جیاوازی نێوان MCV و PCV

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-06-14:14:00 - کۆدی بابەت: 11823
جیاوازی نێوان MCV و PCV

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی نێوان MCV و PCV (بە ئینگلیزی: Difference between MCV and PCV، بە عەرەبی: الفرق بين MCVو PCV)، زۆرێک لە خوێندکارانی بەشە پزیشکییەکان یاخود کارمەندە تازە ئەزموونەکانی تاقیگە و تەندروستی بە گشتی تووشی سەرلێشێواوی دەبن لە نێوان هەردوو پشکنینی PCV کە هێماتۆکریتیشی پێدەوترێت لەگەڵ MCV.

دەستەواژەی MCV (mean corpuscular volume) واتا تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان هەروەها PCV (packed cell volume) واتا قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن. کەواتە ئەم دووانە یەکشتن؟ یاخود جیاوازییان چییە؟ چۆن بتوانم جیایان بکەمەوە؟

پێناسەکانیان

PCV: تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە بەراورد بە پلازما. هەروەها هاوشێوەی هێماتۆکرێتە کە ئەویش بەشێکە لە پشکنینی تێکڕای پێکهاتەکانی خوێن CBC.

MCV: تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە (بەراورد بە یەکتری). گرنگە بزانرێت MCV پێوانەی هەموو خڕۆکە سوورەکانی خوێن ناکات بەراورد بە پلازما بەڵکو پێوانەی هەموو خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەکات بەراورد بە یەکتری و پاشان تێکڕای قەبارەیان وەردەگرێت.

بەکارهێنانیان

هێماتۆکریت یاخود PCV: بەکاردێن بۆ پێوانی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە پلازمادا، بەهۆی کەمی ڕێژەی خڕۆکە سپییەکان و پەڕەکانی خوێن زۆرجار هێماتۆکریت بە پشکنینی تەواوی خانەکانی خوێن ناودەهێنرێت هەروەها مەبەست لە ئەنجامدانی دیاریکردنی ڕێژەی خوێنە.

تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان MCV: بەکاردێت بۆ دیاریکردنی قەبارەی خڕۆکە سوورەکان بەراورد بە یەکتری و تێکڕای قەبارە جیاوازەکانی خڕۆکە سوورەکان وەردەگرێت و بەپێی ئەوە ئەنجامی تێکڕا دەداتەوە. واتا ئەگەر تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکان نزمتر بوو لە ئاسایی مانای ئەوە نییە کە هەموو خڕۆکە سوورەکانی ناو خوێن چووکن بەڵکو دەکرێت خڕۆکەی سووری قەبارە ئاسایی یاخود خڕۆکەی سووری گەورەش لە ناو خوێنەکەدا هەبن.

شێوازی ئەنجامدانیان

PCV: پشکنینی PCV بە شێوەیەکی مانوەڵی (بە دەستی) ئەمجامدەدرێت و بە یارمەتی ڕیدەرێک (ڕاستەیەکی پلەکراو بۆ خوێندنەوە بەکاردێت) دەخوێنرێتەوە بێگومان دوای سەنتەرفیوجکردنی بە ئامێری سەنتەرفیوج و جیاکردنەوەی پلازماکەی.

MCV: تێکڕای قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن زۆرجار وەک بەشێک لە پشکنینی CBC ئەنجامدەدرێت واتا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێت.

لە هەردوو پشکنینەکە خوێن لە نەخۆش وەردەگیرێت و دەخرێتە ناو تیوبێکی مۆرە. لە پشکنینی  MCV تیوبەکە دوای چەند خولەکێک لەسەر ئامێری شەیکەرەکە دەخرێتە ناو ئامێری کۆڵتەرەوە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دوای ٣٠ چرکە ئەنجامەکە دەداتەوە. بەڵام لە پشکنینی PCV خوێنەکە دەکرێتە ناو کاپیلارییەکی بچووک کە تیوبێکی زۆر باریکە پاشان بە ئامێری سەنتەرفیوجی بچووک (مایکرۆ سەنتەرفیوج) سەنتەرفیوج دەکرێت بۆ ماوەی پێنج خولەک و پلازماکەی جیادەکرێتەوە لە خڕۆکە سوورەکان پاشان بە شێوە مانوەڵییەکە دەست بە خوێندنەوەی ئەنجامی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەکرێت کە بێگومان زانراوە پشکنینی PCV بە پشکنینی ڕێژەی خوێن ناودەبرێت.


سەرچاوەکان



192 بینین