ناخۆشییەکانی کارکردن لە وەرزی پاییزدا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-14-22:04:00 - کۆدی بابەت: 11424
ناخۆشییەکانی کارکردن لە وەرزی پاییزدا

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

ناخۆشییەکانی کارکردن لە وەرزی پاییزدا (بە ئینگلیزی: The difficulties of working in the autumn season، بە عەرەبی: صعوبات العمل في موسم الخريف) لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز و گۆڕانی کەش و هەوا چەندین کاریگەری لەسەر جەستە و کارکردنمان دروست دەبێت.

دیارترین کاریگەرییەکانی وەرزی پایز لەسەر کارکردن

گۆڕانی کەشوهەوا

گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر لەسەر شێوازی کارکردنمان دروست بکات. دەمێک باران دەبارێت و دەمێکیش خۆرەتاوە، ئەمە هۆکارێک دەبێت بۆ تێکچوونی پلانەکانی کارکردنمان. هەروەها ڕووداوە سروشتییەکانی وەک بروسکە و هەورە گرمە و بوونی باران و تەرزە و لە هەندێک ناوچە بەفر بارینیش هەموو ئەمانە هۆکارێک دەبن بۆ تێکدانی شێوازی کارکردنمان و دەکرێت سەختیمان بۆ دروستبکەن. 
دەتوانین بەر لە دانانی پلانی کارکردنمان دڵنیابینەوە لە کەشوهەوای ڕۆژەکە و بە پێی ئەوە کارەکانمان ڕێکبخەین. پێویستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی باران و تەرزە و ڕووداوە سروشتییەکانی ترمان لابێت و لە کاتی پێویستدا بەکاریان بهێنین. بۆ نموونە بەردەوام چەتر و چاکەتێکی بەر باران و چاکەتێکی ئەستوور لە شوێنی کارەکەمان یان لە ئوتۆمبێلەکەمان دابنەین.

زیادبوونی پەتا و نەخۆشییە گوازراوەکان

ئاشکرایە لەم وەرزەدا پەتا وەرزی و ڤایرۆسییەکان زیاتر بڵاون. ئەم وەرزە بە وەرزی تووشبوونی پەتا ڤایرۆسییەکان ناسراوە. بێگومانیش نەخۆشکەوتن و تێکچوونی تەندروستی کاریگەری لەسەر کارکردنمان دروست دەکات و هۆکارێک دەبێت تا نەتوانین بە ئاسانی کارەکانمان ڕایی بکەین.
باشترین شت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتا وەرزییەکان خۆپارێزیی زیاترە. گرنگیدان بەو خواردنانەی بەرگری بەهێزدەکەن و خۆ لادان لەو هۆکارانەی هەستیاریمان زیاد دەکەن لە پێناو پاراستنی تەندروستیمان. هەروەها ڕێنمایی تەواو جێبەجێ بکەین کاتێک کەسێک لە خێزانەکەمان یان لە شوێنی کارەکەمان نەخۆشکەوتبێت.

کورتبوونی ڕۆژگار

پاییز لە دوای وەرزی هاوین دێت و لە چاو هاوین بە شێوەیەکی بەرچاو ڕۆژ کوورتدەبێتەوە و شەویش درێژدەبێتەوە. ئەمەش ناخۆشی بۆ کاری ڕۆژ و شەویش دروست دەکات. ئەوانەی بە ڕۆژ کاردەکەن کاتی کارکردنیان کەم دەبێتەوە و لەوانەیە نەتوانن بە هەموو کارەکانیان ڕابگەن. ئەوانەشی بە شەو کاردەکەن لەوانەیە درێژی شەوگار توانای کارکردنیان لاواز بکات و نەتوانن بە چالاکی کاربکەن. هەرچەندە ئەمە هیچ چارەیەکی نییە، تەنها ئەوەندە بتوانین شێوازی کارکردنمان بە پێی درێژ و کورتی ڕۆژگار ڕێکبخەین زۆر باشتر دەبێت تا بتوانین بە هەموو کارەکانمان ڕابگەین و کات لە دەست نەدەین.

زیادبوونی ئارەزووی خەوتن

لە وەرزی پایزدا بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا و تاریک داهاتنی ڕۆژ مرۆڤ زیاتر ئارەزووی خەوتن دەکات. ئەمە بەشێکی سروشتی جەستەیە کە بە گۆڕان لەگەڵ سروشتی ژینگەدا دەگۆڕێت. زیادبوونی ئارەزووی خەوتنیش وادەکات لە کارەکانمان دوابکەوین و نەتوانین بە چوست و چالاکییەوە کارەکانمان ئەنجام بدەین و ڕایانبپەڕێنین.
هەرچەندە ئارەزووی خەوتنی زیاتر لەوانەیە هیچی لەگەڵدا نەکرێت بەڵام سوود وەرگرتن لە خواردنەوەی قاوە دەکرێت یارمەتیدەربێت. هەروەها گەر بتوانین سوود لە درێژی شەوگار وەربگرین و خۆمان ڕابهێنین لەسەر زوو خەوتن لەم وەرزەدا ئەوە زۆر باشدەبێت. بەم شێوەیە هەم خەوێکی باشمان دەبێت هەم توانایەکی باشی کارکردنمان دەبێت.

تێکچوونی میزاج

وەرزی پاییز بە یەکێک لەو کاتانەی ساڵ دانراوە کە کاریگەری لەسەر مەزاج و دەروونی مرۆڤەکان هەیە. هەندێک کەس بەو گۆڕانکارییە وەرزییە تووشی دوودڵی و دڵەڕاوکێ دەبن. ترس و سترێسیان بۆ دروستدەبێت دەربارەی ئەوەی ئەو گۆڕانکارییە وەرزییە کاریگەری لەسەر شێوازی ژیان و کاریان دروست بکات ئەمەش هەر خۆی هۆکارێک دەبێت تا وەرزی پاییز زیاتر کاریگەرییان لەسەر دروست بکات.
گرنگە هەوڵبدەین زیاتر تێبگەین دەربارەی سروشتی ئەم وەرزە. بوونی زانیاری و  شارەزابوونمان لە گۆڕانکارییە سروشتییەکان هۆکارێک دەبن تا بتوانین کۆنترۆڵی گۆڕانکارییەکان بکەین و نەهێڵین کاریگەری لەسەر دەروونمان دروست بکەن، یاخود نەهێڵین زۆر کاریگەری دروستبکەن.

گۆڕانی جەستە و تەندروستی

وەرزی پاییز بە وشکبوونی پێست ناسراوە. بەهۆی ئەو کەش و هەوایەی لە وەرزی پاییزدا هەیە پێست زیاتر وشکدەبێتەوە هەروەها بەهۆی ئەو تیشکە خۆرەی لە وەرزی پاییزدا هەیە ئەگەری هەستیاری وشکبوونی چاوەکان زیاترە، چونکە تیشکی خۆر لە وەرزی پاییزدا بڕێکی زۆرتر لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی تێدایە بەگوێرەی چەندین توێژینەوەی پزیشکی. هەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر شێواز و توانای کارکردنمان دروستدەکەن. هەروەها چەندین سەرچاوە هەن ئاماژە بەوەدەکەن لە وەرزی پاییزدا هەڵوەرینی قژ زیاتر دەبێت.

بیرلەوە بکەرەوە پێستت وشکبووبێتەوە و قژت تەنک بووبێتەوە لەم کاتەدا هەست بە بێزاری ناکەیت؟ بێگومان بوونی ئەمانە لە وەرزی پاییزدا کاریگەری لەسەر شێوازی کارکردنمان دروستدەکەن و هۆکارێک دەبن بۆ هەستکردنمان بە ناخۆشی و بێزاری لە کاتی کارکردندا.
هەوڵبدە گرنگی بە شێدارمانەوەی پێستت بدەیت لە ڕێگای خواردنەوەی ئاوی زیاتر و بەکارهێنانی شێدارکەرەوەکان. هەروەها بەکارهێنانی بەرهەمەکانی بەهێزکردنی قژ وا دەکەن کەمتر قژت لاواز و تەنک ببێتەوە. چاویلەی بەر خۆر بەکاربهێنە پێش چوونە دەرەوە بۆ پاراستنی چاوەکانت لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی خۆر.


سەرچاوەکان



278 بینین