یان ماردێنبۆرۆ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-10-02-22:48:00 - کۆدی بابەت: 11395
یان ماردێنبۆرۆ

ناوه‌ڕۆك

 

سەرەتا

یان ماردێنبۆرۆ (بە عەرەبی: جان ماردنبورو، بە ئینگلیزی: Jann Mardenborough) یان ماردێنبۆرۆ شۆفێرێکی پیشەگەری ئۆتۆمبیلە خێرایەکانە. لە دایکبووی وڵاتی بەڕیتانیایە. سێیەم لاوترین براوەی ئەکادمیای GT کە لە کۆی ٩٠ هەزار بەشداربوو توانی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت. هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنانی دوبەی ٢٤ کاتژمێری بەدەستهێناوە لە پای شوفێری کردن بۆ کۆمپانیای نیسان. 

یان ماردێنبۆرۆ بە جیاواز دەبینرێت لە هەر شۆفێرێکی تری ئۆتۆمبیلە خێرایەکان، چونکە پێشتر لە ئەکادیمیا نەیخوێندووە بەڵکو لە ڕێگەی یاری ڤیدیۆیی Gran Turismo کە بە بەکارهێنانی سوکان و تاقمی گێڕ و پارچەکانی تر بۆ ئامێری پلەیستێشن یاخود ئارکێد لە سەنتەرەکانی یاری ڤیدیۆیی ئەزموونی شۆفێری کردنی بەدەست هێناوە. جگە لەوە بووە بە براوەی پێشبڕکێی ٢٤ کاتژمێری Le Mans لە فەڕەنسا لەگەڵ دوو هاو تیمی تری.

زانیارییە گشتییەکان

ناو یان ماردنبۆرۆ
پیشە شۆفێری ئۆتۆمبیلە خێرایەکان
نەتەوە بەڕیتانی
بەرواری لە دایکبوون ٩ی ئەیلوولی ١٩٩١
تەمەن ٣٢ ساڵ
شوێنی لەدایکبوون دارلینتۆن - دارهام کانتری - ئینگلتەرا

ژیانی تایبەتی

یان ماردێنبۆرۆ لە دارلینتۆن لە ٩ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووە. کوڕی یاریزانی تۆپی پێ "ستیڤ ماردێنبۆرۆ"یە. زۆربەی کاتەکانی منداڵی لە کاردیف بەڕێ کردووە. ماردێنبۆرۆ لە تەمەنی گەنجیدا بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکانی زنجیرە یاری ڤیدیۆیی Gran Turismo ناوی دەرکردبوو. لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ فیلمێک لە بارەی ژیانی تایبەتی و سەرەتای ژیانی پیشەیی بەناوی Gran Turismo پەخش کرا کە ئارکی مادویک ڕۆڵی یان دەبینێت. خودی یان ڕاوێژکاری بەرهەمهێنانی فیلمەکە بووە تا بە شێوازێکی نموونەیی و بەهێز بڵاوبکرێتەوە.

ژیانی پیشەیی

سەرەتای ژیانی پیشەیی

یان ماردێنبۆرۆ ئاماژەی بەوەداوە هەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ ئۆتۆمبیل هەبووە. لە تەمەنی پێنج بۆ شەش ساڵیدا حەزی دەکرد ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە شۆفێری ئۆتۆمبیلە خێرایەکان بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە. بەڵام باری دارایی خێزانەکەی ڕێگر بوون لەوەی بچێتە ئەکادیمیای مۆتۆڕسپۆڕت تا ببێتە شۆفێری پێشبڕکێ. نەشیان دەزانی کێ بکەنە سپۆنسەر بۆ کارەکانی. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا دەستی کرد بە کردنی یاری ڤیدیۆیی لەسەر ئامێری پلەیستێشن ١ بەتایبەتیش یاری "گران توریزمۆ" بەم جۆرە هەوڵیدەدا ئەگەر تەنانەت نەبێتە شۆفێرێکی ڕاستەقینە بتوانێت لە یاری ڤیدیۆیی ژانەری وەرشی و پێشبڕکێ ببێتە یاریزانێکی پیشەگەر. یان دەچوو بۆ لای هاوڕێیەکی بە نۆرە یارییان دەکرد. دواتر بووە شتێکی هەمیشەیی لەسەر کونسوڵی پلەیستێشن دوو و سێ بەردەوام ئەم یارییەی دەکرد بە بەکارهێنانی سووکان و پایدەری خێرایی و برێک و گێڕ که ئەمەش یاریزانە پێشکەوتووەکان سوودی لێ دەبینن.

ساڵی ٢٠١٠ چووە زانکۆ بۆ خوێندنی ئەندازیاری مۆتۆرسپۆرت بەڵام دوای سێ هەفتە وازی هێنا بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە پرسیاری بیرکاری لە وانەکانی. هاوڕێیەکی پێشنیاری بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکی ئەکادیمیای GT بۆ دەکات لە یاری Gran Turismo 5 ئەویش بەمە ڕازی دەبێت کە بەشداری بکات. پێشبڕکێیەکە بۆ ئۆتۆمبیلی Nissan GT بوو لە کۆی ٩٠ هەزار بەشداربوو توانی لە ٢٠ براوەی یەکەم بێت لەسە ئاستی وڵاتی بەڕیتانیا و دواتریش لە قۆناغی کۆتایی دەبوو بە ٢٠ خولەک براوە بێت بەڵام ئەو بە هەشت چرکە پێشبڕکێیەکەی بردەوە و بووە براوەی خەڵاتی ئەکادیمیای نیسان جی تی. ڕاستەوخۆ دوای ئەوە کۆمپانیای نیسان گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ کرد. 

ماردێنبۆرۆ دەڵێت: بەر لەم پێشبڕکێیە هەرگیز ئۆتۆمبیلی خێرا و ئاست بەرزم لێ نەخوڕیوە و یاری درەگ ڕەیسیشم نەکردووە.

خولی ڕاهێنان لە ئەکادیمیای جی تی

دوای بردنەوە، یان ماردێنبۆرۆ چووە ئەکادیمیای Nissan GT بۆ وەرگرتنی خولی ڕاهێنان و بەرزکردنەوەی کارامەیی. لەم خولەدا گاڵتەی زۆر پێ دەکرا چونکە بە شێوازی یاری ڤیدیۆیی شۆفێری دەکرد، ڕاهێنەرەکەی پێی دەگوت ئەمە جیهانی ڕاستییە یاری ڤیدیۆیی نییە، بەڵام یان ماردێنبۆرۆ هەر بەم چەشنە بەردەوام بوو تا کۆتایی ڕاهێنانەکانی و چوونە ناو پێشبڕکێی نێودەوڵەتی. 

پێشبڕکێ نێودەڵەتییەکان

ئەکادیمیای نیسان ئۆتۆمبیلی Nissan 370Z GT4 یان پێدا بۆ پێشڕکێ لە مەیدانی ٢٤ کاتژمێری دووبەی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ بەهاوبەشی لەگەڵ هاوڕێیانی ئەکادیمیا "لوکاس ئۆرۆنێز، جۆردان تریسن و برایەن هیتکۆتەر" پلەی سێیەمیان بەدەست هێنا.

ساڵی ٢٠١٢ جگە لە دووبەی "یان" بەشداری لە British GT Championship و Nissan GT-R GT3 بەیەکەوە کرد لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی "ئالێکس بانکۆمب" و پێشبڕکێیەکانی بردەوە بە تێکڕای گشتی شەشەم بوو لەسەر ئاستی وەرزەکە.

پێشبڕکێی فۆرمۆلا وەن

ساڵی ٢٠١٣ یان چووە پێشبڕکێی فۆرمۆلا وەن کە بە پێشبڕکێی ئۆتۆمبیلە زۆر خێراکان ناسراوە. یان بۆ تۆیۆتا پێشبڕکێی کرد لە نیوزلەندا و پلەی دەیەمی بەدەست هێنا. کاتێک گەڕایەوە ئەورووپا بەشداری کرد لە Carlin Motorsport و FIA European Formula Three Chamionship و هەروەها British Formula 3 Championship دوای یەک وەرز ماردێنبۆرۆ پەیوەندی کرد بە Arden International بۆ پێشبڕکێی 2014 GP3 SERIES SEASON و لەگەڵ Red Bull Junior Team گرێبەستی واژۆ کرد بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکات لە پێشبڕکێدا و لەو پێشبڕکێیەدا کە لە ئەڵمانیا سازکرا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا. هەروەها پێوانەی خێراترین Lap بەدەستهێنا.

پێشبڕکی ٢٤ کاتژمێری

ساڵی ٢٠١٣ بە هاوبەشی لەگەڵ لوکاس ئۆردۆنێز و مایکڵ کروم بە لێخوڕینی ئۆتۆمبیلی Zytek Z11SN-Nissan بۆ Greaves Motorsport توانیان لە پێشبڕکێی Le Mans 24 hours پلەی سێیەم بەدەست بهێنن و بە تێکڕاش نۆیەم بوون لەسەر ئاستی وەرز.

لە هەمان ساڵدا پێشبڕکێی SPA 24 HOURS ی کرد لەگەڵ وۆڵف گەنگ ڕێیپ، لوکاس ئۆردۆنێز و پیتەر پیزێرا و پلەی سێیەمیان بەدەست هێنا.

ساڵی ٢٠١٤ لە پێشبڕکێی OAK Racing پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا و نۆیەم بوو به تێکڕا بە لێخوڕینی ئۆتۆمبیلی Ligier-Nissan LMP2.

ڤیستیڤاڵەکان

ساڵی ٢٠١٤ بەشداری لە ڤیستیڤاڵی Goodwood بۆ خێرایی کرد. لەم ڤیستیڤاڵەدا ماردێنبۆرۆ پێوانەی خێراترینی بە ئۆتۆمبیلی چەشنی supercar تۆمار کرد کە جۆری ئۆتۆمبیلەکەی Nismo Nissan GT-R بوو.

وەرزی ٢٠١٥ Carlin

لەم ساڵەدا چووە کڵاسی Carlin و بەردەوام بوو لە GP3 لەم وەرزەدا لە پلەی پێنج براوەی یەکەم بوو و بەتێکڕاش لە پێنج براوەی یەکەم بوو، ١٤ پێشبڕکێی بردەوە. 

لە وەرزی ٢٠١٥ بەشداری Le Mans 24 hours کردەوە بە ئۆتۆمبیلی GT-R LM Nismo و یەکەم بوون لەگەڵ هاوتیمەکانی.

ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو

لە بەرواری ٢٨ی ئاداری ٢٠١٥ لە مەیدانی نۆربۆرینگی ئەڵمانیا بەهۆی خێرایی زۆر ئۆتۆمبیلەکەی لەسەر تاسەیەک چوو بەهەوادا و چووە دەرەوەی مەیدانەکە و چەند جارێک لە هەوادا سووڕایەوە کە بەهۆی ئەم ڕووداوە کامێرامانێک گیانی لە دەستدا و خۆشی بریندار بوو. دوای ئەم ڕووداوە بێئومێد بوو لە ژیان و وەڵامی پەیوەندی کەسی نەدەدایەوە، ڕۆژێک سەرۆکی ئەندازیارانی Nissan GT دەیباتەوە بۆ مەیدانی نۆڕبۆرینگ و پێی دەڵێت: گەر دەتەوێت وازبهێنیت کەس تۆی بیرنامێنێت، بەڵام بەردەوام بوونت وا دەکات مێژوو تۆمار بکەیت. شۆفێری ڕاستەقینە تا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ نەبێت نابێتە شۆفێر. 

ژیانی پیشەیی تەواوەتی لە یابان ٢٠١٦-٢٠٢٠

لە ٢٠١٦ وە ماردێنبۆرۆ بووە شۆفێری پیشەگەر و لەو ساڵەدا چووە یابان بۆ پێشبڕکێی GT300 و Super GT و Japanese Formula 3 championship لە Super GT ئۆتۆمبیلی Nissan GT-R GT3 بۆ پێشبڕکێی NDDP بەهاوبەشی لەگەڵ کازوکی هۆشینۆ لێ دەخوڕی. بوونە براوەی مەیدان و پلەی دووەمیان بەدەست هێنا لەسەر ئاستی وەرز. پێبڕکێی ٥٠٠ کیلۆمەتری Fujiپلەی چوارەمی هێنا. هەروەها لە  Japanese F3 Campaign لەگەڵ B-Max Racing چوار بردنەوەی بەدەست هێنا لە کۆی هەشت پێشبڕکێ و پێش کێنتا یاماشیتا کەوت کە سێ بردنەوەی هەبوو لە کۆی هەشت یاری.

ساڵی ٢٠١٧، ماردێنبۆرۆ ڕۆیشتە کڵاسی Super GT و GT500 بۆ ئۆتۆمبیلی Nissan. لەم پێشبڕکێیەدا ئاستی خۆی و هاوبەشەکەی "هیرۆنۆبۆ یاسودا" دابەزی کاتێک تۆیۆتا و هۆندا لە هەمان کڵاس ئاستیان باشتر دەبینرا وەک لە ئۆتۆمبیلی Nissan GT-R و وەرزی ٢٠١٧ پلەی ١٥یەم بوون.

لەو ساڵەدا نیسان ڕێگەی بە ماردێنبۆرۆ دا پێشبڕکێ بکات لەگەڵ تیۆتا لە پێشبڕکێی Super Formula لەم پێشبڕکێیەدا سێ بردنەوەی بەدەست هێنا کە تیایدا لە پلەی هەشت براوەکە بوو لە کۆی حەوت پێشبڕکێ و لە تێکڕاش ١٤یەم بوو.

وەرزی ٢٠١٨ لە Super GT مایەوە لەگەڵ هاوتا شۆفێرەکەی "دەیکی ساساکی" سێ بردەنەوەیان بەدەست هێنا لە کۆی شەش یاری و ئەم پلەیەشیان لە چوار یاری سەرەتا تۆمار کرد. ماردێنبۆرۆ چاوی لەوە بوو پێشبڕکێی Fuji 500 miles و توانی یەکەم بێت.

وەرزی ٢٠١٩، ماردێنبۆرۆ چووە Kondo Racing لەگەڵ تیمی NISSAN GT500 بە هاوبەشی لەگەڵ "میتسونۆری تاکابۆشی" پێنج خاڵی تۆمار کرد و باشترین وەرزی ماردێنبۆ بوو لە و ساڵەدا.

وەرزی ٢٠٢٠ پلەی ١٩یەم بوو تەنها چوار بردنەوەی تۆمار کردبوو بە ئۆتۆمبیلی دەستکاری کراوی GT500 و GT-R ماردێنبۆرۆ چوار پێشبڕکێی سەرەتای Fuji بردەوە و سەرکەوت بۆ قۆناغی پێنجەم. بەڵام نەیتوانی براوەی کۆتا قۆناغ بێت.

وەرزی ٢٠٢١، لەم وەرزەدا ماردێنبۆرۆ لەگەڵ نیسان نەمایەوە بە هۆی خراپی ئاستی وەرزی پێشووی بەڵام لە پێشبڕکێیەکانی Formula 2 و GP2 بەردەوام بوو بۆ حەوتەم جار لە کاروانی پیشەییدا. توانی هەردوو پێشبڕکێیەکە بباتەوە.

چالاکییەکانی دوای ساڵی ٢٠٢٠

لە دوای ساڵی ٢٠٢٠ دوای دوورخستنەوەی لە شۆفێری نیسان، حەزیدەکرد بەشداری GT300 بکات بەڵام بودجەی زۆر پێویست بوو ئەویش ئەو سامانەی نەبوو لە نێوان ٢٠٢١-٢٠٢٢ بەشداری کرد لە گەشەپێدانی ئۆتۆمبیلی پێشبڕکێ بۆ Nissan e.dams و MClaren لە Formula E هەروەها ڕاوێژکاری بەرهەمهێنانی فیلمی Gran Turismo (2023) بوو و لە تیمی بەرهەمهێنانیشدو ڕۆڵی هەبوو لەسەر ڕێپێدانی خۆی ڕووداوەکەی ٢٨ی ئاداری ٢٠١٥ لە فیلمەکەدا نیشاندراوە.

گەڕانەوە بۆ پێشبڕکێ

لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ گەڕایەوە بۆ پێشبڕکێ و بەشداری لە Fuji 24 hours کرد لە کڵاسی Super Taikyu series و ئۆتۆمبیلی Nissan GT-R Nismo GT3 لێ خوڕی و پلەی چوارەمی بەدەست هێنا بەهۆی بوونی کێشەیەک لە برێکی ئۆتۆمبیلەکەی. 

یان دەڵێت :  پێشبڕکێ خولیای منداڵیمە و بەردەوام دەبم لێی و هیچ شتێک ناتوانێت دوو دڵم بکات.


سەرچاوەکان



1413 بینین