تێکچوونە زگماکییەکانی کۆرپەلە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-11-01-20:31:00 - کۆدی بابەت: 11574
تێکچوونە زگماکییەکانی کۆرپەلە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تێکچوونە زگماکییەکانی کۆرپەلە (بە ئینگلیزی: Congenital malformation، بە عەرەبی: تشوهات الخلقية للجنين)، یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی بایۆلۆجی بە تایبەتی لە بواری دروست بوون و گەشەی کۆرپەلەدا، تێکچوونە زگماکییەکانە، کە ڕاستەوخۆ پاش لە دایکبوون لە ساوادا دەردەکەون و بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان %٧٥ تا %١،٩٨ دەبن واتا نزیکەی ٢٠ ملیۆن منداڵی شێواو لە جیهاندا، بە شێوەیەکی گشتی %٣،٢ی منداڵان بە دەست ئەم تێکچوون و شێواندنەوە دەناڵێنن. 

ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی ئەم تێکچوونە

١.کەوتنە بەرتیشک 
واتا کاتێک ژنی سکپڕ دەکەوێتە بەر تیشکی X یان ڕادیۆم، ئەوا کۆرپەلە تووشی  سەری بچووک، کوێری، بڕبڕەی پشتی کراوە، مەڵاشوی شەقبوو، تێکچوون لە پەلەکاندا دەبێت، تا ئێستا بە تەواوەتی بڕی ئەو تیشکە نەزانراوە، بەڵام دۆزێکی زۆر کەم لە مێشکدا دەبێتە هۆی تێکدانی خانەکان و مردنی. ئەو توێژینەوانەی لەسەر ژنی ژاپۆنی کران پاش پێداکێشانی بۆمبی ئەتۆمی بەسەر هەردوو شاری هیرۆشیما و ناکازاکیدا سەلماندیان کە لە %٢٨ی ژنانی سکپڕ منداڵیان لەبارچووە و %٢٥ یان منداڵەکانیان لە تەمەنی یەک ساڵەی تەمەنیدا مردوون و %٢٥ یان تێکچوون و شێواوی ناسروشتییان هەبوو، کە دەیان ناڵاند بەدەست تێکچوونەکانی ناوەندە کۆئەندامی دەمار و سەری بچوک و پاشکەوتنی هۆشەوە. 

٢.تووشبوون 
تا ساڵی ١٩٤٠ بڕوا وابوو کە هۆی هەموو تێکچوونە زگماکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ بۆماوە، بەڵام تاقیکردنەوەکانی زانای وەک گریک دەریخست کە تووشبوونی دایک بە هەندێک نەخۆشی وەکو سورێژەی ئەڵمانی لە سەرەتای سکەکەیدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆرپەلەکەی تووشی هەندێک باری شێواندن ببێت، هەر لەو مێژووەوە، توێژینەوە یەک لە دوا یەکەکانی زانایانی وەکو کاڵتر وارکالی و هی دی سەلماندیان کە هۆکارەکانی ژینگە کاریگەری زۆر گەورەیان لە ڕوودانی تێکچوونە زگماکییەکاندا هەیە، ڕێژەی هۆکارە بۆماوەییەکان لەم بارەیەوە هەر لە %١٠ دەبێت و ڕێژەی هۆکارەکانی ژینگەش %١٠یە، هەرچی ئەو لە %٨٠ی دەمێنێتەوە، بریتییە لەو کارلێکردنانەی لە نێوان هۆکارەکانی ژینگە و بۆماوەدا ڕوودەدەن. 

٣.هۆکارە کیمیاوییەکان 
توێژینەوە لەسەر هۆکارە کیمیاوییەکان و بەرئەنجامە جیاوازەکانیان لەسەر مرۆڤ بە تایبەتی، لە کارە هەرە گرنگەکانە، لەبەر ئەوەی سکپڕ بە تایبەتی ڕۆژانە زۆرێک دەرمانی جیا جیا بەکاردەهێنن یان دەیانخوات. لەو توێژینەوەیەی کە لە پەیمانگای نیشتیمانی بۆ تەندروستی ئەمریکی ڕوونی کردەوە، دەرکەوت کە خواردنی دەرمانی هەمەجۆر لە کاتی سکپڕیدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی زۆر بۆ منداڵەکە و تێکچوونە زگماکییەکان تیایدا، باشترین نموونەش ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩٦٢دا ڕوویدا، کاتێک کە دەرکەوت ئەو دایکانەی لە کاتی سکپڕیدا دەرمانی سالیدومایدیان وەرگرتووە، بوەتە هۆی ئەوەی کە کۆرپەلەکەیان بەشێک یان بە گشتی پەلیان نەبێت و ئێسکە درێژەکانیان دروست نەبێت، لە پاش ئەم توێژینەوانە، ئەو دەرمانە لە بازاڕ کێشرایەوە، وردە وردە حاڵەتەکانی کەم پەلی کەم بووەوە. هەرچی دەرمانی Trimethadioneیشە کە بە زۆری بۆ چارەسەرکردنی فێی سووک بەکاردێت دەبێتە هۆی تێکچوونەکانی پێکهاتنی گوێی، گەشەنەکردنی کۆئەندامی میز و زاوزێ و پەیکەری ئێسک. زۆر دەرمانی دیکە هەن کە مەترسییەکانیان بە تەواوەتی لەسەر کۆرپەلە دەرکەوتووە لەوانە:

  • یۆدیدی پۆتاسیۆم. 
  • ستربتۆمایسین. 
  • سلفانۆماید، کە دەبێتە هۆی زەردوویی ناوەکی. 
  • دژە خەمۆکییەکان، کە دەبنە هۆی دروست نەبوونی پەلەکان. 
  • تتراسایکلین، کە دەبێتە هۆی کەڕبوون. 
  • کەمی ئۆکسجین 

کەمی وەرگرتنی ئۆکسجین دەبێتە هۆی شێواندنی کۆرپەلە، بە تەواوەتیش ئەمە لەو توێژینەوانەدا دەرکەوتووە کە لەسەر گیانداران کراون، تا ئێستاش لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەسەر مرۆڤ، لەو لێکۆڵینەوانە ئەوانەن کە لەسەر منداڵی ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت، یان ئەوانەی لە ناوچەی بەرزدا دەژین، دەرکەوتووە کە لەشیان بچوکترە و کێشیان زۆر کەمە، بەڵام لە ناوچەکانی کەنار دەریا و ئەو ناوچانەی ڕووبەریان پان و ڕێکە یان یەکسانن لەسەر ئاستی ڕووی دەریا، دەرکەوتووە منداڵەکانیان کێشیان زۆرە و لەشیان گەورەیە. 

٥. کەم خۆراکی 
ئەو توێژینەوانەی لەم بارەیەوە کراون، دەریان خستووە کە ئەگەر خۆراکی سکپڕ، باش نەبێت، یان کەم بێت و بەدخۆراکی هەبێت، ئەوا تێکچوون و شێواندن لە لەشی کۆرپەلەدا ڕوودەدات. 

٦.مادە سروشتییەکان 
پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر دەرکەوت کە منداڵی هەندێک لە ژنە ژاپۆنییەکان هەندێک نیشانەی نەخۆشییان تێدا دەرکەوت وەک: نیشانە چەند جارەییەکانی دەمار، بە تایبەتی ئیفلیجی مێشک. لە توێژینەوەیەکی مەیدانیدا دەرکەوت کە ئەم دایکانە جۆرە ماسییەکیان خواردبوو، کە جیوەی ئەندامی تێدابووە، کە نیشانەکانی خواردنی ئەم مادەیە لە دایکەکاندا دەرنەکەوتبوون بەڵکو لە منداڵەکانیاندا دەرکەوتبوون، کاتێک دایکەکان گۆشتی ئەو گیانەوەرەیان خواردبوو کەنلەسەر دانەوێڵەی پیسبوو بەو جیوەیەی بۆ لەناو بردنی کەڕووەکان بەکاردێت، ژیابوون.

٧.هۆرمۆنەکان 
تاقیکردنەوەکان سەلماندوویانە کە ئەو دایکانەی هۆرمۆن لە کاتی سکپڕییدا بەکاردەهێنن، بۆیان دەبێت بە مەترسی بۆ کۆرپەلەکانیان و لە کۆتاییدا بە شێواندن و تێکچوونیان کۆتایی دێت، بۆ نموونە ئەگەر دایک لە کاتی سکپڕیدا هۆرمۆنی پڕۆجیسترۆنی وەرگرت دەبێتە هۆی بە دەرچەبوونی ماسولکەی زاوزێی کۆرپەلەکە، هەروەها دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی زۆری هۆرمۆنی کۆرتیزۆن بۆ مشک یان کەروێشکی تاقیکردنەوە دەبێتە هۆی شەقبوونی مەڵاشوو لە کۆرپەلەدا.


سەرچاوەکان



433 بینین