هەشت ڕێگای ئاسان بۆ زیادکردنی داهێنان

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-10-31-19:15:00 - کۆدی بابەت: 11567
هەشت ڕێگای ئاسان بۆ زیادکردنی داهێنان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەشت ڕێگای ئاسان بۆ زیادکردنی داهێنان (بە عەرەبی: ثماني طرق سهلە لتعزيز الإبداع، بە ئینگلیزی: Eight easy ways to boost creativity)، زۆرجار داهێنان بە کەم دەزانین، خەڵکی پێان وایە پێویست ناکات داهێنەرییەکانیان ئازاد بکەن و کار بۆ گەشەسەندنی بکەن، بەڵام دواتر دەردەکەوێت تاکە هۆکارە کە دەبێتە هۆی سەرکەوتنیان لە زۆر بوارەکانی ژیاندا. داهێنان یارمەتیت دەدات لە کارەکەتدا سەرکەوتوو بیت، بنەمایە بۆ دەستپێکردنی بزنسێکی تایبەت بە خۆت یان ئەنجامدانی کارێکی تر، هەروەها بەرهەمهێنان، داهێنان و گەشەسەندنی کارەکەت بەرزتر دەکاتەوە، ڕێگەت پێدەدات چێژ لە کارەکەت یاخود خوێندنەکەت ببینیت، بیر لە داهاتوویەکی باشتر بکەیتەوە، لە کۆتاییدا دەتوانیت لەو بوارەی کە ئارەزووی دەکەیت پێشکەوتن بەرجەستە بکەیت.

هەر بۆیە شایەنی ئەوەیە شتێک بکەیت بۆ ئەوەی ئەو دەنگە داهێنەرەی لەناو ناخت ئازاد بکەیت، هەموومان لە قووڵایی دڵماندا توانا و وزەمان هەیە، بەڵام ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە ڕێگەیان پێبدەین و بە زیرەکی قورسیەوە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەو شتە بەدەستبهێنین کە بڕوامان وایە دەتوانین بەدەستی بهێنین. ئایا مرۆڤە داهێنەرەکان بەم شێوەیە لەدایک دەبن کە هەن، یان داهێنان بەدەست دەهێنن؟، ڕەنگە چەندین  جار ئەم پرسیارەت لەخۆت کردبێت، بەتایبەت ئەگەر گرافیک دیزاینەر بیت یان لە بواری ڕیکلام و پەیوەندییەکان کار بکەیت. نازانرێت ئایا داهێنان دیارییەکی زگماکییە یان بۆماوەیی، بەڵام بێ گومان دەتوانرێت بە جۆرێک یان شێوازێکی تر هانبدرێت و پەرەی پێبدرێت. زۆرجار بیرۆکەکانمان کۆتاییان پێدێت، لە ئەنجامدا چارەسەری داهێنەرانە بەرهەم ناهێنین کە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی خۆمان یان کەسانی دیکەدا بێت، بەڵام ئەگەر تووشی گرفتێکی داهێنەرانە بوویت، دەتوانیت ئەم ئامۆژگارییانە جێبەجێبکەیت بۆ پەرەسەندن بیرکردنەوەی داهێنەرانەت.

چەند ئامۆژگارییەکی گرنگ بۆ پەرەسەندنی بیرۆکەی داهێنەرانەت

١- ڕۆتینەکەت بگۆڕە بۆ ئەوەی بتوانیت شێوازی بیرکردنەوەت بگۆڕیت

تەنانەت کەسە داهێنەرانەرەکانیش ڕۆژانە ژیانێکی هاوشێوە دەژین. ڕۆتینی ڕۆژانەی بەیانیانمان لەو ڕێگایەوە دەست پێدەکات کە دەیگرینە بەر بۆ کار، خشتەکان، خواردنی نانی بەیانی، لەگەڵ ئەو کارەی کە دەیکەیت. بە واتایەکی تر، ڕەنگە ڕۆتین ئاسوودەبەخش بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پێویستی بە توانای فێربوونی کەمتر هەیە، کەواتە ئەو وزەیەی کە بەکاردەهێنرێت کەمترە، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەموو شتێک هاوشێوە و بێزارکەرتر دەکات، تارادەیەک دەست بەسەر مێشکماندا دەگرێت. هەوڵبدە ڕۆتینی ڕۆژانەت بگۆڕیت بۆ بەرزکردنەوەی داهێنانەکانت، خوو و نەریتە بچووکەکانت بۆ ماوەی ڕۆژێک بگۆڕە، بەم شێوەیە دەتوانیت مێشکت چالاک بکەیت و  ببینیت کە شتەکان بە خێرایی دەگۆڕدرێن.

٢- پەرە بە بیرۆکەکانت بدە بۆ بەهێزکردنی ئاگاییت

ئەگەر شتێکی چالاکترت دەوێت، پێویستە بیر لە شتێکی ئاڵۆزتر بکەیتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهێنانەکانت، بیر لە نهێنیەکانی ژیان، ڕێکەوتەکان و چۆنیەتی پەیوەستبوونی شتەکان بەیەکەوە بکەرەوە، خەون ببینە و دەست بکە بە بینینی شتەکان بە شێوەیەکی جیاواز. بێگومان ئەمە لەناکاو ڕوونادات، مەرج نییە ڕاستەوخۆ تێبگەیت یان زانیاریت هەبێ، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات سوودی بۆ داهێنان و کراوەییت دەبێت، هەروەها دەکرێت ڕاهێنانێکی داهێنەرانەی نایاب بێت لە دۆزینەوەی چارەسەری نوێدا کە لە بنەڕەتدا مێشکمان هاندەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و ڕێگای نوێ بۆ لێکدانەوەی شتەکان، بەتایبەتی کاتێک بژاردەکان سنووردار بن.

٣- بەشێک بە لە جیهان

ڕێگایەکی تر بۆ زیاد کردنی داهێنان بریتییە لە گەڕان بە جیهان دۆزینەوەی شتە سەرسوڕهێنەر و هەمەجۆرەکانی، ئەمەش بە وازهێنان لە بیری تەسک (ڕوانگەیەکی سنووردار بۆ ژیان) و بینینی شتەکان بە شێوەیەکی زۆر کۆن  لەبری ئەوە بە بە دیدگایەکی نوێ هەڵسەنگاندنیان بۆ بکە. جیهان بکە بە شارەکەت، سەردانی ئەو وڵاتانە بکە کە کولتووریان جیاوازە، فێری کولتوورە نوێیەکان ببە، هەوڵبدە بزانیت کە ئەوانی دیکە چۆن دەژین، هەر وڵاتێک داب و نەریتی خۆی هەیە. گەشتکردن و نوقمبوون لەناو کولتووری جیاوازدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت و داهێنانمان زیاتر بکاتەوە. کاتێک مێشکمان تەرخان دەکەین بۆ گۆڕانکاری، هەر شتێک بمانەوێت دەتوانین بەدەستی بهێنین.

٤-زانیارییەکان کۆبکەرەوە و جیاواز لە جاران پێکەوەیان ببەستە

ستیڤ جۆبس دەڵێت: داهێنان تەنها گرێدانی شتەکانە پێکەوە ئەگەر بیری لێ بکەیتەوە، هەموو داهێنانێکی گەورە، کارێکی هونەری، تەکنەلۆژیای نوێ، هەر بەرهەمێک یان خزمەتگوزارییەک کە خەڵکی ئارەزووی دەکەن، شتێکی ئاساییە کە بە شێوەیەکی ناوازە پێشکەش دەکرێت، یان لەگەڵ شتێکی تر تێکەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ئاسانتر بێت، کات یان پارەت بۆ بگەرێنێتەوە. زانیاری زۆر هەیە کە پێشتر ئاشنایان بوویت، هەروەها ئەزموونەکانت، بۆچوونەکانت، هەموو ئەو شتانەی کە خوێندووتە و بیستووتە، چیرۆکەکانی دەوروبەرت و...... چەندانی تر. کەواتە زانیارییەکان کۆبکەرەوە، پۆلێنیان بکە، هەوڵبدە بەشێوەیەک پێکەوە پەیوەستیان بکەی  کە  مەحاڵ دەربکەوێت، لە کۆتایدا سەرسام دەبیت بە ئەنجامەکەی.

٥- بە پەرۆشی تاقیکردنەوەی ئەزموونی نوێ ببە

داهێنان لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی ئەزموونی نوێدا ڕوودەدات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە یارمەتیت دەدات لە گەشەسەندن، فێربوون و سەیرکردنی شتەکان لە ڕوانگەیەکی ترەوە. جا چی لە کاتی گەشتکردن بێت، ناسینی کەسانی نوێ و قسەکردن بێت لەگەڵیان، بەسەربردنی کات لە ژینگە جیاوازەکاندا، بیرکردنەوە لە پرسیارە بوونگەراییەکانی پەیوەست بە ژیان، دەستکردن بە پڕۆژەیەکی نوێ لە شوێنی کار، یان هەر شتێکی تر. کاتێک لە بازنەی ئاسوودەیی خۆت دەردەچیت، بڕێکی زۆر لە بیرۆکەی نوێ سەرهەڵدەدەن، جا بۆ کارەکەت بێت یان ژیانی تایبەتی خۆت، دەکرێت بە وەیاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەی.

٦- فێربوونی کارامەییەکی نوێ

ئەگەر هەمیشە هەمان کارەکان ئەنجام بدەیت، ناتوانیت بیر لە ڕێگەی داهێنەرانە بکەیتەوە بۆ ئەوەی هیچ شتێکی چێژبەخش ئەنجام بدەیت، ئەگەر شتێکی نوێ تاقی نەکەیتەوە بۆ هەمیشە لە شێوازی ژیانی ئێستاتدا گیر دەخۆیت کە ڕێگری دەکات لە گەشەکردنت. باشترین ڕێگا فێربوونی کارامەییەکی نوێیە کە جیاواز بێت لە بوارەکەی خۆت، ئەگەر نووسەری ئازاد بیت، دەتوانیت خولێکی ڕاهێنان لە بواری فۆتۆگرافی وەربگریت، ئەگەر لە بوارەکەی خۆتدا داهێنەر بیت، دەتوانیت لە بواری ژمێریاریدا سەرکەوتوو بیت و خۆت فێری زانیاری زیاتر بکەیت لەو بوارەی کە پەیوەندی بە داراییەوە هەیە.

ئەگەر هەمیشە خەریکی وەرزشیت، هەڵبدە بەرنامەسازی یان دیزاینی ماڵپەڕ تاقی بکەیتەوە و هەوڵبدەیت بزنسێکی نوێ دروست بکەیت دوای ئەوەی شارەزای کارە نوێیەکە بوویت، بەمەش دەرفەتەکان بێکۆتا دەبن، بۆیە ئەوەی لەسەرتە ئەنجامی بدە و کات و ماندووبوونی بۆ تەرخان بکە بەمەش نەک هەر ئەو داهێنانەی لە ناختدایە ئازادی دەکەیت؛ بەڵکو چەندین گۆڕانکاری نایاب لە شێوازی ژیانتدا ئەزموون دەکەیت. لەگەڵ ئەوەشدا دوای ماوەیەک، ڕەنگە دەست بکەیت بە فێرکردنی کەسانی سەرەتایی لە ڕێگەی  ناو تۆمارکردن بۆ ئەوەی ببیتە مامۆستای تایبەت و دۆزینەوەی هەندێک ڕێگای فێربوون.

٧- هەر بیرۆکەیەکت بە مێشکدا هات بینووسە

قەڵەم و کاغەزێک بگرە، هەر بیرۆکەیەک بە مێشکتدا هات بینووسە، دەست بکە بە بیرکردنەوە بە شێوەیەکی داهێنەرانە و ئیلهامبەخش، هەر بیرۆکەیەک سەبارەت بە کێشەیەکی دیاریکراو کە لە شوێنی کارەکەتدا ڕووبەڕووت دەبێتەوە بینووسە، یان بڕیارێکی کەسی کە دەبێت بیدەیت…چەندانی تر. سەرسام دەبیت بەوەی لە ماوەیەکی کەمدا چەند بیرۆکەیەکت بۆ دێت، گرنگ ئەوەیە هیچ گومان، ترس، پێشبینی و بیرکردنەوەیەکی نەرێنیت نەبێت چونکە دەبنە ڕێگر لە داهێنانەکانمان، بەڵکو هەر بیرۆکەیەکی شێتانەت بە میشکدا هات بینووسە.

٨- بە دوای سەرچاوەی ئیلهامبەخشی ڕۆژانەتدا بگەرێ

ئەگەر هەوڵبدەی ئەم ڕێبازە تاقی بکەیتەوە و بیکەیت بە خوو، دەکرێت ئیلهام ببێتە خوویەکی بەردەوام و هەڵوێستێک بەرانبەر بە ژیان، بە دۆزینەوەی یەک سەرچاوەی ئیلهامبەخشی ڕۆژانە وەک دەستپێک، ئەمەش دەکرێت لە ڕێگەی:

  • نووسینی بیرۆکەکان
  • بەسەربردنی کات لەگەڵ منداڵ
  • بیر لە دەستکەوتەکانی ڕابردووت بکەرەوە
  • پێش ئەوەی لە ماڵەوە دەربچیت، ڕستەی ئەرێنی بڵێ
  • گەشت بکە بۆ ناو سروشت
  • سەیری فیلمێکی خۆش بکە
  • چێژ لە تەنیایی و ئارامی وەربگرە لەکاتی خواردنەوەی قاوەکەت لە بەیانیاندا.
  • ئەو دەرفەتانەی کە ڕۆژانە دێنە ڕێگات

دەکرێت ژیان سەرچاوەی داهێنان بێت ئەگەر ڕێگەی پێبدەیت؛ تەنها ئەم ئامۆژگارییە سادانە بەکاربهێنە بۆ زیادکردنی داهێنان، تاقییان بکەرەوە و سوودیان لێ ببینە.


سەرچاوەکان



234 بینین