بیرکردنەوەی لۆجیکی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-12-15-20:18:00 - کۆدی بابەت: 11734
بیرکردنەوەی لۆجیکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیرکردنەوەی لۆجیکی (بە عەرەبی: التفكير المنطقي، بە ئینگلیزی: Logical thinking) بیرکردنەوەی لۆژیکیشی پێ دەگوترێت. بیرکردنەوەی لۆجیکییانە یان لۆژیکییانە بریتییە تێڕوانینی بنەڕەتییانەی مرۆڤ بۆ تاکەکان لە پڕۆسەی زانیاری، بڕیاردان، شیکارکردنی کێشەکان بە شێوەی سیستماتیکی. ئەم بیرکردنەوەیە ڕێگە خۆشکەرە بۆ تاکەکان تا بگەن بە وەڵامێکی گشتگیرانە و بگەن بە ڕاستییەکان. 

پێناسەی لۆجیک

لۆجیک بریتییە لە پڕۆسەیەک کە تیایدا هۆکار و بەڵگە بەکاردێت بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامەکان، گرنگ نییە دەرئەنجامەکەت ئەرێنی بێت یاخود نەرێنی، ئەوەی گرنگە بەشێوەیەکی ئەقڵانە و خستنە ڕووی هۆکارەکان و بەڵگەکان هەردوولا لەسەر وەڵامەکان ڕازی بکات و پرسەکان چارەسەر بکات.

ڕۆڵی لۆجیک لە شیکارکردنی پرسەکان

لۆجیک یاخود لۆژیک، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە شکردنەوەی زانیارییەکان، وەکو توانستێک وایە بۆ ئەو کەسەی لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر بابەتێکی زانیاری تا بگات بە وەڵامێکی باوەڕپێکراو و گونجاو لەگەڵ سروشتدا. بۆ نموونە، کاتێک لێکۆڵەرێکی نەهێشتنی تاوان بیەوێت تاوەنبارێک بدۆزێتەوە گەر هەڕەمەکییانە بەڵگەکان و هۆکارەکان لێکبداتەوە ناگات بە وەڵامێکی باوەڕپێکراو، بۆیە پەنادەبەنە بەر ئارگیومێنت و خستنە ڕووی هۆکار و بەڵگەکان لەسەر دیوار یاخود بۆردێک، تاوەکو بەرچاو ڕوونی زیاتریان هەبێت و بگەن بە وەڵامێکی باوەڕپێکراو کەوا تاوەنبارەکە کێیە؟

پڕۆسەی بیرکردنەوەی لۆجیکی

لۆجیک پشت بە ڕاستی دەبەستێت، واتا بەڵگە و هۆکارەکان دەبێت ڕاستی لە خۆ بگرن. لەم پڕۆسەیەدا تاکەکان دەبێت ئەو کاتەی لۆجیکیانە بیردەکەنەوە ئەوەیان لەبەرچاو بێت کەوا دەبێت بۆ هەر زانیارییەک هۆکار و بەڵگەی ڕاست بخەنە ڕوو، نەوەکو شتانێک کە لەگەڵ ڕاستیدا ناگونجێن. گرنگترین خاڵ، نابێت بیرکردنەوەکەیان لەژێر کاریگەری هەست و سۆز و تێڕوانینی خودیدا بێت. دەبێت چارەسەرکردنی کێشەکان و بڕیاردانەکان بەشێوەیەکی سیستماتیکی بێت، واتا هیچ کاریگەرییەکی خودی و سۆزی بەسەرەوە نەبێت. ئەمەش وادەکات تاکەکان لە بڕیاردانەکانیان بڕیاری کاریگەر بدەن لە چوارچێوەی بابەتەکاندا بە بژاردەی یەکلاکەرەوە و بەهێز.

گرنگترین شێوەی بیرکردنەوەی لۆجیکی

بیرکردنەوەی لۆجیکی شێواز و بەکارهێنانی زۆرە، بۆ نموونە لە بیرکاریدا جۆرە شێوازێکی هەیە کە بە mental math ناو دەبرێت کە بە کوردی "بیرکردنەوەی هزری"پێ دەڵێن. لە فەلسەفەدا بیرکردنەوەی لۆجیکی بریتییە لە گەیشتن بە ڕاستی شتەکان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان. بۆ نموونە، ڕۆژانە دەچیتە سەر کار گەرچی لەو ڕۆژەدا هیچ گرفتێکت نەبووە بەڵام ڕەنگە کەسانێک ببینیت بێزارت بکەن، یاخود هەوڵ بدەن تووشی ئاژاوە و شەڕت بکەن. کاتێک کەسێک لە ڕوانگەی دیدی فەلسەفییەوە لەم بابەتە دەکۆڵێتەوە دێت لە هۆکارەکانی ئەم بابەتە دەکۆڵێتەوە "چی وادەکات هەموو ڕۆژێک تووشی کەسانی شەڕەنگێز و ناڕازی ببینەوە؟" بە پشت بەستن بە سروشتی کەسەکان و زانستی کۆمەڵناسی و دەروون شیکاری دەگاتە ئەو وەڵام و پاڵنەرانەی وادەکات سروشتی کەسەکان بەم جۆرە بێت، بێگومان ئەو وەڵامەی فەیلەسووفەکە پێی دەگات جیاوازە لە هی کۆمەڵناس و دەروون شیکارەکە، چونکە فەیلەسووف بە لۆجیکیانە پێی دەگات و زنجیرەیەک پڕۆسە ئەنجام دەدات.

مەبەستیش لە لۆجیک لە بوارە جیاوەزەکان ئەوەیە تێکشکاندنی بەربەستە ئاڵۆزەکانە کەوا وەڵامەکەی نازانیین یان وەڵامێکی ڕوونمان لەبەردەستدا نییە. 

بۆچی لۆجیک دەخوێندرێت؟

چونکە لۆجیک تێگەیشتنێکی قووڵمان دەداتێ لەبارەی پرسیارەکان و بابەتەکان، بەڵام بیرکردنەوەی ئاسایی ناتگەیەنێتە ئەنجامێکی ڕەها و باوەڕپێکراو. بۆیە دەبێت ڕێگایەکی تر بگیرێتە بەر بۆ زانینی هۆکارەکان و شیکارکردنی کێشەکان ئەویش بەکارهێنانی لۆجیکە. چونکە لۆجیک کاریگەرترە وەک لە بیرکردنەوەی ئاسایی.

ئایا گوتەی ناوداران بەشێکە لە لۆجیک؟ 

وەڵامەکەی هەم بەڵێیە و هەم نەخێر، بۆ ئەوەی بزانیت فەیلەسووفێک یان ناودارێک چۆن لۆجیکی بەکارهێناوە دەبێت نووسینەکەی لە بارەی ئەو بابەتەوە بەتەواوی بخوێنیتەوە، بۆ نموونە دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانی هەژاراندا لە دەمی کارەکتەرێکەوە دەڵێت: ڕۆمان سوودی نییە و هۆکارەکەی خستووەتە ڕوو. زۆر کەس کاتێک ئەم وتەیان بڵاوکردووەتەوە تەنها نووسیویانە "دۆستۆیڤسکی دەڵێت ڕۆمان سوودی نییە" ئەمەش خەڵک بە تێگەیشتنێکی هەڵەدا دەبات چونکە وادەزانن خودی دۆستۆیڤسکی ئەم قسەی کردووە نەوەکو کارەکتەرێکی ڕۆمانەکە. 

بۆیە بەڕاستی تێگەیشتن لە لۆجیکی ناوداران و فەیلەسووفەکان لە گوتەکانیاندا کورت ناکرێتەوە، گەر لە وتارێکدا ئەم وتە یان گوتەیەی نووسیبێت یان گوتبێت دەبێت هەمووی بخوێندرێتەوە تا ڕوونبێتەوە، چۆن گەیشتووە بەم ڕاستییە. 

ئایا بیرکردنەوەی لۆجیکیانە لە یەک گۆشەنیگاوە دەڕوانێت؟

ئەو کەسەی ئەم بیرکردنەوەی هەیە دەبێت تێڕوانین و گۆشەنیگای جیاوازی بینینی هەبێت بۆ پرسەکان و هۆکارەکان و شیکارکردنی کێشەکان، وەڵامەکان دەبنە پێناسی تێڕوانینی کەسەکە، بۆ نموونە ئەو بابەتەی دەڵێت: پەرداخێک تا نیوەی ئاوی تێدایە بە دوو کەسیان گوت چۆن لێکی دەدەنەوە؟ یەکێکیانی گوتی نیوەی بەتاڵە و ئەوی تریان گوتی نیوەی ئاوە. ئەمەش دوو تێڕوانینی جیاوەزە بەڵام ئەوەی دووەمیان لۆجیکی بەکارهێناوە چونکە بە گەشبینانە وەڵامی داوەتەوە و وەڵامەکەی کاریگەرترە وەک لەو کەسەی بە تێڕوانینێکی سادە دەڵێت نیوەی بەتاڵە و ئەم بیرکردنەوەیە بۆچوونی زۆرینەی خەڵکە لە کۆمەڵگەدا کە وەڵامەکانیان سادە و ساکارن و کاریگەر نین. 

لۆجیک و یەکتربەستنەوەی لەگەڵ زانستەکانی تردا

بۆ ئەوەی بیرکردنەوەیەکی لۆجیکیانەت هەبێت، دەبێت میتۆدێکی زانستییانە بەکاربێنیت، وەکو دانانی گریمانە وەکو بنچینەیەک، دۆزینەوەی بەڵگە و کۆکردنەوەی داتا و زانیاری زیاتر، پاشان هەنگاو بە هەنگاو بە شێوەیەکی سیستماتیکی هۆکار بخەیتە ڕوو و شرۆڤەیان بکەیت. کەواتە لێرەدا ڕۆڵی خوێندنەوەی تاکەکان و کۆمەڵگە و سروشت دێتە ئاراوە لە ڕووی هەریەک لە زانستی کۆمەڵناسی و دەروون شیکاری، هەروەها ڕوڵی قوتابخانە فەلسەفییەکان. 

سوودی بیرکردنەوەی لۆجیکییانە

زۆرجار لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەبینرێت کەوا میوانەکان لێیان دەبێتە دەمەقاڵێ و بوار بە یەکتر نادەن قسە بکەن، هەر یەکەیان لە شوێنی خۆیەوە قسە بەوەی تر دەڵێت. ئەمەش دەرئەنجامی ئەوەیە هەردوولایان ئاگاداری بیرکردنەوەی لۆجیکییانە نیین، ئەگەر ئاگاداربن لە شێوازی بەکارهێنانی ئەوا هەرگیز گرژی ڕوونادات لە نێوانیاندا. چونکە گفتوگۆی لۆجیکی گرژی لێناکەوێتەوە بەڵکو بە شێوازێکی هێمن و لە کەشێکی لەسەرخۆدا دیبەیت لەگەڵ یەکتردا دەکەن.

هەردوولا هەنگاو بە هەنگاو زانیارییەکانی لە هەگبەیاندایە دەیخەنە ڕوو و بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن، بێ دەنگ بەرزکردنەوە و یەکتر شکاندن و بێزارکردنی جەماوەر کە لەو شوێنە گوێگر بن یان لە ڕێگەی شاشەیەکەوە بینەربن. 


سەرچاوەکان



782 بینین