سەرچاوەی پرسیارەکانی منداڵان و گرنگیان

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-11-17-20:28:00 - کۆدی بابەت: 11642
سەرچاوەی پرسیارەکانی منداڵان و گرنگیان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەرچاوەی پرسیارەکانی منداڵان و گرنگیان (بە عەرەبی: مصدر اسئلة اطفال و اهميته، بە ئینگلیزی: children's question and their importance), یەکێک لە گرنگترین خاسیەتەکانی منداڵ زۆر پرسیارکردنە، منداڵ دوای ئەوەی فێری قسەکردن دەبێت، ئیتر دەست دەکات بە پرسیارکردنی هەر شتێک بکەوێتە بەردەست و دیدی منداڵ و بە خەیاڵیدا بێت، پرسیار لە بارەیانەوە دەکات، بێگومان ئەم پرسیارکردنەش هەر لە خۆیەوە نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم لە ئەنجامی حەزکردن بە زانینی شتەکانە، واتە ئەو پاڵنەرە بەردەوام پاڵ بە منداڵەوە دەنێنن بۆ ئەوەی پرسیار بکات و لە ڕێگای ئەو پرسیارانەوە زانیاری زیاد و شارەزایی دیاردەکانی ژیان بێت، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە دایک و باوک و مامۆستا و کەسانی چواردەوری منداڵ لە پرسیارکردنی منداڵەکانیان بێزار نەبن، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت لەسەر پرسیارکردن هانیان بدەن و بە ڕاستی و بێ گرێ وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە و هەڵەکانیان ڕاست بکەنەوە، چونکە زمان پاراوی منداڵ و زۆربوونی زانیارییەکانی و تێرکردنی حەزوو و ئارەزووی پرسیارکردنی دەبنە هۆی گەشەکردنی عەقڵی و سەرکەوتنی لە قوتابخانەدا، بەڵام شکاندنەوە و دەم کوتکردن و وەڵام نەدانەوەی پرسیارەکانی زیانی گەورە بە باری دەروونی منداڵ و گەشەکردنی عەقڵی دەگەیەنێت. 

منداڵ لە دوای سێ ساڵیەوە پرسیار زۆر دەکات، هەندێک جاریش منداڵ لە ئەنجامی ترس و دڵەڕاوکێوە پرسیار دەکات، واتا منداڵ هیچ شتێک دەربارەی دیاردەکانی چواردەوری نازانێت و هەندێک جاریش لە دیاردەکان دەترسێت و نازانێت ئەو دیاردانە زیان بەخشن یان ئازاری دەدەن، لەبەر ئەوە دەکەوێتە پرسیارکردن دەربارەیان ئینجا وەڵامدانەوەی ڕاست سەرەڕای زیاد بوونی زانیارییەکانی منداڵ لە ترس و دڵەڕاوکێ ڕزگار دەکات، بۆ نموونە زۆر لە دیاردەکانی وەک ئاژەڵ، مردن، دز، پۆلیس، دکتۆر، نەخۆشی، هەورە تریشقە)، منداڵ تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن، ئەوانەش نەک لەبەر ئەوەی ئازاری منداڵیان داوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕۆژانە منداڵ گوێی لە مەترسی و هەڕەشەی ئەو شتانە دەبێت، ئینجا لەبەر ئەوە جۆرەها پرسیار دەربارەی ئەو دیاردە و شتانە دەکات، بۆ ئەوەی هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکات و لەو ترس و دڵەڕاوکێ و خەم و خەفەتانەی کە کەسانی چواردەور بۆیان دروستکردووە ڕزگاری بێت.

کاریگەری پرسیارەکانی منداڵ لەسەر دەوڵەمەندی زمان 

منداڵ لە دایک دەبێت و هەموو شتەکانی دەورووبەری نوێن و منداڵ پێیان نامۆیە، لە هەمان کاتدا خاوەنی ژمارەیەک پاڵنەری بایۆلۆجییە و بەردەوام پاڵی پێوە دەنێنن و ناچاری دەکەن هەوڵی دەستە مۆکردن و زانینی ئەو دیاردە و شتە نوێ و نامۆیانەی چواردەوری بێت، یەکێک لە گرنگترین ئەو کەرەستە و چەکانەی کە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و دەستە مۆکردنی دیاردەکانی چواردەوری بەکاری دەهێنێت پرسیارکردنە، منداڵ ڕۆژانە بە چاوەکانی هەزارەها دیاردە و شت دەبینێت و هەزارەها بۆن دەکات بە چاوەکانی هەزارەها دیاردە و شت دەبینێت و تام و چێژی چەندەها شت دەکات، کە شارەزایی پێویستی دەربارەیان نییە.

ئینجا لە لایەک لە ئەنجامی نەبوونی شارەزایی و زانیاری پێویست لە لایەکی تریشەوە لە ئەنجامی کاریگەری حەزکردن بە زانینی شتەکان دەست دەکات بە پرسیارکردن دەربارەی هەموو ئەو دیاردانە، ئەرکی دایک و باوک و مامۆستا، وەڵامدانەوەی پرسیارکردنی منداڵە، بە جۆرێک کە وەڵامی پرسیارەکان سادە و ساکار بن و لەگەڵ ئاستی تێگەیشتنی منداڵەکەدا بگونجێت، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە دایک و باوک و مامۆستا خۆڕاگر و ئارام بن و لە پرسیارەکانی منداڵەکانیان بێزار نەبن، چونکە منداڵ لە قۆناغی پێش چوونە قوتابخانە ٢ـ٥ ساڵ، زۆر پرسیار دەکات، کە ژمارەی ئەو پرسیارانەی کە منداڵ لە تەمەنی ٣ ساڵیدا ئاڕاستەی دایک و باوک و مامۆستاکانی دەکات نزیکەی ٣٩٢ پرسیارە لە ڕۆژێکدا، کە ئەم ژمارە زۆرەش لە پرسیارکردن زۆرجار هەرەس بە دایک و باوک دەهێنێت و بێزاریان دەکات. نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت، کە زۆر لەو پرسیارانەی منداڵ جۆرە فیڵ و چەکێکی دەروونییە و منداڵ خۆی دروستی دەکات و دەیەوێت لە ڕێگایانەوە لە بوون و گرنگی دایک دڵنیا بێت و بوونی خۆی وەکو کەسێکی سەربەخۆ بسەلمێنێت. 

گرنگی و ناوەڕۆکی پرسیارەکان 

منداڵ هیچ پرسیارێک لە خۆیەوە و بە هەڕەمەکی و لابەلایی ناکات بەڵکو هەموو پرسیارێکی منداڵ ئاکام و ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە و لە ئەنجامی پاڵنەری تایبەتەوە سەرهەڵدەدەن. لە گرنگترین پاڵنەر و ناوەڕۆکەکانی پرسیارکردنی منداڵ ئەمانەی لای خوارەوەن: 
١- منداڵ لە ڕێگای پرسیارکردنەوە زانیاری و شارەزایی دەربارەی دیاردەکانی ژیان بە گشتی و چواردەوری بە تایبەتی، دەست دەکەوێت و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی زانیاری و شارەزایی منداڵ. 

٢- منداڵ لە ڕێگای پرسیارکردنەوە زمانی پاراو دەبێت و ڕۆژە لە دوای ڕۆژ ژمارەی وشە و زاراوە و ڕستە و دەستەواژەکانی زیاتر دەبێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە بواری خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکانیدا زیاتر سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، لەبەر ئەوەی زمان و دەوڵەمەندی لەو لایەنانەدا کاریگەری خۆیان هەیە. 

٣- هەندێک دیاردەی چواردەوری منداڵ تاریکی، مردن، نەخۆشی، بیستنی ناوی ئاژەڵی ترسناک یان خەیاڵی و دروستکراو، منداڵ تووشی ترس و دڵەڕاوکێ و خەم و خەفەت دەکەن، لەبەر ئەوە منداڵ هەوڵ دەدات لە ڕێگای پرسیارکردن لەو دیاردانە کەمێک ترس و دڵەڕاوکێیەکانی بڕوێنێتەوە، بۆیە بەردەوام پرسیارکردن دەربارەی ئەو دیاردانەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ و خەم و خەفەتی دەکات، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە دایک و باوک و مامۆستا ئاگاداری ئەو پاڵنەر و ناوەڕۆکی پرسیارەکانی منداڵ بن و بە شێوەیەکی زانستی و سادە و ساکار ئەو دیاردانەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە و وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لەو ترس و دڵەڕاوکێیانە ڕزگاریان ببێت و تووشی گرفت و گرێی دەروونی نەبن. 

٤- کاتێک منداڵ ئەو هەستەی لە لا دروست دەبێت کە بەباشی فێری زمان بووە و توانای قسەکردنی هەیە، ئیتر ژمارەی پرسیارەکانی بەرەو زیاد بوون دەچێت، لەم کاتەدا مەبەستی سەرەکی تەنها وەرگرتنی زانیاری و دەستکەوتنی وەڵام نییە، بەڵکو پاڵنەر و هۆکاری سەرەکی پرسیارکردنی منداڵ، سەلماندنی خود و تێگەیاندنی کەسانی چواردەوریەتی کە منیش هەم و دەتوانم وەکو ئێوە قسە بکەم و هیچم لە ئێوە کەمتر نییە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا تێرکردنی هەندێک حەز و ئارەزوو و پێداویستی دەروونی منداڵە و بە سوودی ئەو کۆتایی دێت. 

لەبەر گرنگی پرسیارەکانی منداڵ و کاریگەری وەڵامەکانیان لەسەر دڵ و دەروونی منداڵ، دەبێت بەردەوام دایکان و باوکان و مامۆستایان وەڵامی پێویستی پرسیارەکانی منداڵەکانیان بدەنەوە و پشت گوێیان نەخەن، چونکە پشتگوێ خستنی پرسیارەکانی منداڵ و وەڵام نەدانەوەیان گیر و گرفتی زۆر بۆ منداڵ دروست دەکات و کاریگەری خراپیشی لەسەر باری دەروونی دەبێت، بەڵام وەڵامدانەوەیان ئەم سوودانەی خوارەوەیان هەیە:

  • دروستکردنی بڕوابەخۆبوون و کەسایەتی سەرکەوتوو. 
  • گەشەپێکردنی توانای قسەکردن و زمان پاراوی و بڕوا بە خۆبوون لە کاتی قسەکردن و نەترسان لە گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە. 
  • گەشەپێکردنی توانای گوێگرتن و وریایی بۆ وەڵامەکان. 
  • گەشەپێکردنی توانای دروستکردنی چەمکەکان. 
  • کەم کردنەوە و نەهێشتنی گرژییە دەروونییەکان و تێرکردنی حەز و ئارەزووەکانی منداڵەکان. 
  • بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ کەسانی دەورووبەر. 


سەرچاوەکان



403 بینین