فیدباک لە پڕۆسەی پەروەردە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-14-21:58:00 - کۆدی بابەت: 11423
فیدباک لە پڕۆسەی پەروەردە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فیدباک لە پڕۆسەی پەروەردە (بە ئینگلیزی: Feedback in the education process، بە عەرەبی: التغذية الراجعة في عملية التعليم)، یەکێک لەو هۆکارانەی کە کاریگەری لەسەر پڕۆسەی فێرکردن و فێربوون هەیە، فیدباکە. زۆربەی پەروەردکاران جەخت لەسەر گرنگی فیدباک دەکەنەوە و لەو بڕوایەدان کە دەبێت بەردەوام فێرخواز لە دەرئەنجامی کار و چالاکی و تاقیکردنەوەکانی ئاگادار بکرێتەوە، واتا کاتێک فێرخواز تاقی دەکرێتەوە یان پرسیاری لێدەکرێت، یان خەریکی کار و چالاکییەک دەبێت، دواتر لە دەرئەنجامی کارەکەی بەباش یان بە خراپ ئاگادار دەکرێتەوە، ئەوا زۆر باشترە و سوودی زیاتر وەردەگرێت، ئەگەر بەراورد بکرێت بە یەکێکی تر کە دەرئەنجامی تاقیکردنەوە و کار و چالاکییەکانی نازانێت، ئاگادارکردنەوەی فێرخواز لە دەرئەنجامی کار و چالاکییەکانی و پێدانی زانیاری، بە فیدباک ناودەبرێت.

فیدباک و گۆڕانکاری لە ڕەفتار و ڕێکخستنی

فیدباک گرنگی خۆی لە گۆڕینی ڕەفتار و هەڵسووکەوتی فێرخواز هەیە، چونکە کاتێک فێرخواز وەڵامی پرسیارێک دەداتەوە و مامۆستا دەستخۆشی لێدەکات و پێیدەڵێت وەڵامەکەت ڕاستە، ئەوا گۆڕانکاری لە رەفتاری ئەو فێرخوازەدا دەبێت و هەوڵی فێربوونی شتی تر دەدات و ئەو فیدباکەی مامۆستا دەبێت بە پاڵنەر و هاندەر بۆ فێرخواز ووروژاندنی هێز و گڕوتینی، لە لایەکی تریشەوە کاتێک وەڵامەکەی هەڵە دەبێت و مامۆستا سەرچاوە و هۆکاری هەڵەکانی بۆ ڕوون دەکاتەوە دواتر وەڵامە ڕاستەکەی پێدەڵێت ئەوا لە داهاتوودا هەوڵ دەدات ئەو هەڵانە دووبارە نەکاتەوە.

فیدباک پەیوەندییەکی بەهێزی بە دەرئەنجام و ئاکامی کار و چالاکییەکانەوە هەیە و بەردەوام فیدباک دەکەوێتە دوای کار و چالاکییەکان نەک پێش کار و چالاکییەکان، واتا کاتێک فێرخواز کارێک دەکات، یان وەلامێک دەداتەوە یان کێشە و گیر و گرفتێک چارەسەر دەکات ئینجا زانیاری و وەڵامی پێویستی وەکو فیدباک دەربارەی ئەو کار و چالاکییە دەدرێتێ، لەبەر ئەوەشە کە هەندێک کەس فیدباک و زانینی دەرئەنجام بە یەک چەمک لە قەڵەم دەدەن و لەو بڕوایەدان کە زانینی دەرئەنجام واتای فیدباکە.

گرنگی فیدباک لە بواری پەروەردە و فێربووندا

دەتوانین گرنگی فیدباک لە بواری پەروەردە و فێربووندا لەم چەند خاڵەی خوارەوە کۆ بکەینەوە:

١. کاتێک فێرخواز لە دەرئەنجامی فێربوونەکەی ئاگادار دەکرێتەوە و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دەزانێت، ئەوا زۆر لە دڵەڕاوکێ و ترس و گرژییەکانی کەم دەبێتەوە، بەڵام نەزانینی دەرئەنجامی فێربوون و کار و چالاکییەکانی دەبێتە هۆی ترس و گرژی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر.

٢. کاتێک دەزانێت وەڵامەکەی ڕاستە و لە هەمان کاتیشدا لە لایەن مامۆستا و دایک و باوک و کەسانی چواردەورییەوە هاندەدرێت و پاداشت دەکرێت ئەوا زیاتر لەسەر فێربوون بەردەوام دەبێت و پاڵنەری بۆ خوێندن زیاتر دەبێت.

٣. کاتێک دەزانێت وەڵامەکەی هەڵە بووە لە هەمان کاتیشدا هۆکار و سەرچاوەی هەڵەکانی بۆ ڕوون دەکرێتەوە، ئەوا ئەو قەناعەت و بڕوایەی لە لا دروست دەبێت کە خۆی بەرپرسیارە لەو هەڵانە و تەنها شایەنی ئەوەندە نمرە بووە، ئەو کات دەبێتە هەوێن و سەرچاوە بۆ زیاترکردنی هەوڵ و کۆششەکانی و زیاتر خۆ ماندووکردنی لە داهاتوودا، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو هەڵانە دووبارە نەبنەوە.

٤. ڕاستکردنەوەی هەڵەکان دەبنە هۆی لاوازکردنی پەیوەندی نێوان پرسیار و وەڵامە هەڵەکان لە ناو کۆئەندامی یادکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان پرسیار و وەڵامە ڕاستەکان.

٥. لە توانای فیدباکدا هەیە کە پڕۆسەی فێربوون بەهێز و چالاک بکات و ببێتە هۆی زیادکردنی ئاستی پاڵنەرەکانی فێرخواز.

٦. فیدباک دەبێتە هۆی ئەوەی کە فێرخواز شوێن پێی خۆی بزانێت و درک بە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بکات و بزانێت گەشتووەتە کوێ و تا چەند لە ئامانجەکانی نزیک بووتەوە، چەند کاتی تری دەوێت بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە بهێنێتە دی، هەروەها ئەو ئامانجانە کامانەن کە هاوڕێکانی پێگەیشتوون بەڵام ئەم هێشتا دوورە لێیان.

جۆرەکانی فیدباک

فیدباک بەپێی سەرچاوەکەی

لەم جۆرەدا یان سەرچاوەی فیدباک و زانیارییەکان لە ناوەوەی فێرخوازە و خۆی هەست بە وەڵامە ڕاست و هەڵەکانی خۆی دەکات و دەزانێت خاڵە بەهێز و لاوازەکانی چین، یان لە دەرەوەی فێرخوازە و مامۆستا و دایک و باوک و کەسانی دیکە زانیاری و شارەزایی و وەڵامی دەدەنێ و لە خاڵە بەهێز و لاوازەکان و وەڵامە ڕاست و هەڵەکانی ئاگاداری دەکەنەوە، سەرەڕای ڕاست کردنەوەی وەڵامە هەڵەکان و ڕوونکردنەوەی هۆی هەڵەکان و دووبارە نەکردنەوەیان.

فیدباک بەپێی کاتی پێشکەشکردنی

هەندێک جار یەکسەر ڕاستەوخۆ دوای تاقیکردنەوە وەڵام دانەوەی پرسیارەکان زانیاری پێویست دەربارەی ئەنجامی کار و چالاکییەکانی بە فێرخواز دەدرێت، هەندێک جاریش دوای ماوەیەک زۆر بێت یان کەم ئینجا شارەزایی و فیدباک بە فێرخواز دەدرێت.

فیدباک بەپێی شێوەی زانیارییەکان (زارەکی - نووسراوە)

مەبەست لە زارەکی ئەوەیە کە بە قسە و بە شێوەیەکی زارەکی بەبێ نووسین زانیاری و فیدباک بە خوێندکار بدرێت، بەڵام بە شێوەی نووسراو، ئەوەیە کە فیدباک و زانیاری و شارەزاییەکان لە ڕێگەی نووسینەوە نەک زارەکی بە فێرخواز دەدرێت.

فیدباک بەپێی کاتی چالاکییەکە

هەندێک جار فیدباک هاوشانی کار و چالاکییەکانی فێرخواز دەبێت و لەو کاتەدا دەبێت کە کارەکە بە ئەنجام دەگەیەندرێت، بەڵام جاری واش هەیە فیدباک دەکەوێتە دوای تەواوکردنی کار و چالاکییەکە، واتە دوای ئەوەی کارەکە تەواو دەبێت ئینجا فیدباک و زانیاری بە فێرخواز دەدرێت.

فیدباکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ یان نا ئاشکراو و ناڕاستەوخۆ

لە فیدباکی ئاشکرا، مامۆستا ڕاستەوخۆ بە فێرخواز دەڵێت کە وەڵامەکەی ڕاستە یان هەڵەیە، ئەگەر وەڵامەکەی هەڵەبوو ئەوا وەڵامە ڕاستەکەشی پێدەڵێت و داوای لێدەکات کە وەڵامە ڕاستەکە لای خۆی تۆمار بکات، بۆ ئەوەی جارێکی تر نەکەوێتە هەمان هەڵەوە.

بەلام لە فیدباکی نا ئاشکرا و ناڕاستەوخۆ، ئەوا مامۆستا بە فێرخواز دەڵێت کە وەڵامەکەی ڕاستە یان هەڵەیە، بەڵام پێش ئەوەی وەڵامە هەڵەکەی بۆ ڕاست بکاتەوە، ئەوە دووبارە پرسیارەکە لە فێرخواز دەکات و دووبارە بیری لێ بکاتەوە و هەوڵی دۆزینەوەی وەڵامە ڕاستەکە بدات، ئەگەر دوای ماوەیەک هەر نەیتوانی وەڵامی ڕاست بداتەوە، ئینجا مامۆستا وەڵامە ڕاستەکەی بۆ دیاری دەکات.


سەرچاوەکان



1469 بینین