کاردانەوەی وڵاتان لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە ٢٠٢٣

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-10-25-14:29:00 - کۆدی بابەت: 11526
کاردانەوەی وڵاتان لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە ٢٠٢٣

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاردانەوەی وڵاتان لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە ٢٠٢٣ (بە عەرەبی: ردود الفعل الدولية على الهجمات الإسرائيلية على غزة عام ٢٠٢٣، بە ئینگلیزی: international reactions to the Israeli attacks on Gaza in 2023)، دوای هۆشدارییەکەی ئیسرائیل بۆ کۆچکردنی دانیشتووانی غەززە کە ژمارەیان نزیکەی (١،١٠٠٠٠٠) فەڵەستینییە، بەشێک لە خەڵکی غەززە بەرەو باشووری وڵاتەکەیان کۆچیان کرد، هاوکات وڵاتانی عەرەبی و دەزگا نێودەوڵەتییکان سەرزەنشتی هۆشدارییەکەی ئیسرائیلیان کرد، کە بە بیانووی پارێزگاریکردن لە خۆیان داوایان لە فەڵستینییەکان کردبوو لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و کۆچ بکەن بۆ باشوور، هەروەها ئاماژەیان بەوەشکرد کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە گەرانەوەیان نادرێت مەگەر ئیسرائیل خۆی ڕێگەیان پێ بدات، لە کاتێکدا هەندێک وڵات هۆشدارییەکەیان بە مافی ڕەوای ئیسرائیل زانی بۆ بەرگریکردن لە خۆیان.

فەڵەستینییەکانی غەززە فەرمانی ئیسرائیلیان بۆ کۆچی بەکۆمەڵ بە "کۆچی نوێ" ناوبرد، کە هاوشێوەی کارەساتەکانی ساڵی ١٩٤٨ە. دوای ئەوەی ئیسرائیل فەرمانیکرد بە خێرایی کەرتی غەززە چۆڵ بکەن پێش ڕوودانی هێرشێکی زەمینی، دانیشووانی غەززە هەندێکیان بە ئۆتۆمبێل و هەندێکی تریان بە پێ بەرەو باشووری کەرتی غەززە کۆچیان کرد. مووشەکەکانی سوپای ئیسرائیل کاروانێکی ئاوارەیان لە کەرتی غەززە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ٧٠ فەڵەستینی شەهید کران و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

دیارترین کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرانبەر بە هۆشداریەکەی ئیسرائیل و بەردەوامی دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر غەززە

فەڵەستین

مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین ڕایگەیاند، ئاوارەکردنی زۆرەملێی دانیشتوانی کەرتی غەززە ڕەتدەکەینەوە، هەروەها هۆشداریدا لە "کۆچی دووەم". موحەمەد ئەشتییە، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین پشتڕاستی کردەوە کە ئەم کارەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات کارێکی کۆمەڵکوژییە.

ئوردن

شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن هۆشداری دا لە هەر هەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان لە تێکرای خاکی فەڵەستین، یان بوون بە هۆکاری ئاوارەبوونیان، هەروەها جەختی لەسەر بڵاونەکردنەوەی قەیرانەکە بۆ وڵاتانی دراوسێ و توندترکردنی پرسی پەنابەران کردەوە.

کۆمکاری عەرەبی

ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ئەحمەد ئەبو غیت، وتی داواکاری ئیسرائیل بۆ کۆچکردنی دانیشتوانی باکووری کەرتی غەززە بۆ باشوور تاوانێکی نوێی جەنگی پێکدەهێنێت و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتننامەی چوارەمی جنێڤ گواستنەوەی بەزۆری دانیشتووان لەلایەن داگیرکەرانەوە قەدەغە دەکات.

کوێت

وەزیری دەرەوەی کوێت شێخ سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەتەواوی بانگەشەکانی داگیرکەری ئیسرائیلی بۆ ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان لە غەززە ڕەتدەکاتەوە، هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە کوشتن و لەناوبردنی بەردەوام و هەڕەمەکی پێشێلکارییە بەرامبەر بە یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی”.

میسر

وەزارەتی دەرەوەی  میسر هۆشداریدا له بەرانبەر داواکاری سوپای ئیسرائیل بۆ زیاتر له ملیۆنێک دانیشتووانی کەرتی غەززە کە ماڵ و حاڵی خۆیان به جێبهێڵن و بەرەو باشوور بڕۆن، هەروەها له بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم ڕێوشوێنە کە ئیسرائیلییەکان دەیگرنەبەر پێشێلکارییەکی جددیە له ڕێسا مرۆیی نێودەوڵەتییەکان،  ژیانی زیاتر لە ملیۆنێک فەڵەستینی و خێزانەکانیان دەخاتە بەردەم مەترسییەکانی مانەوە لە دەرەوە و بەبێ پەناگە هەروەها ڕایگەیاند کە فەڵەستینییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی مرۆیی و ئەمنی مەترسیدار دان.

حەماس

بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “گەلەکەمان هەڕەشەی سەرکردە داگیرکەرەکان و بانگەشەکانیان لە غەززە ڕەتدەکەنەوە بەهیچ شێوەیەک ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێناهێڵن و ڕوو لە باشوور یان میسر ناکەن”. لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە زەوی، ماڵ و شارەکانمان…. بەجێناهێڵین و هیچ ئاوارەبوونێک ڕوونادات".

ئیسرائیل

نوێنەری ئیسرائیل لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، فەرمانی چۆڵکردنی غەززە "کاتییە"، "بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی شەڕە لەسەر خەڵکی مەدەنی".

سعودیە

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکانی لە کەرتی غەززە هەروەها بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و بێ بەرگری گەلی فەڵەستینی ڕەتکردەوە.

ئێران

حوسێن ئەمیر عەبدولهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت ڕێگە لەم شەڕە بگرێت دەبێت ڕێگری لە ئیسرائیل بکات، ئاماژەی بەوەشکرد کە واشنتۆن دەیەوێت دەرفەتێک بە ئیسرائیل بدات بۆ لەناوبردنی غەززە و ئەمەش هەڵەیەکی کوشندەی ئەمریکایە.

تورکیا

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرزەنشتی داواکارییەکەی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی شاری غەززە کرد و ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بڕینی ئاو، کارەبا و خۆراک لە سەروو ملیۆنێک کەس کە لە ڕووبەری ٣٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەدا لەلایەن ئیسرائیلەوە گەماڕۆدراون، پێچەوانەی سەرەتایترین یاساکانی مافەکانی مرۆڤە.

ویلایەتە یەکگرتووەکان

جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات کە خەڵکی مەدەنی غەززە لە مەترسی دووربخاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هیچ کەسێک ئەم دوا ئاگادارییەی ئیسرائیل بە کەم نەزانێت، بە لەبەرچاوگرتنی زۆری ژمارەی دانیشتوان و چۆڵکردنی ناوچەکانیان. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کرد کە خۆی لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی غەززە بەدوور بگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بەرانبەر بە هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس دەربڕی. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی ئیسرائیل کرد بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی غەززە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ئازاری فەڵەستینییەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ئیسرائیل کرد کە داواکارییەکەیان بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانی باکووری کەرتی غەززە هەڵبوەشێننەوە. وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، مەحاڵە ئاوارەبوونی دانیشتوانێکی لەو شێوەیە ڕووبدات بەبێ ئەوەی لێکەوتەی مرۆیی وێرانکەری لێنەکەوێتەوە. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئیسرائیل کرد کە خۆی لە کارەساتی مرۆیی بەدوور بگرێت.


سەرچاوەکان



223 بینین