تیۆری خەسڵەتەکان

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-14-21:03:00 - کۆدی بابەت: 11418
تیۆری خەسڵەتەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تیۆری خەسڵەتەکان (بە ئینگلیزی: Traits Theory، بە عەرەبی: نظريات السمات)، ئەم جۆرە تیۆرانە بە شێوەیەکی تر و جیاواز لە تیۆرەکانی جۆر، سەیری مرۆڤ دەکەن و خەسڵەتەکانی لێک دەدەنەوە، ئەم تیۆرانە لە جیاتی ئەوەی جۆرێک لە کەسایەتی بۆ مرۆڤ دیاری بکەن، ئەوا کۆمەڵێک خاسییەت و خەسڵەت دەدەنە پاڵ، بۆچوونی لەم جۆرە لە ناو زۆرینەی خەڵکیدا هەیە و هەر کەسێک دەبینن و دوات چەند جارێک مامەڵە، ئیتر کۆمەڵێک خەسڵەت و سیفات دەدەنە پاڵی لەوانە کەسێکی بەهێز و زیرەک، یان کەسێکی دەست پاک و دادوەر یان کەسێکی تووڕە و شەرمن، یان کەسێکە خۆ بە زلزان و لووت بەرزە. کەواتە سەرجەم ئەو خاسیەت سیفاتانەی سەرەوە بە خەسڵەت یان ڕەهەند ناودەبرێن.

خەسڵەت لە بواری دەروونزانیدا بە واتای سیفەت و خاسییەتێکی نەگۆڕ و جێگیر دێت، کە کەسێک لە کەسێکی تر جیادەکاتەوە، ئیتر سیفات و خاسییەتەکە جەستەیی بێت وەک: باڵا و دەنگ و تەندروستی و هەستەوەرەکان و جووڵە یان عەقڵی و ژیری بێت وەک: زیرەکی، داهێنان، لەبیرچوونەوە، لێکدانەوەی ورد یان هەڵچوونی و یژدانی بێت، وەک: زۆر تووڕەبوون، شەرم و ڕق و کینە، بڕوا بە خۆنەبوون، کۆنتڕۆڵکردنی خود، یان کۆمەڵایەتی بێت وەک: هاوکاری، زۆرداریی، بەزەیی و شەڕخوازی، یان ئاکاری و ئەخلاقی بێت وەک: ڕاستگۆیی، دادوەری و دەست پاکی. 

تیۆری ئەلبۆرت 

مەبەستی سەرەکی تیۆری ئەلبۆرت، جیاکردنەوەی خەسڵەتە گشتییەکانە کە لە لای خەڵکی زۆر هەیە، لەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانەی کە لە لای تاکەکان هەیە و هاوبەش نین، لە لایەکی ترەوە ئەلبۆرت هەوڵیدا جۆرەکانی خەسڵەتە تایبەتییەکان بزانێت، بە بڕوای ئەلبۆرت هەر کەسێک لە ئێمە ژمارەیەک خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی پلە بە پلە جێگەی خۆیان کردۆتەوە، واتە هەندێکیان لە لای ئەو کەسە زیاتر گرنگی خۆی هەیە و لە زۆربەی حاڵەتەکان دەردەکەوێت و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕەفتا و بیرکردنەوەی خاوەنەکەی هەیە، ئەلبۆرت بەم جۆرە خەسڵەتە دەڵێت خەسڵەتە سەرەکییەکان لە بەرانبەر ئەم خەسڵەتە سەرەکییانە، کۆمەڵێک خەسڵەت و ڕەهەندی تر هەن کە کاریگەرییان لەسەر تاک کەمترە کە ئەلبۆرت بە خەسڵەتە ناوەندییەکان ناوی دەبات.

تیۆری کاتل 

ئەگەر پشت بە خەسڵەتە سەرەکی و ناوەندییەکان ببەسترێ، ئەوا ژمارەیەکی زۆر خەسڵەت هەن و زۆر زەحمەت دەبێت، بتوانین جۆری کەسایەتی پێ دیاری بکەین، لەبەر ئەوە هەندێک لە زانایان هەوڵیاندا کە لە ڕێگەی ژمارەیەک ئەزموون و کەسایەتی پێوەوە ئەو خەسڵەتە زۆر دووبارە بووانە دیاری بکەن و لە ڕێگەی پڕۆفایلەوە وەسفی جۆری کەسایەتی بکرێت، یەکێک لەو زانایانەی کە لەم بوارەدا کاری کردبوو، کە هەوڵیدا شێوازی  شیتەڵکردنەوەی هۆکاری نیشان بکات، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیانەوە کەسایەتی لێک بداتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش گەشتە دەستنیشانکردنی ژمارەیەک خەسڵەتی ناوەندی و خەسڵەتی ڕواڵەتی، ژمارەی ئەو خەسڵەتە ناوەندییانەی کە توانی دیارییان بکات، بریتی بوون لە ١٦ خەسڵەت و هەموویانی کرد بە ئەزموون و کەسایەتی پێوێک بە ناوی کەسایەتی پێوی شانزە هۆکاری کە ئێستا بەناوبانگ و باوە. 

هەڵسەنگاندنی تیۆری خەسڵەتەکان 

ئەم تیۆرانە تا ڕادەیەکی باش پێشکەوتووتر و زانستی ترە لە تیۆرەکانی جۆر، لەبەر ئەوەی تا ئاستێکی باش دەتوانرێت توێژینەوەیان لەسەر بکرێت و دڵنیا بین لە بوون و پێکهاتەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا زۆر تێبینی لەسەرە، بۆ نموونە دیاری کردنی چەندەها خەسڵەت و ڕەهەندی جیا جیا و بەبێ بەستنەوەیان بە یەکترییەوە، هیچ گرنگییەکی ئەوتۆیان  لە ڕاڤەکردن و شیتەڵکردنەوەی کەسایەتیدا نییە، لەبەر ئەوەی بەش بەش کردنی کەسایەتی و سەیرکردنی لە ڕێگەی چەند خەسڵەتێکەوە، سوودێکی ئەوتۆی نییە و ناتوانین دینامیکیەتی کەسایەتی دیاری بکەین، لەلایەکی دیکەشەوە کاتێک باسی خەسڵەتەکانی کەسایەتی دەکرێت، بەشێوەیەک باس دەکرێت، وەک ئەوەی بەشێکی لکێنراو بن بە کەسایەتییەوە و هەردەم لەگەڵیدا بن، لە کاتێکدا زۆربەی ئەو خەسڵەتانە بەپێی حاڵەت و بارودۆخ و شوێن و کات دەگۆڕێن.

بۆ نموونە مرۆڤ خاوەنی شەرم و ئازایەتی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە هەندێک حاڵەت و کات و شوێندا شەرمنە و بە شەرمنی هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام لە هەندێک حاڵەت و بارودۆخی تر شەرمن نییە و بەوپەڕی بڕوا بە خۆبوونەوە مامەڵە و هەڵسوکەوت دەکات، کەواتە ژینگە و بارودۆخی کۆمەڵایەتی گرنگی خۆیان لەسەر گەشەپێکردنی خاسییەت و ڕەهەندەکان هەیە و نابێت لە ڕێگەی خەسڵەتەکانەوە وەک چۆن تیۆری جۆرەکان کردیان، ڕۆڵ و کاریگەری ژینگە پشتگوێ بخرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، زۆربەی ڕەوشت و هەڵسوکەوتەکانمان پەیوەستن بەو ژینگە و بارودۆخەی کە تاک تیایدا دەژیت، کەواتە دەتوانین بڵێین خەسڵەتەکان نەگۆڕ و جێگیر نین، بەڵکو زۆربەیان بەپێی بارودۆخ و حاڵەتاکان دەگۆڕێن. 


سەرچاوەکان



266 بینین