەگەڵ کڕیاردا، کە هەر جارێک سەردانی کرد کەسێکی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. 

ئامڕازەکانی بازاڕگەری

  • لە بازاڕگەریدا، فرۆشیار ناڵێت کاڵاکەم لێ بکڕە، بەڵکو دەڵێت شتێکی بەهادارت پێشکەش دەکەم کە سوودی لێ ببینیت و ئاسوودەییت پێ بدات. بۆ نموونە دەتەوێت لە یەکەیەکی نیشتەجێبوون یەکە بکڕیت بەڵام دوو دڵیت، پێت دەڵێت گەر بە دوای شتێکی بەهادار دەگەڕێیت بۆ ژیانت کە ئاسوودەیت پێ بدات و دوور بیت لە کێشەکانی گەڕەکە میلییەکان و کێشەی دەنگە دەنگت هەیە و ناتوانی بە ویستی خۆت پشوو بدەیت یەکەیەکت بۆ پێشنیار دەکەم بە نرخێکی گونجاو هەموو ئەم کێشانە چارەسەر دەکات. 
    ئەم جۆرە ئاخاوتنە دروستکردنی بەهادارییە لای بەکاربەر تا یەکە نیشتەجێ بوونەکە بکڕێت تەنها لە ڕێگەی وروژاندنی بابەتی کێشەکانی کەسەکە گەر لە گەڕێکێکدا ژیان بەسەر ببات و چارەسەری کێشەکانی ئەگەر یەکەکە بکڕێت. 
  • بە بازاڕ کردن بۆ براندەکان گەیاندنی کاڵاکانیانە بە دەستی بەکاربەر لە ڕێگەی دابەشکارەکانیان. بۆ نموونە لە بواری پیشەسازی یاری ڤیدیۆیی چەند مانگێک پێش بڵاوبوونەوەی یارییەکە لە ڕێگەی تیزەر، ترایلەر، پۆستەر، نووسینی لید لەسەر باڵەخانەکان یارییەکە بە شێوەی پڕۆمۆ "promo" دەناسێنن کە بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکرێت بەڵام کاتێک دەوترێ ئەم یارییە بەبازاڕکردنی بۆ دەکرێت، بریتییە لە پڕۆسە لۆجستیکی کە گواستنەوەی دیسکی یارییەکەیە لە کۆمپانیاوە بۆ هەموو جیهان.
  • لە ڕیکلامەکاندا باسی ئەوە ناکرێت کاڵاکە بکڕە، بۆ نموونە کۆمپانیاکانی مۆبایل سازی، هەرگیز ناڵێن مۆبایلەکە بکڕە یان ئاماژە بە نرخ نادەن بەڵکو تایبەتمەندییەکان نیشان دەدەن کە لای کڕیار بەهایان هەیە وەکو بیرگە، پاتری، کامێرا، ئاسایشی مۆبایلەکە، ئەم شتانە لای کڕیار واتا و بەهایان هەیە بۆیە ئەمانە نیشان دەدرێن تا سەرنجت ڕابکێشن.

گرنگترین جیاوازییەکانی نێوان فرۆشتن و بازاڕگەری

  • لە ڕووی میتۆدەوە فرۆشتن تەنها بۆ دەستکەوتنی داهاتە بەڵام بە بازاڕکردن بۆ دروستکردنی بەهایە. 
  • لە فرۆشتندا کڕیار مەرج نییە بگەڕێتەوە بۆ لات، بەڵام لە بە بازاڕکردندا بەکاربەر پەیوەندی لەگەڵت بەهێز دەبێت و خەڵکانی تر هاندەدات بێن سەردانت بکەن. 
  • لە فرۆشتندا بیر لە ویست و ئارەزووی کڕیار ناکرێتەوە، فرۆشیار هەرچییەک بفرۆشێت دەڵێت پێداویستی ڕۆژانەیە. بەڵام کەسی بەبازاڕکار وا بیردەکاتەوە بە درێژایی ژیانت سوود لەم بەرهەمە دەبینیت بۆیە هەوڵ دەدات شتێکی بەهادارت پێشکەش بکات. 
  • لە فرۆشتندا بیر لە ڕازیبوونی کڕیار ناکرێتەوە کە تا چەند دڵخۆش دەبێت و ڕازی دەبێت، بەڵام لە بازاڕکاریدا گرنگی بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بەکاربەر دەدرێت. بۆ نموونە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاتێک قسە لەگەڵ تیمی هاوکاری دەکەیت دواتر فۆڕمێکت بۆ دەنێرن و داوای هەڵسەنگاندنت لێ دەکەن کە کارمەندی سەرهێڵ چۆن بووە لەگەڵت. 
  • لە ڕیکلامەکاندا لە شێوازی فرۆشتن نرخ باڵادەستە کە نرخ وا لە کڕیار دەکات ڕوو لە فرۆشگایەکە بکات یاخود ئۆفەرەکان زیاتر خەڵکی هان دەدات کاڵایەکە بکڕن. بەڵام لە شێوازی بە بازاڕکردندا لە ڕیکلامدا تەنها تایبەتمەندی و شێوازی بەرهەمەکە دەخرێتە ڕوو بێ ئەوەی بڵێ بیکڕە، هەندێ جار بە دروشمێکی گشتی کاڵایەکە نیشان دەدرێت. 


سەرچاوەکان



2687 بینین